سێکسواڵیتیی ژن له ڕوانگه‌ی غه‌زالی و فرۆیده‌وه
August 1, 2012
فیکر و فەلسەفە

نووسه‌ر :حه‌مه‌سه‌عید حه‌سه‌ن
ئایا ژن مافی ئه‌وه‌ی هه‌یه، خۆی شاژنی وڵاتی جه‌سته‌ی خۆی بێت؟ ئایا ئه‌وه یه‌کێکه له مافه سه‌ره‌تایییه‌کانی مرۆڤ، وه‌ک خۆی ده‌خوازێت، وه‌ها سوود و چێژ، له جه‌سته‌ی خۆی ببینێت؟ ئایا نواندنی چالاکی سێکسی، هه‌ر پێوه‌ندیی به جه‌سته‌وه هه‌یه، یان به‌شێکی گرنگی له جیابوونه‌وه نه‌هاتوویشه، له دنیای ناخی ئینسان؟ ئایا ژن، ئیدی شارنشین بێت، یان گوندی، خوێنده‌وار بێت یان بێسه‌واد، له بواری نواندنی چالاکیی سێکسیدا، وڵاتێکی ئازاده، یان داگیرکراو؟ ئایا ئه‌وه ئایینه (تابوو)ی هێناوه‌ته گۆڕێ. یان دابونه‌ریت؟ئینسان ئیدی چ نێر بێت، چ مێ، ئه‌و مافانه‌ی هه‌یه، جه‌سته‌ی پارێزراو بێت، شکۆمه‌ندیی به‌رز ڕاگیراو بێت و چێژیش وه‌ربگرێت. له کۆمه‌ڵگه‌ی بابسالاریدا، به هۆی وه‌گه‌ڕخستنی کۆمه‌ڵێک کۆت و پێوه‌ندی ئایینی، کۆمه‌ڵایه‌تی و ئابوورییه‌وه، ئه‌وه پیاوه سنووری چالاکییه سێکسییه‌کانی ژن ده‌ستنیشان ده‌کات و ئه‌وه نێره، به هۆی نواندنی زه‌بروزه‌نگه‌وه، له هه‌وڵی ئه‌وه‌دایه، مل به مێ که‌چ بکات. بابسالار، پیاوێکه کۆشش بۆ ئه‌وه ده‌کات، له دژی ژن، به‌د سوود له ئایین وه‌ربگرێت و سروشتێکی شه‌رعی به پێشێلکردنی مافه‌کانی ژن بدات. ئه‌گه‌ر بڕوامان وابێت، ئایینی ئیسلام که‌له‌پوورێکی جێگیری به‌به‌ردبووی نییه، به‌ڵکوو یه‌کێک له نهێنییه‌کانی به زیندوویی مانه‌وه‌ی، هه‌ڵکردن و خۆ گونجاندنیه‌تی، له‌گه‌ڵ هه‌لومه‌رجه کۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری و سیاسییه‌کاندا، که به‌رده‌وام له گۆڕاندا بوون، ئه‌وا ده‌گه‌ینه ئه‌و ئه‌نجامه‌ی، لای ئیسلام، ده‌ستنیشانکردنی ڕه‌وتاری گونجاو له بواری نواندنی چالاکیی سێکسیشدا، گۆڕانی به خۆیه‌وه دیتووه.
ژن به‌رده‌وام به‌ره‌و ڕووی سه‌رکوتانه‌وه ده‌بێته‌وه، ئیدی هه‌ر له زه‌وتکردنی ئازادییه ساده‌کانییه‌وه، تا به زۆر به شوودان و فره‌ژنی و لێدان ده‌گات. ژن نه ده‌توانێت ئامانجه‌کانی به‌دی بهێنێت، نه مافی ئه‌وه‌ی هه‌یه، هیج کام له ئاره‌زووه‌کانی تێر بکات. له هه‌موو ئه‌و وڵاتانه‌دا، که یاسا له‌به‌ر ڕۆشنایی ئایین یان مه‌زهه‌بدا ده‌نووسرێته‌وه، ژن له‌ژێر گوشاری سایکۆلۆژی و سێکسیدایه و پیاو وه‌ک چۆن چه‌کی شانی بۆ مل به‌وی دیکه که‌چکردن به‌کار ده‌هێنێت، چووکیشی بۆ هه‌مان مه‌به‌ست له دژی ژن ده‌خاته گه‌ڕ. پیاو، به‌د سوود له چووکی بۆ کۆنترۆلکردنی جه‌سته و سۆزی ژن وه‌رده‌گرێت، بۆ نموونه، تا ئێستایش له ئوردن، به گوێره‌ی یاسا، ئه‌گه‌ر پیاوێک، ژنێکی ڕفاند و بنی پژاند، ده‌توانێت ماره‌ی بکات و به‌ڵێن بدات تا پێنج ساڵ لێی جیا نابێته‌وه، به‌وه له سزا قوتاری ده‌بێت.
له سایه‌ی سیسته‌می بابسالاریدا، ئه‌وه وه‌ک تابوو وایه، ژن باس له‌و نایه‌کسانییه سێکسییه بکات، مێ تووشی هاتووه، ئاخر به‌وه به‌ره‌و ڕووی چه‌ندان مه‌ترسی و هه‌ڕه‌شه‌ی ڕاسته‌قینه ده‌بێته‌وه، ئیدی هه‌ر له سووکایه‌تی پێ کردن، ناوزڕاندن، په‌راوێزخستن، ئیش له ده‌ست دان و سزای (یاسایی) دانه‌وه و تا ده‌گاته ئه‌وه‌ی به هۆی زه‌بروزه‌نگه‌وه ده‌مکوت ده‌کرێت. ئه‌وه بۆیه ژن زاتی ئه‌وه‌ی نییه، باس له‌و مافانه‌ی که پێوه‌ندییان به جه‌سته‌یه‌وه هه‌یه، بکات. ڕه‌نگه ئه‌گه‌ر ژنێک بوێریی شک ببات، بنووسێت: (نێر مافی ئه‌وه‌ی نییه، سنوور بۆ چالاکییه سێکسییه‌کانی مێ دیاری بکات،) ده‌ستبه‌جێ به به‌دڕه‌وشت له قه‌ڵه‌م بدرێت و خوێنیشی حه‌ڵال بکرێت. له هه‌لومه‌رجی دژواری وه‌هادا، که ژینگه‌یه‌کی گونجاوه بۆ گه‌شه‌کردنی ئیسلامی سیاسیی توندڕۆ، ژنان ڕسته‌یه‌ک له دژی ڕووپۆشیش که هێمایه‌که بۆ نایه‌کسانی، ناڵێن و ئه‌گه‌ر چالاکیش بن، ئه‌وپه‌ڕی وه‌دووی دیسکۆرسی نه‌ته‌وه‌یی، که پیاوانه‌یه، ده‌که‌ون.
ئیسلام ددانی به‌وه‌دا ناوه، پاڵنه‌ری سێکسی وه‌ک چۆن لای پیاو هه‌یه، له کن ژنیش هه‌یه و نێر و مێ مافی ئه‌وه‌یان هه‌یه، ئاره‌زووی سێکسییان که پێویستییه‌کی ڕه‌وایه، تێر بکه‌ن. چێژوه‌رگرتنی سێکسی که هۆکاری به‌رده‌وامبوونی ڕه‌چه‌ڵه‌کی ئینسانه، لای ئیسلام ئازاد نییه، سنووری هه‌یه، له چوارچێوه‌ی هاوسه‌رگیریدایه. لای بابسالاران به چاوپۆشین له‌وه‌ی بڕوایان به کام ئایینه، پیاو که‌سێکه هه‌م عه‌قڵ ده‌خاته گه‌ڕ و هه‌م خۆڕاگریشه، وه‌لێ ژن، هه‌م سۆز ده‌یبزوێنێت و هه‌م خۆیشی پێ ڕاناگیرێت، که‌واته بۆ ئه‌وه‌ی ئاژاوه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی، که لای ئیسلام ده‌بێته فیتنه، په‌یدا نه‌بێت، پێویسته چالاکییه سێکسییه‌کانی ژن، له‌ژێر سانسۆری پیاودا بن، ئاخر پیاو هه‌م ژیره و هه‌م له به‌رده‌م فێڵی (مێ)یشدا خۆڕاگره، ئه‌گه‌ر نا، ڕه‌نگه ژنی ڕاوچی و جه‌للاد، پیاوی قوربانی و نێچیر به هیلاک ببات. به پێچه‌وانه‌ی ئه‌م تێزه‌وه، قاسم ئه‌مین، پێی وایه، له بواری له‌غاوکردنی پاڵنه‌ره سێکسییه‌کاندا، ژنان له پیاوان خۆڕاگرترن.
ژنیش وه‌ک پیاو بۆ سێکس برسییه و پێویستی به دامرکاندنه‌وه‌ی ئاگری ئاره‌زووه. لای ئیسلام پێویسته ئینسان جڵه‌و بۆ ئاره‌زوو شل نه‌کات و نه‌بێته کۆیله‌ی حه‌زه‌کانی. ئه‌و خود و خودی باڵایه‌ی فرۆید باسی کردووه، لای ئیسلام، ده‌بێته ئه‌و نه‌فسه‌ی ژن بۆ کاری شه‌ڕ، هان ده‌دات و ئه‌و نه‌فسه‌ی دیکه‌یشی که هۆشیار و چاودێره و لێ ناگه‌ڕێت چه‌وت بڕوات و به‌رده‌وام له ناخی هه‌ر ژنێکدا، شه‌ڕ و ململانێیه له نێوان ئه‌و دوو نه‌فسه‌دا. له‌م ڕوانگه‌یه‌وه، ده‌بێت ژن، ته‌نیا به گوێره‌ی شه‌رع، ئاره‌زوو بخاته کار و ئه‌گه‌ر ئاره‌زووی سێکسی دروست وه‌گه‌ڕ خرا، له خزمه‌تی سیسته‌می ئیسلامی‌دا ده‌بێت، ئه‌گه‌ر نا، ڕه‌نگه ئه‌و سیسته‌مه به‌ره‌و تێکدان ببات.
لای ئیسلام، مێ خاوه‌نی هێزێکی ڕاکێشانی کوشنده‌یه، هێزێک، نێر به‌رگه‌ی ناگرێت، ئه‌وه بۆیه، مێچکایه‌تییان به فیتنه چوواندووه. له ڕوانگه‌ی ئیمام موسلیمه‌وه،(ژن، پیاو به‌ره‌و لای خۆی که‌مه‌ندکێش ده‌کات، پیاو به‌رگه‌ی جوانی و شیرینیی ژن ناگرێت و ئه‌ژنۆی ده‌شکێت، ژن هه‌ژموونێکی به‌سه‌ر پیاوه‌وه هه‌یه، مه‌گه‌ر شه‌یتان به‌سه‌ر خه‌ڵکییه‌وه هه‌یبێت.) ڕه‌نگه هه‌ر له‌و سۆنگه‌یه‌شه‌وه گوترابێت: (که ژن و پیاوێک دووقۆڵی پێکه‌وه ده‌بن، سێیه‌میان شه‌یتانه.) هه‌ر له‌م دیده‌وه، ژنێک له خۆشاوی جووتبوونی نۆشیبێت، مه‌ترسیی زۆرتره، ئاخر به‌رگه‌ی ئه‌و نائومێدییه ناگرێت که به هۆی دابڕانه‌وه سه‌ر هه‌ڵده‌دات.
(مه‌جدووب)ی شاعیر که له سه‌ده‌ی شازده‌یه‌مدا ژیاوه، ژن به‌و که‌شتییه ده‌چوێنێت که ئیللا ده‌بێت تێک بشکێت و به سه‌رنشینه‌کانییه‌وه نوقم ببێت، بۆیه داوا له پیاو ده‌کات، قه‌ت متمانه‌ی به ژن نه‌بێت، چونکه ژن ئیللا ده‌بێت، ناپاکیی له پیاو بکات و ده‌ڵێت: (ماسی بۆ ئه‌وه‌ی مه‌له بکات، پێویستی به ئاوه، ژن تاکه مه‌خلووقه، ده‌توانێت بێ هه‌بوونی ئاو، مه‌له بکات.) هاوبیره‌کانی مه‌جدووب پێیان وایه، سیسته‌می ئیسلام، به‌ره‌و ڕووی دوو مه‌ترسی بووه‌ته‌وه، مه‌ترسییه‌کی ده‌ره‌کی که لای کافرانه‌وه دێت، مه‌ترسییه‌کی ناوخۆیی که لای ژنانه‌وه دێت. (فیتنه‌یه‌کم له دوای خۆمه‌وه جێ نه‌هێشتووه، هێنده‌ی ژنان، زیانی بۆ پیاوان هه‌بێت.) ده‌ڵێن ئه‌وه فه‌رمووده‌ی په‌یامبه‌ره، ڕه‌نگه وایشی نه‌گوتبێت.
ئه‌وه‌ی وه‌ک نیشانه نراوه‌ته‌وه و ته‌قه‌ی لێ ده‌کرێت، خودی ژن نییه، هه‌موو ژنێک نییه، سێکسواڵیتیی ژنه سه‌رچڵه‌کانه، ئه‌وه چالاکییه سێکسییه‌کانی ژنه یاخیبووه‌کانه که ئاژاوه ده‌نێته‌وه و کاولکاری به‌رهه‌م ده‌هێنێت. لای بابسالاران، ژنێک فیتنه‌یه، سه‌رکێشی بکات و سنووری هه‌ژموونی پیاو ببه‌زێنێت. لای ئیسلام ژنێک له چوارچێوه‌ی شه‌رعدا، سێکسواڵیتیی (چالاکیی سێکسی) خۆی بخاته گه‌ڕ، ئه‌وا نه‌ک زیانی نابێت، به‌ڵکوو سوودی بۆ کۆمه‌ڵیش ده‌بێت. سووده‌کانی شه‌رعییانه به‌کارهێنانی سێکسواڵیتی بریتین له: 1) به‌رده‌وامیدان به ڕه‌چه‌ڵه‌کی موسڵمانان. 2) ئاشناکردنی ئینسان به‌و له‌ززه‌ته‌ی، قه‌راره له به‌هه‌شتدا بیچێژێت. 3) تێرکردنی پێویستییه سێکسییه‌کان، زامنی سه‌رکه‌وتنه له بواری فیکردا. ئه‌وه‌یش جێی سه‌رنجه، له گرێبه‌ستی هاوسه‌رگیریدا، ئاماژه‌یه‌کی ڕوون بۆ ئه‌وه نییه، که پێوه‌ندیی نێوان ژن و مێرد، پێوه‌ندییه‌کی پیرۆزه و له پێناوی وه‌چه‌خستنه‌وه‌دایه، زێتر ئه‌وه‌ی پێوه دیاره، به مه‌به‌ستی تێرکردنی ئاره‌زووی سێکسییه.
ئیمام غه‌زالی (1050 _ 1111) پێی وایه، ئاره‌زووی سێکسی و سیسته‌می کۆمه‌ڵایه‌تی له‌گه‌ڵ یه‌کدا ناکۆکن و ئه‌گه‌ر به‌ر به ئاره‌زوو نه‌گیرێت، به‌دڕه‌وشتی په‌ره ده‌ستێنێت. لای ئه‌و، ئه‌و سۆزه‌ی ژن، بۆ پیاوی ده‌رده‌بڕێت، وه‌ک ئه‌و دانه وایه که به مه‌به‌ستی گرتن، بۆ ته‌یرێکی نابه‌ڵه‌د ڕۆ ده‌کرێت. بۆیه بۆ پاراستنی کۆمه‌ڵ له فیتنه که سه‌رچاوه‌که‌ی ژنه، نابێت ئاره‌زوو، گوێڕایه‌ڵی خودی تاک بێت، به‌ڵکوو پێویسته ژن، که له بواری چالاکیی سێکسیدا، له پیاو ئه‌کتیڤتره، وه‌تاق بخرێته‌وه و هه‌میشه له‌ژێر چاودێریدا بێت. ئه‌گه‌ر وای بۆ بچین، ژنی هه‌میشه فێڵزان، توانای فریودانی پیاوی هه‌میشه گێلی هه‌یه، ئه‌وه دداننانه به‌وه‌دا که ژن له پیاو لێهاتووتره و حه‌یفه مێ پاشکۆی نێر بێت.
ئیمام غه‌زالی ده‌ڵێت: (ده‌بێت ژن له‌ژێر کۆنترۆڵدا بێت، ئه‌گه‌ر نا، سه‌رنجی پیاو ڕاده‌کێشێت و لێ ناگه‌ڕێت ئه‌رکه کۆمه‌ڵایه‌تی و ئایینییه‌کانی جێبه‌جێ بکات، ئه‌مه‌یش به‌وه ده‌کرێت، ژن له‌ژێر هه‌ژموونی پیاودا بێت، ژن له پیاو جودا بکرێته‌وه و فره‌ژنیش هه‌بێت.) عه‌ققاد که بڕوای به باڵاده‌ستی نێر به‌سه‌ر مێدا هه‌یه، وای بۆ ده‌چێت: (لوتکه‌ی به‌خته‌وه‌ری و ئه‌وپه‌ڕی چێژوه‌رگرتن لای ژن، کاتێکه مل بۆ پیاو که‌چ ده‌کات و له ئاستیدا هه‌ست به تێکشکان ده‌کات،) بۆیه پیاو به ڕاوچی له قه‌ڵه‌م ده‌دات و ژن به نێچیر، وه‌لێ غه‌زالی به گوێره‌ی لێکدانه‌وه‌ی خۆی بۆ ده‌قی پیرۆز، پێی وایه، ژن ڕاوچییه و به هۆی فێڵه‌وه به‌سه‌ر پیاوی نێچیردا زاڵ ده‌بێت، نه‌ک به هۆی هێزه‌وه. لای عه‌ققاد، ژن چونکه لاوازتر و نزمتر له پیاو خوڵقاوه، بۆیه هانا بۆ فێڵ ده‌بات، ئه‌و فێڵبازییه لای غه‌زالی، که مێچکایه‌تی به هاوواتای به شه‌یتانبوون ده‌زانێت، وه‌ک لایه‌نی به‌هێزی ژن ده‌که‌وێته‌وه، ئاخر پێی وایه، ژن له توانایدا هه‌یه، فیتنه بنێته‌وه و سیسته‌می کۆمه‌ڵایه‌تیی ئیسلامی تێک بدات.
فرۆید (1856 _ 1939) پێی وایه، سێکس سه‌رچاوه‌ی داهێنان و شارستانییه و به پێچه‌وانه‌ی غه‌زالییه‌وه که ژن به ورووژێنه‌ر و پیاو به ورووژاو له قه‌ڵه‌م ده‌دات، فرۆید، پیاو به بکه‌ر و ژن به به‌رکار نێوزه‌د ده‌کات. فرۆید قیتکه‌ی به چووکێکی بچووک ده‌زانی و ده‌یگوت: هه‌ندێک له به‌شه‌کانی ده‌زگه‌ی زاوزێی نێر له مێدا هه‌یه، به‌ڵام له حاڵه‌تی سڕبوون یان بزربووندا و پێچه‌وانه‌که‌یشی هه‌ر دروسته، به جۆرێک وه‌ک تاک نه نێر بێت، نه مێ، به‌ڵکوو هه‌ردووکیان بێت، به‌ڵام چونکه هێلکه هه‌ر لای ژن و تۆ‌و هه‌ر لای پیاو هه‌یه، ڕه‌نگه ئه‌و تێبینییه بایه‌خێکی گرنگی نه‌بێت. لای غه‌زالی، ژن هێنده کارایه، ڕه‌نگه سیسته‌می کۆمه‌ڵایه‌تی تێک‌وپێک بدات، وه‌لێ لای فرۆید، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی چالاک نییه، ڕه‌نگه هه‌مان ئاژاوه بنێته‌وه.
ئه‌رستۆ پێی وابوو، ئه‌وه نوتفه‌یه، گیان به پ‌ز ده‌به‌خشێت، ئیبن سینایش وه‌ک شاگردێکی ئه‌و، ده‌یگوت: جووڵه لای نوتفه‌یه. غه‌زالی ده‌ڵێت: (تۆوی پیاو بۆ ئه‌وه‌ی به تۆوی ژیان هه‌ژمار بکرێت، پێویستی به‌وه‌یه له پزدانی ژن‌دا بچێنرێت و له‌گه‌ڵ ئاوی ژن‌دا یه‌ک بگرێت.) هه‌رچه‌نده له سه‌ده‌ی ده‌یه‌مدا، واتا ده‌یان ساڵ پێش له دایکبوونی غه‌زالی، زانست په‌ی به هه‌بوونی هێلکه‌دان و هێلکه‌ی ژن بردبوو، وه‌لێ پێ ده‌چێت ئه‌و زانیارییه، به‌و (زانا) ئیسلامییه نه‌گه‌ییشتبێت، ئه‌گه‌ر نا، له‌بری هێلکه، (ئاو)ی به‌کار نه‌ده‌هێنا. ئه‌وه‌ی که غه‌زالی باسی چاندنی تۆ‌و ده‌کات، ده‌شێت سوودی له‌و ئایه‌ته وه‌رگرتبێت که ده‌ڵێت: (ژنه‌کانتان کێڵگه‌ی خۆتانن. به‌قه‌ره 223)
فرۆید پێوه‌ندیی تۆ‌و به هێلکه‌وه له سه‌روه‌ختی جووتبووندا، به دوژمنکارانه له قه‌ڵه‌م ده‌دات و وای بۆ ده‌چێت، ئه‌وه ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یه، له نێوان بوێریی تۆ‌و و ملکه‌چیی هێلکه‌دا، ئاخر ئه‌وه تۆوه هێرش ده‌بات، وه‌لێ هێلکه چاوه‌ڕێیه و هیچی تر. فرۆید هه‌مان بۆچوونی بۆ پێوه‌ندیی نێوان نێر و مێیش هه‌یه و ده‌ڵێت: (ئه‌وه پیاوه به مه‌به‌ستی جووتبوون له‌گه‌ڵیدا، ڕاوی ژن ده‌کات و ده‌ستی به‌سه‌ردا ده‌گرێت و خۆی ده‌گه‌یه‌نێته هه‌ناوی.) فاتیمه ئه‌لمه‌رنیسی ده‌ڵێت: (ئه‌وه سه‌یر نییه که غه‌زالی پێی وابووه، هه‌م نێر و هه‌م مێ (ئاو)یان هه‌یه، نه‌ک دوو شتی جیاواز، ئه‌وه سه‌یره بیۆلۆگیستێکی زێده لێهاتووی وه‌ک فرۆید، پێی وابێت، هێلکه به به‌راورد له‌گه‌ڵ ڕۆڵی تۆودا، به‌شدارییه‌کی ئه‌وتۆی نییه.)
فرۆید پێی وایه، شارستانی زاده‌ی وزه‌ی سێکسییه، وزه‌یه‌ک که له ئامانجه سێکسییه‌کان لای داوه و به‌ره‌و ئامانجی باڵاتر، ملی ناوه، به‌ڵام لای غه‌زالی، شارستانی به‌رهه‌می تێربوونی پێویستییه سێکسییه‌کانه و داهێنان له ئه‌نجامی چه‌پاندنی سێکسییه‌وه سه‌رهه‌ڵنادات، به‌ڵکوو زاده‌ی ژیانێکی سێکسیی بێ که‌موکووڕییه. غه‌زالی ده‌ڵێت: (بڕوادار بۆ ئه‌وه‌ی تواناکانی بۆ ده‌ستخستنی زانست ته‌رخان بکات، پێویسته تا ده‌توانێت گرژییه‌کانی ناوه‌وه و ده‌ره‌وه‌ی جه‌سته‌ی خاو بکاته‌وه و نابێت خۆی نوقمی خۆشییه دنیایییه‌کان بکات. ژن خۆشییه‌کی ترسناکه، پێویسته ته‌نیا بۆ وه‌چه‌خستنه‌وه و کوژاندنه‌وه‌ی ئاگری ئاره‌زووی سێکسی سوودی لێ وه‌ربگیرێت. نابێت ژن بکرێته ئامانج و موسڵمان پێیه‌وه سه‌رقاڵ ببێت، پێویسته هۆش و بیری بڕوادار هه‌ر له کن یه‌زدان بێت، ئه‌ویش له ڕێی ده‌ستخستنی زانست و ڕامان و خواپه‌رستییه‌وه.) په‌یامی غه‌زالی ڕووی له ئینسان نییه، به ژن و به پیاوه‌وه، ته‌نیا ڕووی له نێره، لای ئه‌و ژن نه‌ک هه‌ر له ده‌ره‌وه‌ی مرۆڤایه‌تییه، به‌ڵکوو وزه سێکسییه‌کانی مه‌ترسییه‌کی گه‌وره‌یشه و هه‌ڕه‌شه له سیسته‌می کۆمه‌ڵایه‌تیی ئیسلام ده‌کات.
ئیڤلین عه‌ققاد ده‌ڵێت: (بۆ ئه‌وه‌ی پێوه‌ندییه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان، گۆڕانکاریی ڕاسته‌قینه به خۆیانه‌وه ببینن، پێویسته شۆڕش له بواری سێکسدا، به‌شێک بێت له شۆڕشی سیاسی.) له دنیای دواکه‌وتوودا، هه‌میشه کێشه‌ی ژن، مه‌سه‌له‌یه‌کی لاوه‌کییه و که باس له هه‌ژموونی نێر ده‌کرێت، هه‌میشه ئازادی و یه‌کسانی له ڕووی ئابوورییه‌وه، وه‌ک چاره‌سه‌ر پێشنیار ده‌کرێت و هه‌میشه مافی ژن به قوربانی شۆڕشی نیشتمانی ده‌کرێت. ته‌نانه‌ت چه‌په‌کانیش، هێنده‌ی بایه‌خ به دابینکردنی بژێوی و نیشتگه، بۆ ژن ده‌ده‌ن، نیو هێنده، باس له سێکسواڵتیی کۆنترۆڵکراوی ژن ناکه‌ن، وه‌ک سێکس یه‌کێک نه‌بێت له پێویستییه بنه‌ڕه‌تییه‌کان، وه‌ک له بیریان چوو بێته‌وه، ژنان هه‌ر به خواردن و خه‌وتن ناژین و پێویستیان به سۆز و خۆشه‌ویستیشه، وه‌ک هه‌ستی پێ نه‌که‌ن، سێکسواڵیتی، خه‌مێکی قووڵه و بایه‌خێکی زۆری له کن ژنان هه‌یه.
2012.07.06
(1) فاطمة المرنیسي، المفهوم الإسلامي حول الجنسانیه الأنثویة الفاعلة.
(2) إیفلین عقاد، الجنسانیة والسیاسة الجنسیة في الشرق الأوسط.
(3) لیلی أحمد، الثقافة العربیة والکتابة حول جسد المرأة.
(4) پنار إیلکارکان، المرأة والجنسانیة في المجتمحات الإسلامیة، ترجمه: معین الإمام، دار المدی للثقافه والنشر 2004 دمشق.