پێوەندیی كورد و تورك (ئایدیۆلۆژیا و ڕەخنه له ئایدیۆلۆژیا)
November 18, 2012
فیکر و فەلسەفە
نووسه‌ر :ڕێبوار سیوەیلی
سه‌ره‌تا:له ده‌ره‌وه‌ی هه‌ر كێشه و ململانێیه‌كی بۆماوه‌یی و مێژوویی، له‌ده‌ره‌وه‌ی هه‌ر هاندانێكی سیاسی و ئایدیۆلۆژیی، قسه‌كردن له‌سه‌ر په‌یوه‌ندیی نێوان میلله‌تان و نه‌ته‌وه‌كان به‌های خۆی هه‌یه و به‌شدارییه‌كی سوودبه‌خشه له بیناكردنه‌وه‌ی شارستانیه‌تێكی مرۆییتر و به‌های تێگه‌یشتن و پێكه‌وه هه‌ڵكردن، به‌تایبه‌تی ئه‌گه‌ر ئه‌و میلله‌تانه هاوسێی یه‌كتر بن و به‌رژه‌وه‌ندیی و مێژوو و ئه‌زموونی خۆش و ناخۆشیان له‌گه‌ڵ یه‌كتر هه‌بێت و بیانه‌وێ میرات و وانه‌یه‌كی سوودمه‌ند بۆ نه‌وه‌كانیی داهاتوو به‌جێبهێڵن. گه‌وره‌ترین ده‌ستكه‌وتی مێژوو ئه‌وه نییه كه له ڕابردوودا به‌ده‌ستهاتووه، هێنده‌ی ئه‌وه‌ی ده‌ستكه‌وتی گه‌وره ئه‌وه‌یه له داهاتوودا بۆی هه‌یه بێته ده‌ست. چونكه ته‌نیا به بیركردنه‌وه له‌م راستییه، ده‌توانین ژیانێكی باش بۆ نه‌وه‌كانی داهاتوو به‌دوور له‌و كێشه و ململانێیانه‌ی له ئێستادا سه‌رقاڵیان كردوین و ئه‌نجامی خراپ حاڵیبوونی میلله‌تانن له‌یه‌كتر، دابین بكه‌ین.من زۆر كه‌م له‌سه‌ر په‌یوه‌ندیی میلله‌تی تورك و نه‌ته‌وه‌ی كورد قسه‌م كردووه. نه‌مویستووه له په‌راوێزیی مه‌ترسییه‌كانی ئایدیۆلۆژیا و به‌رژه‌وه‌ندیی سیاسیه‌كاندا قسه له‌سه‌ر په‌یوه‌ندیی و شكۆی گه‌لان بكه‌م و ویستی سیاسیی و ئامانجه ئایدیۆلۆژییه‌كان وه‌ك ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ئیراده‌ی میلله‌تان ته‌ماشا بكه‌م. ئه‌مه‌ش له‌به‌ر یه‌ك هۆكاری ساده، میلله‌تان و نه‌ته‌وه‌كان په‌یوه‌ندییه‌كی ڕیشه‌یی و قوڵتر و مێژوویی تریان به‌یه‌كه‌وه هه‌یه له چاو په‌یوه‌ندیی حكومه‌ته‌كان و ئایدیۆلۆژیاكاندا. ئه‌مه جگه له‌وه‌ی میلله‌تان له‌سه‌ر خاك و ئاوێك ده‌ژین و به‌ده‌ست و په‌نجه‌ی خۆیان زه‌حمه‌ت به ژیانه‌وه ده‌كێشن و بۆ ئه‌مه‌ش له مێژه له‌وه تێگه‌یشتوون كه بۆ سه‌ركه‌وتن و به‌رژه‌وه‌ندییان پێویستییان به جۆرێ له هه‌ڵكردن له‌گه‌ڵ یه‌كتر و پێكه‌وه‌ژیان و لێبوورده‌یی هه‌یه. ئه‌مه جه‌برێكه واقیع به‌سه‌ر مرۆڤدا ده‌یسه‌پێنێ. لێره‌وه تێكه‌ڵبوون و هاوسه‌رگیریی و خێزان پێكه‌وه‌نان و وه‌چه‌خستنه‌وه، له مێژووی كولتوور و كۆمه‌ڵگاكاندا شتێكی زۆر ئاسایی بووه. به‌ڵام ئایدیۆلۆژیا و پڕۆژه ئایدیۆلۆژییه‌كان هه‌م تازه و هه‌م بێڕیشه‌ن و هه‌میش مه‌ترسیدار. هه‌ڵبه‌ت هه‌موو میلله‌تێك و نه‌ته‌وه‌یه‌ك له خۆتێگه‌یشتنێكی تایبه‌تیی له‌سه‌ر خۆی هه‌یه، كه مه‌رج نییه هه‌میشه به‌ره‌و خۆ(به‌باشترزانینی) ئه‌وانی له‌چاو میلله‌ت و نه‌ته‌وه‌كانیتری له پشته‌وه بێت. ئه‌و كاته له‌خۆ تێگه‌یشتن، مه‌ترسیداره كه ده‌بێته ئایدیۆلۆژیایه‌كی تایبه‌ت بۆ ئاراسته‌كردنی ئاپۆره‌ی خه‌ڵك له دژی خه‌ڵكانیتر.ئه‌زموونێك:
ساڵی نه‌وه‌د و شه‌ش بوو كه زانكۆی غۆسكیله‌ی دانمارك، ناردمی بۆ شاری ئۆكسفۆرد بۆ به‌هێزكردنی زمانه ئینگلیزییه‌كه‌م و وه‌رگرتنی چه‌ند ده‌رسگوتارێك له بواری فه‌لسه‌فه‌دا. به‌یانییه‌ك زوو، به ته‌نیا گه‌یشتمه ئه‌و شاره و یه‌كسه‌ر به‌ره‌و ئه‌و فێرگه‌یه چووم كه تایبه‌ت بوو به زمان: سانت جۆزیفس هاڵ. له‌وێ دوای چاوپێكه‌وتن و هه‌ڵسه‌نگاندنی ئاستی زمانه ئینگلیزییه‌كه‌م له قۆناغی 4 دایان نام، به‌ڵام بۆ نووسین خۆم هاتمه‌وه قۆناغی دوو، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌میشه كێشه‌ی ڕێنووسم هه‌بوو. ئیتر به‌وجۆره ده‌بوو له ماوه‌ی حه‌وت مانگدا كۆرسه‌كه ته‌واو بكه‌م، به‌ڵام من به دوو مانگ بڕوانامه‌كه‌م وه‌رگرت و ماوه‌یه‌كی زۆریش دوای ئه‌وه له‌و قوتابخانه‌یه‌دا مامه‌وه، چونكه پاره‌كه‌م درابوو. ئه‌و ماوه‌یه زیاتر له ستۆدیۆی قوتابخانه‌كه داده‌نیشتم و گوێم له خوێندنه‌وه‌ی رۆمانی كلاسیكی ده‌گرت، هه‌م ڕۆمانه‌كه‌م ده‌ناسی و هه‌م ئینگلیزییه‌كه‌م به‌هێزتر ده‌كرد، پاشانیش له كتێبخانه‌كه‌دا كتێبگه‌لێكی زۆری لێبوون و چاوم پێدا ده‌گێڕان.
له‌و پۆله‌دا كه من زمانم تیا ده‌خوێند، گه‌نجانی ئێرانی، ئیتالی، ڕۆمانی و تورك و عه‌ره‌بیشی لێبوون. هه‌ر بۆیه‌ش مامۆستاكانمان چ وه‌ك به‌شێ له یه‌كتر ناسین و چ بۆ به‌هێزكردنی زمانی قسه‌كردن به ناچاری هه‌ر یه‌كه‌ی سیمینارێكیان پێده‌كردین له‌باره‌ی نه‌ته‌وه و كولتوور و مێژووی خۆمانه‌وه. من چواره‌م كه‌س بووم و ده‌بوو ئه‌و كاره ئه‌نجام بده‌م، له دانماركیش زۆرجاران ئه‌و جۆره سیمینارانه‌م ئه‌نجام دابوون و ده‌مزانیی كه ده‌بێت چ ته‌كنیكێكی گه‌یاندن و خۆچڕكردنه‌وه به‌كار بهێنم. به‌ڵام كێشه‌كه ئه‌وه‌بوو، ده‌بوو ئه‌مجاره‌یان قسه بۆ كه‌سانیی جیاواز بكه‌م و باسی گه‌له‌كه‌میان بۆ بكه‌م. له دانمارك ئه‌م كێشه‌یه‌م نه‌بوو، چونكه ئه‌وان میلله‌تێكی جێگیر و هۆمۆگین و گونجاون و مرۆڤ پاش ماوه‌یه‌ك له مانه‌وه له وڵاته‌كه‌دا ده‌زانێت ده‌بێت چۆن قسه‌یان بۆ بكات به‌بێ ئه‌وه‌ی بێتاقه‌تكه‌ر بێت، بۆ ئه‌وه‌ی وه‌ك ئه‌و نوكته‌یه‌ی لێنه‌یه‌ت، كه به‌سه‌ر هاوڕێیه‌كی په‌نابه‌رمان هاتبوو. با نوكته‌كه بگێڕمه‌وه: براده‌رێك شه‌وێك له باڕێكدا خانمێك ده‌ناسێت و ده‌كه‌ونه قسه كردن، براده‌ره‌كه به تێگه‌یشتنی خۆی وا بیر ده‌كاته‌وه ئه‌گه‌ر باسی پارچه‌پارچه‌بوونی كوردستانی بۆ بكات، سه‌رنجی زیاتر راده‌كێشێت. به‌ڵام دیاره خانمه‌كه پێشتر چه‌ند جارێك ئه‌و چیرۆكه‌ی بیستووه و پێی ده‌ڵێت: گوێ بگره، ئه‌زانم وڵاته‌كه‌ی تۆ به‌سه‌ر چوار ده‌وڵه‌تدا دابه‌شكراوه، ده‌زانم ئێوه به چه‌ند زاراوه‌یه‌ك قسان ده‌كه‌ن، ده‌زانم شله‌وبرنجتان له‌لا خۆشه، ده‌زانم له ئێران و عێراق و سوریا و توركیا، چه‌ند ملیۆن كه‌سن، به‌ڵام ئه‌وانه هیچیان سه‌رنجی من وه‌ك ژنێك ڕاناكێشن..
من، له ئۆكسفۆرد، له‌به‌رده‌م هاوپۆله‌كانمدا ده‌بوو سه‌رنجیان رابكێشم و شتگه‌لێكیان بۆ باس نه‌كه‌م، كه پێشتر بیستبێتیان. له‌به‌ر ئه‌وه، لایه‌نی مێژوویی و سیاسیه‌كه‌م كه‌مكرده‌وه و زیاتر خۆم له‌سه‌ر فره‌كولتووریی له كوردستاندا چڕ كرده‌وه، كه ئه‌وسا ئه‌م بابه‌تی فره‌كولتووریه سه‌رنجی ئه‌وروپاییه‌كانی زۆر ڕاده‌كێشا، ئه‌مه‌ش به‌و هۆیه‌وه، كه توێژینه‌وه‌كان جه‌ختیان له‌سه‌ر پارادایمێكی كولتووریی نوێ له وڵاتانی ئه‌ورپادا ده‌كرده‌وه و قسه‌یان له‌سه‌ر ڕۆڵی پۆزه‌تیڤی په‌نابه‌ران له گۆڕینی كولتووری تاكڕه‌هه‌ندا بۆ كولتووریی فره‌ڕه‌هه‌ند ده‌كرده‌وه.
له باسكردنی لایه‌نه مێژووییه‌كه‌یدا و به‌تایبه‌تیش له‌سه‌ر باكووریی كوردستان هه‌ر ئه‌وه‌نده‌م گوت كه له‌گه‌ڵ دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی مۆدێرن له توركیا، ئایدیۆلۆژیای تۆتالیتاریانه‌ی به تورككردن ده‌ستپێكرد و ئه‌مه‌ش ته‌واوكه‌ری هه‌مان سته‌می ده‌وڵه‌تی عوسمانیی بوو له‌سه‌ر و له‌دژی كورده‌كان. گوتیشم، كه سیاسه‌تی عوسمانیه‌كان به‌ناوی ئایینه‌وه له دژی كورده‌كان، له سیاسه‌تی ئه‌تاتورك به‌ناوی مۆدێرنیته‌وه، جیا ناكرێته‌وه و درێژبوونه‌وه‌یه‌كی ئه‌خلاقیی و ئایدیۆلۆژیی بۆ به په‌راوێزخستن و سڕینه‌وه‌ی كورده‌كان له ئارادا هه‌یه. پاشان، جه‌ختم له‌وه كرده‌وه، كه من به‌پێی ناسینم بۆ میلله‌تی تورك، ئه‌م سیاسه‌ته ته‌نیا به سیاسه‌تی حكومه‌ت و ده‌وڵه‌تی توركیا ده‌زانم، نه‌ك هی خه‌ڵكه‌كه‌ی..
قوتابییه‌كان زۆر پرسیاریان لێكردم، به‌ڵام ئه‌و دوو قوتابیه توركه‌ی له پۆله‌كه‌دا بوون و پێشتریش زۆر نێوانمان خۆش بوو، گوتیان حه‌ز ده‌كه‌ین دوایی له ده‌ره‌وه بتبینین.
كاتێ خه‌ریكی پێچانه‌وه‌ی كتێب و ده‌فته‌ره‌كانم بووم، مامۆستاكه‌م (لوسی) هاته لام و گوتی نابێت له ده‌رگای سه‌ره‌كییه‌وه بچیته‌وه ماڵه‌وه و پێویسته له‌گه‌ڵ من بێیت. ئیتر بردمی بۆ ئیداره و بڕیاریاندا كه ئه‌و بمه‌گه‌یه‌نێته‌وه بۆ شوێنی حه‌وانه‌وه‌ی خۆم. له ڕێگا، كاتێ ئۆتۆمبیله‌كه‌ی ده‌هاژووشت، بۆی گێڕامه‌وه كه چۆن ئه‌وانه به چه‌قۆوه له‌به‌رده‌می قوتابخانه بۆمن دانیشتوون و چه‌ند هاوڕێیه‌كی دیكه‌ی خۆشیان كۆكردوونه‌ته‌وه. كاتێكیش مامۆستاكه زانی، كه ئه‌وان شوێنی حه‌وانه‌وه‌ی من پێده‌زانن، ته‌له‌فۆنیكرد بۆ ئیداره‌ی قوتابخانه‌كه و پێكه‌وه بڕیاریاندا، كه من به‌رێته‌وه بۆ ماڵی خۆی و ئه‌و شه‌وه نه‌چمه‌وه هه‌واری خۆم..
لوسی، ته‌واو شپرزه ببوو. هه‌میشه‌ش پرسیاری لێده‌كردم و ده‌یگوت: به‌ڵام رێبوار تۆ هیچی ئه‌وتۆت نه‌گوت، تا ئه‌وان به شه‌خسیی وه‌ریبگرن..
ئه‌وشه‌وه‌م له ماڵیی مامۆستا لوسی، كه خانمێكی ته‌نیای بوودایی بوو، تێپه‌ڕاند، به‌ڵام بۆ به‌یانی ئیداره‌ی قوتابخانه‌كه ئه‌و قوتابیه توركانه‌ی بانگ كردن و به‌ڵێننامه‌یه‌كی پێ پڕكردنه‌وه كه ئه‌وان مه‌سئولن له هه‌ر شتێك به‌سه‌ر من بێت. له‌وەو‌دوا، ته‌نیا مه‌رحه‌باییه‌كی ساردمان له نێواندا ما، ئه‌ویش به‌رده‌وام من ده‌ستپێشخه‌ریم ده‌كرد..
هه‌ردوو قوتابییه‌كه ته‌مه‌نیان له سه‌ره‌تای بیسته‌كاندا بوو، هه‌ردووكیشیان وه‌كو من قوتابیی زانكۆ بوون. ئه‌مانه له دوایین نه‌وه‌ی توركیای مۆدێرن بوون. كاتێ بیرم له‌م ڕاستییه ده‌كرده‌وه، به‌زه‌ییم به میلله‌تێكدا ده‌هاته‌وه، كه ڕه‌نگه جگه له ملكه‌چییه‌كی كوێرانه بۆ سیاسه‌تگه‌لێكی ره‌گه‌زپه‌رستانه، كه له‌میانه‌ی ساڵه‌كاندا به‌سه‌ریدا سه‌پێنراوه و له هابیتۆس و خووی چه‌ندین نه‌وه‌دا له ڕێگه‌ی سیسته‌مێكی په‌روه‌رده‌یی و سیاسیی تۆكمه‌وه، فێری كراوه، هیچ گوناهێكی تری نه‌بێت. له‌م ڕوانگه‌یه‌شه‌وه هه‌ستم به‌و مه‌ترسیانه ده‌كرد كه ئێمه‌ی گه‌لان و نه‌ته‌وه‌كانی خۆرهه‌ڵاتیی ناڤین، تا پاشه‌ڕۆژێكی دوورودرێژ ده‌بێت باجه‌كه‌یان بده‌ین و ببینه قوربانیی بیركردنه‌وه‌ی ده‌سته‌بژێرێكی سیاسی و بیر ته‌سك و سوپاسالار، كه داهاتوو له دۆستایه‌تیی نه‌ته‌وه‌كان و گه‌لاندا نابینین. نمونه‌كان زۆرن:
- هه‌تا ئێستا له توركیا، كوردبوونی یه‌شاركه‌مال قه‌بووڵ ناكرێت،
- هه‌تا ئێستا ئیسماعیل بێشكچی سزای ئه‌و دۆستایه‌تییه‌ی ده‌دات كه له نووسینه‌كانیدا بۆ كورده‌كان و كێشه‌كه‌یان، ده‌ریبڕیوه.
- ئه‌حمه‌د كایا، كاتێ كوردبوونی خۆی ڕاگه‌یاند، كۆمه‌ڵگای توركیا و كایه‌ی هونه‌ریی ئه‌و وڵاته‌ی تووشی شۆك كرد.
له خراپحاڵیبوونه‌وه بۆ ره‌گه‌زپه‌رستی:
ڕقهه‌ستان و پیشاندانی په‌رچه‌كرداری ره‌گه‌زپه‌رستانه و ئه‌ویتر نه‌ویستانه، له‌سه‌ر ئه‌م جۆره شتانه، نیشانه‌ی یه‌كه‌می ساده‌یی و نزمیی ئاستی بیركردنه‌وه‌یه. هه‌موو مرۆڤێك مافی خۆیه‌تی خۆی به‌و ناوه‌وه ناو به‌رێت، كه سه‌ربه‌ڕه‌گه‌زه‌كه‌یه‌تی. هه‌موو مرۆڤێك مافی خۆیه‌تی پشتوانیی ئه‌خلاقیی و زانستیی و ویژدانی ملله‌تان و مرۆیه‌كانیتر بكات، هه‌موو كه‌سیش بۆی هه‌یه به‌و زمانه گۆرانیی بڵێ، كه به زمانیی زگماكیی خۆی ده‌زانێت. له‌به‌ر ئه‌وه، كاتێ ئایدیۆلۆژیایه‌ك له ئاست ئه‌م كرده و گوته ئاساییانه‌ی كه‌سانێكدا، په‌رچه‌كرداری توند له رێگه‌ی په‌یڕه‌وكاره‌كانیه‌وه ده‌نوێنێ، نیشانه‌ی ساده‌یی و نزمیی ئاستی بیركردنه‌وه‌یه‌ك له خۆیدا پیشانده‌دات. به‌ڵام هه‌ر ئه‌مه‌ش مه‌ترسیداربوونی ئاشكرا ده‌كات. چونكه ئه‌م جۆره ئایدیۆلۆژیا ڕه‌گه‌زپه‌رستیانه مرۆڤ زیاتر به‌ره‌و بیرنه‌كردنه‌وه هانده‌ده‌ن و به‌و درۆیانه چاوبه‌ستیان ده‌كه‌ن، كه ناھێڵن ئه‌وان ڕاسته‌قینه‌كه‌یان، ببینن..
داپۆشین و شاردنه‌وه، به‌شێكی گرنگیی میكانیزمه‌كانی هه‌ر ئایدیۆلۆژیایه‌كن. بۆیه له پێناسه‌كردنی زاراوه‌ی ئایدۆلۆژیادا، هه‌ر ئه‌وه‌نده به‌س نییه بگوترێ: ئه‌م چه‌مكه لێكدراوی وشه‌ی ئایدیا، به واتای بیرۆكه و لۆژیك به مانای ژیریی و دانایی و پێكه‌وه مانای ئه‌قڵییه‌تێك ده‌گه‌یه‌نێت كه بیرۆكه‌یه‌ك ئاراسته ده‌كات، یان بیرۆكه‌یه‌ك كه به‌شێوه‌یه‌كی لۆژیكیانه خۆی به‌رجه‌سته ده‌كات. ئه‌م پێناسه زمانیه بۆ چه‌مكی ئایدیۆلۆژیا دادمان نادات، ئه‌گه‌ر له هه‌مان كاتدا، بونیادی وشه‌كه و ئه‌و نییه‌تمه‌ندییه‌ی بۆی دروستبووه و له ڕێگه‌یه‌وه ئاڕاسته ده‌كرێت، نه‌دۆزینه‌وه.
سرووشتی ئایدیۆلۆژیا ڕه‌گه‌زپه‌رستییه‌كان:
له هه‌ناوی ئایدیۆلۆژیای ڕه‌گه‌زپه‌رستیه‌كاندا، بیركردنه‌وه‌یه‌كی دژه‌مرۆڤانه هه‌یه، بیركردنه‌وه‌یه‌ك، كه مرۆڤ وه‌ك گه‌مژه‌یه‌ك و نه‌زان و بیرنه‌كه‌ره‌وه‌یه‌ك وێنا ده‌كات تا بتوانێ بیكاته ئامڕازی گه‌یاندنی په‌یام و مه‌به‌سته‌كانی خۆی. ڕه‌گه‌زپه‌رستی، به‌م مانایه بیركردنه‌وه نیه، چونكه له‌خۆیدا وه‌ك (بیركه‌ره‌وه) ته‌ماشای مرۆڤ ناكات. هه‌ر بۆیه‌شه له هه‌ر ئایدیۆلۆژیایه‌كدا كه بیركردنه‌وه‌ی بیركه‌ره‌وه ڕه‌تده‌كرێته‌وه، خودی بیركه‌ره‌وه، ده‌كرێته یه‌كه‌م ئامانج و قوربانیی و له جه‌وهه‌ره مرۆییانه‌كه‌ی خۆی داده‌ماڵرێ تا بكرێته قاوغێك، یان گه‌روویه‌كی درۆزن بۆ وتنه‌وه‌ی ئه‌و قسانه‌ی خۆی بیریی لێنه‌كردوونه‌ته‌وه.
مرۆڤی ئایدیۆلۆژی باوه‌ڕ، یان ئایدۆلۆژیی په‌رست، مرۆڤێكه شایانی هاوكاریی و به‌زه‌ییه، چونكه ئه‌و نازانێت كه ئه‌و ئایدیۆلۆژیایه‌ی ئه‌و هه‌ڵگرییه‌تی و به‌ناوی ڕاسته‌قینه‌وه له خودی ئه‌ودا قسان ده‌كات و په‌رچه‌كرداری پێده‌نوێنێ، بۆخۆی تێڕوانینێكی دژه مرۆڤانه‌ی هه‌یه. له‌به‌ر ئه‌وه ئایدیۆلۆژیا سه‌ره‌تا، مرۆڤ له هه‌ر جۆره پێوه‌رێكی مرۆڤبوون به‌تاڵده‌كاته‌وه و داگیریی ده‌كات، تا بیكاته ئامڕازی ده‌ستی خۆی و پڕی بكاته‌وه به‌و په‌یامانه‌ی، كه بۆ پیشاندان و سه‌لماندنی ڕاسته‌قینه‌كه‌یان، پێویسته سه‌ره‌تا هه‌ر راسته‌قینه‌یه‌ك بسڕدرێته‌وه.
ئایدیۆلۆژیا له ده‌ره‌وه‌ی بیركردنه‌وه، بیركردنه‌وه به‌كارده‌هێنێ بۆ وێرانكردن و داڕمان، به‌ڵام له پێش هه‌موو شتێك‌دا وێرانكردنی بیركردنه‌وه و بكه‌ری بیركه‌ره‌وه. مه‌ترسیی ئایدیۆلۆیا هه‌ر له‌وه‌دا نییه، كه بۆ ماوه‌یه‌كی كورت یان درێژ، حه‌قیقه‌ت له تاكه‌كه‌سه‌كان ده‌شارێته‌وه. به‌ڵكو مه‌ترسییه‌كه‌ی له‌وه‌دایه، كه كه‌سایه‌تی تاكه‌كه‌سیش به‌با ده‌كات و ده‌یهێنێته سه‌ر ئاستێكی نزم له هزرین، كه وا بزانرێت ئه‌وه بیركردنه‌وه‌یه له ئه‌ودا ڕوو ده‌دات..
با نمونه‌یه‌ك له دنیای بازرگانییه‌وه بهێنینه‌وه، ئه‌مڕۆ په‌یوه‌ندیی بازرگانیی له نێوان هه‌رێمی كوردستان و توركیادا له بره‌ودایه. ئه‌م پرۆسه و په‌یوه‌ندیه به بێ بوونی ئایدیۆلۆژیا ئیمكانیی نییه. له بازاڕه‌كانی هه‌رێمدا، فرۆشیاره‌كان (توركییبوون)ی كه‌لوپه‌له‌كانیان، وه‌ك ده‌ستكه‌وتێك بۆ كڕیار و وه‌ك وتنی (ڕاسته‌قینه)یه‌كی باش له به‌رژه‌وه‌ندیی ئه‌واندا ده‌خه‌نه ڕوو. كه ده‌گوترێ (ئه‌م شته توركیه)، ئه‌م كراسه، ئه‌م قاته، ئه‌م پێڵاوه، ئه‌م قاوه‌یه، هه‌موو ئه‌مانه وه‌ك ڕاسته‌قینه‌یه‌ك بۆ بیرخستنه‌وه‌ی نه‌وعییه‌تی شته‌كه و كراسه‌كه و قاته‌كه و پێڵاوه‌كه و قاوه‌كه ده‌خرێنه ڕوو، به‌بێ ئه‌وه‌ی بزانرێ ئه‌مه ره‌واجدانه به شتێك و قاتێك و پیڵاوێك و كراسێك و قاوه‌یه‌ك، كه توركییبوونه‌كه‌ی گرانتی نه‌وعیه‌ته‌كه‌یی و مه‌رجه ته‌ندروستیه‌كانی نییه. به‌ڵام ئایدیۆلۆژیا ئه‌م ڕاسته‌قینه‌یه‌مان لێده‌شارێته‌وه و توركیبوونه‌كه وه‌ك گه‌رانتی نه‌وعیی ده‌خاته ڕوو.
به‌مجۆره‌ش، ئایدیۆلۆژیا له ژێره‌وه و له سه‌ره‌وه و له هه‌رچوارلاوه كاری خۆی ده‌كات و هیچ لۆگۆیه‌ك، كارگه‌یه‌ك، كه‌ره‌سته‌یه‌ك، خواردنگه‌یه‌ك و ته‌نانه‌ت ده‌سته‌سڕیكی كلێنكسیش نییه، كه لووتی خۆمانی پێپاك ده‌كه‌ینه‌وه و له ته‌والێتدا قوونی خۆمانی پێده‌سڕینه‌وه، ئه‌ركێكی ئایدیۆلۆژی جێبه‌جی نه‌كات. چجای ئه‌وه‌ی به‌شێوه‌یه‌كی سیسته‌ماتیك و له ڕێگه‌ی میدیا و قوتابخانه و ریكلامه‌كانه‌وه، ئایدیۆلۆژیا دزه ده‌كاته ناخمانه‌وه به‌بێ ئه‌وه‌ی بتوانین به‌رگریی له‌م داگیركارییه بكه‌ین.
وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئایدیۆلۆژیا به هوشیاری:
وه‌ستانه‌وه له دژیی ئایدیۆلۆژیایه‌كی تایبه‌تی وه‌ك ئایدیۆلۆژیای ڕه‌گه‌زپه‌رستانه‌ی توركیی، به به‌رهه‌مهێنانی ئایدیۆلۆژیایه‌كی هاوشێوه‌ی كوردیانه نابێت. گه‌وره‌ترین ئامانجی ئایدیۆلۆیا ڕه‌گه‌زپه‌رسته‌كان، به‌رهه‌مهێنانی ئایدیۆلۆژیای هاوشێوه‌ی خۆیانن تا بتوانن له‌پاڵ ئه‌وه‌دا ڕه‌وایه‌تی به تێزه‌كانی خۆی بدات و به‌رده‌وام بێت له داگیركاری و شێواندنه‌كانی و له‌و ڕێگه‌یه‌شه‌وه، چاندنی ڕق و كێنه له نێوان نه‌ته‌وه و گه‌لاندا..
دژوه‌ستانه‌وه‌ی ئایدیۆلۆژیا به ره‌خنه‌ی ئایدیۆلۆژیا ده‌كرێت. ڕه‌خنه‌ی ئایدیۆلۆژیا بریتیه له هووشیارییه‌كی فه‌لسه‌فیی كه توانای جیاكردنه‌وه‌ی ڕاسته‌قینه له درۆ، جه‌وهه‌ر له نیشانه و وێنه له بابه‌تمان بداتێ. ته‌نیا به هووشیاربوونه‌وه ده‌توانرێ جادووی ئایدیۆلۆژیا و پاكژییه نومایشیی و ڕواڵه‌تیه‌كه‌ی، بدۆزرێته‌وه و ئاشكرا بكرێت و پووچ بكرێته‌وه. ڕه‌خنه‌ی ئایدیۆلۆژیا، ئامانجی هه‌ر بیركردنه‌وه‌یه‌كه، كه ده‌توانێ شوناس له توانه‌وه ڕزگار بكات و جیاوازیی بخاته جێگه‌ی سته‌مكاریی و تواندنه‌وه. بیركردنه‌وه له ئایدیۆلۆژیای ڕه‌گه‌زپه‌رستانه، به دامه‌زراندنی ئایدیۆلۆژیایه‌كی ڕه‌گه‌زپه‌رستانه‌ی هاوشێوه چاره‌سه‌ری كێشه‌كانی ئێستا و داهاتوو ناكات. ئێستا و داهاتوو، به‌رهه‌مهێنراوێكی ئایدیۆلۆژین، به‌ڵام ئێمه ده‌مانه‌وێت په‌یوه‌ندیه ئایدیۆلۆژییه‌كان بكه‌ینه‌وه به په‌یوه‌ندیی سوودمه‌ندی مرۆیی.
من كاتێ ئیشم ده‌كه‌وێته لای وه‌ستایه‌كی تورك، كه هاتووه له وڵاته‌كه‌مدا كار بكات و بژێوی خێزانه‌كه‌ی په‌یدا بكات و ده‌بینم كاره‌كه‌ی به باشی ئه‌نجام ده‌دات، ئیتر ئه‌مه نابه‌ستمه‌وه به توركبوونی ئه‌وه‌وه، به‌ڵكو كواڵیته‌ی كاره‌كه‌ی ده‌به‌ستمه‌وه به جیدیه‌تی ئه‌و له ئه‌نجامدانی كاره‌كه‌یدا و به‌كارهێنانی مه‌هاره‌ت و شاره‌زاییه پیشه‌ییه‌كانی. بۆ من ئه‌و وه‌ستایه، پێش هه‌موو شتێك مرۆڤێكه، كه پێویستم به‌وه له‌و دیو ئه‌و گوتاره ئایدیۆلۆژییه‌ی ئێمه‌ی له‌یه‌كتر دابڕ كردووه بیناسم و له‌یه‌كتر تێبگه‌ین. لێره‌وه‌یه، كه ئیتر من ئه‌و به نوێنه‌ری ئایدیۆلۆژیا و سیاسه‌تێك نابینم كه به‌رنامه‌یه‌كی دژ و نامرۆڤانه‌ی هه‌یه له ئاست كورده‌كانی باكور و كێشه‌ی كوردا به گشتی. ڕه‌خنه‌ی ئایدیۆلۆژی ئه‌و وزه‌یه‌مان بۆ ده‌گێرێته‌وه، كه یه‌كتر بناسینه‌وه و له‌یه‌كتر تێبگه‌ین له میانه‌ی په‌یوه‌ندیه‌كانماندا، نه‌ك ئه‌و ڕسته ئایدیۆلۆژیانه بكه‌ین پێوه‌ر بۆ ناسینمان له‌سه‌ر یه‌كتر، كه له میدیاكاندا ڕووخسارمان ده‌شێوێنین..