جێنده‌ر له سایه‌ی جه‌ندرمه‌دا
October 6, 2012
فیکر و فەلسەفە
نووسه‌ر :حه‌مه‌سه‌عید حه‌سه‌ن
وڵات مێیه، نه‌ته‌وه‌یش مێیه و خاکیش هه‌روه‌ها، ئه‌وه نییه به‌رده‌وام وه‌ته‌ن به دایک ده‌چوێنین! ئه‌وه زاده‌ی ئاره‌زووکردنی پیاوه بۆ جه‌سته‌ی ژن که وه‌ک مێ سه‌رنجی نیشتمان ده‌دات. که چه‌کدار ده‌ستی به‌سه‌ر وڵات‌دا گرت، زه‌بروزه‌نگ ده‌بێته به‌شێک له ژیانی ڕۆژانه و ئه‌و به‌هایانه سه‌روه‌ر ده‌بن، به لای چه‌کداره‌وه، به‌رز و باڵان، ئیدی وه‌ته‌ن ده‌بێته دایکێک که هه‌میشه چاوی له‌وه‌یه، ڕۆڵه‌کانی له هێرشی دوژمنی ده‌ره‌کی بیپارێزن، نیشتمان ده‌بێته شه‌ره‌ف و پێویستی به قاره‌مانی نێر ده‌بێت. سه‌ردار ئاسف عه‌لی که وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی پاکستان بوو، جارێک گوتی: به‌رنامه ناوکییه‌که‌مان وه‌ک دایک و خوشکمان وایه، به هه‌ر نرخێک بووه، ده‌بێت بیپارێزین.له‌و وڵاتانه‌دا که عه‌قڵی عه‌سکه‌ر زاڵه، نیشتمان، یاری شیرینه و شاعیری نێر، بۆی ده‌سووتێت و عیشق له شتێکی تایبه‌تی نێوان دوو که‌سه‌وه، ده‌بێته شتێکی گشتیی نێوان میلله‌ت و وه‌ته‌ن. (نیشتمان باخچه‌یه و بولبوله‌کانی ئێمه‌ین. نیشتمان مۆمه و په‌پووله‌کانی ئێمه‌ین،) ئه‌وه شیعرێکی هیندییه و هه‌ر ده‌ڵێیت، دڵدارێک، بۆ دڵبه‌ره‌که‌ی گوتووه.
پێوه‌ندیی نێوان دایک و وه‌ته‌ن، دێرینه و لایه‌نی هاوبه‌ش له نێوانیاندا زۆره، هه‌ردووکیان پێویستیان به‌وه‌یه، پارێزگاری‌یان لێ بکرێت، هه‌ردووکیان خۆشه‌ویست و هێژان، به هه‌ردووکیان سه‌رسامین و ئاماده‌ین له پێناوی شه‌ره‌فی هه‌ردووکیاندا خۆمان به کوشت بده‌ین. پارادۆکس ئه‌وه‌یه، له کاتێکدا، هه‌موو وه‌ته‌ن یه‌کسانه به یه‌ک دایک، که‌چی هه‌موو دایکانی وه‌ته‌ن، به‌رده‌وام سته‌میان لێ ده‌کرێت و هاووڵاتیانی پله دوون و له هیج بوارێک‌دا، هه‌مان مافی پیاوانیان نییه.
زۆربه‌ی دایکان، له زیندانی ماڵدا ژیان به ڕێ ده‌که‌ن و له ڕووی ئابووریشه‌وه ئازاد نین. ئه‌وه‌یش هه‌ر پارادۆکسێکی دیکه‌یه، به ناوی به خاوێن هێشتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌وه، پیاو چالاکییه سێکسییه‌کانی ژن ده‌خاته ژێر سانسۆر و کۆنترۆڵه‌وه، ئه‌وه نییه سێکسواڵیتیی ژن، ته‌نیا کاتێک شه‌رعییه که له پێناوی خستنه‌وه و پێگه‌یاندنی وه‌چه‌دابێت، بۆ وه‌ته‌ن. وه‌ک چۆن، ئه‌وه نێری تێکۆشه‌ره، سنووری وه‌ته‌ن ده‌پارێزێت، هه‌ر نێریشه سنوور بۆ چالاکییه‌کانی مێ ده‌ستنیشان ده‌کات و شه‌ره‌فی ده‌پارێزێت!
گوێ له سروود و گۆرانی بگرن! دایک منداڵی ئازا بۆ نیشتمان پێده‌گه‌یه‌نێت و که ئه‌و منداڵه گه‌وره ده‌بێت و له پێناوی وه‌ته‌ندا شه‌هید ده‌بێت، پێویسته دایک به ئاشکرا شانازیی به ڕۆڵه‌که‌یه‌وه بکات و به نهێنی بۆی بگری. دایک هه‌ر ناگری، هه‌ندێک جار گۆرانیش بۆ خۆشه‌ویسته‌که‌ی یان مێرده‌که‌ی، یان کوڕه‌که‌ی ده‌ڵێت، به‌ڵام به مه‌رجێک سه‌ربازی سوپا بن.
ئه‌وه دایکت بوو، تۆی خسته‌وه،
به‌ڵام خاکی وه‌ته‌نیش هه‌ر دایکی تۆیه،
ئه‌وه بۆیه تۆی له ئامێزی من ڕفاند و
باوه‌شی خۆی بۆ کردییه‌وه،
گیانیشم پێشکه‌شی تۆ بێ،
ئه‌ی ئه‌و که‌سه‌ی به دایه گیان، با‌نگم ده‌که‌ی.
به نامه‌یه‌ک هه‌واڵی شه‌هیدبوونی تۆ،
گه‌ییشته لام،
لێیان پرسیم
تۆی ئه‌و دایکه شکۆداره‌ی،
که شانازی به ئه‌م شه‌هیده‌وه ده‌که‌ی؟
گیانیشم پێشکه‌شی تۆ بێ،
ئه‌ی ئه‌و که‌سه‌ی به دایه گیان، با‌نگم ده‌که‌ی.
دایک ده‌بێت هه‌م قوربانی بدات و هه‌م شانازیشی پێوه بکات، ئاخر ئامێزی خاکیش هه‌ر ئامێزی دایکه و کوڕ له پێناوی شه‌ره‌فی دایکی وه‌ته‌ندا، خۆی به کوشت داوه. وه‌ته‌ن ئه‌و ڕۆڵه‌ی به ژنان ڕه‌وا بینیوه، ڕۆڵه به‌رهه‌م بهێنن و چه‌پڵه‌ی بۆ لێ بده‌ن، گۆرانی بۆ بڵێن، هانی بده‌ن و ستایشی بکه‌ن، به‌ڵام قاره‌مان، مه‌زن و نه‌مر، پیاوه، پارێزه‌ری ئاوڕووی خاکی وه‌ته‌ن پیاوه. ژن ئه‌گه‌ر شانازییه‌کی پێ ببڕێت، ئه‌وه‌یه دایکی یه‌کێک له‌و قاره‌مانانه بێت، یان شه‌یدای یه‌کێک له‌و پیاوه دلێرانه بێت و سه‌باح ئاسا، (مه‌حبووبی جوندی بیجه‌ییش)ی بۆ بڵێت.
شه‌ڕیش به‌سه‌ر نێر و مێدا دابه‌ش کراوه، ئه‌وی سه‌رکه‌وتوو بێت، پیاوه و ئه‌وی دۆڕاو بێت، ژنه. هیندییه‌کان ده‌ڵێن: (شه‌ڕ، گه‌مه‌کردنه به شمشێر، به‌زمی ژنان نییه.) که‌واته جه‌نگ، ئیشی پیاوه، نه‌ک ژن. لای بابسالاران، هێز و ئازایه‌تی هه‌ر لای پیاوانن، ژنانی لاواز و ترسنۆک، کوا که‌ڵکی جه‌نگیان پێوه‌یه. ئه‌گه‌ر ڕاستییه‌ک له‌و قسانه‌دا هه‌بێت، ئه‌وه‌یه، هه‌میشه پیاوان جاڕی شه‌ڕ ده‌ده‌ن. له پاکستان وا باوه، سه‌ربازی هیندی، که‌سێکه ترسنۆک و ژنانی، که‌سێک که حه‌زی له شه‌ڕ نییه، به پێچه‌وانه‌ی پیاوی موسڵمانه‌وه، که زیاد له پێویست، نێر و شه‌ڕکه‌ره. (مه‌ترسه! وره‌ت بڵند بێت، کافران قه‌لاچۆ بکه و پانیان بکه‌وه!) ئه‌وه لای جه‌ندرمه‌ی پاکستان، گۆرانییه، ئاخۆ سروودیان چه‌ند توند‌وتیژتر بێت؟
لوتکه‌ی پیاوه‌تی لای عه‌سکه‌ر و جه‌ندرمه، ئه‌وه‌یه، پێت وابێت، شه‌ڕ، شه‌ڕی نێوان ئیسلام و کافرانه و زوو زوو ده‌ست له دوژمن بوه‌شێنێت و خوێنیان بڕێژیت. کاره‌سات ئه‌وه‌یه، منداڵ به‌و په‌یامه شه‌ڕخوازه خوێناوییه، په‌روه‌رده ده‌کرێت. په‌یامێک که ده‌ڵێت: (هه‌ر یه‌کێک له ئێمه، به‌رده‌وام کفنی خۆمان پێیه، هه‌ر وه‌ختێ، وه‌ته‌ن بخوازێت، ئاماده‌ین بۆ مردن.)
پاکستان و هیندستان که گه‌مه‌یش ده‌که‌ن، پێیان وایه، سه‌رقاڵی شه‌ڕن و هه‌ر به‌و زمانه باسی یارییه‌که ده‌که‌ن، وه‌ک باسی جه‌نگ بێت. به یاریگه‌که ده‌ڵێن: گۆڕه‌پانی جه‌نگ، به یاریزان ده‌ڵێن: جه‌نگاوه‌ر، به بردنه‌وه ده‌ڵێن: ژیان و به دۆڕاندن ده‌ڵێن: مه‌رگ! جێنده‌ر له یاریشدا، دێته‌وه ناوه‌وه، براوه، خرخاڵ و بازنگ و گواره، بۆ دۆڕاو ده‌نێرێت! ئه‌وانه‌ی به خه‌مه نه‌ته‌وه‌یییه‌کانه‌وه سه‌رقاڵن، زۆر بایه‌خ به نێرایه‌تی ده‌ده‌ن، وای بۆ ده‌چن، ئه‌گه‌ر گه‌نجێک قژی درێژ بکاته‌وه، یان ئه‌ڵقه‌یه‌ک له گوێ بکات، ئیدی له پیاوه‌تی ده‌که‌وێت و توانای داکۆکیکردنی له خاکی وه‌ته‌ن، نامێنێت. ئه‌وه بۆیه زوو زوو، جه‌ندرمه، په‌لاماری لاوانی قژدرێژ و خه‌ناوکه له مل ده‌دات. جه‌ندرمه پێی وایه، کوڕ ئه‌گه‌ر هه‌میشه باسی خوێن و هێز و مه‌رگی بۆ بکه‌یت، ئازا ده‌رده‌چێت.
که شه‌ڕ ده‌که‌وێته نێوان دوو وڵات، یان دوو مه‌زهه‌به‌وه، پیاوانی هه‌ردوو لا، گه‌ر ژنانی وڵاته‌که‌ی تر، یان مه‌زهه‌به‌که‌ی تریان به‌ر ده‌ست بکه‌وێت، ئه‌تکیان ده‌که‌ن و به‌و جۆره تۆڵه له دوژمن ده‌که‌نه‌وه. نه‌ته‌وه‌په‌رستان و مه‌زهه‌بخوازان، به هۆی ده‌ستدرێژیکردنه سه‌ر ژنانی یه‌کدییه‌وه، پیاوه‌تی خۆیان نمایش ده‌که‌ن و شکۆمه‌ندیی پیاوانی دوژمن بریندار ده‌که‌ن. سوپای پاکستان له‌و بواره‌دا، مێژوویه‌کی ڕه‌شی بۆ خۆی تۆمار کردووه و عه‌سکه‌ری سه‌ربیش له بۆسنه، تاجی هه‌مان ڕیسوایی له‌سه‌ر نا.
که شه‌ڕ که‌وته نێوان هیند و پاکستانه‌وه، جه‌سته‌ی ژن، به‌شێک بوو له‌و ململانێیه. سه‌روه‌ختی دابه‌شبوونی هیند و دواتریش له بۆسنه، عه‌سکه‌ر ژنی ڕووت ده‌کرده‌وه و به قه‌مه، جه‌سته‌ی ده‌شێواند و مۆری خۆی له‌سه‌ر جێ ده‌هێشت. ڕێ که‌وتووه، به‌به‌ر چاوی که‌سوکاری قوربانییه‌که‌وه، وێڕای ئه‌تککردن، هه‌م مه‌مکی ژنیان لێ کردووته‌وه و هه‌م (زێ)یان هه‌ڵقڵیشاندووه. ژن چونکه ڕه‌مزه بۆ نیشتمان، ئه‌و ئه‌تکردنه، هاوزه‌مان ئه‌تککردنی وه‌ته‌ن و کولتووریش بووه، که ئایین به‌شێکی پێک ده‌هێنێت.
جه‌ندرمه که مۆرێک به چه‌قۆ، یان به ئاگر، له جه‌سته‌ی ژنێک ده‌دات، پێی وایه، چیرۆکی سه‌رکه‌وتنی خۆی و ژێرکه‌وتنی دوژمن ده‌نووسێته‌وه. عه‌سکه‌ر که ژنێک زه‌وت ده‌کات، مه‌به‌ستی ئه‌وه‌یه، خوێن و ڕه‌چه‌ڵه‌کی گه‌لی ژێرکه‌وتوو پیس بکات، ئاخر لای ئه‌و، پیسکردنی شه‌ره‌فی ژنێک، وه‌ک پیسکردنی شه‌ره‌فی نه‌ته‌وه‌یه‌ک ده‌که‌وێته‌وه و ئه‌وه ئه‌وپه‌ڕی سووکایه‌تیکردنه به شکۆی میلله‌تێک. عه‌سکه‌ر که ئافره‌تێک به دیل ده‌گرێت، پێی وایه، خاکێکه و داگیری کردووه، بۆیه چی بخوازێت، لێی ده‌کات. ئه‌و هه‌ڵسوکه‌وته‌ی عه‌سکه‌ر، زیانێکی گه‌وره‌ی بۆ ئه‌و ژنانه‌یش هه‌یه که له شه‌ڕگه‌وه دوورن، ئاخر ئیدی به پاساوی پاراستنیانه‌وه، زیاتر له جاران له چوارچێوه‌ی ماڵدا، زیندانی ده‌کرێن.(*)
2012.07.11
(*) روبینا سایغول، العسکرة والجندر.