فەلسەفەی پێکەوەڕۆ لە چاخی تەکنیکدا.. یورگن ھابرماس لە رووبەڕووی کارڵ مارکس و مارتن ھایدگەردا (١-٣)

فەلسەفەی پێکەوەڕۆ لە چاخی تەکنیکدا.. یورگن ھابرماس لە رووبەڕووی کارڵ مارکس و مارتن ھایدگەردا (١-٣)

نووسه‌ر :حەسەن موسەددەق

وه‌رگێڕ : تاریق کارێزی

تا ماوەیەکی درێژ ئەو باوەڕە لە برەودا بوو کە تەکنیک پەتی رزگار بوونی مرۆڤایەتییە لە باڵادەستیی سروشت و دەرد و بەڵاکەی. کاتێک مرۆڤ توانیی چەندین ھەنگاوی بەرچاو بنێت کە شیانی ئەوەی پێ دا گەلێک دیاردەی سروشت کۆنترۆڵ بکات، ئەم بۆچوونە پتەوتر بوو. ئەمەش بواری پێ دا ئازادیی خۆی فراوانتر بکات و تواناکانی خۆی باشتر بکات، ھەڵبەت ئەمیش کاریگەرییەکی زۆری ھەبوو بە سەر مەدەنیاندنی مرۆڤەوە، بەشداریش بوو لە ھەڵکشانی چەشە و ھەستی، بە شێوەیەکی ئەرێنیش لە ئاکاری مرۆییانەی ئەودا رەنگی دایەوە.
بەڵام ھێندەی نەبرد تەکنیک بوو بە لافاوێک، ھەرچی بکەوتایەتە بەردەمی رای دەماڵی، کاتێک مرۆڤی لە مرۆڤ بوون داماڵی و نقومی نێو لیتەی نامۆیی کرد، ئەوی کردە بووکەڵەیەکی دەم کەڵبە و چڕنووکی ئامێرەوە. رەنگە ھیدگەر یەکێک بێت لە دیارترین فەیلەسووفانی سەدەی بیستەم کە بە شێوەیەکی دژەباو باسی تەکنیکی کرد. ھەڵبەت بە گەڕانەوە بەرەو بەراوردێکی نێوان دیارترین فەیلەسووف کە ھێرش دەکاتە سەر تەکنیک (ھایدگەر) و ئەوەی داکۆکیی لێ دەکات (مارکس)، ئەوەمان بۆ روون دەبێتەوە کە چۆن ھابرماس، پێشەنگی دووەمین قوتابخانەی فرانکفۆرت ھەوڵ دەدات، پاشماوە میراتی فینۆمینۆلۆژیی ھیرمینۆتیک (لێکدانەوەکار) و مارکسیزمی کلاسیک پێکڕا تێپەڕێنێت.
ھیدگەر (١٨٨٩- ١٩٧٦) رەخنەی لە پێناسە باوەکەی تەکنیک گرت، کە ئامراز و ھۆیەکە بۆ بەدی ھێنانی ئامانج، بە ھەمان شێوە رەخنەی لە پێناسەی ئەنترۆپۆلۆژی گرت، کە وای دەبینێت چالاکییەکی ھۆشیارانەی مرۆڤە لە یەک کاتدا. چونکە بە زۆری دەستەواژەی تەکنیکی باو بە دەوری مۆرکی جەوھەریانەدا دەخولێتەوە، کە دوو رواڵەتی پێکڤە گونجاویان ھەیە و پێیان دەگوترێت "رواڵەتی ئەنترۆپۆلۆژی" و "رواڵەتی ئامرازانە". جا بە گوێرەی ئەم وێنایە، تەکنیک دەبێتە "کردارێکی" مرۆییانەی شارستانی و "داردەستێکە لە پێناو ئامانجێکدا"، ھەردووک دەچنە پاڵ یەک دی بۆ تێر کردنی "پێداویستەکانیان"(١).
بۆ پشتیوانی کردن لە مۆرکی ئەنترۆپۆلۆژیانەی تەکنیک، بیرمەندان پەنا دەبەنە بەر دوو پاساو: یەکەمیان سوورە لەسەر ئەوەی کە لە سەر زانستەکانی نوێی سروشت دامەزراوە و بە یەکێک لە پیادە کردنانی بەرھەستی ئەوان دادەندرێت. ئەم زانستانە بە سایەی داھێنانی ریزپەڕیانەوە بوون بە یەکێک لە دیارترین دەسکەوتەکانی مرۆیی، کە وایان لە تەکنیک کرد ببێتە بەشێک لە شارستانیەت و پرۆژەی مرۆڤاندن، ناشکرێ ھەڵسەنگێندرێت تەنیا بە گرێدانی بەشدارییەکەی بە پەرەسەندنی کولتووری مرۆییەوە نەبێت.
لەم دیاری کردنە ئەنترۆپۆلۆژییەی تەکنیکەوە، مۆرکی ئامرازانەی سەرچاوەی گرتووە: "تەکنیک بە شتێکدا تێپەڕ دەبێت کە مرۆڤ بە مەبەستی بەجێ گەیاندنی سوودێک بەکاری دەھێنێت"(٢). ئامانج لەمەش ئەوەیە، پرەنسیپێکی یەکگرتوو بە دیرۆکی تەکنیک بدەین، کە ھەموو قۆناغەکانی ھەر لەو کاتەوە کە مرۆڤ یەکەمین بیوری سەرەتایی دروست کرد تا دەگاتە دروست کردنی رادار و وێستگەی ئاسمانی، دەگرێتەوە. بێ گومان جیاوازییەکی زۆر مەزن لە ئاڵۆزیی تەکنیکدا ھەیە، بەڵام ئەم جیاوازییە لە پلەدا داناندرێت و نە لە سروشتیش، ھەموویان ئامراز و کەرەستەن بە ئامانجی دیاری کراو، ھێندراونەتە بەرھەم.
بە ئامانجی پشتیوانی کردن لەم ئاسۆیە، ئامرازایەتیی تەکنیک بە بێلایەن دادەندرێت، چونکە رۆڵی کردەییانەی مرۆڤ جیا دەکاتەوە بە دانانی مەرجی دادپەروەرانە لە پەیوەندیی ئەو بە تەکنیکەوە، ئەگەر ئاراستە بە ئامانجی رۆحیی بکات. ئەم زەروورەتە رووی لە ھەڵکشان کرد، لە پاش ئەوەی تەکنیک گەیشتە ئەو ئاستەی کە لەوەدایە لە چنگی مرۆڤ و چاودێریی ئەو دەربچێت(٣).
ھەرس کردنی تەکنیک لە نێو سووڕگەی ئەنترۆپۆلۆژیا و ئامرازایەتیدا، وا دیارە لەبەر چاوی ئێمە لەگەڵ ئەوەی کە روو دەدات، جووتە، بەڵام لە پتر لە ئاستێکدا تەفرەدەرە. لە موحازەرەکەی ھیدگەر (زمانی نەریت و زمانی تەکنیک)دا(٤) لە بنەڕەتدا بۆ گونجانی لەگەڵ نموونەی باوی لێکدانەوەکاری دەگەڕێتەوە، کە لە رێی ئەوەوە لە شتان و گەردوون دەگەین: خود- بابەت. ھیدگەر سارد و سڕیی ئەو بۆچوونە روون دەکاتەوە، بە گەڕانەوە بۆ بۆچوونی ئەنترۆپۆلۆژی- ئامرازانە و تاقی کردنەوەی تێزە باو و ئەرێ کراوەکەی: تەکنیک وەک زانستێکی پیادەکار و ئامرازێکی بەردەستە، یانیش دەکەوێتە بن چاودێریی مرۆڤەوە.
جا ئەگەر تەکنیک بە نێو پیادە کردنێکی کردەییانەی سروشتناسیدا تێپەڕ دەبێت و ملکەچی چاودێرییەکی تیۆرییە، ئەوا ئەمڕۆ چی دی نە فیزیاناس و نە ئەندازیاران پێکڕا بەوە رازی نابن. واقیعیەتی ئەم تیزە چی دی پێویست نییە، پاش ئەوەی لە رابردوودا تا رادەیەک واقیعی بوو، ئەو کاتەی ئامرازەکان بە ئامانجی ئەزموونگەرانە رێک خرابوون. لە بەرامبەردا ئەمڕۆ ساغە تیۆری بوو بە شاھاوکێشەیەکی بیرکارانە، دواجار بوو بە شتێکی رێکارانە کە قابیلی پیادە کردنە.
خۆ رەنگە رەوانترین حاڵەت لەم بوارەدا ئەوەیە کە لە فیزیای ناوکدا دەیبینین: "بەوەی ئەو ئامێرانەی تەکنیک کە لە تاقی کردنەوەیەکدا لە لایەن سەرنجدەر و چاودێرانەوە بەکار دێن، ھەموو جارێک ئەوەی دەکرێ و ناکرێ لە رواڵەتبازیی ناوەکیدا بە لایدا بچیت"(٥). بە گوێرەی ئەوە ئەگەر تەکنیک بوو بە فاکتەرێکی دیاریکەر لە ھێنانە ئارای رووداوگەلی زانستی، یان ئەگەر لە کرۆکی بنیادەکەیدا شتێکی تێدا بێت کە لە زانین (مەعریف)ـەوە سەرچاوەی گرت بێت. ناکرێ ھەر تەنیا وەک پیادە کردنێک بێت بۆ زانستەیلی تیۆری. بۆیە زانایەکی فیزیا لە چەشنی ھایزنبێرگ (Heisenberg) قسە لەبارەی "تێکچڕژانی دووسەرە"ی نێوان زانست و تەکنیکەوە دەکات، ھەرچەندە ئەو پرسیاری لەبارەی جەوھەری ئەو تێکچڕژانە دووسەرەیە نەکردووە.
بە روون کردنەوەی بنەچەی ھاوبەشیان، ھیدگەر روو دەکاتە جەوھەری تەکنیک، واتە لە پێشدا ھاتنی تیۆری بووە بەردی نێو گۆم و ئەمڕۆ چی دی ئەرێ نییە. زانستەیلی نوێ پاش ئەوەی بوون بە ئەزموونی و تەکنیکی و بیرکارانە، خۆیان سەپاند. بۆ دیاری کردنی قۆناغی ئەم پەرەسەندنە، بیرمەندان پێیان گوت "تەکنیکە زانست"(٦) وەک ئەوەی ئەمڕۆ ئەوی پێ دەناسرێتەوە.
سەبارەت بە تێزی دووەم، ھیدگەر لە دیمانەیەکدا لەگەڵ رۆژنامەنووسانی رۆژنامەی شپیگل (Speigel)دا زۆر بە توندی نکووڵی لەو ئایدیۆلۆژیایانە دەکات کە بە سەر دیموکراسییەکانی رۆژاوادا باڵادەستن، کە بە توانای مرۆڤ و کۆنترۆڵ کردنی تەکنیک لە لایەن ئەوەوە، لەم بارەیەوە قسە بە ناوبانگەکەی خۆی کرد "تەکنیک لە کەینوونەی خۆیدا شتێکە مرۆڤ ناتوانێ بیخاتە ژێر رکێفی خۆیەوە"(٧). ئێمەش لە باس کردنی ئەم خاڵەدا، ھەر دەبێ ئاماژە بکەین کە ئەم خاڵە دید و روانینی ھیدگەر بۆ نوێخوازی بە گشتی پیشان دەدات. ئایدیۆلۆژیای تەکنیکە زانست (Techno-science) لەوەوە تاوی سەند کە مرۆڤی نوێ ناتوانێ لە رێی ھزرەوە بە "ئەو ھێزەی لە نێو تەکنیکی ھاوچەرخدا شاراوەیە و پەیوەندیی نێوان مرۆڤ و دەوروبەر دیاری دەکات" ئاشنا بێت (پرسیارگەل، بەشی ١٤٦:III). پاشان نەمانی رامان سەبارەت بە مرۆڤی ھاوچەرخ، ھۆیەکەی لە سەرسام بوون ھەمبەر بە پێشکەوتنی سەرسوڕھێنەر و شایستەی تەکنەلۆژیای نوێدا دەبینێتەوە.
لە گەرمەی پەرەسەندنی خێرادا، رووداوەکان گەواھی دەدەن کە ھێزێک ھەیە ویست و چاودێریی مرۆڤ تێپەڕ دەکات، چونکە لەوەوە سەرچاوەی نەگرتووە، بەڵکوو ھەر پرۆژەیەکی سیاسی یان ئیتیک کە بیەوێ ئەو ئاراستە بکات یان کۆنترۆڵی بکات، دەیکاتە تەنیا فشە و ھاش و ھووشێکی بەر با. سەمەرە ئەوەیە، ئەم ویستی کۆنترۆڵ کردنە بوو بە تەنیا فێڵێک و بەس، کە کەوتووەتە بن باری قورسی پیلان و کوێریی خودی ھزرە تەکنیکەوە، لە ھەموو لایەکیشەوە مرۆڤ ئابڵووقە دەدات و روویەکی دیکەی کۆیلایەتیی خۆی دەشارێتەوە. بەوەی "وا دیارە راستە کە سەرکەوتنە خێراکانی پەرەسەندنی سەرسوڕھێنەری تەکنیک، ئەو رایە نادات یان جێ ناھێڵێت کە مرۆڤ دەبێتە سەرداری تەکنیک. راستی دووپاتی دەکاتەوە، کە مرۆڤ بووەتە خزمەتکاری ئەو ھێزەی ھەموو بەرھەمێک لە ھەموو بوارەکاندا دەخاتە ژێر رکێفی خۆیەوە"(٨).
ھەر بۆیە تا ئێستا رەخنەی ھیدگەر ھەنووکایەتیی نوێنەرایەتی کردنی ئەنترۆپۆلۆژیانەی ئامرازانەی خۆی پاراستووە، جاک ئیلول (J. ELLUL) لە کتێبەکەیدا (سیستەمی تەکنیک: ١٩٧٧: ٢٨٠) سەلماندی کە تەکنیک بە تەواوەتی دوورە لەوەی لە رێی رێچکەگەلی ئامانجەکانی دەمانەوێ بەدییان بھێنین، گەشە بکات، بەڵکوو لە واقیعدا لە رێی پەرەپێدانی ئەو توانایانەی گەشە کردن کە لە بنەڕەتدا ھەیەتی، پێش دەکەوێت، کە بوو بە تەکنیکە گەردوون (Technocosme)، واتە وەک دوا ئاسۆ نەک ئاسۆیەک بۆ واتا.
بە واتای ئەوەی تەکنیک ملکەچی ھیچ شتێک نابێت تەنیا (ملکەچی) حەتمیەتی گەشە کردنی کوێر و تایبەتی خۆی دەبێت، کە لە بەدی ھاتنی ھەموو ئەگەرە پێکھاتەیەکدا بەرجەستە دەبێت، ھەموو حاڵەتەکانی ئەزموونکاریی نێوان توخمەکانیش بواری پێ دەدەن. ھیدگەر ئەو زەروورەتە شاراوەیە روون دەکاتەوە، کە لە ناوجەرگەی جەوھەری تەکنیکدا وەک ھۆشدەرێکی راچەنیو (Ge-stell) مرۆڤ بە پرۆژە و چالاکییەکانییەوە تێدەپەڕێنێت، کە ئیدی توانای نییە بە کردەنی پرەنسیپی دوایین ماقوولیەت کە دەیخاتە نێوانی مەبەست و ئامرازەوە، پەرچڤە بکات.
ھەروەھا ئەوانەش کە پێیان وایە تەکنیک دژ بە میتافیزیکە، لە رەخنەی ئەو دەرباز نەبوون، چونکە میتافیزیکێکی تەواوکارە، ئەمەش رێی خۆش کرد بۆ بەدی ھاتنی خەونی ھەمیشەیی میتافیزیک، کاتێک مەعریفە (زانین)ی بە شتانی بەرھەستەوە گرێ دراوە، کە کەسی لێزان (عاریف)یش ھەستی پێ دەکات. رای باو ئەوەیە کە تەکنیک پەیوەندییەکی بە میتافیزیکەوە نییە، لە فەلسەفەی ھیدگەریشدا پێگە و شوێنێک بۆ ددان پێدا نان بەدی ناکات. ئەو دروست میتافیزیکە.
ھیدگەر دەگەڕێتەوە و ھۆشداری دەدات کە تەکنیک لەوەی بە رواڵەت و ئاشکرا دەیدات، خۆی نانوێنێ: شت و ئامراز و ئامێر و مەکینەی تەکنیکی و نوێ کردنەوەی ھێزی بەرھەم یان بەردەوام بوونی: "جەوھەری تەکنیک مرۆیی نییە. جەوھەری تەکنیک بەر لە ھەر شتێک ھیچ پەیوەندییەکی بە تەکنیکەوە نییە"(٩).
ئەم تێزە بە تەواوی ناتەبا و جودایە لە تێکڕای ئەو بۆچوونانەی لەبارەی تەکنیکەوە خراونەتە روو، چونکە ئەو پرۆژەیەی لە کرۆکی تەکنیکدایە، دەسکەوتێکی مرۆیی نییە، بەڵکوو میتافیزیکە و ھەموو بوارەکانی واقیع دەگرێتەوە و ھەر تەنیا لە ئامێردا قەتیس نابێت.
میتافیزیک بناغەی تەکنیکی داڕشت، کاتێک (ھەر لە فەلسەفەی گریکەوە) پێوەری ھەقیقەت (راستی)ی بە جووت بوونی ھزر لەگەڵ واقیعدا دانا، ئەمەش رێی خۆش کرد کە زانستەیلی دەسکرد (وەزعی) بە تەنیا راستی (ھەقیقەت) قۆرخ بکەن. ئەمەش وردە وردە روون بووەوە، ھەر لە کاتی ئەو شۆڕشە زانستییەی گالیلۆی گەردوونناس (١٥٦٤- ١٦٤٢) بەرپای کرد، کە دیدی روانینی کڵیسەی بۆ جیھان تێک شکاند و روانینی میتۆلۆژیانە و غەیبییانەی مرۆڤ بۆ گەردوونیشی گۆڕی، بۆ ئەوەی ئەو روانینە وابەستەی سەرنج دانی فیزیکی و وردیی بابەتیانە بێت. ئەمەش لە چاخی رێنیسانسدا دووپات بووەوە، تێیدا دیکارت ئامانجی عەقڵی دیاری کرد "ئێمە ببینە سەرداری سروشت" نەک کۆیلەی ئەو، بەو جۆرەی بوار بدرێت بخرێتە خزمەتی خۆمانەوە و "بیکەینە کۆیلەی خۆمان" وەک (دان سکوت)ی فەیلەسووف دەیڵێت. پاشان، وەک فرەنسیس بیکۆن دەڵێ، دەرفەت بۆ زانست ھاتە پێش بۆ ئەوەی رۆڵی خۆی بنوێنێ، بەوەی ئامرازێکە یارمەتیدەر بۆ کۆنترۆڵ کردنی (سروشت).
ئەم ئارەزووە گڕگرتووەی مرۆڤ رێیەکی کردەوە بەرەو توێژینەوەی بەردەوام لە راستییەکانی گەردوون و تێگەیشتن لە دیاردەکانی بە شێوەیەکی زانستی، بە رادەی ئەویش، ھەردوو خەسڵەتی سەرەکیی کردەی مرۆیی "زانین" و "بەرژەوەندی" (Connaissance et Intérêt) گەشە دەکەن، ویستی مرۆیی دێتە ناوەوە بۆ کەوی کردنی تیۆریی زانستی لە ھەموار کردنی شتان و گۆڕینی واقیع، بەڵکوو بڵێ ئەو ئەمڕۆ توانای گۆڕینی تەبیعەتی مرۆڤیشی ھەیە، وەک تێکەڵ کردنی جین و توانای ئەو لە فۆتۆکۆپیی بایۆلۆژیدا و راگرتنی پیری یان ھەڵبژاردنی چەشنی رەگەز: نێر یان مێ، تەکنیک گەیشتە ئاستێک کە ئیدی بووەتە "ویستی ویستان".
بۆ ئەوەی بە مەبەستی ھیدگەر لەم بارەیەوە ئاشنا بین، دەکرێ بەو راستییە بگەین کە ویستی یەکەم ھەر خۆی ئەو چوارچێوەیە دیاری دەکات، لە رێی ئەویشەوە ویستی مرۆیی دەخرێتە گەڕ، بە واتای ئەوەی جەوھەری میتافیزیکانەی تەکنیک، ئەو ھەستەی مرۆڤ راڤەی دەکات، بەوەی کە ویستی ئەوان ئەو شتانەی دەسکردی خۆیانن تێیان دەپەڕێنن، بەوەی مرۆڤ لە ھەموو شوێنێکدا بە کۆت و بەندی تەکنیکەوە دەبەسترێتەوە.
ئەمەش لە گەشەی فرە خێرای ئەوان و زۆر جاریش بە شێوەیەکی پەسندکارانە و لە پڕ، خۆی دەنوێنێت، لەوەش رەوانتر نییە کە ئێمە ئێستا قەرزداری کارەبا و ئامێری چێشت لێنان و شووشتن و خۆش ھەواین، ناشتوانین دەستبەرداریان بین. ھەر لە نێو ئەوەشدا ئەوە ھەیە کە ھیربرت مارکۆزە لە کتێبی (مرۆڤی تاک رەھەند)دا دەیڵێ: "خەڵک بە نێو کاڵای خۆیاندا خۆ دەناسنەوە، رۆحی خۆشیان لە نێو ئوتومبیلەکانیاندا دەبیننەوە، لە نێو ئامێری ھای فای خۆیاندا، لە نێو ماڵی پۆشتە و پەرداختی خۆیاندا، لە نێو پێداویست و کەرەستەی چێشتخانەیاندا". بەھاکانی ئەوان لەگەڵ پەیوەندیی بازاڕگەری و بەکاربردندا ھاوگونجاوە، نە بەدیلێکی بۆ ھەیە و نە گۆڕانیش.
پێشکەوتنی سەرسوڕھێنەری ئێمە و بەدەستەوە ھاتن و وردییەکەی کە پێی گەیشتووە، سەرباری ئەو نەریت و بیر و بۆچوونانەی زادەی ئەو گۆڕانە قوولەی لە ژیانی مرۆڤدا ھێنایە ئاراوە، مەحاڵە ئەمڕۆ بە ھەمان چەشنی جاران تەماشای ماددە و شوێن و زەمان بکرێت.
جیھان لەبەر یەک ھەڵوەشا و بوو بە شێوەگەلی جیاجیای واتا، کە بە دەنگی جیاجیا قسان دەکەن بەو جۆرەی لەگەڵ جیاوازییاندا دەگونجێت، ئەو جیاوازییەی زۆر لە ریتم و قوولییەکەی لەدەست دا، ئەمەش توانای ئەوەی لێ سەندەوە کە ژیانی خەڵک رێک بخات و واتایەکیان پێ ببەخشێت.
خۆ رەنگە کتێبەکەی نیچە (لە پشت چاکە و خراپەوە) "١٨٨٢"، بە وردی وێنەی جیھانێکی ھاوچەرخ بکێشێت کە ھەموو شتێک بە دژەکەیەوە ئاوسە: "لە چرکەساتی ئەم وەرچەرخانە مێژووییەدا، بە زۆری جوولەی گەشە کردن و شازی ململانێی فرە روو، کە وەک چەم و بێشە وایە، بە دەم یەکەوە و تێکەڵ بە یەکدی دەردەکەون، جۆرێک ریتمی پشتێنە لە پرۆسەیەکی پەرەسەندن لە پاڵ جوولەیەکی زەبەلاح بۆ وێران کردن و خۆ وێران کردن، بە سایە خۆپەرستیی زۆر دژ بە یەک، کە خۆبەخۆ دەتەقنەوە و لە نێو خۆیاندا لە ململانێدان لە پێناوی خۆر و رووناکی، ناتوانێ لە چوارچێوەی رەوشتی کە لەبەر دەستی ئەودایە، رێ بەدێیی بکات بەرەو ھیچ سنوورێک یان کۆت و بەندێک یان رێزێک یان شکۆیەک.. ھیچ شتێک نییە بێ لە "پرسیاری" نوێ و شێوازی دەستەجەمعیش ئیدی نەمان، "نا"یەکی نوێ ھەیە پشت بە بەدحاڵی بوون و نەبوونی رێز دەبەستێت، ھەروەھا داتەپین و خراپییەکی بێ ئامانیش ھەن، وێڕای بەرزترین ئارەزووی کە بە شێوەیەکی ترسناک لەگەڵ یەکدا کۆبوونەتەوە، پاشان بلیمەتیی سێکس ھەیە کە بە سەر چوارچێوەگەلی چاکە و خراپەوە دەڕژێتەوە و ھاوکاتییەکی چارەنووسسازیش لە نێوانی بەھار و باییزدا ھەیە.. جارێکی دی مەترسی ھەیە، ئەو دایکی رەوشتە -مەترسییەکی زەبەلاح-. بەڵام ئێستا بابەتی مەترسییە بۆ سەر تاک، بۆ سەر ھەرە نزیک و بژاردەی دڵ، بۆ سەر شەقام، بۆ سەر کۆڕ بە تایبەتی، بۆ سەر دڵ بە تایبەتی، بۆ سەر قوولترین خۆشیی نھێنیانەی خواست و ویست". ئەمەشە ئەو فیزاحەی کە نیچە کردی و تا ئێستاش لە ئاسۆدا دەنگ دەداتەوە، راڤە دەکات: "ئاگاداری پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا بن کە بێ لە خۆی ھیچ ئامانجێکی دیکەی نییە، ئاگاداری جوولەی دۆزەخیانەی ئەو بن کە لە شوێنێکدا ناوەستێت، لە ئاییندەدا کەسانی گوێڕایەڵ، ملکەچ، کۆیلە کراو لەدایک دەبن و وەک ئامێر دەژین، ئاگاداری ئەو خولانەوەیەی سامان و سەرمایە و بەرھەم بن کە ھەر خۆی خۆی بەکار دەبات، ئاگاداری سەردەمی نەبوونایەتی بن بێ گومان ھەر دێت. ھێندە بەس نییە کە خوداوەندانی کۆن بڕووخێنن تا بتی تازەیان لە شوێندا دانێن، ئەوە بەس نییە کە ئایینەیلی نەریتی داڕووخێن تا ئایینی زانستی جێیان بگرنەوە، پێشکەوتن خۆبەخۆ ئامانجێک نییە".
ئەمە بەو جۆرە بەدی دێت کە کۆمەڵناسی ئەڵمان ماکس ڤیبەر (١٨٦٤- ١٩٢٠) تەکنیکی ئەم سەردەمە لە نێو ئیتیکی پرۆتستانت و رۆحی سەرمایەداری وا پەسن داوە کە "قەفەسی ئاسنینە"، بەوەی کە سیستەمی تەکنیکی و بیروکراسیانەی: "بە گوڕێکی بێ وێنەی ژیانی تێکڕای ئەو تاکانەی لە نێو ئەو مکانیزمەدا لەدایک بوون، نوێ دەکاتەوە"، ھەروەھا بە تین و تاوێکی توندەوە. بە لای ڤیبەرەوە، بۆ نموونە، کەسانی ھاوچەرخی ئەو ھەر تەنیا: "پسپۆری بێ گیانن، ھەوەسبازی بێ دڵن. بەم ناشتە و بەم نەبوونەوە، دەبینین نقومی نێو وەھمی ئەوەن، کە ئەوان ئاستێکی ئەوتۆی پێشکەوتنیان بەدی ھێنا، پێشتر مرۆڤایەتی پێ نەگەیشتووە". ھەموو خەڵکێش بە گوێرەی شیش و پەنجەرەی ئەوان داڕێژراون، ئێمە گیاندارانێکی بێ رۆح و بێ دڵ و بێ ناسنامەی رەگەز یان کەسایەتین.
ئەو مرۆڤەی بە ئاواتەوە بوو، رۆژێک لە رۆژان تەکنیک (ئەو) بکاتە ئاغا و سەروەر، دەبینین گەیشتە ئەو ئاکامەی ببێتە کۆیلەی ئەو ئامێرانەی دروستی کردوون، ئەمەش وای کرد ھەست بە ئاسایش و ئارامی نەکات و رواڵەتی نیگەرانی و خامۆشی زیاد بکات تا رادەی ئەوەی رۆحی گەیشتەی ئەوەی سارتەر لە رۆمانە بە ناوبانگەکەیدا ناوی نا "ھێڵنج ھاتنەوە"، ھەروەھا بوو بە دیلی ھێدمە و پەستیی توند، بە ھەمان ئەندازەی کە ھەست دەکات بە گوڕ و تینێکی زیندوو بارگاوی کراوە، کە تێکڕای کەینوونەتی زل دەکات.
ئەم تَگەیشتنە لە لای ھیدگەر بێلایەنیی تەکنیک ناھێڵێت، ئەمەش رایەکی باو و بڵاوە، لە پاش ئەوەی ئەو بڕوایە برەوی سەند کە ئەو خۆبەخۆ تێکڕا نە چاکەیە و نە خراپە، بەڵکوو کارەکە پەیوەستە بەوەی ئێمە چۆن بەکاری دەھێنین، ئەو نموونەیەی ھەموو جارێک و بەو پەڕی خۆشحاڵییەوە پێشکەش دەکرێت، بریتییە لە وزەی ئەتۆم کە دەکرێ بۆ مەبەستی ئاشتیانە یان وێران کردن بەکار بێت.
ھیدگەر زۆر بە توندی بەرھەڵستیی ئەم چەمکەی مارکسیزم دەکات، پێی وایە لەو چرکەساتەی ئەو فێڵەمان بە سەردا تێپەڕ دەبێت کە گوایە تەکنیک بێلایەنە، راستەڕێمان لێ ون دەبێت و دەکەوینە داوی نێو ئەوەی قەدەغەیە و بە خراپترین شێوە گەڵاڵەنامەی کۆتایی ھاتنی خۆمان واژۆ دەکەین. ئەمەش وا راڤە دەکرێت کە قەیرانەکە زادەی ئەو ئەرکانە نییە، کە دوای تەواو بوونی دەسکەوتی تەکنیک مرۆڤ دیارییان دەکات، بەڵکوو ئەو ھەڵقوڵاوی بنەچەیەتی تەنانەت بەر لە دەست کردن بە تەواو کردنی. تەکنیک گەمەیەکی زگڕەشە، لە بە داوەوە کردنی مرۆڤدا کارامەیە، چونکە دژانکارێکی شاراوە لە کرۆکی خۆیدا دەگرێتە خۆ، ئیدی ئەوەی لێی بەدی دێت ھەمیشە پێچەوانەی ئەوەیە کە لێی چاوەڕوان دەکرێت، زۆر جاریش بە شێوازێکی کتوپڕ دەبێت.
جا ئەگەر تەکنیک و داھێنانەکانی، کە جیھانێکی سەیر و سەمەرەی ھەیە، بە تەلیسمی خۆی پەرتەوازەمان دەکات، ئەوا ئەو ھەروەھا جیھانێکی تۆقێنەری ئەھریمەنانەشە، جیھانێکە لە بازنەی کۆنترۆڵ دەردەچێت، جیھانێک بەدەم جوولەی کوێرانەوە ھەڕەشە دەکات و دەڕووخێنێت و ھەموو شتێکی دەوروبەری رادەماڵێت. لەو نیشانەیە باشتر نییە کە بە مەجاز ئەوەی ھیدگەر بۆی دەچێت، بەکار بھێنین: کەسایەتیی فرانکشتین (Frankenstein) لە نووسینی ماری شیڵی. ئەم کەسایەتییە سەیرە لە ھەوڵی مرۆییانەی خۆیدا، ھەوڵی بێ سنووری مرۆڤ بۆ فراوان کردنی وزە و توانای مرۆیی لە رێی زانست و تەکنیکەوە، دەنوێنێت. بەڵام بەرھەمی دەسکاری خۆی دەگۆڕێت بە دڕندەیەکی بێ ئامان و بە شێوەیەکی ناعەقڵانیی ناچاوەڕوان کراو بە ئاکامی کارەساتبارانە، بە روویدا دەتەقێتەوە.
ئەگەر میتافیزیک پرۆژەی تێگەیشتن لە بنەچەی جیھان و شتانی رووتاڵی دەست پێ کرد، ئەوا پێ بە پێ تەکنیک ھاتە دەست تا ببێتە "میتافیزیکێکی تەواو" لە جیھانی ھاوچەرخدا، کە لە یەکەمین خەونی فەلسەفە سەبارەت بە تێگەیشتنی جیھان نزیک دەبێتەوە، باشترین بەڵگەی ئەوەش ئەم رواڵەتانەی ئەون: پەرەسەندنی بێ کۆتایی، داھێنان و نوێ کردنەوەی ھەمیشەیی کە مۆرکی بە ھەموو بوارەکانی ژیانەوە دەنێت، ئەو ئێستا شۆڕشێکی بەردەوامە... ئەو وەک پێکوتی پەنسلین بە سازترین جۆرەکانی خۆشی و بە تاریکترین رەنگەکانی تاڵی، رەش ھەر چون نەخۆشیی ھار بوونی مانگا و ھەوکردنی نائاسایی سی، بارگاوی بووە. ئەو فرانکشتینێکی نوێیە، بەڵکوو ئەو ئێستا توانای وێران کردنی ھەیە، توانای ئەوەشی ھەیە شەڕی قازانجدار بکات. ئەو وەک سووڕانەوەی حەلەزوونە کە بێ پسانەوە بە دەوری خۆیدا دەسووڕێتەوە، ھەوڵ دەدات ھەموو ئەو ئەگەرە بینا و پێکھاتانەی پێیان ئاوس دەبێت، تاقی بکاتەوە.
ئایا کارەکە ئەوە نییە کە ئەدورنۆ لە کتێبە مەزنەکەیدا (Dialectique négative) خستییە بەر چاو: "دیرۆکێکی جیھانی نییە کە لە کۆیلایەتییەوە بەرەو مەیلی خۆشویستنی مرۆیی بچێت، بەڵکوو مێژوویەک ھەیە لە تەورەوە بەرەو بۆمب دەچێت، ئەو بۆمبەی ھێزەکەی یەکسانە بە ھێزی یەک ملیۆن تەن لە (تی ئێن تی)... ئەو تاک و تەنیا دیرۆکێکە کە ھێشتا تا ئەمڕۆ دووبارە دەبێتەوە، کە جارجار ھەڵوەستەیەک بۆ ھەناسە ھەڵکێشانەوە دەکەن، ئامانجیشی ئەوەیە کە ئازارێکی رەھا بێت". (١٩٣٧: ٣٢٠).
مرۆڤ لەم چاخەدا وا دێتە پێش چاو کە "بەرامبەر بە چارەنووسی بوون بێ دەسەڵاتە، دواجار (بە گوتەی ھیدگەر) نابێ دەست بە ھیچ چالاکی یان یاخی بوونێک بکات، ئەگەر نا دەکەوێتە نێو داوی ھزری (ئامرازایەتی) کۆمپیوتەر و تەکنیکایەتی، کردارێکی مرۆیی نییە بتوانێ جەوھەری تەکنیک بگۆڕێت".
ھیدگەر وای بۆ دەچێت کە مرۆڤ تووڕدراوەتە نێو بوونەوە، ئەمەش پەسنێکی فرە روونە بۆ گۆشەگیریی تاک، مرۆڤ نەک تەنیا ناتوانێ پەیوەندی لەگەڵ شتان یان کەسانی دەرەوەی خۆی دروست بکات، بەڵکوو ئیدی لە رووی تیۆرییەوە بووەتە مەحاڵ کە دیاری کردنێکی تیۆرییانە بۆ بنەچەی بوونی مرۆیی و ئامانجەکانی دابمەزرێت، پاشان مرۆڤ بوو بە گیاندارێکی نادیرۆکی. بەڵام ھابرماس رەتی دەکاتەوە کە ئاسۆ داخراو و ئاییندەش تاریک بێت، تۆمەتی ئەوە دەداتە پاڵ ھزری ھیدگەر کە خۆ بەدەستەوەدەر و قەدەرییە. ئەو دووپاتی دەکاتەوە کە تاکەکانی ئەم سەردەمە توانای تێگەیشتنی ئەم چارخە لە لایەک، پاشان لە دوای تێگەیشتنی ئنجا گۆڕینی ئەویان، لە لایەکی دیکەوە، ھەیە.
جا ئەگەر ھابرماس خۆی بە قەرزداری ھیدگەر، پێشەنگی فینۆمینۆلۆژیای لێکدانەوەکار دەزانێت، سەبارەت بە پەی بردن بە جیھانی ھاوچەرخ و بەدی کردنی پرسەکانیدا، ئەوا ھیوادارە لە رێی گەڵاڵە کردنی لێکدانەوەکارییەکی رەخنەییانەوە، لە رووی تێگەیشتن لە جیھان و رەخنە گرتن لە دیدی ئەو سەبارەت بە گەردوون بە ئامانجی ئازاد کردنی مرۆڤ، ھیدگەر تێپەڕێنێت. وێڕای ئەوە سەیر نییە ئەگەر ھابرماس (١٩٧١، ١٩٧٤) پێی وا بێت کتێبی (کەینوونە و زەمان)ی ھیدگەر "گرنگترین رووداوی فەلسەفییە لەوەتای رواڵەتەکانی عەقڵی ھیگلەوە"، نەمازە بەشی شەشەم کە بە دەوری گوتاردا گرێژەنە دەبەستێت، بەوەی ھیدگەر لە چوارچێوەی زماندا قەڵەمبازێکی گەورە لە تێپەڕاندنی فەلسەفەی ھۆشیاری بەدی دەھێنێت، ئەویش وەک راگەیاندنێکی ئاشکرای مەرگی دیکارتیزمە.
ھیدگەر کار بەو ئاراستەیەدا دەکات کە ھزر لە مەیلی خۆ بەزل زانین رزگار بکات و بەراوردێکی دیرۆکیانەش پێشکەش بکات، کە فەلسەفەی خود ھۆشیاری تێپەڕێنێت، ھەرچەندە کە بەندیش بێت بە لێکدانەوەکارییەکی بوونیزمانەشەوە (Herméneutique existentiale). ئەوەی لە لا ھابرماس گرنگە، پێوەری بەھاییانەی فەلسەفەی ھزر لە رەھەندی سەلماندنی زمانیانەیدا روون دەبێتەوە، ھیدگەریش زۆر لەمە نزیک بووەوە. بەڵام ئەوە بەدەر لە رەخنەی توند و دژوار دەرھەق بەوی تێپەڕ نەبوو، نەمازە روانینی بژاردەییانەی بۆ ھەقیقەت، یان ئەوەی ناوی دەنێت بەردەوامیی ھەقیقەت (devenir de la vérité) کە ئەو دەڵێ دەستی دەیگاتێ و نزیک بەوە، بە بێ ئەوەی بەڵگەیەک لەو بارەیەوە بخاتە روو، بەڵکوو ئەو قبووڵی نییە بەدواداچوون بۆ شیاویی پرسەیلی فەلسەفیی ئەو بکرێت، چونکە وابەستەی "ھێزێکی" عەقڵانی نین کە گوڕی ئەوەیان بداتێ کە دوای سەلماندنیان، دوێندراوی خۆی ناچار بکات باوەڕیان پێ بکات.
بۆیە ئیدی ئەگەر مرۆڤ دیدی عەقڵانیی رەخنەییانەی بەدەست ھێنا، ئیدی ئامادە دەبێت لە خۆی ھەڵگەڕێتەوە و لە ھەموو ئەوەی گوتراوە یان پێشتر باوەڕی پێی ھەبووە، بپرسێت و رەتی بکاتەوە یان دیالۆگی لەگەڵدا بکات، بشیانکاتە زنجیرەیەک لە پرسیارەیلی نەترسانە و دەنگەیلی ھارمۆنی و ناسازیش، دیدی لۆژیکیانەی ئەوانی دیکەیان تێدا دەژی. بەوەی کە ئاسۆکەی تا ئەوپەڕی سنووری توانای خۆی درێژ دەبێتەوە و دادەکشێت، بۆ ئەوەی ببێتە ھەقیەتی پشت بەستوو بە بەڵگە و پاساوی راست و دروست.
پێکەوەڕۆیی عەقڵانی و پەنا بردن بۆ بەڵگە ھێنانەوە و سەلماندن، بەرھەمی عەقڵ و خەسڵەتی ئەون، کە چەواشە وەھم و ھەموو جۆرە فرت و فێڵێکی لە ریکلامی سیاسی و ئابووری و تەکنیکیدا تەشەنەی کردووە، ریسوا دەکەن، دەشتوانن خود لە نێرگزایەتی و خۆپەرستی و وەھمەکانی رزگار بکەن: ئەوان بنەچەی ئارەزووگەل و ئەو پاڵنەرانەی قابیلی تێر بوون نین، ئاشکرا دەکەن.
دەنگی عەقڵ باوەڕی بە توانای خۆی ھەیە لە سمینی دەمامکەکان و تێپەڕاندنی قۆرتەکان، تەنانەت قوولترین برین و سەختترینی ناتوانێ تەوژمی وزەی سەلماندنی داھێنەرانەی و قوڵپی پڕ لە پیتی رابگرێت. ئاڵوگۆڕ کردنی بەڵگە و ئەو مشتومڕەی بەدەمییەوە دروست دەبێت، رێ لە ھەموو دۆگما و تەمبەڵییەک دەگرێت. سەلماندنی گوتارانە لە لای ھابرماس دەنگێکی فرە دەنگە، دیالۆگانە و دیالیکتیکییە، ژیانی نوێ و تەکنیکەکەی پررۆتستۆ دەکات، لەبەر ئەوەی بە ناوی خودی پرۆژەی نوێخوازییەوە خۆی لە راستی دەبوێرێت، ھیوادارە لە ھەموو بوارەکانی ژیاندا پێگەی عەقڵ بڵند بکات و ئەو برینانەش ساڕێژ بکات کە ژنان و پیاوانی نوێخوازییەکەی ئەمڕۆ ونجڕونجڕ دەکات.
ھابرماس دەیەوێ بە دوای چارەسەرێکی عەقڵانی بۆ تەکنیک بگەڕێت، ئەو تەکنیکەی باڵی بە سەر جیھانی ژیاندا کێشاوە و لە ھەموو لایەکەوە ئابڵووقەی داوە، ئەو دەیسەلمێنێ کە ئێمە لە سەردەمی سەرمایەداریی پێشکەوتوودا دەژین کە بە تەکنیکەوە بەندە، تەنانەت رەوایی ئەو لەوەوە سەرچاوەی گرتووە. کەواتە ھیچ رێیەک نییە بۆ ھەڵاتن لەوەوە بەرەو دیواربەند و کەلاوەکانی رابردوو، ھەر دەشبێ ددانی پێدا بنێین کە تەکنیک بە شێوەیەکی جودا لە ئایدیۆلۆژیگەلی نەریتی کار دەکات بۆ پاساودانەوەی شەرعیەتی خۆی، ئەوەی تەکنیک لە ئایدیۆلۆژیا جودا دەکاتەوە ئەوەیە کە توانیی بەرژەوەندیی گرێدراو بە ھەبوونی خۆی لە نێو تێکڕای چین و توێژەکاندا بەدی بھێنێت، ئەو سنووری جوگرافیا و نەتەوەکانی سمی، تێکڕای سنووری چین و دەوڵەتان و سنووری ئایین و بیر و باوەڕ و ئایدیۆلۆژیاکانی تێپەڕاند.
ئەوەش زۆر چاک دێتە پێش چاومان کاتێک ھابرماس دەگەڕێتەوە سەر مارکس، مارکسێک کە یەکەم کەسێک بوو سڵاو لە دیداری زانست لێ دا و دروشمی پێشکەوتن و جیایی بەرز کردەوە، ئەو جیایی و پێشکەوتنەی لە نێوانی بوارەکاندا پەیدا بوو، جا ھەر یەک دوو ھەنگاوێکمان نا کە بە سایەی زانستەوە سروشت کۆنترۆڵ بکەین و بیخەنە خزمەتی خۆمانەوە. ئەمەش رێی خۆش کرد بۆ ئەوەی میکانیزمی کۆنترۆڵ کردنی سروشت بگوازرێتەوە بۆ نێو بواری ژیانی کۆمەڵایەتی. ئیدی کەوتینە ھەوڵی رێکخستنی ژیانی خۆمان بەو پەڕی کارایی و سەرکەوتوویی و رێکخستنی باش و کەم خەرجییەکی عەقڵێندراو، کە کەوی کردنی تا ئەو پەڕی سنوور مەیسەر دەکات. گرنگترین رواڵەتی ئەویش لە جیھانی ھاوچەرخی ئێمەدا، تەکنۆکرات چون تەکنیکە ئەگەر دەسکردی ئەو نەبێت: "لە لایەکەوە دەبینین ھۆشیاریی تەکنۆکراتانە (کەم ئایدیۆلۆژیانەترە) لە ئایدیۆلۆژییەکانی پێشوو (لە چەشنی ئەودیوی سروشت و میتافیزیک)، چونکە خۆشیی لە شارەزایی پێشکەوتوو دێت و بایەخیش بە ھەستەکانی مرۆڤ و نەریتی میھرەبانی باوکانە نادات، بەڵکوو بە پڕتاو پەلاماری دەدات".
لە لایەکی دیکەوە، ئەو ئایدیۆلۆژیانەی ئەمڕۆ ھەرە روونن لە پاشخانی ئێمەدا برەویان ھەس و زانستیش دەکەن بە بت، بەرگە ناگرن و دوورتر لە ئایدیۆلۆژیاگەلی نەریتی دەچن، چونکە بە پەردەپۆشن کردنی گرفتەکانی دادی کۆمەڵایەتی و یەکسانی، نەک تەنیا پاساو بۆ بەرژەوەندییەکی بەشەکی لە باڵادەستی بۆ چینێکی دیاری کراو دەھێنێتەوە، بەڵکوو لە ھەمان کاتدا بەرژەوەندییەکی بەشەکی لە رزگار بوونی چینێکی دی سەرکوت دەکات، بەڵکوو لەبەر ئەوەی زیان بە بەرژەوەندیی تێکڕای توخمی مرۆڤایەتی لە رزگاری دەگەیەنێت"(١١).

ماویەتی..
Top