تکایە نیشتمان ناشیرین مەکەن!

تکایە نیشتمان ناشیرین مەکەن!

نووسه‌ر :حەمەسەعید حەسەن

رۆژنامەی ئەهرام، لە 21ـی سێپتێمبەری 1959 وە، ڕۆژانە بە زنجیرە، ڕۆمانی( منداڵانی گەڕەك)ـی نەجیب مەخفوز (1911_2006) بڵاو دەكاتەوە. ئیسلامییەكان داوای ڕاگرتنی بڵاوكردنەوەی ڕۆمانەكە دەكەن، وەلێ محەممەد حەسەنەین هەیكەلی سەرنووسەری ئەهرام، داواكەیان پشتگوێ دەخات و تەواوی ڕۆمانەكە بڵاو دەكاتەوە. كە لاپەڕە ئەدەبییەكەی ڕۆژنامەی جەمهوورییە باس لەوە دەكات، گوایە ڕۆمانەكە كوفری تێدایە، ئیدی كێشە بۆ منداڵانی گەڕەك دروست دەبێت.

ئەوانەی لە ڕوانگەیەكی ئایینییەوە ڕۆمانەكەیان دەخوێندەوە، پێیان وابوو، كارەكتەری باپیرە(جەبەلاوی) چونكە بە گوێرەی ڕۆمانەكە زۆر پیرە و خۆی دوورەپەرێز ڕادەگرێت، كەواتە زاتی خودایە! بە مەرجێك هیچ بەڵگەیەكی قایلكەر نییە بۆ ئەوەی باپیرە، ڕەمز بێت بۆ خودا. یان دەیانگوت، كارەكتەری ئەدهەم، ئادەمە و كەسایەتیی ( ئیدریس)ـیش، ئیبلیسە، تەنیا لەبەر ئەوەی ئەو ناوانە لە یەكدییەوە نزیكن، یان كارەكتەری ڕەفاعە، مەسیحە، بەو پاساوەی خودا مەسیحی بۆ ئاسمان(ڕەفع) كردووە.

نەجیب مەحفووز لەسەر خواستی دەسەڵات، ئامادە دەبێت، گوتوبێژ دەربارەی ڕۆمانەكە لەگەڵ پیاوانی ئاییندا بكات، وەلێ ئەوان هیچیان لە كات و شوێنی دیاریكراودا حازر نابن. كارەسات ئەوە بوو، ئەگەر ئەزهەر گوتبای لەو ڕۆمانەدا سووكایەتی بە زاتی خودا كراوە، ئیدی خەڵكە عەوامەكە بڕوایان دەكرد. شیاوی گوتنە هیچ بەڵگەنامەیەكی نووسراوی ئەزهەر نییە، ڕۆمانەكە بە دژایەتیكردنی ئیسلام تۆمەتبار بكات.

لە ساڵی 1994ـدا كاتێك سی و پێنج ساڵ بەسەر بڵاوبوونەوەی منداڵانی گەڕەكدا تێپەڕیبوو، ئەوسا ئیسلامییەكان لەسەر ئەو ڕۆمانە هەوڵی تیرۆركردنی نەجیب مەخفووزیان دا. ناسر بە دەستێكی ئاسنین لە ئیخوانی دەدا، وەلێ سادات هێندە نازی هەڵگرتن، تا لە 1981ـدا زەفەریان لێ هێنا و كوشتیان. سەرەتای ساڵانی هەشتای سەدەی ڕابردوو كە سەروەختی هەڵكشانی ئیخوان بوو، فەتوای كافراندنی نەجیب مەحفووز درا. ساڵی1988 كە تێیدا نەجیب مەحفووز خەڵاتی نوبێڵی وەرگرت، ڕۆمانی ئایەتە شەیتانییەكانی (سەلمان ڕوشدی)یش تازەكی بڵاو كرابووەوە.

چونكە ئەوی نۆبێڵ وەربگرێت، ئیدی دەتوانێت بە ناوی هەموو مرۆڤایەتییەوە بدوێت، بۆیە ئەوە ئەركی نەجیب مەحفووز بوو، دەربارەی حەڵاڵكردنی خوێنی سەلمان ڕوشدی قسەی هەبێت، بەو بۆنەیەوە نووسەری ڕۆمانی منداڵانی گەڕەك دەڵێت: (نووسەر مافی ئازادیی بیروڕا دەربڕینی هەیە و پێویستە تەنیا بە فیكر بە گژ فیكردا بچینەوە، نەك بە گوللە یان شمشێر. حەڵاڵكردنی خوێنی خەڵكی، دژی ئیسلام و یاساكانی نێودەوڵەتی و پرەنسیپە ئینسانییەكانە. لە سەدەكانی ڕابردوودا سەدان كتێب لە دژی ئیسلام نووسراون، بەڵام ئیسلام لاواز نه‌بووه‌، كتێبێك با زۆر گرنگیش بێت، ناتوانێت ئایینێك بهەژێنێت. وەك چۆن كوشتن تاوانە، هاندانی كەسانی دیكەیش بۆ كوشتنی ئەم و ئەو، هەر تاوانە. باشترین ڕێگە ئەوەیە ڕۆمانەكەی سەلمان ڕوشدی لێك بدرێتەوە و وەڵامی ناوەڕۆكەكەی بدرێتەوە. ئەگەر سەلمان ڕوشدی، بێ ئەوەی كەس گوشاری بخاتە سەر، هەستی كرد بە هەڵەدا چووە، جێی خۆیه‌تی داوای لێبوردن بكات.)

كە لە ساڵی 1988ـدا مەحفووز خەڵاتی نۆبێڵ وەردەگرێت، توندڕۆكان هێندەی تر بەو ڕێزلێنانە جیهانییە دەهری دەبن. ئەوانێك كە شەیدای تاریكین، بەو ڕووناكییەی دەخرێتە سەر مەحفووز، هاوكێشی لە دەست دەدەن. نەجیب مەحفووز كەسێكی هێمن و ئاشتیخواز بوو، حەزی لە ڕووبەڕوو بوونەوە نەبوو، بەڵام لە بواری نووسیندا كەسێكی بوێر بوو، نووسینەكانی ژیانیان لێ دەچۆڕا و لە ڕاژەی نوێبوونەوەی ژیاندا بوون. لە 22ی فێبریوەریی 1989ـدا، (نوور) كە ڕۆژنامەیەكی ئیسلامییەكان بوو، دەنووسێت: ( نەجیب مەخفووز و سەلمان ڕوشدی دوو ڕووخساری یەك دراون. سەلمان ڕوشدی شاگردی نەجیب مەحفووزی نووسەری ڕۆمانی منداڵانی گەڕەكە و هەردووكیان خۆیان بە شەیتان فرۆشتووە.) ئیسلامییەكان بە درێژایی ساڵانی 1988 و 1989 لە مینبەری مزگەوتەكانەوە خەریكی هەڵڕشتنی ژار بوون، نوێژی هەینی نەبوو شێخ عەبدولحەمید كوشك یان شێخ عومەر عەبدولڕەحمان، نەجیب مەحفووز بە كافر لە قەڵەم نەدەن و داوای پەڕاندنی ملی نەكەن.

شێخ عومەر عەبدولڕەحمان دەیگوت: (سەلمان ڕوشدی و نەجیب مەحفووز هەڵگەڕاوەن، ئەوی خراپ باسی ئیسلام بكات، هەڵگەڕاوەیە و ئەگەر تۆبە نەكات، پێویستە بكوژرێت. ئەگەر وەختی خۆی نەجیب مەحفووز لەسەر منداڵانی گەڕەك كوژرابا، سەلمان ڕوشدی زاتی نەدەكرد، ئایەتە شەیتانییەكان بنووسێت.) ڕێژنەی بارانی فەتوا هەر بەردەوام دەبێت، تا لە 14ی ئوكتۆبەری 1994ـدا هەوڵی كوشتنی نەجیب مەحفووز دەدرێت. شێخ غەزالی هەر ئەو سەروەختە گوتبووی: (عەبدولحەمید كوشك نەزانە و عومەر عەبدولڕەحمانیش كەسێكی نەخۆشە، ئەگەر نا، ئەوانە دەبوو بزانن كە پەیامبەر(د.خ) فەرموویەتی: ئەگەر كەسێك بە برای خۆی گوت، تۆ كافریت، بەوە یەكێكیان كافر دەبێت.)(*)

زانای ئایینی و بیرمەندی ناسراو د. محەممەد سەلیم ئەلعەوا، دوای هەوڵی تیرۆركردنی مەحفووز، گوتی: ( جیاوازیی بیروڕا، ئەو مافە بە كەس نادات، پەلاماری كەسێكی دیكە بدات، پەلاماردانی ئەم و ئەو لەسەر بیروڕا، هیچ دابونەریت، پرەنسیپ و شەرعێك قەبووڵی ناكات. ئیسلام خوێنڕشتنی حەرام كردووە، بە چاوپۆشین لەوەی، ئەوی بەر پەلامار دەكەوێت، موسڵمانە یان نا. ئەم حەرامكردنی خوێنڕشتنە بە ئاشكرا بە گوتاری ماڵئاوایی پەیامبەرەوە (د.خ) دیارە. ئەوی ئەو سنوورە ببەزێنێت، وەك ئەوە وایە لە خودا یاخی بووبێت. دڵی نەجیب مەحفووز هێندە گەورەیە، جێی هەموو مرۆڤایەتی تێدا دەبێتەوە و پێویستە هەموو عەرەب شانازیی پێوە بكەن.) ئەو زانا ئایینییە ڕاستەقینەیە سەبارەت ڕۆمانەكەیشی گوتوویەتی: (منداڵانی گەڕەك ڕۆمانێكی نەمرە، بە شێوازێكی ئەدەبیی باڵا، باس لە خەم و خولیای ئینسان دەكات و هیچ سووكایەتییەكی بۆ ئیسلام تێدا نییە.)

نەجیب مەحفووز دەڵێت: ( نووسینەكانم كۆن و تازەیان، پشت بە دوو ژێدەر دەبەستن، ئیسلام که‌ سەرچاوەی خێر و خۆشییە و زانست كە هەوینی پێشكەوتنە، منداڵانی گەڕەكیش كە كەسانێك بە هەڵە لێكیان داوەتەوە، هەر لەو دوو سەرچاوەیەوە ئاو دەخواتەوە. كرۆكی ڕۆمانەكە بریتییە لەوەی نە ئایین بە تەنیا و نە زانست بە تەنیا، هیچیان پێ ناكرێت، پێكەوە دەتوانن خزمەت بە ئینسان بكەن. منداڵانی گەڕەك كتێبێكی فیكری نییە، باس لە خودا و پەیامبەر بكات، ڕۆمانە، كارێكی هونەرییە وەك كەلیلە و دیمنە كە پشت بە ڕەمز و خەیاڵ دەبەستێت و ڕۆمان لەبەر ڕۆشنایی ڕاستییە دیرۆكییەكاندا، سەرنج نادرێت.) رەجاء نەققاش دەڵێت: (وەك چۆن ئیسلام لای (محەممەد ئیقبال)ـی ( 1877ـ 1938) شاعیری گەورەی پاكستان، بریتی بوو لە سۆسیالیزم و بڕوابوون بە خوا، لای نەجیب مەحفووزیش ئیسلام بریتییە لە بڕوابوون بە خوا و بە زانست. لێكدانەوەی ئەدەب لەبەر ڕۆشنایی ئاییندا هەڵەیەكی ترسناكە، ئاخر بەو پێوانەیە، دەبێت كەس داستانی ئەلیازە كە تێیدا باس لە فرەخوداوەندی هەیە، نەخوێنێتەوە.)

ئەنوەر جوندی كتێبێكی هەیە، بە ناونیشانی (تەها حسێن لە تەرازووی ئیسلامدا،) تێیدا دەڵێت: (تەها حسێن كافرێكی مولحیدی مورتتەدە و جاسووسی فەڕەنسایشە.) هەر ئەو ئەنوەر جوندییە پێی وایە: ڕۆمان با تێیدا سووكایەتی بە ئیسلامیش نەكرابێت، هەر نووسین و خوێندنەوەی حەرامە، چونكە هونەرێكی ئیستیعمارییە.(**) ئەوەی نیو سەدە بەر لە ئێستا لە میسر ڕووی دەدا، ئەوەی نیو سەدە بەر لە ئێستا ئیخوانەكانی ئەوێ دەیانكرد، وا خەریكە لە كوردستان دووبارە دەبێتەوە، ئەوە نییە ئیسلامییەكانی ئێرەیش، داوای پێكهێنانی كۆمیتەی داكۆكیكردن لە ئیسلام و پشكنینی بیری نووسەران دەكەن! ئەوە نییە بۆ دادگاییكردنی نووسەرانی ئازادبیر خۆیان هەم دوژمن و هەم دادوەریشن! ئەوە نییە پێش ئەوەی مۆڵەت بدەن، فڵان نووسەر داكۆكی لە خۆی بكات، بە تاوانكار نێوزەدی دەكەن!

ئەگەر سنوور بۆ ئەو مەلایانە دانەنرێت کە بەردەوام خەریكی پێشێلكردنی مافی مرۆڤ، كۆت و پێوەندكردنی ژن، كەویكردنی بیری ئازاد، بڕینی زمانی نووسەران و ناشیرینكردنی نیشتمانن، ئەوا هاکا هەژموونی خۆیان بە تەواوی بەسەر كۆمەڵگەدا سەپاند و جێیان بە دەسەڵاتی سازشکار لەق کرد و جێیان گرتەوە.
*

(*) من قال لاخیە یا كافر فقد باء بها احدهما.
(**) رجاء النقاش، نجیب محفوظ و اولاد حارتنا (مقالات رجاء النقاش) كتاب دبی الثقافیه 16 فبرایر 2008 دبی.
Top