مۆدێرنەو مەسەلەی دابڕان

مۆدێرنەو مەسەلەی دابڕان

نووسه‌ر :عەبدولسەلام بنعەبدعالی

وه‌رگێڕ : گوڵان

كۆرپەلە، كاتێ لە دایكی دەبێتەوە ئەم لێكپچڕانە ئەوە ناگەیەنێت كە بۆ هەمیشەیی لێی دادەبڕێت، بەڵكو ئەوە پرۆسەیەكی لێكپچڕانەو وا لە كۆرپەلە دەكات بە هۆیەوە گرێبدرێتەوە بە دایكیەوە، واتا لە رێگەی پەتك بڕینی ناوك و لێكجوداكردنەوەوە، هەمان پرۆسەشە كە بە هۆیەوە دەتوانین پێوەندییەكی جوداو جیاواز لە رابردووەوە ببەستینەوە بە داهاتوەوە، بە هۆیەوە رابردوو زیندوو ببێتەوەو نوێبوونەوەش یەكێك بێت لە هەلومەرجەكانی رەسەنایەتی..
وەك زانراوە چەمكی دابڕان لەدایكبووی فەلسەفەی زانستەكان و مێژووەكەیەتی، زۆرجار ئەم چەمكە دەگێڕنەوە بۆ تەوژمی گاستۆن باشلاری كە پێی وا بووە ئەپستیمی زانستی لە بۆشاییەكی ئەبیستیمیەوە دروست نابێت، بەڵكو هەمیشە ئەبیستیم ــ دژەو بەسەر پاشماوەكانی دەسپێكی راوبۆچوونەكانەوە یان نزیك بەوان دادەمەزرێت، لە رووی مێژووییەوە دابڕان بە شێوەیەك دەخوڵقێت كە لە رابردووی نازانستی هەرچی لە پێش خۆیدا هەبووبێت بە یەكجارەكی لێی دادەبڕێت، وەك فەیلەسوفی ماركسی لویس ئاڵتۆسێر لە تیۆریاكەیدا بەو وتەیەی گوزارشتی لێی كردووە((بەر لە مێژووی زانستێكە تایبەتە بەمێژووی ئایدیۆلۆژیابووی))
لەوەش تێدەگەین كە ئەو چەمكە لەو بوارانەدا نائاخنرێت كە لە هەناویەوە هاتبێتەدەر، چونكە بە خێرایی گوازرایەوە بۆ مێژووەكانی دیكە، بە تایبەتیش مێژووی فیكر بە گشتی، لە بەرانبەر مێژووی گەیاندنەكان كە بایەخی دەدا بە رەسەنایەتیی بنەچەكان بە لكەكانیەوە، یان لە گەڕاندا بوو بە شوێن كاریگەریی و لێكچوواندن و پڕكردنەوەو تەناغوماتەكانەوە، یان گەڕان بوو بە شوێن كنەو پشكنینی هۆكارەكانی سكون و رەتابەتەوە، یان بەردەوامێتی و چەسپاوێتییەوە: چەسپاوێتی لە حەقیقەتەكاندا، لە رەخساندنی زانیارییەكاندا، لە چەقبەستوویی دامودەزگاكاندا، هەوڵی زۆریش سەریانهەڵدا بۆ دانانی مێژووییەكی دژلێك كە مكوڕبوونی خۆی لەسەر دابڕانەكان و بەربەستەكان و لێكجودابوونەوەكان هەبوو، ئێمە ئەوەش دەزانین چۆن فكری تەقلیدی نەفرەتی دەكردەوە لە چەمكەكانی عەتەبەو دابڕان و وەرچەرخان، ئەوەش لە پێناوی بەرجەستەبوونی كاراییانەی پێكهاتەیی خود، هەروەها بۆ پاراستنی چەمكێكی سادەی هاوكوف بە شوناسنامە، یان بۆ هێشتنەوەی منی باڵا وەك یەكەیەكی ئۆرگانیك، یان هێشتنەوەی كەلەپوور وەك تەقلیدو كۆنسەرڤاتیڤ و پەیامگەرایی، یان هێشتنەوەی مێژوو وەك بەردەوامێتی و یاداشت و یادگەیی لە پێوەندییەكان و بەردەوامیەكاندا: بەردەوامیدان بە شوناسنامەو نەمربوونی، بەردەوامیدان بەو چەسپاوێتیانەی دواتر دەگەڕێینەوە بۆ لایان، بەردەوامیدان بەو زمانەی قسەی پێ دەكەین، بەردەوامیدان بەو بیروڕایانەی وەریاندەگرین، ئەم پێوەندیكردنەوەیە بەردەوامە بە خودەوەو رێی سەرفرازی دەدۆزێتەوە بۆ گەیشتن بە ئاگربەس و یەقین و ئاشتبوونەوەو ئارامبوونەوەو خاوكردنەوەی فكریی..
تا دەگاتە لێكجیابوونەوە لەو تەقلیدە فكرییەی پێشان، یان جیابوونەوە لە ناواخنی فكری تەقلیدی، دواتر مۆدێرنە هاتە ئاراوە تا شكۆ بگێڕێتەوە بۆ چەمكی دابڕان و لێكجیابوونەوە، نەك تەنیا وەك چەمكێكی ئەبستمۆلۆژی، نەك وەك ئامرازێكی لۆژیكی رێكخەری مێژووی ئەفكارەكان، نەك وەك چەمك و فكرێكی پۆزەتیڤ بەڵكو وەك چەشنێك بۆ وجود و بوون، تا روون بێتەوە كە چنراوێتی وجود و بوون بریتییە لە تۆڕێكی تۆكمەی پێوەندییەكان، هیچ شتێك چوارپەلەكانی پێكەوە گرێنەداوەتەوە بە یەكترییەوە، هیچ شتێك بەشەكانی بە شێوەیەكی كۆتایی لێكگرێنەداوەتەوە، بۆ ئەوەی ئەوە روون بێتەوە كە هەموو رەقێتییەك پێویستە ببێتە هەڵم..
مۆدێرنە سەریهەڵدا تا دووكەرتبوونی ناو ئەو پێگانە كە بە دینگەكانی هەر كەڵچەرێك دادەنرێن، وەدەربخات، پێگەكانی پێكەوەگیر و یەكەكانی بێ هاوتان، مەبەستم لە ئاگامەندی و یادوەری و شوناسە، ئەمە بە تەبیعەتی حاڵ ناكاتە ئەوەی بڵێین مۆدێرنە بریتییە لە رەتكردنەوەی تەواوی مێژوو، یان سڕینەوەی هەموو یادگە، یان داماڵین و وردوخاشبوونی شوناس، بەڵكو ئامانج لە چەسپاندنی دابڕان، گەیشتن نییە بەو ئاستەی چیتر نەتوانین هەموو هۆگربوون و یەكبوونێك بسەلمێنین، ناشتوانین بڵێین من یان ئێمە، ئامانج لێی نە راوەستانە لەسەر هەمەجۆرێتیەكی هەستیار، نە وەستانیشە بە تەنیا لەسەر جیاوازی گریمانكراوەی تاقیكراوەكان، نە رەتكردنەوەی رەچەڵەكی مێژووییمانە، نە بەرپەرچدانەوەی هەستكردنمانە بە جیاوازی ئەو شتانەی كە هی خۆمان نییە، ئامانجەكە دامەزرانەوەی مێژووییەكی ترە، كە خۆمانی پێوە نالكێنین تا نەمرێتی ناخمانی تیا لە ئامێزبگرین، بەڵكو هەوڵ دەدەین تا بتوانین نەفسی فانی ناو رۆحمان زیندوو بكەینەوە بە پێی دەربڕینی نیچە،یان بۆچی نەڵێین ئامانجەكە ئەوەیە بگەینە ئەو ئاستەی بەهایەكی گەورە بۆ ئاشكرابوونی منی باڵا یان دەرخستنی شوناس نەهێڵین یان هەمەجۆریی بە تەنیایی نەگۆڕینەوە..
بەم شێوەیە دابڕان وای لێ دێت تاكڕەوێتی تێیدا بەرانبەر هێزی فرەیی لاواز بێت، تەنیایی بوون تێیدا لە بەرانبەر بەرینایی هەمەجۆریدا تەسك بێت، یان پشت بەستن بە منی باڵا تێیدا لە بەرانبەر دەوڵەمەندێتی ئەوی دیكەدا هەژار بێت، یان گۆشەگیربوون بە زات لە بەرانبەر كرانەوەی ئاسۆ چەقبەستوو بێت، یان خۆخواردنەوە بەرانبەر ناكۆتایی بوونی رەهەندە گریمانكراوەكان هەمیشەیی بێت، یان سەقامگیربوون لە پێگەو مەقامێكدا بەرانبەر خۆشگوزەرانی گواستنەوە بێتەوە، یان پشتبەستن بە ئێستای كەمكێش لە بەرانبەر چڕێتی زەمەن لار بێتەوە.
لەوانەیە مۆدێرنە لە ئەنجامدا ئاگامەندییەك بێت بەم بزاوتە پچڕ پچڕەی یادگەو ئاوەزوو ناسنامەو شوناس، رەنگە تەنیا ئەو بارە سەنگینە بێت كە لە دابڕاندا نمایشكاریی خۆی تێدا بزر بكات و لە ناخەوەی بووندا ئەو بارە خۆی ببینێتەوە، كە بووەتە چنراوی زیندەبۆو گۆشتەكەی..
كەواتە نوێكردنەوە، تازەگەری نییە، تازەگەری چەمكێكی دەرەكییانەی لە دابڕاندا هەیە، هەر كاژفڕێدانێكی نوێیە لە كۆنەكەوە، بەڵام نوێگەری یان نوێكردنەوە دیاردەیەكی تاك وتەنیایە كە وا لە دابڕان دەكات ببێتە خەسڵەتێ بۆ زیندەبۆ، لە مۆدێرنەدا دابڕان بریتی نییە لە پێوەندی نێوان دوو جەمسەر، یان دوو فاكتەر، یان دوو قۆناغ، لە پێوەندیدا نامێنێتەوە بەڵكو دەبێتە خەسڵەت، خەسڵەتی تایبەتمەندی مەعریفی، خەسڵەتی تایبەتمەندی كۆمەڵگە، خەسڵەتی تایبەتمەندی تێكست یان خەسڵەتی تایبەتمەندی زیندەبۆ، ئەمە وا لە زیندەبۆ دەكات لە زاتی خۆی هەڵبێت، وا لە زیندەبۆ دەكات لە زەمەندا شیبێتەوە، مۆدێرنە بە تەنیا ئیسپات كردنەوەی گواستنەوەیەك نییە لە قۆناغێكەوە بۆ قۆناغێكی تر، تەنانەت ئیسپات كردنەوەی وەرچەرخانە مەزنەكانی بوارە هەمەچەشنەكانیش نییە، بەڵكو ئاگادار بوونە لەوەی زیندەبۆ وەرچەرخاوە، ئەم وەرچەرخانە ئەمڕۆ هێزێكی ئەوتۆی وایە كە رێگرە لەوەی لە ناسنامەیەكی رۆشنگەری بدوێین، تەنیا كاتێ دەتوانین لەسەری بدوێین كە ئەو ناسنامەیە لە ناواخنی زاتی خۆی بێتە دەرەوەو لەگەڵ هاودژوموخالیفەكانی خۆیدا هاوبارگە بوو بێتەوە، پێگەیەكی نوێی لە فەزایەكی رۆشنگەری تازەدا بۆ خۆی دۆزیبێتەوە، جیهانێك كە پێشترو پێش ئێستا بوونی نەبوو بێت..
لە پێناوی ئەوەدا پێویستە دوو تێگەیشتن لە یەكتر جودا بكەینەوە: چەمكێكی وەزعیی كە دوابڕاوانە قۆناغێك لە قۆناغێكی تر لێكجودا دەكاتەوە، هەروەها هۆكارێك لە هۆكارێكی تر لێكدادەبڕێت وەك چۆن خاوەنەكانی تێرمی ئەبستمۆلۆژی و مێژووی زانستەكان لێی دەدوێن و دەشڵێن ئیشكالیەتێك لە ئیشكالیەتێكی تر جیا دەكاتەوە.
چەمكێكی تر دەیەوێت پێچەوانە بێت و وا لە دابڕان بكات بە تەواوی و بە هەمیشەیی دایپچڕێنێت، لەبەرئەوەی لە رەتكردنەوەی ئامادەگی دەردەچێت، بە پێی ئەو واتایە بێت ناواخنی دابڕان لە جیاكردنەوەدا خۆی نابینێتەوە، بەڵكو لە ناكۆتایی بوونی جیاكردنەوەو ناسنوورداربوونییەتی، دابڕان چارەسەری ئێستاكێی نییە بۆ ئەوانەی پێش خۆی، بەڵكو جیاكردنەوەیەكی ناكۆتاییەو بزاوتێكی بەردەوامی هەمیشەییە، كەواتە دابڕان لێكجوداكردنەوەی دوو ئامادەگی نییە هەروەها لێكجوداكردنەوەی دوو ئامادەبووش نییە، بەڵكو خەلخەلەیەكی ئامادەگی خۆیەتی، ناتەناهی بوونی ناوەكییانەی زیندەبۆیە..
ئەم سروشە ناتەناهییەی لێكجوداكردنەوە دەمانخاتە بەردەم چەمكی وەرزییانەی زەمەنییەوە، وا لە لكەكان دەكات خۆیان هەڵبواسنەوە بە بنەچەكانەوە، دابڕان وا لێ دەكات بە تەنیا سەرلەنوێ گرێدانەوە نەبێت، بە شێوەیەك نەبێت كە دەسەوسان بین لەبەردەم سەرلەنوێ دۆزینەوەی رابردوو ،تەنیا بەو شێوەیە نەبێت كە ئێمە بتوانین پەتكی ناوكی لێ ببڕین وەك بڕینی پەتكی ناوكی كۆرپەلە، كاتێ لە دایكی دەبێتەوە ئەم لێكپچڕانە ئەوە ناگەیەنێت كە بۆ هەمیشەیی لێی دادەبڕێت بەڵكو ئەوە پرۆسەیەكە وا لە كۆرپەلە دەكات بە هۆیەوە گرێبدرێتەوە بە دایكیەوە، لە رێگەی پەتك بڕین و لێكجوداكردنەوەیەوە، ئەو پڕۆسەیەشە كە بە هۆیەوە دەتوانین پێوەندییەكی جوداو جیاواز لە رابردووەوە ببەستینەوە بە داهاتوەوە، بە هۆیەوە رابردوو زیندو دەبێتەوەو نوێبوونەوەش یەكێك دەبێت لە هەلومەرجەكانی رەسەنایەتی..
كەواتە رەسەنایەتی بریتی نییە لە تەقلیدكردنەوە، تەقلیدیش تەنیا بریتی نییە لە ناوەڕۆك و فیكرەكانی هەمان هەڵوێستەكانی پێشین، بەڵكو بریتییە لە هەڵوێستێكی دژلێك بۆ نوێكردنەوە، واتە ئەو هەڵوێستەی دابڕان بە هۆیەوە دەبێتە كارێكی لاوەكی، بەڵام رەسەنایەتی گۆڕینەوەی تەقلیدێك نییە بە تەقلیدێكی دیكە، وەك چۆن تازەگەری بریتی نییە لە كۆپیكردنەوەی كۆمەڵە مۆدێلێكی هێنراو، بەو شێوەیەش رەسەنایەتی دووپات كردنەوەی تەقلیدەكە نییە بەڵكو رەسەنایەتی وەك چۆن لە زانستی مێژوو لێی دەدوێن ئەوەیە كە چركەساتێك بكەینە بنكەی دەرچوونمان تا مێژووی دەوروبەرمان رێكبخەینەوە، پابەندبوونەوەیە بە رەسەنایەتیەكانەوە لە رێی لێكجودابوونەوەیانەوە، دواجار بریتییە لە دەسپێكی تازەو لەدایكبوونێكی وا كە شوناس و ناسنامەش دەكاتە بزاوتێكی ناموتەناهی بۆ لە ئامێزنان و دوورخستنەوە، وا لە ئەوی تر دەكات بوارێكی كراوە بێت بۆ جیاوازبوون و پێكەوە دیتن، وا لە یادگەش دەكات لە ئێستایدا زۆر دوور بكەوێتەوە تا دەگاتەوە بە داهاتوویەك كە وەڵامی رابردوو بداتەوە..
Top