ئەوین شادی بەرهەم دەهێنێت و قین خەمی لێ سەوز دەبێت

ئەوین شادی بەرهەم دەهێنێت و قین خەمی لێ سەوز دەبێت

نووسه‌ر :حەمەسەعید حەسەن

ژنی هەوەسباز، کە تاقەتی لە خۆشویستنی پیاوێک دەچێت، ئیدی هەموو لایەنە باشەکانی ئەو پیاوەشی لەبیر دەچێتەوە و بە ئاسانی دەیگۆڕێت بە پیاوێکی دیکە. ژنی وا، تا دوا هەناسەیشی هەر پێی وایە، توانای ڕاکێشانی سەرنجی پیاوانی هەیە و وای بۆ دەچێت، زەمەن دەسەڵاتی ئەوەی نییە، ڕووخساری ئەویش، وەک هی ژنانی دیکە، پڕ بکات لە چرچولۆچ. ژنی وا، شوێنەواری پیری، بە سیمای هاوتەمەنەکانییەوە دەبینێت، بەڵام ددان بە پیربوونی خۆیدا نانێت. ژنی وەها، هەست بەوەیش ناکات، ئەو جۆرە پۆشاکەی لە تافی لاویدا، جوانییەکانی، گەش نیشان داوە، هەمان پۆشاک، بۆ تەمەنی پیری، بە پێچەوانەوە دەکەوێتەوە. ژنی هەوەسباز، هەوڵی بۆ ئەوەیە، زۆرترین پیاو شەیدای ببن و هاوزەمان پێوەندیی بە زۆرترین پیاوەوە هەبێت. ژن هەیە، هەوەسباز نییە، تەنیا حەزی لەوەیە ژمارەی ئەو پیاوانەی پێی سەرسام دەبن، هەمیشە ڕوو لە هەڵکشان بێت و ناوبانگی وەک جوان، بڵاو ببێتەوە و هیچی تر.

لای عاشقی شەیدا، نە هیچ دیمەنێک لە سیمای جوانی یار، دڵگیرترە و نە هیچ دەنگێکیش لە هی ئەو شیرینترە و بڕوا ناکات هەرگیز پیری، توانای ئەوەی هەبێت، زەبر لە سیمای جوان و دەنگی ناسکی یاریش بوەشێنێت. نووسەری فەرەنسایی، ژان دی لاپروییر (١٦٤٥ _ ١٦٩٦) دەڵێت: (نازانم کامیان زێتر شیاوی بەزەیی پێدا هاتنەوەیە، ژنێکی پیر کە گەنجێک لە ئامێز دەگرێت؟ یان گەنجێک کە ناچاری لە باوەشگرتنی ژنێکی بەساڵداچوو دەبێت؟) لە ڕوانگەی (لاپروییر)ەوە، (زۆربەی ژنان، بە دەنگ هاواری دڵیانەوە دەچن و ئیدی وایش ڕەوتار دەکەن، وەک ئەو پیاوەی خۆشیان ویستووە، دەخوازێت.)

لاپروییر پێی وایە، (لە خۆشەویستیدا، ژن بەوەفاترە، بەڵام بۆ دۆستایەتیی ڕاستەقینە، پیاو زێتر جێی متمانەیە. ئەوە پیاوە وا دەکات کە ژنان کەمتر یەکیان خۆش بوێت و ژنی گەنج با بەوپەڕی گەرمیشەوە، پیاوێکی خۆش بوێت، کە یەکێکی لەبارتری لێ پەیدابوو، دەشێت ئەوەی دووەمیان هەڵببژێرێت. ژن ئاسانتر هانا بۆ درۆ دەبات،(*) پیاو زووتر ڕاستی دەدرکێنێت.) ژن زۆر جار هەوڵ دەدات خۆشەویستیی خۆی بۆ پیاوێکی دیاریکراو بشارێتەوە، بەڵام پیاو ڕەنگە ژنێکیشی خۆش نەوێت، کەچی وا خۆی نیشان بدات کە شەیدای بووە. پیاو لە ڕێی کۆمەڵێک بەڵێنەوە کە ڕەنگە هیچیان جێبەجێی نەکات، لە هەوڵی فریودانی ژناندایە. پیاو کە ژنێک وازی لێ دەهێنێت، خراپ هەڵدەچێت و زوو هێور دەبێتەوە، وەلێ ژن، کە پیاو لێی دوور دەکەوێتەوە، هەڵناچێت، بەڵام بۆ ماوەیەکی درێژ گینگڵ دەدات. لاپروییر دەڵێت: ئەگەر ژن، سست و خاو بوو، بە هۆی ئەوینەوە چالاک دەبێت، ئەگەر ژنێکی چالاک، خووی دایە تەنبەڵی، ئەوە نیشانەیە بۆ ئەوەی تووشی داوی دڵداری بووە.

ئەوە زۆر زەحمەتە، دەست لەو خۆشەویستییە بەر بدەین کە لە یەکەمین نیگاوە، سەری هەڵداوە. ئەو خۆشەویستییەی وەک دۆستایەتی، هێدی هێدی بەهێز دەبێت، بەرەو ئەوە ناچێت، ببێت بە ئەوینێکی ئاگرین. ئەوانەی هەر لە سەرەتاوە، زۆر بە گەرمی یەکیان خۆش دەوێت، خۆیان ڕێ بۆ ئەوە خۆش دەکەن، خۆشەویستییەکەیان هێدی هێدی بەرەو ساردوسڕی و ڕەنگە کوژانەوەیش بڕوات. زۆر جار ژن بەوە تۆمەتبار دەکرێت کە هەوێنی ساردبوونەوەی خۆشەویستییە، بەڵام ڕەنگە ساردوسڕیی ژن، زادەی ئەوە بێت، کەسێکی گونجاوی دەستگیر نەبووبێت، خۆشەویستیی ناخی بێدار بکاتەوە. ئینسان وەک چۆن ناتوانێت، خۆشەویستی نەکات، هەروایش ناتوانێت، تا دەژی هەر بە هەمان گەرموگوڕییەوە عاشق بێت. وەک چۆن ئینسان کە دەست بە گریان دەکات، دواتر ژیر دەبێتەوە، دەشێت ڕۆژێک سەرچاوەی ئەوینیشی وشک ببێت.

کارەسات ئەوەیە، یەکمان خۆش نەوێت و هەر سەرزارەکی هەستی خۆشەویستی بۆ یەک دەرببڕین، عاشقی یەکدی نەبین و ڕۆڵی عاشق بۆ یەکدی نمایش بکەین. لەوەیش کارەساتتر ئەوەیە، ساڵانێک هەوڵمان دابێت، سەرچاوەی خۆشییەکانی کەسێک بین، بەڵام دواتر بە پێچەوانەوە، هەوڵ بدەین ببینە هەوێنی هەموو ناخۆشییەکانی. عاشق کەسێکە ئەگەر سەدان چاکەیشی لەگەڵ مەعشووقەکەیدا کردبێت، هەرگیز یەکێکیان بە چاویدا ناداتەوە. کە کەسێکمان بینی، بەردەوام گلەیی و گازندە دەکات، لە هیچ ڕازی نییە و کەسی خۆش ناوێت، دەبێت دڵنیا بین، ئەوانە نیشانگەلێکن بۆ ئەوەی، کەسێ نییە، ئەوی خۆش بوێت.

کە دەروون لە ڕێی هەستەکانەوە، دەرک بە شتێک دەکات، ئیدی بە خەم یان بە شادی، کە دەبێتە قین یان خۆشەویستی، بەرهەمی دەهێنێتەوە، یان ڕەنگە دەروون بێلایەن بوەستێتەوە. ئەگەر عەقڵ چێژی لە شتەکە بینی، دەروون شاد دەبێت، ئەگەر نا، خەم دایدەگرێت. ئەوین شادی بەرهەم دەهێنێت و قینیش خەفەتی لێ سەوز دەبێت. نزیکەی هەموو هەڵچوونەکانی دەروون، لە ئەنجامی ڕق یان خۆشەویستییەوە ڕوو دەدەن. هەڵچوونەکانی ئینسان لە پیریدا هێندە لاواز دەبن، تا ئەو ئاستەی، کەسانی بەساڵداچوو، ڕەنگە چێژوەرگرتن بە هەڵە و بوێری بە سەرچڵی لێک بدەنەوە.

ڕەنگە چەندان پیاو شەیدای هەمان ژن ببن، یەکێکیان ڕەنگە بۆیە دڵی بچێتە سەری، چونکە بە ژنێکی عاقڵی بزانێت، یەکێکی تریان لەبەر پاکژییەکەی شەیدای ببێت و سێیەمیش لەبەر لایەنێکی دیکەی کە دەشێت لای دووانەکەی تر، ئەوە یەکێک بێت لە کەموکووڕییەکانی. ئینسان شەیدای کەسێک دەبێت کە لەو نموونەیە دەچێت، لە زەینی خۆیدا وێنەی کێشاوە. جوانی، زیاتر پێوەندیی بە کەسایەتییەوە هەیە، کە دەتوانین ناوی لێ بنێین، جوانیی ڕۆح. جوانیی ڕۆح، هەست ناسمێت، لەگەڵ عەقڵدا دەدوێت، ئەگەر بە ئەوینی وا بڵێین، ئەوینێکی پاکژ، بە هەڵەدا ناچین.

ژن زیاتر بڕوای بەو وەهمە هەیە، کە خۆشەویستەکەی جوانترین، باڵاترین، چاکترین، دلۆڤانترین و بەوەفاترین کەسە. ژن بۆ خۆشەویستی بەئەمەکترە، یان پیاوی خۆش ناوێت، یان بە تەواوی شەیدای دەبێت، بەڵام پیاو زیاتر بە زەبری حەز، دەستپێشخەری دەکات و عەوداڵی چێژوەرگرتنە، کەچی چێژوەرگرتن لای ژن، لە دوای خۆشەویستییەوە دێت. ژن (پاک)ترین شت کە خۆشەویستییە بە پیاوی دەبەخشێت، بەڵام پیاو چێژ بە ژن دەبەخشێت کە لە ڕوانگەی خەڵکانێکی زۆرەوە، بە (پۆخڵ) لە قەڵەم دەدرێت. زێتر ئەوە پیاوە، هەوڵ دەدات ئارەزووی ژن ببزوێنێت، نەک بە پێچەوانەوە، وەک بابسالاران بانگەشەی بۆ دەکەن.

دۆستایەتی و خۆشەویستی خوشک یان برای یەکترین، وەک چۆن گەلێک لیریک، بەرهەمی ڕۆحە و بە ئاستەم پێوەندیی بە جەستەوە هەیە، یان هەر نییەتی، دۆستایەتیی ڕاستەقینەیش، پێوەندییەکی وەها باڵا و ڕۆحییە. شاعیری ڕۆمانتیکی ئەڵمانیایی، جوزیف جوریس پێی وایە: (خۆشەویستی لای پیاو، لە قووڵایی ناخەوە هەڵدەقوڵێت، وەک زریان بەگوڕ دێت، جەستەی وەک فوسفۆر دادەگیرسێنێت و ئیدی هێدی هێدی بەرەو ناخی دەکشێتەوە. ژن با لە ناخیشەوە تەواو داگیرسا بێت، توانای ئەوەی هەیە، بە هێوری پێشوازی لەو زریانی ئەوینەی پیاو بکات.) ئەگەر خۆشەویستی لە کن پیاو وەک گڕکانێک وابێت لە سەروەختی هەڵچووندا، ئەوا لای ژن وەک ئەو زەوینلەرزانە وایە، کە بێ ئەوەی خۆیان پیشان بدەن، ناخی زەوین دەهەژێنن.

وەک چۆن دوو جەمسەرە دژ بە یەکەکەی موگناتیس، بەرەو لای یەکدی دەکشێن، ژن و پیاویش بەردەوام بە زەبری خۆشەویستی، لە یەکدی نزیک دەبنەوە. دەشێت خۆشەویستی لە نواندنی ڕەوتارێکی دلۆڤانانەوە دەست پێ بکات و بە چێژوەرگرتن کۆتایی بێت، یان دەشێت چێژوەرگرتن بەرەو خۆشەویستی بڕوات و بە دۆستایەتی دوایی بێت. پێوەندیی نێوان ژن و پیاو، کاتێک دەگاتە دوندی خۆی، کە لەسەر بناغەی (حەز) و (خۆشەویستی) و (دۆستایەتی) ڕۆ نرابێت.

جوزیف جوریس پێی وایە پیاو جەمسەرە گەرمەکە و ژنیش ساردەکەیە، سەروەختی خۆشەویستی، هەردووکیان لە دەرەوەی خۆیان بە دوای جوانیدا وێڵن و جوانی بە یەک دەبەخشن. لە خۆشەویستیدا، هێزی پیاو، جوان خۆی نمایش دەکات و جوانیی ژنیش، دەبێتە لایەنی بەهێزەکەی. هەندێک نەخش و نیگار هەن پشت بە بەرزایی و قووڵایی دەبەستن، لە خۆشەویستیدا بەرزایییەکان جوانیی پیاو و قووڵایییەکان جوانیی ژن نیشان دەدەن و بە هەردوو جوانییەکە، گونجاندن و هاوسەنگییەکە دێتە ئاراوە. کە ژن و پیاو وەک جەستە لە یەکدی نزیک دەبنەوە، ئەوە زادەی گەڕانە بە دوای ئازادیدا، ئازادییەک کە هەر یەکێکیان لەوی تریاندا دەیبینێتەوە و بێ یەکتری، نە هەست بە ئازادی دەکەن و نە توانای ڕاگرتنی هاوسەنگیی خۆیان هەیە.

(فاسق) پێی وایە، ژن کۆیلەیەکە بۆ ئەوە خوڵقاوە، گڕی ئارەزووی پیاو دابمرکێنێتەوە، بەڵام (عاشق) وای بۆ دەچێت، جوانیی ژن دەسەڵاتێکی ڕەهای هەیە و دەبێت ڕۆح، بێ یەک و دوو ملی بۆ کەچ بکات. لای عاشق کە تاڵەتیشکێک بە ئاوێزەی جوانیی ژندا تێ دەپەڕێت، دەبێتە هەزاران چەپکەتیشکی دڵڕفێن. خەیاڵی عاشق گەردبینێکە، هەموو جوانییەکانی ڕۆح و جەستەی ژن، لە تیشکۆی خۆیدا کۆ دەکاتەوە.(**)

ئینسان دەتوانێت، ئەسپ و حوشتر، یان باخ و خانووی هەبێت، بەڵام مافی ئەوەی نییە ئینسانێکی دیکە، با ژن یان مێردیشی بێت، بە موڵکی خۆی بزانێت. ئەگەر پیاو ژنی بە موڵکی خۆی زانی، ئیدی لەوێوە کۆیلایەتی و کۆت و ستەم دەست پێ دەکات. هەندێک جار خۆشەویستی وەک جۆرێک لە نەخۆشیی دەروونیی لێ دێت، بە تایبەتی ئەگەر دڵدار، دڵخوازەکەی بە موڵکی خۆی بزانێت و پێی وابێت، ئەو پێوەندییە، بە چاوپۆشین لە هەموو شتێک، هەر دەبێت بەردەوامیی هەبێت. عاشق مافی ئەوەی نییە، وا بیر بکاتەوە دڵخوازەکەی لە پێناوی بەختەوەریی ئەودا خوڵقاوە، تەنانەت ئەگەر کەسی دڵخواز، خودی خۆی، بێ هیچ زۆرەملێیەکیش وای بیر کردەوە، پێویستە عاشق هەوڵ بدات فێری بە ئازادیی ژیانی بکات، ئاخر ئینسان دەبێت لە دژوارترین هەلومەرجیشدا، خۆی بڕیار لە چارەنووسی خۆی بدات و خۆی سەروەری خۆی بێت.

گۆتە (١٧٤٩ _ ١٨٣٢) لە ڕۆمانی (خزمایەتییەکی خۆویستانە)دا، باس لەوە دەکات، (خۆشەویستی: بەرەو لای یەک چوونی لەیەکچووەکانە، بەڵام هاوسەرگیری: بەرەو لای یەکچوونی لەیەکنەچووەکانە،) ئاخر ئەوی بایەخی تەواو بە ژیان بدات، پێی باش نابێت لەگەڵ کەسێکدا بژی کە هەر دووبارەبوونەوەی خودی خۆی بێت، بەڵکوو بە دوای کەسێکدا دەگەڕێت لە خۆی جیاواز بێت و ئەوەی لە خۆیدا نوقسانە، بە هۆی هاوژینەکەیەوە تەواوی بکات، بۆیە پیاوێکی سەرچڵی هەوەسباز، نابێت بە دوای ژنێکی لە چەشنی خۆیدا بگەڕێت، دەبێت شەیدای ژنێکی هێوری سەنگین ببێت. ئەگەر ژن و مێرد لە یەکدی بچن، زوو لە ئاستی یەکدی سارد دەبنەوە و ئەگەری ئەوە زۆرە ئەوینی نێوانیان، بە قین لە یەکدی بوونەوە، دوایی بێت.

ئێرۆس کە ئەوینی سێکسییە، نەک هەر دەشێت فریومان بدات، بەڵکوو ڕەنگە بە جۆرێک ئازادیمان لێ زەوت بکات، بمانکات بە کۆیلەی خۆی. کێشەی ئێرۆس ئەوەیە، هەر پێوەندیی بە جەستەوە نییە، دزە دەکاتە ناو دەروونیشەوە و دەشێت گرێی دەروونیمان بۆ دروست بکات. ئینسان کە زیندەوەرێکی سێکسییە، زیندەوەرێکی ناتەواوە، نیو زیندەوەرە، بەردەوام بە دوای نیوەکەی دیکەیدا وێڵە. ئاڵۆزیی سێکس لەوەدایە، کە تەنیا هەر بە کۆئەندامی زاوزێوە پێوەست نییە، پێوەندییەکی قووڵ و پتەوی، بە هەموو جەستەوە، بە ئاوەزەوە، بە هەستەوە و بە نەستیشەوە هەیە.

لایەنێکی ئاڵۆزی دیکەی ئێرۆس ئەوەیە کە شتێکە وەک وەهم، ئەوە نییە، با دڵخواز کەسێکی دزێویش بێت، لە ڕوانگەی ئەویندارەوە، هەر لە شاجوان دەچێت. عیشق چونکە سەرسامبوونە بە جوانییەکی باڵا، بۆیە هەڵکشانە بەرەو بەرزایی و ئینسان بە هۆیەوە شاگەشکە دەبێت، تەواو هەر وەکوو داهێنانێکی تۆمار کردبێت، بەڵام ئەوینی سێکسی، زێتر لە کۆششی دۆڕاوان دەچێت، بۆ گەڕان بە دوای قەرەبوودا، بۆیە ئەوینێکی داکشاوە. خۆشەویستییەک هەیە، وەک بەزەیی پێدا هاتنەوە وایە، لە ئەوینی وەهادا، لایەنێکیان هەر دەبەخشێت، هیچ بۆ خۆی ناخوازێت.

لە ڕێی خۆشەویستیی هەڵکشاوەوە کە بریتییە لە خۆشەویستیی خێر و چاکە و جوانی، دەتوانین خودی خۆمان بسەلمێنین و جەستە بکەین بە بەر کەسایەتیماندا. خۆشەویستیی ئیفلاتوونی و خۆشەویستیی مەسیحییانەیش، کە ئەمیان ڕووی لە ئایدیایە و ئەویان ڕووی لە ئینسانە، دەکەونە خانەی ئەوینی هەڵکشاوەوە. لە خۆشەویستیی داکشاودا تۆوێکی بەد هەیە، ئاخر دەشێت هەم کەسی چاکەکار، وەک پێویست ڕێز لە شکۆمەندیمان نەگرێت و هەم خۆیشمان، هەست بە برینداربوونی شکۆمان بکەین.

جۆزیف برۆدۆن (١٨٠٩ _ ١٨٦٥) کە سۆشیالیستێکی فەرەنسایی بوو، دەیگوت: (خۆشەویستی وەک مردن وایە،) ئاخر کەس نییە، دەسەڵاتی ئەوەی هەبێت خۆی لە ئەوین یان لە مەرگ قوتار بکات، با هیچ توانا یان بەهرەیەکیش شک نەبەین، لە بواری ئەویندا ئەزموونێکمان هەیە، یان دەبێت، مردنیش وایە، ڕٶژێک لە ڕۆژان هەر تووشی دەبین، ڕەنگە جیاوازییەکەیان هەر ئەوەبێت، تەنیا یەک جار بە ئەزموونی مردندا تێ دەپەڕین، بەڵام دەشێت چەندان جار ئەوین تاقی بکەینەوە.

هاوسەرگیری شتێکە سەر بە مرۆڤایەتی، بەڵام خۆشەویستی تایبەتە بە خودی تاکێک. خۆشەویستی پێوەندیی بە وەچە خستنەوەوە نییە، ئەوە سێکسە کە وەچەی لێ دەکەوێتەوە، بەڵام سێکس نە گوناهە، نە پۆخڵ، بەڵکوو چونکە سەرچاوەی ژیانە و ئەگەر لە خۆشەویستییەوە هەڵبقوڵێت، کردەیەکە پاک و پیرۆز. سێکس وەک چۆن دەتوانێت ئینسان بکات بە کۆیلەی خۆی، دەشێت هەوێن و سەرچاوەی داهێنانیش بێت. وەک چۆن دەشێت، بەدترین ڕەوتار پێوەندیی بە سێکسەوە هەبێت، هەر وایش دەشێت، باڵاترین شاکار، زادەی ئێرۆس بێت، ئەوە نییە ئێرۆس ڕٶڵێکی گرنگی لە ژیانی داهێنەراندا گێڕاوە؟

ئایا کۆمەڵگە مافی ئەوەی هەیە، دەست وەربداتە ناو ژیانی سێکسیی تاکەوە؟ ئایا خۆشەویستی کە بوارێکی تەواو تایبەتییە، کۆمەڵ هەقی ئەوەی هەیە، بە کۆت و پێوەند و قەفەز بە گژیدا بچێتەوە؟ پیردیایڤ (١٨٧٤ _ ١٩٤٨) کە فەیلەسووفێکی ڕووسە، دەڵێت: (چونکە خۆشەویستی پێوەندیی بە دوو کەسەوە هەیە، هەمیشە کەسی سێیەم لەو بوارەدا زیادەیە.) پیردیایڤ پێی وایە: پێوەندییەکی نهێنی لە نێوان سێکس و خێزان و پارەدا هەیە و دەڵێت: (ناشیرینی هاوسەرگیری لەوەدایە، ئەوەی دەبوو بە نادیار بمێنێتەوە، بۆ کۆمەڵی ئاشکرا دەکات،) ئاخر وای بۆ دەچێت: خۆشەویستی دەبێت نهێنی بێت، چونکە لەگەڵ ئاشکرابوونیدا، بەهای خۆی لە دەست دەدات.

پیردیایف دەڵێت: (پێوەندیی ئاننا کارنینا بە دۆستەکەیەوە، تاوان نییە، ئەگەر تاوانێک لە گۆڕێدا هەبیت، پێوەندیی (ئاننا)یە بە (کارنین)ی مێردییەوە، ئاخر هاوسەرگیری بەبێ خۆشەویستی، بەدڕەوشتییە، ئاخر کە ژن و مێرد یەکدییان خۆش نەوێت، کاریگەرییەکی نێگەتیڤی لەسەر منداڵەکانیان دەبێت.)(***) بەڵام نووسەری ئینگلیز، کلایف لویس (١٨٩٨_ ١٩٦٣) دەڵێت: (من پێم وا نییە، هاوسەرگیری بەبێ خۆشەویستی، عەیب و عار بێت، ئاخر ئەگەر هەموو ئەوانەی، بەبێ ئەوین لەگەڵ یەکدا جووت بوون، بە پۆخڵ و بەدڕەوشت لە قەڵەم بدەین، کەسێکمان نامێنێتەوە، شانازی بە پێشینەی خۆیەوە بکات، ئاخر باووباپیرانی هەموومان، کەسوکاریان ژنیان بۆ دەستنیشان کردوون و وەچەخستنەوە لایان، جیاوازییەکی ئەوتۆی لەگەڵ وەچەخستنەوەی زیندەوەرانی دیکەدا نەبووە.)

*
(١) جان دی لابروییر، الطبائع أو أخلاق عصرنا.
(٢) جولیان أوفرای دي لامیتری، رسالة في النفس.
(٣) لوک دي کلابیە دي فوفینارغ، مقدمة في إدراک العقل البشري، عن الحب.
(٤) فرانس فون بادیو، من دفتر الذکریات.
(٥) جوزیف جوریس، أراء في الفن.
(٦) ألفونس فراسو دي ساد، الفلسفة في البودوار.
(٧) فریدریک شلیغل، علم الجمال، الفلسفة، النقد.
(٨) نیکولای بیردیایف، عن عبودیة الإنسان و حریتە.
(٩) نیکولای بیردیایف، تأملات في الإیروس.
(١٠) کلایف ستیبلز لویس، الحب و العشق.
(*) ئەوەی کە ژن ئاسانتر هانا بۆ درۆ دەبات، زادەی ئەو ستەمەیە، پیاو لێی دەکات.
(**) ئاوێزە: مەوشوور. تیشکۆ: بوئرة. گەردبین: عەدەسە.
(***) ئاننا کارنینا، ڕۆمانێکی بەناوبانگی تۆلستۆیە، بە فیلمیش هەیە.
Top