بە هۆی خۆشەویستییەوە دەبین بە ئینسان

بە هۆی خۆشەویستییەوە دەبین بە ئینسان

نووسه‌ر :حەمەسەعید حەسەن

ئەوین و قین، بە نۆرە گەردوون بەڕێوە دەبەن،
جارێک ئەوین هەمووان یەک دەخات و جارێکی دیکە،
قین هەمووان دەکات بە دوژمنی یەکتری.
ئەرستۆ
ئێمە بە هۆی خۆشەویستییەوە، دەبین بە ئینسان، ئەوی خۆشەویستی شک نەبات، ئینسانێکی تەواو نییە، لە ژیانێکی ڕاستەقینەی قووڵ بێبەشە، توانای ئەوەی نییە، وەک پێویست چالاکی بنوێنێت و بە دروستی لە خۆی تێبگات. بابەتی سەرەکی لە فەلسەفەدا ئینسانە و لای ئینسانیش، ئەوە خۆشەویستییە دەکەوێتە سەنتەرەوە. ئەگەر خۆشەویستی لە گۆڕێ نەبێت، ئێمە نە دەتوانین کەسانی کۆمەڵایەتی بین، نە پێمان دەکرێت بە قووڵی ئەوانی دیکە بناسین. خۆشەویستی گەڕانە بە دوای نیوەکەی دیکەماندا، ئاخر ئینسان لە سەرەتاوە، چوار دەست و چوار لاقی هەبووە، چوار چاو و چوار گوێی هەبووە. ئەوسا ئینسان هێندە بەهێز بووە، هەڕەشەی لە خوداوەند کردووە، ئیدی زەوس، ئینسانی لە سەرەوە بۆ خوارەوە، دوولەت کردووە.

خۆشەویستی هێزێکە، یان ئیلهامێکە، بەرەو لای یەکدیمان ڕادەکێشێت، وا دەکات دڵسۆزی یەکتری بین و هانمان دەدات، لە هونەر و بوارەیلی دیکەدا، داهێنان بکەین. خۆشەویستی، لووتکەی ئازادیی ئینسانە، ئازادییەک کە ئینسان ئامادەیە لە پێناویدا، ژیانی ببەخشێت. خۆشەویستی تاقە ئازادییەکە، وامان لێ دەکات، بێ هیچ زۆرەملێیەک، بە خۆشیی خۆمان، ببینە کۆیلەی کەسانی تر، کەسانێک کە خۆشمان دەوێن. خۆشەویستی، هەستێک نییە سادە و ساکار، هەستێکە ئاڵۆز و تەمومژاوی، هەستێک نییە، ئاشکرا، چەندان لایەنی نادیاریشی هەیە، هەستی تاکە کەسێکە، بەڵام پێوەندیی بە کۆمەڵیشەوە هەیە، لە ڕۆحەوە هەڵدەقوڵێت، وەلێ پێوەندیی بە جەستەیشەوە هەیە. خۆشەویستی، ئامانجە، هۆکارێک نییە، بۆ گەیشتن بە مەبەستێک.

هەر جەستەی شێتی نەکردووم،
زۆر لایەنی
جوانی دیکەشی تێدایە
کە دەتوانن
شێتم بکەن.
خۆشەویستی کەی سەری هەڵدا؟ ئایا ئینسان لە دنیای ئاژەڵەوە، لەگەڵ خۆی هێنای، یان دواتر پەیدابوو؟ زۆربە لەسەر ئەوە کۆکن، خۆشەویستی، دوای ڕق و هاوسۆزی و هەستی دایکایەتی، سەری هەڵداوە. ئینسانی ناو ئەشکەوت کە وەک مێگەل ژیاوە و هاوسەرگیریی بە کۆمەڵ لای باو بووە، هەستێکی وای شک نەبردووە کە ناوی بنێین خۆشەویستی و ڕەنگە خۆشەویستی لەگەڵ سەرهەڵدانی تاکهاوسەرگیریدا پەیدا بووبێت. ئەو پێوەندییەی لە سەردەمە دێرینەکاندا هەبووە، خۆشەویستی نەبووە، تەنیا ئێرۆسی جەستەیی و بەریەککەوتنی سێکسی بووە. هیگڵ دەڵێت: (خۆشەویستی لە چاخە کۆنەکاندا، نە پێوەندییەکی قووڵی بە خودەوە هەبووە، نە هەستێکی گەرموگوڕ بووە.)

هیگڵ لە بارەی شیعری (سافۆ)وە کە شەشسەد ساڵێک پێش زایین لە یۆنان ژیاوە و ڕەنگە یەکەمین خاتوونەشاعیر بووبێت، دەڵێت: (لە شیعریدا، کڵپەی گڕی خوێنی نێو دەمار هەیە، بەڵام هەستێکی ڕاستەقینەی قووڵ کە پێوەندیی بە خودەوە هەبێت، نییە.) سافۆ هاوڕەگەزباز بووە، کە بە ژنی لەو جۆرە دەڵێن: لێسبیان، ئەوە لە دوورگەی (لێسبوس)ەوە هاتووە کە زێدی سافۆ بووە. هاوڕەگەزبازی لە نێوان نێر و نێردا کە لە وڵاتی فارسەوە، بۆ یۆنان پەڕیوەتەوە، بە لای ئیفلاتوونەوە، جۆرێک بووە لە ئەوینی باڵا. هیگڵ لەبارەی پەیکەری (ڤێنوس)یشەوە، دەبێژێت: (ئەو هەستە قووڵ و گەرمەی لە ناخەوە هەڵدەقوڵێت و بۆ هونەری ڕۆمانتیک پێویستە، لەو پەیکەرەدا بە دی ناکرێت.) ئەوەی خۆشەویستی لە سەردەمە کۆنەکاندا نەبووبێت، جێگەی گومانە، ئاخر لە داستانە یۆنانییەکاندا، گەلێک جار باس لە ئەوین کراوە، سوکرات، ئیفلاتوون و ئەرستۆیش کە پێش زایین ژیاون، باسی خۆشەویستیی ڕۆحییان کردووە، ئەمە وێڕای ئەوەی، ئەگەر ئەوین نەبووبێت، ئەدی چۆن، خوداوەندی ئەوین هەبووە؟

بە گوێرەی میتۆلۆژیای یۆنانی، پەنیلۆپ هەرچەندە داخوازیکەرێکی زۆری دەبێت، هەرچەندە بیست ساڵ، هیچ هەواڵێکی لای خۆشەویستەکەیەوە پێ ناگات، بەڵام هەر چاوەڕوانیی گەڕانەوەی ئۆدیس دەبێت و لای ئەو ژنە عاشقە، (خۆشەویستی لە ژیان بەنرختر و لە مردن بەهێزتر دەبێت.) ئارچیلۆک، کە حەوتسەد ساڵێک پێش زایین ژیاوە، یەکەمین شاعیری گەورەی ئەوینداری بووە، لای وی، ئەگەر میوەیەک هەبێت، ناوی بەختەوەری بێت، ئەوا بەری داری خۆشەویستییە. پێنج سەدە پێش زاین، لای یۆنانییەکان، دوو ئەفرۆدیت هەبوون، یەکێکیان خواژنی ئەوینی جەستەیی بووە، ئەوی دیکەیان خواژنی ئەوینی ڕۆحی.

لای میسرییەکان، سۆمەرییەکان و ئەکەدییەکان کە پێش یۆنانییەکان، خاوەنی شارستانی بوون، گەلێک جار باس لە ئێرۆس کراوە. لە داستانی گەلگامشدا، کە لای کەم هەزار ساڵێک لە ئەلیادە کۆنترە، عەشتار شەیدای پێکگەییشتنی جەستەیییە و باس لە حەز دەکات، نەک خۆشەویستی، کە یەکەمیان پێوەندیی بە جەستەوە هەیە و دووەمیان بە ڕۆحەوە. ئێرۆس، کە بۆ یەکەمین جار، بە ڕاشکاوی لە گەلگامشدا باس کراوە، هەستێکی ئاژەڵی نییە و ڕۆڵی گرنگی لە بە ئینسانکردنی (ئادەمیزاد)دا بینیوە. ئەنکیدۆ کە لە نێوان ئاژەڵی کێویدا دەژیا، بە هۆی ئێرۆسەوە، دەبێت بە ئینسان و عاقڵتر و زیرەکتر دەبێت.

ئێرۆتیکا کە هونەری خۆشەویستییە، لە ئێرۆسەوە کە خۆشەویستیی سێکسییە، هاتووە. ئێرۆس هەوڵی ئینسانە، بۆ گەیاندنی جەستە بە شوێنی باڵا و شیاوی خۆی. بۆفیوس پێی وابوو، ئیرۆس دوو چەشنە، زەوینی، کە پیس و نەوییە، ئاسمانی، کە پاکژ و بڵندە، وەلێ ئێرۆس، خۆی لە خۆیدا، نە پیس و نزمە، نە جوان و باڵا. هەیە ئێرۆس بە جوانیپەرستی لێک دەداتەوە، بەڵام جوانی ڕێژەییە، ئینسانێکی ئاسایی، جەستەیەکی جوانی خۆش دەوێ، بەڵام فەیلەسووفێک، جوانییەکی ڕووتی خۆش دەوێت، جوانییەکی ڕوونی خۆش دەوێت کە لێڵ و قورس نەبووبێت بە جەستەیەک، جوانییەک کە خودایی بێت و لە هیچی دیکە نەچێت، جوانییەک ئەگەر جارێک بیبینیت، ئیدی ناتوانێت وەک ڕابردووت ژیان بەسەر بەریت و هەست دەکەیت هەموو ڕابردووت، مایەی بەزەیی پێدا هاتنەوەیە.

فیلادلفیا: خۆشەویستیی خوشکە بۆ برا، ئێرۆس لای ئیفلاتوون، ئەوینێکی باڵایە، خۆشویستنی بەها نەمرەکانە کە جێگیرن، خۆشویستنی جوانییە، تەنیا لەبەر جوانییەکە، نەک لەبەر هیچی دیکە، خۆشویستنی حەقیقتە، تەنیا لەبەر حەقیقەت خۆی. ئەوەیە ئەوینی ئیفلاتوونی و هیچ پێوەندییەکی بە خۆشەویستیی نێوان ژن و پیاوەوە نییە. ئەوینی ئیفلاتوونی، ئەوینێکی ناسێکسیی نێوان ژن و پیاو نییە، چونکە پێوەندیی وەها، ئەوین نییە، هاوڕێیەتییە.

سیوپێنج سەدەیەک لەمەوبەر لە میسری کۆن، شیعری ئەوینداری دەگوترا، شیعرێکی ناسک کە هەستی ئینسانی دەبزواند، شیعرێک کە تەنیا زادەی ئێرۆس نەبوو، بەڵکوو زادەی هەستێک بوو، نزیک لەو هەستەی، هەنووکە لە شیعری ڕۆمانتیکدا هەیە. لیریک کە شیعری گۆرانییە، لە میسرەوە سەری هەڵداوە، دەربڕی هەستە تایبەتییەکانی تاکە و باری دەروونیی شاعیر بەرجەستە دەکات. ڕەنگە ئەوینی نێوان ئەخناتوون و نیفەرتیتی، لە هەموو مێژووی مرۆڤایەتیدا، یەکەمین داستانی ئەوینێکی مەزن بووبێت. (ڕامایانا)یش داستانێکی بەناوبانگی هیندۆسییەکانە، باسی خۆشەویستیی ڕۆحیی، نێوان ڕاما و سیتا دەکات.

دەتوانین بەو هەستەی لە چاخە کۆنەکاندا هەبووە، کە لە ئارەزووکردنی جەستەدا چڕ بووەتەوە، بڵێین: ئێرۆس، کە هەستێک بووە بەر لە خۆشەویستی، یان قۆناغی پێش ئەوین بووە. ئەوە گاڵتە نییە، زەوس، تەنیا بۆ ئەوەی هاوسەرگیریی لەگەڵ (ئەورووپا)دا بکات، خۆی کردووە بە گا! یان خۆی کردووە بە ئەسپ، هەر بۆ ئەوەی (میدۆزا) بخوازێت. زەوس کە گەورە خوداوەندی یۆنانی بووە، لە پێناوی ئەوەدا بە ئالکەمینا بگات، خۆی دەکات بە مێردەکەی، هەرقل زادەی ئەو پێکگەییشتنەیە. لای هیندییەکانیش هەمان چیرۆک دووبارە دەبێتەوە، ئیندرای خوداوەند، خۆی دەکات بە مێردی ئەهالیا، کە ژنی حەکیمێک بوو. بەم چیرۆکانەدا ئەوە دەردەکەوێت کە خوداوەندەکان، پێویستیان بە ئەوینی کەسی بەرانبەر نەبووە و مەبەستیان تەنیا تێرکردنی ئارەزوو جەستەیییەکانیان بووە.

لای هەندێک خێڵی ئوسترالیا، تا ئەم دوایییەیش، پیاو هێندە زبر لەگەڵ ژندا هەڵسوکەوتی دەکرد، ژنان ڕقیان لە پیاوان دەبووەوە و لێیان دەترسان. پیاوی تیمساحڕەوتار، ژنی بە دوژمنی دەزانی و زوو زوو، لەبەر ساکارترین هۆ، پەلاماری دەدا. پیاو هیچ سۆزێکی بۆ ژن دەرنەدەبڕی، وشەیەکی ناسکی بە گوێیدا نەدەچرپاندا، دەستگەمەیەکی لەگەڵدا نەدەکرد و تەنانەت دوای هاوسەرگیرییش، ماچی نەدەکرد.

تراژیدیا بەوەی کە باسی لایەنە گەشەکانی خۆشەویستی ناکات و هەر بایەخ بە کوێرەوەرییەکانی دەدات، کارێک دەکات، ئینسان زەندەقی لە ئەوین بچێت. لای ئەسخیلۆس و سۆفۆکڵیس، ئەوین پاڵنەرێکە بۆ ئەوەی خوێن بڕێژرێت، ئەوین ترس و ئازار بەرهەم دەهێنێت و ناپاکی و مەرگی بە دوادا دێت. ئەوە نییە، بە هۆی خۆشەویستییەوە، ئۆدیب باوکی دەکوژێت و بێ ئەوەی بزانێت، دایکی دەخوازێت و دواتر خۆی کوێر دەکات. لە تراژیدیادا، ئێرۆس باڵدارێک نییە، بە خۆشییەوە بفرێت و بە شادییەوە بخوێنێت، بەڵکوو پاشایەکی ستەمکار یان خوداوەندێکی دڵڕەقە، مەرگ و نەفرەت دەبەخشێتەوە. کالیگۆلا و نیرۆن کە دوو دەسەڵاتداری ستەمکاری بەدناو بوون، پێوەندییە ئەویندارییەکانیان، هێندە قێزەون بوو، مێژوو شەرم لە تۆمارکردنیان دەکات.

دیسان خەو چاوی قورس کرد
ئیدی شاعیر
هەزار بیانووی دیکەی دەست کەوت
شیعرێکی تازە بنووسێ،
ئەگەر ڕووت بێ و
هەوڵ بدا
خێرا خۆی پۆشتە کاتەوە،
توانام هەیە
درێژترین
داستانی لەسەر بنووسم،
هەر چی بکا، هەر چی بڵێ
دەستبەجێ لەو
شتە گچکە و سادانەوە
چیرۆکێکی قووڵ و گەورە پەیدا دەبێ.

پروبیدۆس دەیگوت: (ئیلهامی شیعرنووسینم لە خوداوە بۆ نایەت، لە خۆشەویستەکەمەوە بۆم دێت.) ئۆڤید دەیگوت: نووسین لە بارەی ئەوینەوە، گەلێک بەبایەخترە، لە نووسین لەبارەی خوداوەندەکانەوە، یان لەبارەی جەنگەوە. لای هۆمیرۆس، جەنگی تەروادە بە زەبری خۆشەویستی هەڵدەگیرسێت، بەڵام لە لیریکدا، خۆشەویستی سەنتەری ژیانە و شاعیر تەنیا چیرۆکی ئەوینی نێوان دوو کەس دەنووسێتەوە و هەقی لایەنەکانی دیکەی ژیانیانی نییە، ئاخر لای شاعیری لیریک، ئەوین پایتەختی ژیانە، ئەوین هێژاترین لایەنی ژیانە و تەنانەت لە ژیانیش گرنگترە.

خۆشەویستیی ڕاستەقینە
نە کۆت و بەند
دەناسێت و نە هیچ مەرزێ.
شێت ئەوەیە، چاوەڕێ بێ
شێتێتیی ئەوین دوایی بێ.
خۆشەویستیی ڕاستەقینە ئەوەیە، وەک چۆن باوەڕدار، لەوە دڵنیایە، خودا هاوتای نییە، عاشقیش وای بۆ بچیت، خۆشەویستەکەی کەسێکە، بێ وێنە و لە کەسی تر ناچێت، ئەگەر نا، ئەوە خۆشەویستی نییە، ڕەنگە گەڕان بێت بە دوای سێکسدا و هیچی تر. ئەوە چییە ئەوین لە سێکس جودا دەکاتەوە؟ ئەوین کەم یان زۆر، پێوەندیی بە سێکسەوە هەیە، بەڵام ئەوین لە سێکس مەزنترە و تەنیا پێکەوە گونجانی دوو جەستە و چێژوەرگرتنی سێکسی نییە، بەڵکوو هاوژیانی و ئاوێتەبوونی ڕۆحی و چێژوەرگرتنی ڕۆحیشە.

خۆشەویستی، یەکگرتنی دوو کەسی هاوتایە، دوو کەس کە هەر یەکێکیان وەک چۆن خاوەنی پەنجەمۆری تایبەت بە خۆیەتی، ئاوایش کەسێکە تایبەت، نەک ئاسایی. ژنێک نییە لەنێو ژناندا، بەڵکوو ژنێکە هەموو ژنانی دنیای لە خۆیدا چڕ و کۆ کردووەتەوە. خۆشەویستی شتێکە وەک ویژدان، وەک چۆن لە ڕووی ویژدانەوە کەس لە کەسی دیکە ناچێت، لە خۆشەویستیشدا هەمان تایبەتمەندی هەیە. گرنگترین پێکهاتەی ژیانی مرۆڤایەتی، خۆشەویستییە، ڕەنگە ستەم، لە زۆر شوێن و لە زۆر قۆناغی جیاوازدا، بەسەر هەموو گۆشە و لایەنێکدا زاڵ بووبێت، بەڵام هەرگیز بەسەر خۆشەویستیدا زاڵ نەبووە و نابێت.

لای هیگڵ، خۆشەویستیی ڕاستەقینە، توانەوەی خودە لەوی دیکەدا و لەسەر نکۆڵیکردن لە خود ڕۆ دەنرێت. فرۆید پێی وایە، ئەگەر خۆتێرکردنی سێکسی، بە ئاسانی دابین بکرێت، لە ڕووی دەروونییەوە، بەهای پێویستیی بۆ خۆشەویستی، نزم دەبێتەوە. ئەو وەختەی خۆشەویستی هیچ کۆسپێکی لەبەردەمدا نەبێت، وەک سەردەمی داڕمانی شارستانی، ئیدی خۆشەویستی بەهای نامێنیت و ژیانیش پووچ و بێمانا دەبێت.

٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٢

(*) فلسفة الحب، مجموعة من المٶلفین، ترجمة: هیثم صعب، الجزء الأول، دار المدی للثقافة والنشر ٢٠١٠ دمشق.


لينكپەیجی نووسەر لە فەیسبووك:
http://www.facebook.com/Hemeseid.Hassan
Top