تیۆریی داد له لای جۆن رولز (تێزه‌كه و ره‌خنه‌گرانی)...بەشی یەكەم
June 15, 2013
فیکر و فەلسەفە
نووسه‌ر :عه‌بدوڵڵا ئه‌لسه‌ید ولد ئه‌باه
وه‌رگێڕ : تاریق كارێزی
ده‌كرێ به بێ مه‌رایی بڵێین، تیۆریی (داد دابه‌ش) كه فه‌یله‌سووفی ئه‌مریكی (جۆن رولز: 1921- 2002) دایرِشت، بریتییه له گرنگترین هه‌وڵی فه‌لسه‌فی له پاش تیۆرییه‌كانی گرێبه‌ست له سه‌ده‌ی هه‌ژده‌م، بۆ دروست كردنی بنه‌گه‌یه‌كی پته‌وی تیۆری بۆ كار و كرداری لیبرالیزمی نوێ. وه‌ك ئاشكرایه نه‌ریتی لیبرالیزم كه له نموونه‌ی (گرێبه‌ستی كۆمه‌ڵایه‌تی)ی (رۆسۆ، هۆپز، لووك...)ـه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتووه، دابه‌شی سه‌ر دوو ره‌وت بوو: (كۆماری) جه‌خت ده‌كاته سه‌ر ئه‌و ره‌هه‌نده‌ی په‌یوه‌ندیی به ویستی هاوبه‌ش و كۆناسنامه‌ی نه‌ته‌وه، به‌وه‌ی كه زباره هه‌مه‌كه، هه‌روه‌ها (لیبرالی) كه جه‌خت ده‌كاته سه‌ر مافه بنچه‌ییه‌كانی تاك، كه بریتین له به‌رجه‌سته كردنێكی زیندووی پره‌نسیپی ویستی ئازاد، به‌وه‌ی كه چاوگی گرێبه‌سته‌كه‌یه و مسۆگه‌ریشی ده‌كات.وێرِای ره‌خنه‌ی هیگل له تیۆرییه‌كانی گرێبه‌ستی كۆمه‌ڵایه‌تی، كه ئه‌و پێی وا بوو كیانی جڤاك لاواز ده‌كات، به‌وه‌ی ده‌وڵه‌ت له نێو ته‌رزه په‌یوه‌ندیی سوودخوازانه‌ی راگوزه‌ر له روانگه‌ی ساغه به‌های تاكه كه‌سییه‌وه، چرِ ده‌كاته‌وه، له كاتێكدا ده‌وڵه‌ت گوزارشته له رۆحی نه‌ته‌وه، ئه‌و به‌رجه‌سته كردنێكی بابه‌تیانه‌ی عه‌قڵی ره‌هایه(1)، به‌ڵام نموونه‌كه‌ی گرێبه‌ست، هه‌ر وه‌ك تاكه پاشینه‌ی تیۆری و پێوه‌رانه‌ی نه‌ریتی لیبرالانه مایه‌وه.مه‌یلی تاكه كه‌سانه‌ی دژ به بیرۆكه‌ی (سه‌روه‌ریی ره‌ها) كه تیۆرییه‌كانی گرێبه‌ستی كۆمه‌ڵایه‌تییان پێوه به‌نده، سه‌ركه‌وتوو نه‌بوو له گه‌ڵاڵه كردنی به‌دیلێك بۆ ئه‌و نموونه‌یه‌ی بووه چاوگه چوارچێوه‌ی هه‌یكه‌لی ده‌ستووریانه‌ی دیموكراتیه‌تی لیبرال(2).
هه‌ڵبه‌ت ئه‌و نموونه‌یه، هه‌مبه‌ر به فه‌یله‌سووفانی سه‌ده‌ی نۆزده‌م خۆی راگرت، ئیدی ناتوانا بوو له‌وه‌ی تیۆرییه توێشووییه‌كی تۆكمه بۆ دیموكراسیی هاوچه‌رخ ده‌سته‌به‌ر بكات، ئه‌ویش له رووبه‌رِوو بوونه‌وه‌ی فه‌لسه‌فه‌گه‌لی سوودخوازانه، كه ده‌ڵێن ئه‌وان گوزارشت له به‌هاگه‌لی لیبرالیی كۆمه‌ڵگاكانی هه‌نووكه ده‌كه‌ن، هه‌روه‌ها فه‌لسه‌فه‌كانی رێژه‌یی به‌ها، كه شێوه‌ی به‌راوردكاریی هه‌مه‌چه‌شنه ده‌گرنه خۆ، ره‌خنه گرتنی ریشه‌ییانه‌ش له پاشماوه‌ی رۆشنگه‌ری و چه‌مك و به‌هاكانی نوێخوازی كۆیان ده‌كاته‌وه.
فه‌لسه‌فه‌گه‌لی سوودخوازی له‌و نه‌ریته‌وه سه‌رچاوه ده‌گرن كه له رێرِه‌وی ئه‌نگلۆساكسۆنی له هه‌ردوو سه‌ده‌ی هه‌ژده‌م و نۆزده‌مه‌وه په‌یدا بوو، ئنجا به سه‌ر كولتووری هاوبه‌شی سیاسیی ئه‌مریكاشدا باڵاده‌ست بوو. ئه‌م نه‌ریته له بیرۆكه‌یه‌كی بنچینه‌ییه‌وه ده‌ست پێ ده‌كات، كه ده‌ڵێ له یه‌كدی جیا كردنه‌وه‌ی كاری چاك و خراپ به گوێره‌ی پێوه‌ری ئه‌و خۆشگوزه‌رانی یان ئه‌و سووده‌ی لێی ده‌كه‌وێته‌وه، به‌دی دێَت. به گه‌رِانه‌وه‌ش بۆ به‌رهه‌می دیارترین نوێنه‌رانی ئه‌م ره‌وته وه‌ك (بنتام 1748- 1832) و (جۆن ستیوارت میل 1806- 1873)، ده‌كرێ بنه‌ماكانی فه‌لسه‌فه‌ی سوودخوازی له سێ بنه‌مای سه‌ره‌كیدا پوخته بكه‌ین: پره‌نسیپی خۆشگوزه‌رانی، پره‌نسیپی راست كردنه‌وه به جێكه‌وتی گه‌رِاوه، پره‌نسیپی هه‌ره چرِكردنه‌وه‌ی (سوود)، كه به ده‌وری وێنا كردنێكی تاكه كه‌سانه بۆ به‌هاكان گرێژه‌نه ده‌به‌ستێت، وا ته‌ماشای پێوه‌رگه‌لی هاوبه‌شیش ده‌كات، كه وه‌ك به‌ره‌نجامێك بێت بۆ ئه‌و سووده تاكه كه‌سیانه‌ی هاتوونه‌ته ده‌ست(3).
هه‌رچی ئه‌و ره‌وته‌یه كه ره‌خنه له به‌هاكانی رۆشنگه‌ری و نوێخوازی ده‌گرێت، ئه‌وا له گۆرِه‌پانی ئه‌مریكادا دابه‌شی سه‌ر دوو ره‌وتی له یه‌ك جودا ده‌بێت، كه بریتین له:
- كاریگه‌ریی قوتابخانه‌ی فرانگۆرت، كه په‌نای برده به‌ر پێشكه‌ش كردنی ره‌خنه‌یه‌كی ریشه‌یی له رێرِه‌وی عه‌قڵانیه‌ت له نێو كۆمه‌ڵگاكانی نوێی لیبرالی پیشه‌سازدا، به‌وه‌ی كه بووه مایه‌ی گواستنه‌وه له ئامانجی زاڵ بوون به سه‌ر سروشتدا به‌ره‌و زاڵ بوون به سه‌ر مرۆڤدا، به چه‌شنێك په‌یوه‌ندیی نێوان ره‌هه‌ندی ده‌زگایی رێكخراوانه‌ی رژێمه دیموكراسییه‌كانی هاوچه‌رخ و روانگه به‌های ئازادیخوازنه، كه دیره‌گی تیۆری و ئایدیۆلۆژیانه‌ی خۆی لێ هه‌ڵده‌هێنجێت، له یه‌ك ترازان(4).
- ره‌وتی فه‌یله‌سووفی ئه‌ڵمان- ئه‌مریكی (لیو شتراوس) كه ره‌خنه‌یه‌كی توند (رادیكالانه)ی له نوێخوازیی سیاسی گرت كه به‌نده به وێنای ره‌وشگه و دیرۆكییه‌وه، به‌وه‌ی رێ خۆش ده‌كات كه،، بڵێین به‌هاكان رێژه‌یین، هه‌روه‌ها جه‌سته‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسییش لاواز ده‌كات، بانگه‌شه ده‌كات بۆ گه‌رِانه‌وه به‌ره‌و فه‌لسه‌فه‌ی دێرین (یۆنان و ناوه‌رِاست) له وێنا كردنی بۆ ره‌وشی گشتی وه‌ك پیاده كردنێك بۆ به‌هاگه‌لی چاكه‌ی مه‌ده‌نی(5).
كه‌واته هه‌ر له‌م رێرِه‌وه‌وه بوو تیۆریی (داد دابه‌ش) كه (رولز) له ساڵی 1971دا به شێوه به‌راییه‌كه‌ی خستییه روو، وه‌ك رووداوێكی گه‌وره له دیرۆكی فه‌لسه‌فه‌ی سیاسی‌دا هاته پێش چاو، ئه‌ویش له‌به‌ر چه‌ندین هۆ، له نێویاندا ئه‌و یه‌كه‌مین تیۆریی سه‌رده‌می ئێستایه كه چه‌مكێكی (به‌هێز) بۆ دامه‌زراندنی چاوگی داد پێشكه‌ش ده‌كات، كه بابه‌تی ره‌وشت (ئیتیك) بۆ فه‌لسه‌فه ده‌گێرِێته‌وه، به كاریگه‌ریی ره‌خنه‌ی رادیكاڵانه‌ی (نیچه) له بۆچوونه‌كانی ئیتیك، (ئه‌و) له فه‌لسه‌فه كشایه‌وه، هه‌روه‌ها دوور خستنه‌وه‌ی پێوانه خاشاك له بازنه‌ی واتا له فه‌لسه‌فه‌گه‌لی شیكاری، كه له رێرِه‌وی ئه‌مریكیدا باڵاده‌ست بوو. ئاشكرایه نه‌ریتی فه‌لسه‌فی به گشتی له نێوانی دوو بۆچوونی سه‌باره‌ت به پرسی ئیتیك (ره‌وشت) له جۆلانێدایه:
- بۆچوونی پێوانه‌یی كه بۆ فه‌لسه‌فه‌ی ئه‌رستۆ ده‌گه‌رِێته‌وه، ئه‌ویش به گوێره‌ی مه‌به‌ستی ره‌فتار به‌وه‌ی چاكه و كه‌ماڵ مسۆگه‌ر ده‌كات، دیاری ده‌كرێت.
- بۆچوونی رێكارانه كه كانت گه‌ڵاڵه‌ی كرد، ئه‌ویش به گوێره‌ی توانای ره‌فتار بۆ گشتاندن و دارِشتنی گه‌ردوونیانه، دیاری ده‌كرێت.
بۆچوونی یه‌كه‌م له‌وه‌وه ده‌ست پێ ده‌كات كه ره‌وشت ره‌فتار ته‌نیا مه‌به‌ستی پوخته كردنی په‌یوه‌ندیگه‌لی مرۆیی نییه به گوێره‌ی رێكاره گه‌ڵاڵه‌نامه‌یه‌ك كه داد و یه‌كسانییان بۆ مسۆگه‌ر ده‌كات، به‌ڵكوو ئامانجێكی باڵاتری هه‌یه كه بریتییه له به‌دی هێنانی ئاره‌زووی خۆزایانه‌ی مرۆڤ له رووی ژیانێكی شاد و گوزه‌رانێكی چاك. جا لێره‌وه‌یه كه ده‌گوترێت چاكه (واته ره‌وشت) و به‌های باڵا (واته به‌خته‌وه‌ری) ته‌ماهی ده‌كه‌ن.
ئه‌رستۆ له كتێبه‌كه‌یدا (ره‌وشتی نیماخۆیی)(7) وا پێناسه‌ی چاكه ده‌كات، كه ئه‌وه‌یه كه له لای مرۆڤ روو ده‌دات، ئه‌وه‌شه كه ده‌بێته ئه‌وپه‌رِی ئامانجی كۆششی خه‌ڵك: (ئه‌وه‌یه كه هه‌موو شتان ته‌كانی بۆ ده‌ده‌ن و به لایدا ده‌چن).
جا ئه‌گه‌ر چاكه فره بێت، ئاخۆ چاكه‌ی باڵا چییه؟
ئه‌رستۆ له به‌رسڤدا ده‌ڵێ: به‌خته‌وه‌رییه، چونكه چاكه‌ی ره‌هایه و خۆبه‌خۆ داوا كراوه، ئه‌و ئه‌وپه‌رِی مه‌به‌ستی مرۆڤه؟
هه‌ڵبه‌ت به‌خته‌وه‌ری چه‌مكێكی خودانه (خودی) یان ده‌روونی نییه، هه‌روه‌ها ئاره‌زوو یان به‌رژه‌وه‌ندییه‌ك نییه، ئه‌و به گوێره‌ی پێناسه‌ی ئه‌رستۆ (به‌دی هێنانی چاكه‌یه)، ئه‌ویش نه‌ك به واتای په‌یوه‌ست بوون به رێسایه‌كی یاسایی یان پره‌نسیپی رێكارانه‌وه، به‌ڵكوو خۆ گونجاندنه له‌گه‌ڵ خودی ته‌بیعه‌تی مرۆیی، واته هه‌وڵدان بۆ به‌دی هێنانی ئه‌و ره‌فتاره‌ی ته‌واو بوون و به‌دی هاتنی مرۆڤ مسۆگه‌ر ده‌كات.
ئه‌گه‌ر ره‌وشت (ئیتیك) ره‌فتاره گه‌ڵاڵه‌نامه‌یه‌كی هه‌بوو، به‌ڵام یاسایی و گوشارگه‌ر نییه، بنه‌ما و بناغه‌كه‌ی به‌ها و مه‌به‌ستی ئه‌وپه‌رِه.
هه‌رچی بۆچوونی (كانت)ـه، ئه‌وا (ره‌وشتی به‌خته‌وه‌ری) به (ئه‌ركه ره‌وشت) ده‌گۆرِێته‌وه، مه‌به‌سته وێنای ره‌وشت ره‌فتاریش ده‌گۆرِێت به بۆچوونی رێكارانه‌ی ئه‌و، به‌م جۆره پاشینه‌ی فه‌لسه‌فیانه‌ی بۆچوونه هاوچه‌رخه‌كانی یاسا گه‌ڵاڵه ده‌كات كه به‌نده به چه‌مكی (سه‌ربه‌خۆیی خود) له رووبه‌رِوو بوونه‌وه‌ی وێنای ئه‌نتۆلۆژیانه بۆ ته‌بیعه‌تی مرۆیی (واته بڵێین كه ته‌بیعه‌تێكی ته‌واو و ره‌های مرۆیی هه‌یه، ده‌بێ ره‌وشت ره‌فتاریش خۆی له‌گه‌ڵیدا بگونجێنێت). له كتێبه‌كه‌یدا (بنه‌ماكانی میتافیزیكی ره‌وشت)(8) كرداری ره‌وشتیانه دیاری ده‌كات كه ئه‌وه‌یه له‌گه‌ڵ (ره‌وشت یاسا) یان (ئه‌رك)دا بگونجێت. ئه‌مه‌ش به واتای ئه‌وه‌ی چاوگی كرداری ره‌وشت راده‌ی گونجانی نییه له‌گه‌ڵ مه‌به‌ست یان به‌خته‌وه‌ری یان به‌رژه‌وه‌ندیی ئێمه‌دا، به‌ڵكوو (به راده‌ی گونجانیه‌تی) له‌گه‌ڵ هه‌ڵسه‌نگێنه‌ری گه‌ردوونیانه‌ی مرۆڤایه‌تیمان، هه‌روه‌ها وه‌ك ئه‌ركی سه‌راپاگیرانه، كه ده‌چێته فۆرمی یاسای بابه‌تیانه و ناخودانه‌ی ناچارانه، په‌رچڤه ده‌كرێت.
بناغه‌كه‌ی (فه‌رمانی لێبرِاوانه‌یه) كه له شێوه‌ی یاسایه‌كی باڵا و به‌م جۆره‌ی دادێ گه‌ڵاڵه‌ی ده‌كات: (ده‌بێ هه‌میشه ره‌فتارت به شێوه‌یه‌ك دیاری كرا بێت، كه وای لێ بكات به ویست ئاماده بێت ببێته یاسایه‌كی سروشتیی هه‌مه‌كی).
ئه‌و نموونه‌ی یاسا ره‌وشته‌ی لێره‌دا خراوه‌ته روو، یاسای بابه‌تییه كه دیارده‌كانی سروشتی كۆنترۆڵ كردووه. پێوه‌ری ره‌فتار ره‌وشت له ناوه‌رۆكیدا نییه، به‌ڵكوو شێوه‌كه‌یه‌تی كه ده‌بێ خاسیه‌تی په‌یوه‌ست بوونی بێ مه‌رجی هه‌بێت. ئه‌و ره‌وشت (ئیتیك)ێكه كه له سه‌ر عه‌قڵی كرداره‌كی رۆنراوه و گرێدراوی كرداره نه‌ك زانین، مه‌یدانی ساغه عه‌قڵ (پاشان پێشینه ده‌داته پره‌نسیپی داد "یه‌كسانی له ئه‌ركدا" نه‌ك پره‌نسیپی "ناوه‌رۆكی عه‌قڵ و خه‌سڵه‌ته‌كه‌ی").
سه‌باره‌ت به كانت، ناكرێ ره‌وشت به پێی چه‌مكی (به‌خته‌وه‌ری) بنیات بنێین، به‌وه‌ی به‌شێكه له بیرۆكه‌ی رووت كه ناوه‌رۆكێكی دیاری كراوی نییه، هه‌روه‌ها له‌گه‌ڵ چێژدا ته‌ماهی ده‌كات، هه‌ڵبه‌ت چێژیش بابه‌تێكی خودانه و سوودخوازه.
هه‌ر بۆیه، ئه‌و پره‌نسیپه‌ی ره‌وشت داده‌مه‌زرێنێت، ویستی ئازاده كه هۆشیاریی هه‌ست كردن به ئه‌ركه ئیتیك (ئه‌ركی ره‌وشتیانه)مان پێ ده‌به‌خشێت، ئه‌میش له مه‌یلی ئه‌زموونخوازی سوودخوازانه ئازادمان ده‌كات، هه‌ڵسوكه‌وت كردن وه‌ك كه‌سانی سه‌ربه‌خۆمان بۆ مسۆگه‌ر ده‌كات.
ئاشكرایه، كانت گرفتی ره‌وشت و گرفتی یاسایی - سیاسی له یه‌كدی جیا ناكاته‌وه، به‌ڵكوو له روانگه‌یه‌كی ره‌وشتییه‌وه باسی بابه‌تی یاسایی ده‌كات، به‌وه‌ی یاسا به‌رجه‌سته كردنێكی كرداره‌كییانه‌ی پره‌نسیپه‌كانی ره‌وشته، به ئه‌ندازه‌ی ئه‌وه‌ی ئه‌و پره‌نسیپانه یاسای رێكارانه‌ن نه‌ك پێوه‌ر به‌های ره‌ها. به‌م جۆره بۆچوونه‌كانی كانت دوو ئاكامی گرنگیان لێ ده‌كه‌وێته‌وه، كاریگه‌رییه‌كی گرده‌برِانه‌یان هه‌یه له هزری نوێ و هاوچه‌رخی یاسایی و سیاسی‌دا:
یه‌كه‌میان: كارایی ره‌وشت بخرێته ئه‌ستۆی یاساكانه‌وه، ئیدی ئه‌وان له ده‌ره‌وه‌ی بازنه‌ی دسه‌ڵاتدا سه‌ربه‌خۆن، جا لێره‌وه‌یه كه بیرۆكه‌ی سه‌ربه‌خۆیی ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری له نێو ده‌زگای ده‌وڵه‌تی نوێ‌دا هاتووه. له‌م روانگه‌یه‌وه یاساكان گه‌ڵاڵه‌نامه‌ی رێكارین، گوزارشت له لایه‌نی به‌هاییانه‌ی گرێ‌دراو به فه‌زای گشتی ده‌كه‌ن، ئه‌وان له یاسا زیاترن، به‌ڵكوو فراوان ده‌بن تا ئه‌وه‌ی گه‌لێك لایه‌نی هه‌مه‌رِه‌نگ و جۆربه‌جۆر له ژیانی ره‌وشتیانه‌ی كه‌سان ده‌كرنه‌وه.
دووه‌میان: دامه‌زراندنی شه‌رعیه‌تی سیاسی له سه‌ر ستوونی ره‌وشت به چه‌مكه تازه‌كه‌ی، واته ئازادی به‌وه‌ی كه خوده ویستێكه مه‌یلی جیهانی بوونی هه‌یه له رێی دامه‌زراندنی دامه‌زراوه‌ی هه‌مه‌كییه‌وه. ئه‌م بۆچوونه ره‌وشتییه به پێی چه‌مكی نوێ (رێكارانه گوزارشت كردن له ئازادی له نێو یاسای هه‌مه‌كیدا) هه‌ر خۆی بنه‌مای تیۆری و چاوگه بۆ تیۆرییه‌كانی گرێبه‌ستی كۆمه‌ڵایه‌تی (هۆپز، لووك، رۆسۆ...). روونه كه ئه‌و پشتی به‌ستووه به ده‌ره‌نجامێك كه ئه‌ركه ره‌وشت له‌گه‌ڵ یاساگه‌لی مه‌ده‌نیدا ده‌گونجێنێت، له سه‌ر مه‌رجعیه‌تی عه‌قڵیش به‌وه‌ی چێوه‌ی جیهانگیریی مرۆییه، داده‌مه‌زرێت. هه‌ڵبه‌ت ئه‌م وێنا كردنه نوێیه‌ی پرسی یاسایی له روانگه‌ی ئیتیكی له یه‌كدی جیا كردنه‌وه و عه‌قڵاندن (واته سه‌ربه‌خۆیی و عاقڵمه‌ندیی مرۆڤ به‌وه‌ی ئامرازی عه‌قڵاندنی هه‌یه و پرِ به پێستی پێداویستی خۆشی به‌كاری ده‌هێنێت)، گه‌لێك كێشه‌ی توندی له فه‌لسه‌فه‌ی هاوچه‌رخدا خسته روو، له نێویاندا باسی ئه‌وه‌ش ده‌كه‌ین كه (لیو شتراوس)(9) روونی كرده‌وه، به‌وه‌ی بۆچوونی نوێی یاسایی سیاسی كه له‌گه‌ڵ چه‌مكه‌كانی چاكه‌ی ئه‌رستۆدا، دابرِانی چێ كرد، به‌وه گه‌یشتن كه له دۆخێكی مۆله‌قدا بگیرسێته‌وه، كه كه‌وتووه‌ته نێوان نموونه‌یه‌كی ده‌سكردی ناپێوانه‌ساز (یاسا ته‌نیا وه‌ك رێكاری كرده‌نی بۆ كۆنترۆڵ كردنی ده‌وڵه‌ت و كۆمه‌ڵ، به‌وه‌ی ده‌زگایه‌كه رێسای كار كردنی خۆی هه‌یه)، نموونه‌یه‌كی پێوانه‌سازیش كه له ئایدیۆلۆژیی دیرۆكانه و ره‌وشگه‌رانه‌وه هه‌ڵهێنجراوه، واته به‌هایه‌كی ره‌ها بدرێته ئه‌و رێكارانه، ئیدی یان له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ته‌ماهی ده‌كه‌ن له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی یاساكانی دیرۆك گوزارشتی لێ ده‌كه‌ن، یان ئه‌وه‌ی به‌های یاساكانی سروشتیان پێ بدرێت، وه‌ك ئه‌وه‌ی زانستی ئه‌زموونی ئاشكرای ده‌كات.
گرته‌كه لێره‌دا شوێن بزر كردنی چاوگی یاساكانه به‌وه‌ی كه ناتوانا بین له‌وه‌ی به تیۆری یه‌كلاییان بكه‌ینه‌وه. ئه‌گه‌ر فه‌لسه‌فه‌گه‌لی كۆنی سیاسی ئه‌وه‌یان بۆ گورِ و تینی چاكه به واتای ئه‌نتۆلۆژیانه‌ی گه‌رِانده‌وه (واته له گۆشه‌نیگای گونجانی له‌گه‌ڵ خودی سیسته‌می بووندا)، سیسته‌مه‌یلی ئایینیش ئه‌ویان بۆ چاوگێكی پیرۆزی خوداوه‌ندانه گێرِایه‌وه، ئه‌وا هزری نوێی یاسایی، به‌وه‌ی ده‌وڵه‌ت گوزارشتێكی هه‌مه‌كییه له گرووپه نه‌ته‌وه‌یه‌ك، مافی ده‌ركردنی ئه‌و یاسایانه‌ی كاروباری كۆمه‌ڵ رێك ده‌خه‌ن، به‌و ده‌سپێرێت.
بۆ پاساودانه‌وه‌ی ئه‌م وه‌رچه‌رخانه، له گۆشه‌یه‌كی یاساییه‌وه ته‌ماشای ده‌وڵه‌ت ده‌كرێت، وا ته‌ماشا بكرێت كه ئه‌و چاوگی دامه‌زراندن و سه‌رچاوه‌ی شه‌رعیه‌ته، به‌وه‌ی به‌نده به خۆ گرێبه‌ستێكی ره‌وشت (ئیتیك)، ویستێكی هاوبه‌شی ده‌سته‌جه‌معییش به‌دی ده‌هێنێت، كه له فۆرمی به‌ڵگه‌نامه‌یه‌كی یاساییدا ده‌بێت، ئه‌و به‌ڵگه‌نامه‌یه‌ش په‌یوه‌ندیی خۆبه‌خۆی نێوانی خه‌ڵك كۆنترۆڵ ده‌كات و شێوه‌ی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی حوكمرِانیشیان ده‌كات، دیاری ده‌كات.
كه‌واته ئه‌م وێنا كردنه له ناته‌باییه‌كی شاراوه‌ی نێوان روانگه‌ی سوودخوازانه‌ی ده‌سكردی ده‌وڵه‌ت (به‌دی هێنانی ئاسایشی هاوبه‌ش بۆ ده‌رچوون له حاڵه‌تی سروشت كه بریتییه له شه‌رِی هه‌مووان دژ به هه‌مووان) و روانگه‌ی به‌هایی (واته ده‌وڵه‌ت به‌وه‌ی گوزارشته له ناوه‌رۆكی ره‌وشتیانه‌ی/ ئیتیكیانه‌ی ویستی هاوبه‌ش) سه‌رچاوه‌ی گرتووه.
ئه‌وه‌ی (جۆن رولز) ویستی بریتی بوو له گه‌رِاندنه‌وه‌ی شكۆ بۆ بۆچوونگه‌لی رێكارانه‌ی هه‌مه‌كیی به‌هاكان، به بێ په‌نا بردنه به‌ر توخمه‌یلی میتافیزیكیانه‌یان. بۆیه ئه‌و، تیۆریی داد دابه‌ش وه‌ك فه‌لسه‌فه‌یه‌كی ره‌وشت پێشكه‌ش ناكات، به‌ڵكوو به تیۆرییه‌كی سیاسیی داده‌نێت كه چاوی له گه‌ڵاڵه كردنی بنه‌ماگه‌لێكی جه‌وهه‌رییه بۆ ره‌وشته كردار، به‌ڵكوو به ئاشكرا كردنی پره‌نسیپه‌كانی رێكخه‌ری داد له نێو كۆمه‌ڵگایه‌كی باش رێكخراوی فره‌یی، هه‌مه‌جۆر بۆچوونی چاكه‌ی ده‌سته‌جه‌معی له ململانێ و پێكه‌وه ژیاندا ده‌بن(10).
وێرِای ئه‌وه، تێزه‌كه‌ی رولز سیمای ئه‌وه‌ی هه‌یه كه ده‌یه‌وێ بگاته پره‌نسیپه‌یلێكی گه‌دروونیانه‌ی داد، رولز له یه‌كه‌مین به‌راوردكاریی خۆیدا به چاوگی عه‌قڵیانه‌ی مرۆیی دانان، به‌ر له‌وه‌ش له پێداچوونه‌وه‌ی چه‌ند پاتی تیۆرییه‌كه‌یدا ئه‌وه‌ی سه‌لماند، ئه‌مه‌ش وابه‌سته‌ی رێرِه‌وی كۆمه‌ڵگاكانی لیبرال دیموكرات و وابه‌سته‌ی ته‌رزێك له عه‌قڵانیه‌ته كه به‌وه‌وه به‌نده. له‌و كتێبه‌ی كه ساڵی 1971 ده‌رچووه، رولز روون و ره‌وان روونی ده‌كاته‌وه كه ئامانجی ئه‌و (خستنه رووی وێنایه‌ك له‌باره‌ی داده‌وه، كه تا ئه‌و په‌رِی رووتاڵی (ئه‌بستراكت) تیۆریی هه‌ره ناسراوی گرێبه‌ستی كۆمه‌ڵایه‌تی به‌رز ده‌كاته‌وه و ده‌ی گشتێنێ، وه‌ك ئه‌وه‌ی له لای لووك و رۆسۆ و هی دیكه‌ش ده‌یبینین)(11). مه‌به‌ست لێره‌دا گه‌رِانه به دوای دامه‌زراندنێكی ره‌سه‌نی به‌هاكانی دادپه‌روه‌ری له رێی گه‌رِانه‌وه بۆ بیرۆكه‌ی (دۆخی ره‌سه‌نی) گرێبه‌ستكه‌ران، بۆ خۆ لادان له كاریگه‌ریی پێگه و بۆچوونی كۆمه‌ڵایه‌تی به سه‌ر ئه‌و پێوه‌رانه‌ی دامه‌زرێنه‌ری حاڵه‌تی پێكه‌وه گرێدراوی كه هه‌یه. رولز لای وایه خه‌سڵه‌تی نموونه‌ی گرێبه‌ستانه له‌وه‌دا خۆی مه‌ڵاس داوه كه بوار به وێنا كردنی پره‌نسیپه‌كانی داد ده‌دات، به‌وه‌ی (پره‌نسیپگه‌لێكه مرۆڤی عاقڵ هه‌ڵیان ده‌بژێرێت) له هه‌مان كاتیش‌دا بوار ده‌دات (وێناكانی دادیش راڤه و پاساو بدرێنه‌وه)(12).
كه‌چی له پێداچوونه‌وه‌ی به‌و تیۆرییه‌ی له كتێبه‌كه‌یدا (داد به‌وه‌ی ویژدانكارییه) بڵاو بووه‌ته‌وه و له ساڵی 2001دا ده‌رچووه، بایه‌خ دان له‌م ئامانجه به‌هێزه‌ی دامه‌زراندنه‌وه ده‌گۆرِێت به‌ره‌و ره‌وشێكی رووت/ ئه‌بستراكت (وێنایه‌كی سیاسی بۆ دادپه‌روه‌ری) نه‌ك رێبازێكی سه‌راپاگیری ره‌وشت. مه‌به‌ست له‌م وێنایه، یه‌كلایی كردنه‌وه‌ی ئه‌و گرفته ئه‌سته‌مه‌یه كه له هه‌موو كۆمه‌ڵگاكانی لیبرالی فره‌ییدا خراوه‌ته روو، بریتیشه له كێشانی هێڵی دابرِی نێوان تاكایه‌تیی زورِیه‌ت كه زاده‌ی پره‌نسیپی خوده ویستی ئازادانه‌یه و هه‌مه‌كی كۆبه‌كۆی تارومار، كه (ئه‌و هه‌مه‌كه كۆبه‌كۆیه) مافی تاكایه‌تی، كه مافی بنه‌رِه‌تیانه‌ی مرۆڤی هاوچه‌رخه، په‌رده‌پۆش ده‌كات.
گه‌رِانه‌وه بۆ نموونه‌ی گرێبه‌ستایه‌تی له پێداچوونه‌وه‌كانی دواتری تیۆرییه‌كه‌دا، مه‌به‌ست ئه‌وه نییه به‌راوردی ساراپاگیرانه‌ی عه‌قڵانی، كه به سه‌ر فه‌لسه‌فه‌ی رۆسۆ و لووك و هۆپزدا باڵاده‌ست بوو، ته‌واو بكرێت یان بگشتێندرێت، به‌ڵكوو (بریتی بوو له) وه‌گه‌رِخستنی پارادیگمی بنیادانه له دانانی بنه‌ماگه‌لی رێكارانه بۆ به‌هاكانی ویژدانكاریی كۆبه‌كۆ، كه كۆمه‌ڵگایه‌كی فره‌یی باش رێكخراو به‌رزه‌فت ده‌كات.
فه‌یله‌سووفانی كلاسیكی گرێبه‌ستی كۆمه‌ڵایه‌تی له پێوه‌ره روانگه‌یه‌كه‌وه گرێبه‌ستیان وێنا كرد، به‌وه‌ی به‌رجه‌سته كردنێكی كرداریانه‌ی به‌هاگه‌لی گه‌ردوونیانه‌ی عه‌قڵییه، خۆی به سه‌ر خه‌ڵكانێكی پێكه‌وه ژیا‌و به‌وه‌ی كه به ته‌بیعه‌ت ئازاد و یه‌كسانن، ده‌سه‌پێنێت. حاڵه‌تی سروشت لێره‌دا گریمانه‌یه‌كی مێژوویی نییه، به‌ڵكوو فێڵه تیۆرییه‌كه كه روانگه‌یه‌كی پته‌وی هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ سیسته‌مه‌یلی كۆمه‌ڵایه‌تی پێك ده‌هێنێت، بۆ د‌رك كردن به راده‌ی گونجانی له‌گه‌ڵ ئه‌م مه‌رجه‌عه (چاوگه) باڵاكرده. ته‌رزی گرێبه‌ستانه له لای (رولز) به دوای ئه‌و په‌رِی سیماگه‌لی پێوانه‌یی سیسته‌می ده‌سته‌جه‌معیدا ناگه‌رِێت، به‌ڵكوو په‌یدۆزی مه‌رج و هه‌لومه‌رجی شه‌رعیه‌تی ده‌زگاكانی كه هه‌ن و پاساوی ملكه‌چ بوونی خۆویستانه‌ی كه‌سانی ئازاد بۆ ئه‌وان (ئه‌و ده‌زگایانه)، ده‌كات.
گرێبه‌ست لێره‌دا زاده‌ی روانینێكی هاوبه‌شی به‌هایی، هه‌روه‌ها زاده‌ی كۆتاییه كۆده‌نگی ره‌هاش نییه، به‌ڵكوو بنه‌ماكه‌ی رێكخستن و رواندنی دیده‌یلی فره‌ی پێوانه‌كاره له رێی دیالۆگی به‌رده‌وام و كۆده‌نگی پێكڤه گونجاوه‌وه(12).
هه‌ر له‌م باره‌یه‌وه پێویسته كه تیۆریی رولز ده‌چێته نێو رێرِه‌وی نه‌ریتی هزری سیاسیی ئه‌مریكییه‌وه، جه‌خت ده‌كاته سه‌ر ره‌هه‌ندی هه‌ره‌وه‌زی پێكڤه‌یی قه‌واره‌ی سیاسی، هه‌مبه‌ر به تیۆرییه‌كانی هه‌ژموون و ململانێ كه به درێژایی نیوه‌ی ئه‌م سه‌ده‌یه‌ی دوایی له فه‌لسه‌فه‌ی سیاسی و توێژینه‌وه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی ئه‌وروپادا له بره‌ودا بوون. (رولز) له تیۆرییه‌كه‌ی له‌باره‌ی داده‌وه له‌و پێناسه‌یه‌ی كۆمه‌ڵه‌وه ده‌ست پێ ده‌كات كه ده‌ڵێ كۆمه‌ڵ (ریزبه‌ندێكی هاوكاریی كۆمه‌ڵایه‌تییه كه به‌نده به ویژدانكارییه‌وه) (fairnes 13). بیرۆكه‌ی هاوكارییش سێ خه‌سڵه‌تی سه‌ره‌كیی هه‌یه كه بریتین له: ته‌رزێك له پێكه‌وه به‌ندی كه رێسا و رێكاری ورد كه هه‌مووان قبووڵیانه، كۆنترۆڵی ده‌كه‌ن، كه له نێوانی به‌شداراندا ویژدانكاری مسۆگه‌ر ده‌كات، به‌وه‌ی یه‌كسانی له ماف و سوودی پێوه گرێ دراوه، كه بیرۆكه‌ی سوودی عه‌قڵانی ده‌گرێته خۆ و له سوودی ته‌سكی تاكه كه‌سی جودایه. ئیدی لێره‌وه ئامانجی تیۆریی داد بریتی ده‌بێت له دیاری كردنی شێوه‌ی هاوكاریی كۆمه‌ڵایه‌تی كه ویژدانكاری مسۆگه‌ر ده‌كات، له رێی ده‌ست نیشان كردنی ماف و ئه‌ركی سه‌ره‌كی كه ده‌زگاكانی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی دیاریی ده‌كه‌ن، وێرِای دیاری كردنی چه‌شن و پره‌نسیپی دابه‌ش كردنی ئه‌و قازانجه‌ی زاده‌ی هاوكاریی كۆمه‌ڵایه‌تییه.
جا ئه‌و پرسیاره‌ی ئه‌و كات ده‌كرێت ئه‌وه‌یه: (كامه‌یه ئه‌و بۆچوونه سیاسییه هه‌ره په‌سنده‌ی دادپه‌روه‌ری، بۆ دیاری كردنی شێوازی ویژدانكارانه‌ی هاوكاریی نێوان هاووڵاتیانێك كه به ئازاد و یه‌كسان، عاقڵمه‌ند و عه‌قڵانیش داده‌ندرێن؟)(14).
بۆ وه‌ڵام دانه‌وه‌ی ئه‌م گرفته، رولز چه‌ندین تیۆریی تۆكمه ده‌خاته روو، كه له‌م چه‌مكه سه‌ره‌كیانه‌ی دادێ چرِ ده‌بنه‌وه، ئه‌ویش سووره له سه‌ر روون كردنه‌وه و شرۆڤه كردنیان له هه‌مه‌جۆر نووسینه‌كانیدا:
- بیرۆكه‌ی (كۆمه‌ڵگای باش رێكخراو) (well ـ ordered society): رولز وا پێناسه‌ی كۆمه‌ڵگای باش رێكخراو ده‌كات به‌وه‌ی كۆمه‌ڵگایه‌كه وا وێنا كراوه كه ئه‌وه‌ی بۆ تاكه‌كانی باشه مسۆگه‌ری ده‌كات، هه‌روه‌ها به‌رحوكمی ئه‌وه‌شه كه وێنایه‌كی گشتیشی له‌باره‌ی داده‌وه هه‌یه. له‌م كۆمه‌ڵگایه‌دا هه‌موو تاكێك رێز له هه‌مان پره‌نسیپه‌كانی دادپه‌روه‌ری ده‌گرێت، ده‌شزانێت هه‌موو تاكێكی دی به هه‌مان ئه‌ندازه رێزیان لێ ده‌گرێت، بێ له‌وه، ئه‌و ده‌زگا كۆمه‌ڵایه‌تیانه‌ی هه‌شن، رێز له‌و پره‌نسیپانه ده‌گرن و به‌رجه‌سته‌شیان ده‌كه‌ن(15).
- بیرۆكه‌ی (بناغه بنیاد) (basic structure): ئه‌م ده‌سته‌واژه‌یه واتاكه‌ی بریتییه له‌و شێوازه‌ی ده‌زگاكانی سه‌ره‌كیی جڤاكی ماف و ئه‌ركی سه‌ره‌كیی پێ دابه‌ش ده‌كه‌ن، هه‌روه‌ها دابه‌ش كردنی ئه‌و قازانجه‌ی له هاوكاریی جڤاكیانه‌وه وه‌گیر دێن(16).
- بیرۆكه‌ی (ره‌وشی ره‌سه‌ن) (original position): مه‌به‌ست حاڵه‌تی به‌رایی چه‌ق به‌ستنه، كه دادپه‌روه‌ریی سازانگه‌لی بنچینه‌یی مسۆگه‌ر ده‌كات، ئه‌و سازانه‌ی ده‌كرێ دواتر پێی بگه‌ین. ده‌كرێ راده‌ی عه‌قڵانیه‌ت و گونجانی تیۆرییه‌ك سه‌باره‌ت به دادپه‌روه‌ری هه‌ڵبسه‌نگێندرێت، ئه‌گه‌ر پره‌نسیپه‌كانی له لایه‌ن كه‌سانی عه‌قڵانییه‌وه له نێو پره‌نسیپی دیكه له ره‌وشێكی ره‌سه‌نه‌وه، گوڵبژێر كرا بن(17).
- بیرۆكه‌ی (په‌رده‌ی نه‌زانی) (veil of ignorance): به شێوه‌یه‌كی ئۆرگانی وابه‌سته به گوته‌كه‌ی پێشووه، واتاكه‌شی گریمانه كردنی دانانی گرێبه‌ستكه‌رانی ره‌سه‌نه له پشت په‌رده‌ی نه‌زانییه‌وه، به چه‌شنێك نازانن چۆن چۆنی هه‌مه‌جۆر توانا و ئه‌گه‌ر كار له ره‌وشی تایبه‌تیان ده‌كات، بۆیه ئه‌وان ناچارن ته‌نیا به گوێره‌ی رێسای شكۆی گشتی، پره‌نسیپه‌كانی دادپه‌روه‌ری هه‌ڵبسه‌نگێنن(18).
- بیرۆكه‌ی (یه‌كده‌نگی له رێی سازانه‌وه) (overlapping consensus) كه مه‌به‌ست لێی ئه‌وه‌یه سیمای واقیعی به گوته‌ی "كۆمه‌ڵگای باش رێكخراو" بدرێت، بۆ ره‌چاو كردنی هه‌لومه‌رجی دیرۆكی و جڤاكیی كۆمه‌ڵگاكانی دیموكراسی كه له سه‌ر فره‌ییه‌كی پێكڤه په‌یوه‌ست رۆنراوه. ئه‌و كۆده‌نگییه‌ی له‌م جۆره كۆمه‌ڵگایه‌دا به‌دی دێت، كه خه‌ڵكه‌كه‌ی له رووی ناسنامه و دید و بۆچوونی بیر و باوه‌رِه‌وه له یه‌ك جودان، كۆده‌نگییه‌كه زاده‌ی گفتوگۆ و دیالۆگه، خاڵی كۆده‌نگانه‌شی لێ ده‌كه‌وێته‌وه كه ناته‌بایی هه‌ڵوێسته‌یلی پێوه‌رانه تێده‌په‌رِێنێت، ئه‌و هه‌ڵوێستانه‌ی كه سیمای زاڵن به سه‌ر رێرِه‌وه‌كانی دیموكراسیدا(19).