رۆژاوا و ئیسلام، من و ئه‌وی دی.. یان پرسی غه‌یره‌ز (2-2)
June 1, 2013
فیکر و فەلسەفە
نووسه‌ر :محه‌مه‌د عابد ئه‌لجابری
وه‌رگێڕ : تاریق كارێزی
"جیاوازیی نێوان جیا و دژ، ئه‌وه‌یه كه ئه‌وانه‌ی له یه‌ك جیان (ئه‌وانه‌ن) كه هیچ كامیان جێی ئه‌وی دی ناگرنه‌وه، مه‌به‌ستیش ئه‌و سیفه‌ته‌یه كه بۆ توخمه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ بووندا پێویسته، وه‌ك ره‌شی و ترشی. ئه‌وانه‌ی دژی یه‌كیشن ئه‌وانه‌ن كه به هه‌بوونی یه‌كیان ئه‌وی دیكه‌یان نامێنێت، ئه‌گه‌ر بوونی ئه‌میان له سه‌ر هه‌مان رووی ئه‌وی دیكه‌یان بێت، وه‌ك ره‌شایه‌تی و سپیایه‌تی. هه‌موو دژێك جودایه به‌ڵام هه‌موو جودایه‌ك دژ نییه، هه‌روه‌ها هه‌موو جیاوازێك پێكڤه كۆ نابنه‌وه، به‌ڵام هه‌موو شتانێك كه كۆ نابنه‌وه دژ به یه‌ك نین، هه‌موو جیاوازێك جودایه به‌ڵام هه‌موو جودایه‌ك جیاواز نییه، دژی و جیاوازی ره‌نگه له مه‌جازی زماندا چون یه‌ك بن، ده‌گوترێت: هیوا دژی كامه‌رانه، ئه‌گه‌ر له‌و جودا بوو.جیاوازیی نێوان نه‌رێكاری و دژكاری ئه‌وه‌یه، دژكاری ته‌نیا له نێوانی دوو شت‌دا ده‌بێت كه ده‌كرێ پێكه‌وه بمێنن، دژكارییش له نێوانی ئه‌وه‌ی ده‌مێنێ و ئه‌وه‌ی نامێنێیه.جیاوازیی نێوان دژ و ته‌رك ئه‌وه‌یه، هه‌موو ته‌ركێك دژه و نه‌ك هه‌موو دژێك ته‌رك بێت، "چونكه كردارێكی غه‌یره ره‌نگه دژ به كرداری من بێت، به‌ڵام ته‌رك كردنی ئه‌و نییه".وێك نه‌چوون، جیایی، جیاوازی، خوار و خێچی، كۆك نه‌بوون، دژی، ناته‌بایی.. ئه‌مانه‌ن پله‌كانی "غه‌یره‌زایه‌تی" له بواری روونبێژیی عه‌ره‌بدا، وه‌ك كه ئه‌بوو هیلالی عه‌سكه‌ری دیاریی ده‌كات، ئه‌ویش به‌رامبه‌ر به "چونایه‌تی: وه‌كهه‌ڤی" كه پێی وایه بریتییه له، "چونیه‌كی"ی ره‌هاوه تا ده‌گاته چون، وه‌ك، هاوشان، وێكچوو، وه‌ك ئه‌و، پێ چوو، ده‌ڵێی ئه‌وه، پێی ده‌چێ و به‌و ده‌چێ. ئه‌بوو هیلالی عه‌سكه‌ری له گه‌وره زانایانی زمان و وێژه و ره‌وانبێژییه، به كتێبی: (هه‌ردوو پیشه‌ی هۆنراوه و په‌خشان) ناوبانگی ده‌كرد، گه‌لێ كتێبی دیكه‌شی هه‌یه، له سه‌رووی هه‌مووانه‌وه كتێبی "جیاوازییه‌كانی زمان"، كه ئه‌و پێناسانه‌ی پێشوومان له‌و وه‌رگرتووه، ئه‌م كتێبه‌ش له رووی بایه‌خ و ناوبانگه‌وه له "كتێبی هه‌ردوو پیشه" كه‌متر نییه. له راستیشدا ئه‌و كتێبێك نییه ته‌نیا له‌باره‌ی "جیاوازییه‌كانی زمان"ـه‌وه، وه‌ك ئه‌وه‌ی به زه‌ین و خه‌یاڵدا دێت، به‌ڵكوو كتێبێكه له‌باره‌ی زاراوه‌ی روونبێژییه‌وه كه هاوشانی كتێبه‌كانی زاراوه‌ی فه‌لسه‌فی و زاراوه‌ی سۆفیگه‌ری و زاراوه‌ی فیقهی.. هتد، ده‌وه‌ستێت. ئه‌بوو هیلالی عه‌سكه‌ری بۆ خۆشی په‌رۆشی ئه‌وه بوو كه ئه‌م شته دووپات بكاته‌وه، له پێشه‌كیی كتێبه‌كه‌یدا نووسیویه‌تی ده‌ڵێ: "قسه‌ی من تێیدا له‌باره‌ی ئه‌وانه‌وه‌یه كه له قورئاندا هه‌ن و ئه‌و په‌یڤانه‌ی به سه‌ر زاری فه‌قیه و كه‌لامناس و تێكرِای گفتوگۆی خه‌ڵكدا دێت". كه‌واته كتێبه‌كه كتێبێكه به گشتی له‌باره‌ی زاراوه‌ی روونبێژییه‌وه.
ئاشكراشه كه بواری روونبێژی، یان سیسته‌می مه‌عریفه‌ی روونبێژی، له نێو كولتووری عه‌ره‌بدا فراوانترین بواره و له هه‌مووانیش زیاتر گوزارشت له عه‌قڵی عه‌ره‌ب ده‌كات: میكانیزمه‌كانی ئه‌و عه‌قڵه و شێوازی روانینی بۆ شتانی جیهان. بۆیه راسته كه ده‌ڵێین، پله‌كانی "غه‌یره‌زایه‌تی" به هه‌مان شێوه‌ی "وه‌كهه‌ڤی: چونایه‌تی"، به‌و جۆره‌ی ئه‌بوو هیلالی عه‌سكه‌ری دیاریی ده‌كات، بریتییه له‌و تۆرِه‌ی كه عه‌قڵی روونبێژانه‌ی عه‌ره‌ب له رێی ئه‌و و به هۆی ئه‌وه‌وه، په‌یوه‌ندیگه‌لی چونیه‌كایه‌تی و جیاوازی ده‌بینێت، كه له چونیه‌كی له لایه‌ك و وێك نه‌چوون له لایه‌كی دیكه‌وه، به ترۆپك ده‌گات.
له‌م تۆرِه‌دا ئه‌وه‌ی جێی سه‌رنجه (ئه‌مه‌یه كه پاش كه‌مێكی دی بایه‌خی هه‌ره زۆری سه‌باره‌ت به بابه‌ته‌كه‌مان روون ده‌بێته‌وه) ئاماده نه‌بوونی "خود" یان "من"ـه وه‌ك لایه‌نێك. چونكه له‌م تۆرِه‌دا، كاره‌كه په‌یوه‌سته به په‌یوه‌ندیی نێوان شتانی جیهانه‌وه، وه‌ك كه خود ده‌یان بینێت. خود ته‌نیا تێبینیكه‌ره نه‌ك له‌م په‌یوه‌ندییه‌دا لایه‌ن بێت: جیاوازی له نێوانی ئه‌وان و شتاندا نییه، به‌ڵكوو (جیاوازییه‌كه) له نێوانی خۆبه‌خۆی شتاندایه. جا لێره‌وه‌یه كه وا ته‌ماشای خود ناكرێت كه ئه‌و "له رێی ئه‌و دییه‌وه خۆی ده‌ناسێت"، وه‌ك ئه‌وه‌ی له هزری ئه‌وروپیدایه، به‌ڵكوو وا ته‌ماشای ده‌كرێت وه‌ك ئه‌وه‌ی خۆبه‌خۆ هه‌یه، له رێی به‌راورد كردنی شتان به یه‌كدییه‌وه، پێیان ئاشنا ده‌بێت. ئه‌و په‌نده عه‌ره‌بییه‌ی ده‌ڵێ: "شتان به دژه‌كانیان ده‌رده‌كه‌ون" زۆر به وردی و روونییه‌وه دیدی روونبێژیانه‌ی "جیاوازی" پوخته ده‌كات، شتانن كه له یه‌كدی "جیاواز ده‌بن"، له‌گه‌ڵ "خود"یشدا په‌یوه‌ندییه‌كی له‌م جۆره گرێ نادات، ته‌نیا ئه‌و كاته نه‌بێت كه خود خۆی به به‌شێك له "شتان" دانا. به زمانێكی دی بڵێین، ئه‌وه‌ی بواری روونبێژیی عه‌ره‌بی سه‌رقاڵ كردووه، پرسی "خود" و "بابه‌ت" نییه، یان خود و جیهان یان "من و ئه‌وی دی"، به‌ڵكوو ئه‌وه‌ی تا ماوه‌یه‌كی درێژ روونبێژانی سه‌رقاڵ كرد، پرسی "خود و په‌سنه‌كان" بوو: ئایا په‌سنه‌كانی یه‌زدان له خۆی زیادن وه‌ك ئه‌وه‌ی له مرۆڤیش‌دا ده‌یبینین، یان ئه‌وانه چاوی خودن؟ ئه‌مه‌ش پرسێكی دیكه‌یه و ئێره جێ باس و خواسی نییه.
* * *
پاشان ئه‌و هه‌موو درێژدادرِییه چ په‌یوه‌ندییه‌كی به بابه‌ته‌كه‌مانه‌وه: "ئیسلام و رۆژاوا"وه هه‌یه؟
ئه‌وه په‌یوه‌ندییه‌كی توند و تۆڵ و راسته‌وخۆیه. ده‌سته‌واژه‌ی "ئیسلام و رۆژاوا" له بوار (كایه)ی روونبێژیی عه‌ره‌بدا چ شتێكی دی ناگه‌یه‌نێت بێ له ده‌سته‌واژه‌ی: "موسڵمانان و كریستیان" یان "موسڵمانان و جوو" یان "برِوا و كفر" یان "به‌هێز و لاواز" یان "ژن و پیاو".. هتد. عه‌ره‌بێكی موسڵمان په‌یوه‌ندیی نێوان "ئیسلام و رۆژاوا" به‌م جۆره ده‌بینێت، له به‌راییدا وای ده‌بینێت كه په‌یوه‌ندییه‌كی (وێكچوون یان جیاوازییه) له نێوانی دوو شت له شتانی ئه‌م جیهانه، نه‌ك ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌ك بێت له نێوان "من"ی ئیسلام و "ئه‌وی دی"ی رۆژاوادا. له‌وه‌ش زیاتر، ئه‌م دیده روونبێژییه ئه‌وه به سه‌ر مریدانیدا ده‌سه‌پێنێت، كه وا هه‌ڵسوكه‌وت له‌گه‌ڵ ئیسلام (له نێو ده‌سته‌واژه‌ی "ئیسلام و رۆژاوا")دا بكه‌ن، وه‌ك ئه‌وه‌ی بابه‌تێك بێت له شوێن و كاتدا كه‌وتووه‌ته ده‌ره‌وه‌ی ئه‌وه‌وه، ئه‌و لێره‌دا وه‌ك به‌شێك له خۆی هه‌ڵسوكه‌وتی له‌گه‌ڵدا ناكات، هه‌روه‌ها ته‌نانه‌ت وه‌ك خۆشی (خودیشی) له ئه‌وپه‌رِی داكۆكی كردنی له‌و، نا. چونكه "ئیسلام" سه‌باره‌ت به‌و خودێك نییه، به‌شێكیش نییه له خود، به‌ڵكوو ئه‌و وه‌ك هه‌ر په‌سنێكی دی، سه‌باره‌ت به خود زێده په‌سنێكه و به‌س. خۆ ره‌نگه له جێی خۆیدا بێت كه مرۆڤ بچێته سه‌ر باسی ئه‌و جیاوازییه‌ی له ده‌سته‌واژه‌ی "بوون به ئیسلام" و به‌رامبه‌ره‌كه‌ی له زمانی فه‌ره‌نسی (هه‌روه‌ها زمانانی ئه‌وروپا)دا هه‌یه. ئه‌و ده‌سته‌واژه‌یه‌ی بۆی به‌كار هاتووه ته‌نیا "بوون به كریستیان" نییه، به‌ڵكوو "گۆرِانه" له باوه‌رِێكی هه‌ڵه‌وه (se convertir) (بۆ باوه‌رِێكی راست و دروست). له رووی كرداریشه‌وه كاره‌كه هه‌ر به "شایه‌تمان" ناوه‌ستێت، واته به زمان گوتنی، وه‌ك ئه‌وه‌ی له ئیسلامدایه. به‌ڵكوو پێویستی به "ئاوه‌شۆر: ته‌عمید" هه‌یه، ئه‌میش سرووتێكه (یه‌كێكه له نهێنییه‌كان)، تێیدا كه‌سه‌كه له حاڵه‌تی هه‌ڵه‌ی ره‌سه‌نه‌وه ده‌گۆرِێت بۆ حاڵه‌تی لێبوردن. به زمانێكی دی: "بوون به ئیسلام" كه‌سی مه‌به‌ست سیفه‌تی "موسڵمان" به‌ده‌ست ده‌هێنێت، ئه‌مه‌ش سیفه‌تێكی سه‌ر به رواڵه‌تی شتانه، هێنده به‌سه "ئاشكرا"ی بكه‌یت، كه‌چی "گۆرِان" به‌ره‌و كریستیان پێویستی به وه‌دی هاتنی گۆرِانێكی ماهیه‌تانه‌یه. ئیدی لێره‌وه‌یه كه "جیاكاری" له بواری كولتووری ئه‌وروپی له ئاستی ماهیه‌تدایه، كه‌چی له بواری كولتووری عه‌ره‌بی ئیسلامی‌دا له سه‌ر ئاستی په‌سناندایه (سیفه‌ته‌كاندایه). ده‌كرێ به‌م شێویه‌ش گوزارشتی لێ بكه‌ین كه پێناسه له لۆژیكی (یۆنان)دا به (سنوور) واته به باس كردنی پێگه‌كانی ماهیه‌ته، كه‌چی له عه‌ره‌بیدا و له روونبێژیدا به (نیگار: وێنه‌كێشان)، واته به باس كردنی په‌سنی تایبه‌تی شته‌كه ده‌بێت.
با هانگاوێكی دیكه‌ش بهاوین كه پتر له بابه‌ته‌كه‌مان نزیكمان ده‌كاته‌وه.
به بێ گه‌رِانه‌وه بۆ هزری یۆنان كه روانینی خۆی بۆ جیهان به پێی دووانه‌ی مرۆڤ و سروشت خه‌مڵاندووه، به‌وه‌ی كه مرۆڤ سه‌نته‌ری گه‌ردوونه، پێوه‌ری شتانه، هه‌قیقه‌تی ئه‌ویش (مرۆڤیش) عه‌قڵ یان وێنه‌یه هه‌مبه‌ر به سروشت یان مادده‌یه، هه‌روه‌ها به بێ گه‌رِانه‌وه به‌ره‌و هزری كریستیان و دووانه‌ی باوك و كورِ، لاهووت و ناسووت.. هتد، هێنده به‌سه لێره‌دا ئه‌وه وه‌بیر بهێنینه‌وه، كه فه‌لسه‌فه‌ی نوێی ئه‌وروپا له بنه‌رِه‌تدا فه‌لسه‌فه‌ی "خود" یان "من"ـه: مرۆڤ هه‌مبه‌ر به جیهان خوده، جیهانیش بۆ ئه‌و (بۆ مرۆڤ) ده‌بێته بابه‌ت. ئه‌و بیرۆكه‌یه‌ی فه‌لسه‌فه‌ی "خود" رۆ ده‌نێت، بریتییه له كۆجیتۆی دیكارت: ئه‌م فه‌یله‌سووفه فه‌ره‌نسییه گومانی له هه‌موو شتێك كرد، به گوته‌ی خۆی، ئه‌و "مێزه‌كه‌ی سرِییه‌وه" و هیچ شتێكی به سه‌ره‌وه نه‌هێشت بێ له‌وه‌ی كه بیر ده‌كاته‌وه: جا لێره‌دایه كه گوته به ناوبانگه‌كه‌ی چرِی: من بیر ده‌كه‌مه‌وه كه‌واته من هه‌م. هه‌بوونی من سه‌ربه‌خۆیه و به‌ر له هه‌بوونی جیهان و هه‌ر هه‌بوونێكی دییه. ئیدی لێره‌وه‌یه كه هه‌ر هه‌بوونێكی بێ له "من" ئه‌وا "ئه‌وی دی"یه‌كه‌یه سه‌باره‌ت به‌و، جا هه‌ر له سه‌ره‌تاوه په‌یوه‌ندیی وێكنه‌چوون (جیابوون) په‌یوه‌ندییه‌كه له نێوانی من و ئه‌وی دی، هه‌ڵبه‌ت ئه‌و ئه‌وی دییه دێ‌و ئه‌هریمه‌نێك بێت، كه ده‌یه‌وێ دیكارت ته‌فره بدات، یان ئه‌و یه‌قینایه‌تیی ئه‌و مسۆگه‌ر ده‌كات یان شتێك بێت له‌و شته هه‌ست پێ كراوه ماددیانه‌ی كه هه‌بوونیان به‌نده به یه‌قینی ئه‌وه‌وه... به‌م جۆره ئه‌و تۆرِه‌ی "عه‌قڵی ئه‌وروپی" له رێی ئه‌وه‌وه و به هۆی ئه‌ویشه‌وه، جیهانی پێ ده‌بینێت، تۆرِێكه په‌یوه‌ندییه‌كی بنه‌رِه‌تیانه‌ی هه‌یه، كه په‌یوه‌ندیی "من" و "ئه‌وی دی" به سه‌ریدا باڵاده‌سته، نه‌ك په‌یوه‌ندیی "ئه‌وی دی"یه‌ك به "ئه‌وی دی"یه‌كی دیكه‌وه.
ئه‌گه‌ر بكه‌وینه دوای بیرۆكه‌ی "ئه‌وی دی" له هزری ئه‌وروپیدا، ئه‌وا هه‌ویره‌كه‌مان ئاو زۆر ده‌كێشێت و په‌ل و پۆ ده‌هاوێت. چونكه هه‌موو هزر، له دیكارته‌وه تا هیگل و ماركس تا ده‌گاته سارته‌ر و ئه‌وانه‌ی دوای ئه‌ویش هاتن، به ده‌وری ئه‌م بیرۆكه‌یه‌دا گرێژه‌نه ده‌به‌ستێت. كه‌واته با به كورته ئاماژه‌گه‌لێك لێره و له‌وێ به‌سی لێ بكه‌ین، ئامانج له‌وه ساغ كردنه‌وه‌ی بابه‌ته‌كه نییه، به‌ڵكوو ته‌نیا ئه‌وه‌یه سه‌رنجی به لادا رابكێشین.
له فه‌رهه‌نگه‌كانی هزری ئه‌وروپی و زاراوه‌گه‌لی فه‌لسه‌فیی ئه‌ودا ئه‌مانه ده‌خوێنینه‌وه: "ئه‌وی دی": یه‌كێكه له چه‌مكه سه‌ره‌كییه‌كانی هزر (= ده‌بوو: "ئه‌وروپی"ی بخرێته سه‌ر) دواجار ئه‌سته‌مه پێناسه بكرێت، كه به‌رامبه‌ر به خود (Le même) یان "من" ده‌گوترێت. هه‌رچیی خوده ئه‌وا هیچ واتایه‌كی نییه بێ له‌وه‌ی كه به‌رامبه‌ر به "ئه‌وی دی"یه (Autre)، به‌رامبه‌ركارییه‌كی ناته‌با و دژ، یان ئه‌وه‌تا جووت له‌گه‌ڵ خۆدایه كه به (identité) گوزارشتی لێ ده‌كرێت، ئه‌وه‌شه كه ئه‌مرِۆ به په‌یڤی "ناسنامه" یان "چونیه‌كایه‌تی"، واته شت هه‌ر هه‌مان خۆی بێت: هه‌ر وه‌ك خۆی، وه‌ری ده‌گێرِین. كه‌واته ئه‌وی دیایه‌تی له هزری ئه‌وروپیدا گوته‌یه‌كی سه‌ره‌كییه دروست وه‌ك گوته‌ی ناسنامه (یان چونیه‌كایه‌تی یان خودێتی). ئه‌وه‌ی له‌م باره‌یه‌وه نیشانه‌یه‌كی هه‌یه په‌یڤی ئالترێته (altérité) واته ئه‌وی دیایه‌تی په‌یوه‌ندییه‌كی رانانه‌ی له‌گه‌ڵ (altérer و altération) هه‌یه، كه واتاكه‌یان گۆرِانی شته به‌ره‌و خراپتر، (شێوان، مه‌حاڵی، گه‌نده‌ڵی)، هه‌روه‌ها له رووی گه‌ردان و رانانه‌وه په‌یوه‌ندیی به (altérnance)ـه‌وه هه‌یه، كه واتای به دوای یه‌كدا هاتن و ده‌ستاوده‌ست ده‌دات. به زمانێكی دی: ده‌كرێ بڵێین، ئه‌وه‌ی چه‌مكی ئه‌وی دیایه‌تی له هزری ئه‌وروپیدا گه‌ڵاڵه ده‌كات، جیاوازیی ره‌ها نییه، وه‌ك كه له هزری عه‌ره‌بیدا وایه، به‌ڵكوو ئه‌وی دیایه‌تی له هزری ئه‌وروپیدا بیرۆكه‌ی "نه‌رێ" یان ره‌ت كردنه‌وه گه‌ڵاڵه‌ی ده‌كات. "من" لێی حاڵی نابین ته‌نیا به‌وه نه‌بێت كه نه‌رێیه یان ره‌ت كردنه‌وه‌ی "ئه‌وی دی"یه.
هه‌ڵبه‌ت پێویست به روون كردنه‌وه ناكات كه په‌یڤی "من" له زمانی عه‌ره‌بیی هاوچه‌رخدا، وه‌رگێرِانێكه بۆ ئه‌وه‌ی واتای (Le même) فه‌ره‌نسی و (ego)ی ئینگلیزی و ئه‌ڵمانی بدات. په‌یڤی (ego)ش لاتینییه واتای په‌یڤی "خود"ی له زمانی عه‌ره‌بیدا هه‌یه، كاتێك مه‌به‌ست لێی كه‌سی قسه‌كه‌ره. هه‌ر له‌و په‌یڤه‌وه چه‌ندین زاراوه‌ی دیی وه‌ك (égocentrisme) دارِێژرا، ئه‌م زاراوه‌یه‌ش ئێمه ئه‌مرِۆ به واتای "گرێژه‌نه به‌ستن به ده‌وری خوددا" وه‌ری ده‌گێرِین، هه‌روه‌ها په‌یڤی (égoisme) به واتای "خۆپه‌رستی" له زمانی ئاخاوتنی ره‌شۆكیدا. له رووی فه‌لسه‌فیشه‌وه ئه‌وا په‌یڤه‌كه واتای ئه‌و رێبازه فه‌لسه‌فییه ده‌گه‌یه‌نێت كه پێی وایه هه‌بوونی گیاندارانی دی، بێ له "من"، بوونێكی وه‌همییه، یان به لای كه‌مه‌وه جێی گومانه. ئیدی لێره‌وه‌یه كه رێبازه‌یلی ئایدیالیستی فه‌لسه‌فی (idéalismes) هیچ بوونێكی دی بێ له شێوه‌كانی من، ناسه‌لمێنێت: جیهان ئه‌وه‌یه كه من گه‌ڵاڵه و وێنای ده‌كه‌م و بوونێكی دیكه‌ش نییه.
له فه‌رهه‌نگی (لالاند)ی فه‌لسه‌فیدا له‌باره‌ی واتای من (MOI)ـه‌وه ئه‌مه‌ی دادێ ده‌خوێنینه‌وه: "هۆشیارییه‌كی تاكه كه‌سییه، به‌وه‌ی كه به به‌رژه‌وه‌ندیی خۆیه‌وه سه‌قاڵه و به لای خۆدا ده‌ی شكێنێته‌وه"، هه‌روه‌ها: "ئاره‌زووی ئه‌وه‌ی هه‌موو شتێك بۆ خود بگێرِێته‌وه". لالاند ده‌سته‌واژه‌یه‌كی فه‌یله‌سووف و لاهووتناس و زانای فه‌ره‌نسی باسكال، به نموونه ده‌هێنێته‌وه كه تێیدا ده‌ڵێ: "من دوو خه‌سڵه‌تی هه‌س، ئه‌و له لایه‌كه‌وه خۆبه‌خۆ دادپه‌روه‌ر نییه به‌وه‌ی خۆی ده‌كاته سه‌نته‌ری هه‌موو شتێك، هه‌روه‌ها ئه‌و له لایه‌كی دیكه‌وه ته‌نگ به كه‌سانی دی هه‌ڵده‌چنێت به‌وه‌ی كه ده‌خوازێ بیانكات به كۆیله، چونكه هه‌موو "من"ێك دوژمنه، ده‌شیه‌وێ به سه‌ر هه‌موواندا زاڵ بێت".
چه‌مكی "من" له سه‌ر باڵاده‌ستی رۆنراوه، زاڵ بوون و باڵاده‌ستیی خود به سه‌ر ئه‌وه‌ی بۆ خۆی ده‌یكاته بابه‌ت، جا ئه‌و بابه‌ته چ شتانی سروشت بن یان خه‌ڵكی دی بن. هه‌ر له‌باره‌ی ئه‌م واتایه‌وه (ماكس هوركهیمر) نووسیویه‌تی ده‌ڵێ: "زۆر زه‌حمه‌ته مرۆڤ بتوانێ به وردی ئه‌وه دیاری بكات كه زمانانی ئه‌وروپا له كاتێك له كاته‌كاندا ویستوویانه و ئاخۆ مه‌به‌ستیان چی بووه له به‌كار هێنانی په‌یڤی (égo) "من"، ئه‌م په‌یڤه له دارِووخانێكی نادیار و وشك و برینگدا مه‌له ده‌كات. به‌وه‌ی پره‌نسیپی "من" تا ئه‌و په‌رِه‌كه‌ی تێده‌كۆشێ كه شه‌رِی دژ به سروشت به گشتی و شه‌رِی دژ به خه‌ڵكی دی به تایبه‌تی بباته‌وه، هه‌روه‌ها شه‌رِی دژ به‌و پاڵنه‌رانه‌ی ره‌فتاریش كه ئه‌و ده‌بزوێنن، (égo) وا دێته پێش چاو كه وابه‌سته‌ی ئه‌ركی باڵاده‌ستی و حوكمرِانی و رێكخستنه (....)، چه‌مكی (من)یش هیچ كاتێك له بن بار و خڵت و خاشی ره‌سه‌ن، كه زاده‌ی سیسته‌می كۆنترۆڵی جڤاكییه، رزگاری نه‌بووه. ته‌نانه‌ت دارِشتنی ئایدیالیستانه‌ش وه‌ك تیۆریی من له لای دیكارت، وه‌ك پێ ده‌چێ، به كرده‌نی واتای كۆنترۆڵ ده‌گرێته خۆ. به‌رهه‌ڵستیی (جاساندی) له "رامانه‌كان" (ناوی كتێبێكی دیكارته) وێنا كردنی رۆحێكی بچووك ده‌خاته دۆخی گاڵته‌جارِییه‌وه، (égo) یان "من"، له نێو قه‌ڵای په‌نهانی خۆیه‌وه له قوولایی مێشكه‌وه (....) ده‌ست به هه‌ماهه‌نگی كردن ده‌كات له نێوان ئه‌وه‌ی هه‌سته‌كان ده‌ی گوازنه‌وه و ئه‌و فه‌رمانانه‌ی بۆ هه‌موو به‌شه‌كانی جه‌سته‌ی ده‌ریان ده‌كات".
له رێی ئه‌و وێنا كردنه‌ی "من" وه‌ك نه‌مایه‌ك بۆ كۆنترۆڵ كردن، پێگه‌ی "ئه‌وی دی" و واتا و ئه‌ركه‌كه‌ی له هزری ئه‌وروپیدا دیاری ده‌كرێت، واته به‌وه‌ی كه بابه‌تێكه بۆ كۆنترۆڵ یان دوژمنێكه، یان به‌وه‌ی ئاوبارێكه خود له رێی ئه‌وه‌وه به خۆی ئاشنا ده‌بێت. سارته‌ر ده‌ڵێ: "من پێویستم به میانگێرِیی ئه‌وی دی هه‌یه تا ببمه ئه‌وه‌ی كه هه‌م".
ئه‌مه به شێوه‌یه‌كی گشتی. جا ئه‌گه‌ر بچینه سه‌ر ئه‌وه‌ی، ئاخۆ هزری هاوچه‌رخی ئه‌وروپا به چ شێوه‌یه‌ك هه‌ست به په‌یوه‌ندیی نێوان "ئیسلام و رۆژاوا" ده‌كات؟ ئه‌وا وه‌ڵامی "بابه‌تیانه" و "بێلایه‌ن" له لای توێژه‌ری هاوچه‌رخی كۆمه‌ڵایه‌تیی فه‌ره‌نسی (بیرتراند بادی)دا ده‌یبینین، ئه‌ویش له وتارێكی نوێی ئه‌ودا كه به ناونیشانی "رۆژاوا و جیهانی ئیسلام" نووسیویه‌تی. له‌و وتاره‌دا ده‌ڵێ: "ئێمه هه‌میشه قسه له‌باره‌ی ئه‌وی دییه‌وه ده‌كه‌ین، نه‌مازه له‌و كاته‌دا كه خۆشمان ده‌وێ یان له‌و كاته‌ی لێی ده‌ترسین یان له‌و كاته‌ی سه‌رنج راكێش و سیحراوی ده‌بێت"، نووسه‌ر لێره‌دا بیر له ئیسلام ده‌كاته‌وه به‌و جۆره‌ی هزری ئه‌وروپی باسی ده‌كات. پاشان ده‌ڵێ: "ئه‌م جۆره روانینه كۆمه‌ڵایه‌تییه بۆ غه‌یره‌ز كارێكه تێبینی پێشكه‌شی ده‌كات، ئیدی ناكرێ (ئه‌م شته) نه له توێژه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی و نه له مێژوونووس و نه له سیاسه‌تمه‌دار، ون بێت. ئه‌و هه‌ڵوێستێك ئاشكرا ده‌كات، هه‌ر له سه‌ره‌تاشه‌وه، یارمه‌تیده‌ر ده‌بێت بۆ به‌ده‌ست هێنانی تێگه‌یشتنێكی باشتر له‌باره‌ی ئه‌و كه‌سه‌وه كه قسان ده‌كات، (تێگه‌یشتنی) باشتر له‌باره‌ی شێوازی بیركردنه‌وه‌ی و شێوازی ئه‌و له كار كردن‌دا. له‌م گۆشه‌یه‌وه ده‌كرێ غه‌یره‌ز به "خه‌یاڵه غه‌یره‌ز" (یان وه‌همه غه‌یره‌ز) دابندرێت. ئه‌م پێناسه‌یه‌ش بۆ "ئه‌وی دی"، كه ده‌یكاته چاوگێك بۆ ره‌فتار، به دڵنیاییه‌وه ده‌ست له ره‌فتاری بكه‌ران وه‌رده‌دات. ئه‌و دۆخی وا ده‌خولقێنێت كه زاده‌ی نائارامی و ململانێیه، له هه‌مان كاتدا بۆنه‌ی وا ده‌ئافرێنێت، به‌كار دێت بۆ دووپات كردنه‌وه‌ی خود و پاساودانه‌وه‌ی هه‌ڵسوكه‌وت و سه‌پاندنی ویست (ئیراده)، یان، وه‌ك كه جاربه‌جار روو ده‌دات، له به‌رگ و پۆشاكی قوربانیدا ده‌ربكه‌وێت. له‌م ئاسته‌ی شرۆڤه كردن‌دا، ده‌كرێ به ته‌واوی دڵنیاییه‌وه قسه له‌باره‌ی غه‌یره‌زی ستراتیژی بكرێت. به‌ڵام ئه‌م (غه‌یره‌زه ستراتیژییه) كه به‌رجه‌سته و گریمانه و به‌رژه‌وه‌ندی دروستی ده‌كات، وێرِای ئه‌وه له سه‌ره‌تادا ناكرێ وه‌ك غه‌یره‌زێكی داهێندراو لێی برِوانین، چونكه ئه‌و پشت به خوێندنه‌وه‌یه‌كی دیرۆك ده‌به‌ستێت كه به شێوه‌یه‌كی زۆره‌ملێ له دیرۆكه‌كانی دی دابرِێندرا، وێرِای ئه‌وه، دیرۆكێكه كه كۆمه‌ڵێك ئه‌زموون و رووداو و بنه‌مای هزری و دامه‌زراوه‌یی هه‌یه، كه ناكرێ هه‌موویان به بێ بایه‌خ دابندرێن. به‌م پێودانگه، غه‌یره‌ز ره‌وایی ده‌به‌خشێته به‌راوردكاری و گه‌شه‌ی پێ ده‌كات، واش ده‌كات كه بكرێ له جیاوازیی نێوان نموونه‌كانی په‌ره‌سه‌ندن و گه‌شه كردن حاڵی بین. ئه‌و به‌م حاڵه، بوار ده‌دات كه روونی ببه‌خشێته میتۆدی به‌راوردكاری، دواجار ده‌كرێ وا ته‌ماشای بكرێت كه غه‌یره‌زێكی میتۆدكاره".
ئه‌م توێژه‌ره كۆمه‌ڵایه‌تییه ده‌یه‌وێ بڵێ، په‌یوه‌ندیی نێوان رۆژاوا و ئیسلام، له هزری ئه‌وروپادا، له توخمی په‌یوه‌ندیی من به ئه‌وی دییه‌وه‌یه، كه ملكه‌چی سه‌رسورِمان و شه‌یدا بوونه (به سیحری رۆژهه‌ڵات، ئه‌مه‌ش كه ناوی ناوه وه‌همه غه‌یره‌ز یان وێنا غه‌یره‌ز) یان ویستی هێز و حه‌ز به زاڵ بوون ئاراسته‌ی ده‌كات (پاوانخوازیی كۆلۆنیالیزم، ئه‌مه‌شه غه‌یره‌زی ستراتیژی). ئه‌مانه‌ش له دیرۆكێكی دوور و درێژی به‌ریه‌ك كه‌وتن و ململانێوه سه‌رچاوه ده‌گرن.. ئێستاش ده‌بێ ئه‌و په‌یوه‌ندییه له سه‌ر بنه‌مای به‌راورد و ددان نان به "ئه‌وی دی" و تایبه‌تمه‌ندیی ئه‌و، رۆبندرێت. ئه‌مه‌شه كه ئه‌و توێژه‌ره ویستی له كتێبێكی خۆیدا بیكات، كه به‌ر له چه‌ند ساڵێك به ناونیشانی "هه‌ردوو ده‌وڵه‌ت: ده‌سه‌ڵات و جڤاك له رۆژاوا و له وڵاتی ئیسلامدا) ده‌رچوو.
ئیدی با به‌م نموونانه‌ی هێنامانه‌وه، به‌سی لێ بكه‌ین و بوه‌ستین، چونكه ئه‌وه به‌سه بۆ ئه‌وه‌ی د‌رك به‌وه بكه‌ین كه كاتێك "رۆژاوا" له رێی ده‌سته‌واژه‌ی "رۆژاوا و ئیسلام" بیر له خۆی ده‌كاته‌وه، ئه‌وا ئه‌و له "رۆژاوا"دا وه‌ك "من" بیر ده‌كاته‌وه، واش بیر له ئیسلام ده‌كاته‌وه كه "ئه‌وی دی"یه‌كی دوژمنه، یان وه‌ك بابه‌تێكه بۆ زاڵ بوون یان وه‌ك چاوگێكی ترس. ئه‌م جۆره روانینه بۆ "ئه‌وی دی"، وه‌ك روونمان كرده‌وه، له نێو كرۆكی هزری نوێ و هاوچه‌رخی ئه‌وروپایه.
ئایا "ئیسلام"یش، (مه‌به‌ستم موسڵمانانه)، هه‌مان شت ده‌كه‌ن؟
نه‌بوونی گوته‌ی "ئه‌وی دی" له عه‌قڵی عه‌ره‌بدا، به‌وه‌ی كه "یه‌كێكه له بنه‌ما سه‌ره‌كییه‌كانی عه‌قڵ" (به هه‌مان شێوه‌ی كه له هزری ئه‌وروپادایه)، وا ده‌كات له وه‌ڵام دانه‌وه رارِا بین. پرسه‌كه پێویستی به توێژینه‌وه و لێ وردبوونه‌وه‌ی زیاتره.