نیچه و به‌هاری عه‌ره‌ب
July 23, 2012
فیکر و فەلسەفە

نووسه‌ر :هاشم ساڵح
وه‌رگێڕ : ده‌رسیم تۆفیق
كاتێك له‌باره‌ی به‌هاری عه‌ره‌به‌وه پرسیارم له نیچه كرد، زۆر به قین و توورِییهوه لێمی روانی، منیش هه‌نگاوێك و دوو هه‌نگاو به‌ره‌و دوا كشامه‌وه نه‌بادا لێم بدات. ئه‌ویش له‌و كاته‌دا بوو كه له سویسرا به دیداری شاد بووم، ئه‌و خه‌ریك بوو به چیایه‌كی سه‌خت و به‌رزدا سه‌رده‌كه‌وت، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌وای پاك و بێگه‌رد هه‌ڵمژێت، ئه‌و هه‌وایه‌ی به هه‌ناسه‌ی هه‌ندێك، به تایبه‌تی هه‌ناسه‌ی پیاوانی ئایین، پیس نه‌بووه. ئاشكرایه ئه‌و ناتوانێت ئازادانه بفه‌لسه‌فێنێت، ته‌نیا ئه‌و كاته نه‌بێت كه ئاسۆی له به‌رده‌مدا كراوه دبێت، مرۆڤایه‌تیش له ژێریدا نه لاهووت و نه كه‌هه‌نووت.. له‌به‌ر ئه‌و هۆیه چیاكانی سویسرا و دیمه‌نی سه‌رنج راكێشیان به ته‌واوی بۆ ئه‌و گونجاون. ئه‌و پێی گوتم: كوانێ به‌هاری عه‌ره‌ب؟ ئایا تۆ له سایه‌ی گهرِانهوهی ئه‌و هه‌موو مه‌لایانه بۆ گۆرِهپانهكهدا و داگیر كردنی په‌رله‌مان و وه‌زاره‌ت و كهناڵهیلی ئاسمانی، هیچ به‌هارێك ده‌بینی؟ ئایا را‌شد غه‌نووشی به‌هاره؟ یان محه‌مه‌د به‌دیع به‌هاره؟ یان یه‌كێتیی جیهانیی ئیخوانی موسلمین؟ ئه‌وه بێ له دكتۆر ئهلعهرعوور، وای له عهرعوور و زمانی ره‌وانی، كه كه‌س شانی له شان نادات.. ئایا ئه‌مه‌یه تێگهتان له به‌هار ئه‌ی عه‌ره‌بینه؟ به خودا من و ئێوه هه‌رگیز له سه‌ر یه‌ك هه‌ساره‌دا نین.یه‌كسه‌ر قسه‌م پێ برِی: دكتۆر نیچه تكات لێ ده‌كه‌م! هێرش مه‌كه سه‌ر مه‌لایانی قه‌درگران و زانایانی مه‌ردمان، ئه‌مه هێڵی سووه!
ئه‌و گوێی به قسه‌كانی من نه‌دا، هه‌رچه‌نده ده‌سته‌ویه‌خه داكۆكیم كرد، ئه‌وێك كه كریستیانیه‌تی له سه‌ره‌تاوه تا كۆتایی له‌به‌ر یه‌ك هه‌ڵوه‌شانده‌وه تا ئه‌وه‌ی گه‌یشته یه‌سووعی مه‌سیح. ئاشكراشه كه زۆر دژوارانه قه‌شه (پۆڵس)ی كوشت و پارچه پارچه‌ی كرد. ئه‌دی ده‌بێ چی له مه‌لاكانی ئێمه چاوهرِێ بكه‌یت؟ قورِ به سه‌ر ئه‌و كه‌سه‌ش كه ده‌كه‌وێته به‌ر شاڵاوی نیچه! ته‌نانه‌ت ئه‌و، سوكرات و ئه‌فلاتوونی شاگردیشی له قورِ و لیته‌وه وه‌ردا. ئه‌و ته‌نانه‌ت (كانت)یشی كرده گاڵتهجارِی هه‌موو ئه‌م دنیایه، ژیانی خۆشی به "گاڵته كردن و قۆشمه كردن"ـه‌وه به‌سه‌ر برد.. كێ له زمانی زبری ئه‌و، بێ له ڤۆلتێر و گۆته و هه‌ندێكی دی به‌و لاوه، رزگاری بوو؟
له پرِ كه‌مێك له زمانی یان ئاراسته‌كه‌ی خۆی گۆرِی و گوتی: پێت وایه كه‌سێكی وه‌ك من سه‌رقاڵ به پرسی مه‌زنی فه‌لسه‌فه‌وه ده‌توانێت بایه‌خ به "ورده رووداو"ی وه‌ك به‌هاری عه‌ره‌ب بدات؟ ئه‌م شتانه هه‌ر ته‌نیا ره‌شه‌بای نێو فنجانێك یان بڵقی سه‌ر ئاون. من پێویستم به بوومهلهرزهیهكه وه‌ك شۆرِشی فه‌ره‌نسا گه‌ردوون بهه‌ژێنێت، تا بێته نێو بازنه‌ی بایه‌خ پێدانی فه‌لسه‌فیانه‌ی منه‌وه.
جارێكی دی به هاواره‌وه قسه‌م پێ برِییهوه: دكتۆر نیچه تكات لێ ده‌كه‌م! تكایه و دیسان تكا ده‌كه‌م! به‌هاری عه‌ره‌ب هه‌موو جیهانی هه‌ژاند و عه‌رشی ملهورِان و ده‌سه‌ڵاتی موخابه‌رات و مافیا و ماڵباتهكانی هه‌ڵته‌كاند، كه‌چی تۆ پێم ده‌ڵێی ره‌شه‌بای نێو فنجانێكه؟ بۆ یه‌كه‌م جاره له مێژوودا ده‌سه‌ڵاتدارانی عه‌ره‌بی تۆقاند و كه‌شێكی خۆشی پرِ له ئازادی و گه‌رم و گورِی و سه‌رفرازیی هێنایه ئاراوه. ئه‌و هاوارێكی نارِهزایی بوو كه له قوولایی ناخه‌وه هه‌ڵقوڵا بوو. سه‌لماندی كه بیرۆكه‌ی گۆرِان و ده‌رچوون و له زه‌لكاوی گه‌نیوی دیكاتۆر، ده‌كرێ به‌دی بێت. له قوربانی و شه‌هید و منداڵانی گوڵ ته‌مه‌ندا، ره‌زیلیی له‌گه‌ڵ نه‌كردین. گوێت له قسه‌ی شاعیری گه‌وره‌مان نه‌بوو كه ده‌ڵێ:
سووره ئازادی ده‌رگایه‌كی هه‌یه به هه‌موو ده‌ستێكی خه‌ڵتان ده‌كوترێت؟
راست و ره‌وان من له هه‌ڵوێستی تۆ ناگه‌م، ته‌نانه‌ت له ئاستیدا بێزاریی ته‌واوی خۆم دهردهبرِم. كاتێك له (هیگل)م پرسی، شتێكی دیكه‌ی پێ گوتم.
وه‌ڵامی دایه‌وه: ئه‌و هیگله كێیه؟ تۆ ده‌زانی من حیسابی بۆ ناكه‌م، براده‌ری هزریم یان دروستتر باوكی رۆحیم (شۆپنهاوه‌ر)ـه، دوژمنی باوهكوشتهی بوو له زانكۆی به‌رلیندا. پێت وایه به یاسای دیالیكتیكانهی كه پاساو بۆ قه‌سابخانه و كاره‌ساتی مرۆیی ده‌هێنێته‌وه، به به‌هانه‌ی ئه‌وه‌ی فاكته‌ری نه‌رێنی پێویسته بۆ به‌ره‌و پێش چوونی رهورِهوهی مێژوو؟ ئه‌م هیگلی براده‌ره‌ت هه‌موو شتێك هه‌رس ده‌كات. ئه‌و مه‌نهۆڵه! باشه بۆچی پاساو بۆ تایه‌فه‌گه‌ری و ره‌گه‌زپه‌رستی و سهربرِین له سه‌ر ناسنامه‌ش نه‌هێنینه‌وه، به به‌هانه‌ی ئه‌وه‌ی هه‌ر شتێكی واقیعی بێت عه‌قڵانییه؟ بۆچی پاساو بۆ ده‌ست درێژی كردنه سه‌ر ژنان و سهربرِینی منداڵان و ههڵدرِینی زگی ژنانی دووگیانیش نه‌هێنینه‌وه؟ نا، نا، تكات لێ ده‌كه‌م، تۆ و هیگلی مامۆستاكه‌ت، كه زیاد له پێویست سه‌رسامی كردووی، یه‌خه‌م به‌رده‌ن. من ده‌زانم كه تۆ كهتوویهتییه بن كاریگه‌ریی موگناتیسییانه‌ی ئه‌وه‌وه. ئه‌ویش حهرامزادهیهكه و هێنده دڵگیره كه به‌رگه‌ی ناگیرێت. به‌ڵام من به گورزی كوشنده كۆتاییم به‌و هێنا، كاتێك فه‌لسه‌فه‌یه‌كی ته‌واو پێچه‌وانه‌ی فه‌لسه‌فه‌كه‌ی ئه‌و، یان بڵێ له ده‌ره‌وه‌ی كاریگه‌ریی ته‌شه‌نه كردنی ئه‌وم دامه‌زراند، فه‌لسه‌فه‌كه‌ی ئه‌و هه‌موو ئه‌ڵمانیای ته‌نییه‌وه و كه‌س لێ قورتار نه‌بوو بێ له یه‌ك رۆشنبیر نه‌بێت، ئه‌ویش به‌نده‌ی دڵسۆزتانه. من گه‌وره‌ترین بلیمه‌تی فه‌لسه‌فه و شیعرم له مێژووی ئه‌ڵمانیادا. ئیدی بۆ ده‌ته‌وێ من ملكه‌چی ئه‌و بم؟
پێم گوت: حاڵی بووم دكتۆر. تۆ مه‌زنترین كه‌سی سه‌ر رووی زه‌مینی. به‌ڵام پێویستیشمان به‌وه‌یه كه‌سێك بێت و ئه‌وه‌ی ئێستا روو ده‌دات بۆمانی راڤه بكات. به‌م دواییانه گوێم لێ بوو ده‌ڵێی، فه‌یله‌سووف پزیشكی شارستانیه‌ته. به واتای ئه‌وه‌ی هه‌ر خۆی ده‌توانێت نه‌خۆشییه‌كانی نه‌ته‌وه ده‌ست نیشان بكات و چاره‌سه‌ری گونجاویشیان بۆ دیاری بكات. باشه ئێمه عه‌ره‌ب ده‌بێ په‌تا و نه‌خۆشییه‌كه‌مان چی بێت؟ پزیشكان پێمانه‌وه سه‌رگه‌ردان بوون، له پاش ئه‌وه‌ی خۆمان پیشانی پزیشكانی جیهان به رۆژهه‌ڵات و رۆژاوایهوه دا، به بێ ئه‌نجام. له دوا قۆناغدا بووینه گاڵتهجارِ یان مایه‌ی پێكه‌نین بۆ كه‌سانی دوور و نزیك. كه‌س نهێنیی ئه‌و نه‌خۆشییه عاسێیه نازانێت كه له پرِ تووشمان بوو؟ ئایا ده‌كرێ بایه‌خ به ئێمه‌ش بده‌یت، وه‌ك چۆن بایه‌خت به ئه‌ڵمان و فه‌ره‌نسی و ئه‌وروپایی به گشتی دا؟ ئایا شایه‌نی ئه‌وه‌ین به چاو ئاورِێكی خێرامان لێ بده‌یته‌وه؟ ئایا ده‌كرێ ته‌نیا پێنج خوله‌كی خۆتمان بۆ ته‌رخان بكه‌یت؟
پێی گوتم: زۆر ئاشكرا پێت ده‌ڵێم، ئێوه‌ی عه‌ره‌ب تا ئێستا شایانی ئه‌وه نین بێنه نێو بازنه‌ی بایه‌خ پێدانی منه‌وه. ناشزانم چیتان لێ بكه‌م. من ناتوانم كاتی خۆم له حاڵه‌تی كهوتوویهكی سه‌رجێ به فیرِۆ بده‌م كه ده‌ستی لێ شۆراوه. خه‌ڵك به‌ره‌و پێش ده‌چن و ئێوه‌ش به‌ره‌و دوا دهگهرِێنهوه. وازتان لێ دێنم تا له‌به‌ر یه‌ك هه‌ڵده‌وه‌شێن و دادهرِووخێن، تا تێر له‌به‌ر یه‌ك هه‌ڵوه‌شان و دارِووخان ده‌بن. لێتان دهگهرِێم تا خودا پێی خۆش بێت ئێوه یه‌كتر سهرببرِن. هیچ چاره‌سه‌رێكی دیكه‌ش نییه. ره‌نگه پاش چل په‌نجا ساڵی دی ئه‌وجا بایه‌ختان پێ بده‌م. به‌ڵام ئێستا، ئێوه‌ی عه‌ره‌ب جارێ نه‌گه‌یشتوونه‌ته خاڵی سفر، نه‌گه‌یشتوونه‌ته خواری خواره‌وه، ئیدی چۆن ده‌توانم ئاورِتان لێ بده‌مه‌وه؟ ئێوه خۆتان داوه‌ته ده‌ستی یهقینهیلی ره‌های كولتووریانه‌ی خۆتانه‌وه، هه‌روه‌ها ده‌مارگیریی داخراوی تایهفهگهرانهتانهوه. منیش ناتوانم گفتوگۆ له‌گه‌ڵ خه‌ڵكانی ره‌ق هه‌ڵاتووی له‌م چه‌شنه بكه‌م، خه‌ڵكانێك كه بۆ ماوه‌ی نزیكه‌ی هه‌زار ساڵه له ئه‌ڵقه‌یه‌كی بۆشدا ده‌خولێنه‌وه. له‌وه‌تای ده‌قی برِوای قادری ده‌رچووه، كه له ساڵی 1017ـه‌وه خوێنی موعته‌زیله‌ی حه‌ڵالڕ كرد، ئێوه له نێو زه‌لكاوی نه‌زانیدا نقومن، دوژمنی زانست و هزرن. به ژیانی خۆتان بۆنی دیموكراسی ناكه‌ن، تا له بری ئه‌و ده‌قه و هه‌زاران ده‌قی دیكه‌ی تیرۆریستی، كه به دوای ئه‌ودا هاتن و فه‌لسه‌فه و لۆژیك و عه‌قڵی به كوفر دانا، داوای لێبوردن نه‌كه‌ن. ئایا ده‌زانی رێكخراوی "ئه‌لقاعیده" راسته‌وخۆ به‌رهه‌می ئه‌وه؟ تۆوی دیكتاتۆریه‌تی لاهوتی سیاسیی له دیرۆكی ئێوه‌دا به درێژایی هه‌زار ساڵی بێ پسانه‌وه چاند. له‌و كاته‌وه ئێوه له نێویدا زیندانین و ناتوانن خۆتانی لێ ده‌رباز بكه‌ن. ئه‌وه‌ی ددان به فره‌یی ئاییندا نه‌نێت، چۆن ده‌كرێ ددان به فره‌یی سیاسی‌دا بنێت؟ ئه‌وه‌ی سووكایه‌تی به ئایینه‌كانی دی بكات و ئاشكرا، شه‌و و رۆژا، باوهرِدارانی به كافر دابنێت و به شه‌رع خوێنیان حه‌ڵاڵ بكات، ئایا ده‌كرێ شارستانیه‌تێكی مرۆیی پێك بهێنێت؟ تو خودا ده‌پێم بڵێ: چۆن ده‌كرێ ئێوه ببنه دیموكراسی؟ به كێ پێده‌كه‌نن؟ هه‌موو دیموكراسی و ئازادی و مه‌یلێكی مرۆیی له ئێوه بێ به‌رییه! كاتێك یه‌ك كتێب دژ به سه‌ده‌كانی حه‌نبه‌لیی ناوهرِاست داده‌نێن، وه‌ك سپینۆزا یان ڤۆلتێر یان بۆ نموونه من، كردمان، ئه‌وكات بایه‌ختان پێ ده‌ده‌م. كاتێك دژ به په‌رستراو و پیرۆزییهكانتان رادهپهرِن و بته‌كانتان ده‌شكێنن، مه‌به‌ستم مهلاكانتانه، نه‌ك ته‌نیا دیكتاتۆر و سه‌ركرده‌كانتان، ئیدی بایه‌ختان پێ ده‌ده‌م. ئه‌وكات به‌هاری عه‌ره‌ب دێت، كێڵگه‌كان ده‌بووژێنه‌وه.. به‌ڵام به‌ر له‌وه، ئه‌وا نا. كهنگین بیرمه‌ندێكی گرِكان ئاسای وه‌ك نیچه په‌یدا ده‌بێت؟ من مرۆڤ نیم، من بارووتم.
پاشان، ده‌م و زاری خۆش، گوتی:
ئێوه ته‌مبه‌ڵترین گه‌لن له مێژوودا، له هه‌مووانیش پتر شت دووباره ده‌كه‌نه‌وه و چیرِه درێژی ده‌كه‌ن، له هه‌مووشی ناخۆشتر ئه‌وه‌یه له هه‌موویان فشهكهرترن! من نازانم بۆچی ئێوه‌ی عه‌ره‌ب خۆتان فش ده‌كه‌نه‌وه و لووت به‌رز ده‌كه‌نه‌وه؟ له ماوه‌ی هه‌زار ساڵدا چیتان پێشكه‌ش به مرۆڤایه‌تی كردووه تا لووت به‌رز بكه‌نه‌وه؟ دوای هه‌ره‌س هێنانی شارستانیه‌تی كلاسیك و چاخی زێرِینتان، نه پزیشكی و نه ده‌رمانسازی و نه ئه‌ندازه و نه دۆزینه‌وه‌ی زانستی و نه تیۆریی فه‌لسه‌فی.. هیچ، هیچتان نییه.. ئێوه به كرده‌نی هیچن. مه‌لاكانی ئێوه فه‌لسه‌فه و فه‌یله‌سووفانیان به كافر دانا، تا ئه‌وه‌ی به درێژایی مێژوو ئیدی هه‌ڵنه‌سانه‌وه. ئایا راسته سه‌رله‌به‌ری نه‌ته‌وه‌یه‌ك بۆ ماوه‌ی هه‌زار ساڵ بێ فه‌لسه‌فه بژیت؟ ئێمه له كوێداین؟ هه‌تا ئێستا له زۆربه‌ی وڵاتان و زانكۆكانی ئێوه‌دا نه به‌شی فه‌لسه‌فه و نه به‌شی مێژووی به‌راوردكاریی ئایینه‌كان نین. تا ئێستا ئایینێكی دی بێ له ئایینه‌كه‌ی خۆتان ده‌ڵێنه‌وه و قبووڵیش ناكه‌ن به ئایینه‌كانی دیكه‌ی به‌راورد بكه‌ن، به رووی كه‌سیشدا ناكرێنه‌وه، به رووی هیچ شتێكیشدا. ئێوه له ئه‌ڵقه‌یه‌كی به‌تاڵدا به ده‌وری خۆتاندا دهسوورِێنهوه.. به راستی شه‌رمه بۆ ئێوه. به راستی من له ئاستی ئێوه به‌رامبه‌ر به نه‌ته‌وه‌كانی دی شه‌رم دام ده‌گرێت، ناشزانم چۆن داكۆكیتان لێ بكه‌م؟ ئێوه بوون به بار به سه‌ر مرۆڤایه‌تییه‌وه. ئێوه لۆژیك و عه‌قڵتان له كار خست، ته‌نانه‌ت زاتی ئه‌وه‌شتان كرد كه له رۆژگاری گه‌وره‌تان (غه‌زالی) نكووڵیتان له یاسای هۆكارهتی كرد، كه گه‌ردوونی راگرتووه. ئیدی چیتان بۆ ماوه‌ته‌وه؟ پاشان نه‌زانیی پیرۆز و ئه‌فسانه‌ی كهههنووتیتان وه‌ك چه‌سپاوی دوور له گفتوگۆ و دوور له ده‌ست لێ دان، چه‌سپاند. هه‌ر كاتێك یه‌كێك له ئێوه ده‌م بكاته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ناسه بدات، هاواری به سه‌ردا ده‌كه‌ن و ده‌ڵێن: وریا به! چه‌سپاوه‌كانی نه‌ته‌وه، پیرۆزن، هێڵی سوورن، مینن، نزیك مه‌به‌وه! پاشان خۆتان به ته‌له‌زی په‌رژین كرد، ئنجا وه‌ك تووتی، كه‌وتنه گوتنه‌وه‌ی هه‌مان ئه‌و وته ژه‌نگ گرتووانه به درێژایی سه‌ده‌كان. ته‌نانه‌ت كهیفتان به خۆتان ده‌هات و لاف به سه‌ر جیهاندا لێ ده‌ده‌ن، وه‌ك ئه‌وه‌ی رازی شتان یان هه‌ساره‌كانی گهردوونتان دۆزیبێته‌وه. ئیدی ده‌توانم چیتان لێ بكه‌م؟ تو خودا ده پێم بڵێن: ده‌توانم چی بكه‌م؟ راسته بیرمه‌ندانی سه‌رده‌می رێنیسانس و چاخی لیبراڵی عه‌ره‌ب ویستیان ئه‌وه راست بكه‌نه‌وه، هه‌وڵی ئه‌وانیش مایه‌ی سوپاسه. به‌ڵام له‌مپه‌ری دژواری لاهووتی زۆر له‌وان گه‌وره‌تر بوو، ئیدی رێنیسانسی له‌بار برد و پاشهكشهكهران پاشه‌كشه‌یان كرد. كێ هه‌یه خه‌بات دژ به هه‌زار ساڵ له داته‌پین و چه‌ق به‌ستنی هزری بكات؟ كێ هه‌یه بتوانێ نه‌ته‌وه‌یه‌ك به‌خه‌به‌ر بێنێت كه له سه‌ر مێژوو خه‌وتووه؟ له سه‌ر گابه‌ردی یه‌قینی مه‌عسوومی لاهووتیتان، هه‌موو هه‌وڵه‌كان تێك شكان. ئه‌ی نه‌زانی لووت به‌رز باش گوێ له قسه‌كانم بگره: به‌هاری عه‌ره‌ب نایه‌ت تا گسك له هه‌موو ئه‌وانه نه‌درێت.. من واده‌ی پاش ته‌نیا بیست یان سی ساڵی دیكه‌ت پێ ده‌ده‌م.
پێم گوت: دكتۆر نیچه، تۆ زیاد له پێویست گه‌شبینی.
زوو به‌رسڤی دایه‌وه: قسه‌م پێ مهبرِه هه‌ی ده‌به‌نگ! نه‌خێر، من گه‌شبین نیم. من به خۆرِایی قسه ناكه‌م. ئێوه له هه‌موو لایه‌كه‌وه به نوێخوازیی جیهانی ئابڵووقه دراون. جا چ زوو یان دره‌نگ بتانه‌وێ یان نا، ده‌ست به له خۆ پرسین ده‌كه‌ن. تۆ ده‌زانی من هه‌موو یه‌قینه دۆگما پیرۆز و چه‌سپاوه‌كانی رۆژاوا، كه دوو هه‌زار ساڵ بوو ره‌گیان داكۆتا بوو، له كتێبه‌كه‌مدا "ئاوا بوونی بت و په‌رستراوان"دا تێك و پێكم شكاندن، هه‌روه‌ها له كتێبه‌كانی دیكهشمدا. من هه‌موو وه‌همه میتافیزیكهكانی رۆژاوام، هه‌ر له ئه‌فلاتوونه‌وه تا كریستیان، به‌ڵكوو هه‌موو ئایدیاله‌كانی ئاسمان یان ئه‌وانه‌ی وا داده‌ندرێن، تێك شكاند. هه‌موو ئه‌و شتانه ئاسایی و مرۆڤانه‌ن، به‌ڵكوو زیاد له پێویست مرۆڤانه‌ن. چۆن زاتی پیرۆزییه‌كانی كریستیانم كرد؟ چۆن عه‌قڵیه‌تی كهههنووتی و بیرۆكه‌ی لاهووت كه دوو هه‌زار ساڵه دهپهرسترێنم تێك شكاند؟ هه‌موو شتێكی مرۆڤ به خوداوه‌ندی ئاسمانیان داده‌نا، رووتم كرده‌وه و راستییهكهیم خسته روو، په‌رده‌م له سه‌ر مرۆڤانه بوون و زه‌وی بوونه‌كه‌ی هه‌ڵماڵی. من گه‌وره‌ترین بوومه‌له‌رزه‌م له مێژووی هزردا. ئایا ئه‌و كتێبه‌ی من كه پێشكه‌ش به ڤۆلتێر رابه‌ری رۆشنگه‌ری كراوه، خوێندووه‌ته‌وه؟ بۆچی تا ئێستا یه‌ك ڤۆلتێر له نێو ئێوه‌دا په‌یدا نه‌بووه؟ تۆ ده‌زانی من نافهلسهفێنم ئه‌گه‌ر چهكوچم له ده‌ستدا نه‌بێت، تا بت و په‌رستراوان تێك بشكێنم: واته هه‌موو ئه‌و باوهرِه تایهفهگهره پیرۆزانه‌ی وا ده‌كه‌ن خه‌ڵك له سه‌ر ناسنامه یه‌كدی سه‌ر ببرِن. من گه‌وره‌ترین دابرِانم له مێژووی هزری مرۆیی‌دا: پێش من و پاش من. ده‌ترسم ئه‌گه‌ر هه‌مان شت له‌گه‌ڵ ئێوه‌دا بكه‌م، بتان فهوتێنم (له نێوتان ببه‌م). به راستی ئێوه ناتوانن به‌رگه‌ی كوتانی چهكوچه فه‌لسه‌فییه‌كه‌ی نیچه بگرن. ده‌ترسم هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی یه‌قینی زه‌به‌لاحی میللیكارانهتان و پیرۆزییه تایهفهگهریانهی شرِ و ورِتان كه مه‌لای سه‌ر كه‌ناڵه‌كانی ئاسمانی به شه‌و و رۆژ په‌خشی ده‌كه‌ن، زۆر به ساده‌یی ببێته هۆی له‌ده‌ست دانی هاوسه‌نگیی ده‌روونیتان و دارِووخانی عهقڵیتان.
زۆر به ئاشكرایی ئێوه شایانی ئه‌وه نین له پۆلی یه‌كی سه‌ره‌تاییدا بن. پێشم وا نییه من وه‌ك قوتابیی بچووك له قوتابخانه‌ی فه‌لسه‌فه‌ی ئه‌ڵمانیدا قبووڵـتان ده‌كه‌م.
ئه‌وكات زیاتر ترسام و تۆقیم. كاتێك دیتی نیشانه‌كانی تۆقین به سه‌ر و سیمامه‌وه دیاره، به‌زه‌یی پێم‌دا هاته‌وه و ئه‌م قسانه‌ی پێ گوتم كه هه‌رگیز له یادیان ناكه‌م: ده‌زانم، ئه‌ی عه‌ره‌ب، ئێوه پێویستتان به‌وه‌یه كه به ته‌واوی به خودی كهلهپووریانهی خۆتانه‌وه بنووسێن، به‌ر له‌وه‌ی دواتر لێی جیا ببنه‌وه. (ئه‌مه‌شه واتای به‌هاری عه‌ره‌بی له‌م كاته‌دا. ئه‌و به‌هارێكی ته‌نیا به رواڵه‌ت ههڵاوگێرِه. به‌ڵام ره‌نگه به كاریگه‌ریی ره‌نگدانه‌وه‌ی دیالیكتیكی و به‌ریه‌ك كه‌وتنی دژه‌كان، ببێته قهڵهمبارزێكی زه‌به‌لاح به‌ره‌و پێشه‌وه. چاوهرِوان بن: شت له پشت دهمامكهوهیه.. رووخانی ملهورِی و یه‌ك پارت و ده‌سه‌ڵاتی زۆره‌ملێ و ههرِهمهكیی به دواوه‌یه. دواجار قوربانیدانی خۆپیشانده‌رانی ئاشتیخوازانه و خوێنی پاكی ئه‌وان به فیرِۆ ناچێت). پاشان درێژه‌ی به قسه‌كانی دا و گوتی:
ئێوه به شێوه‌یه‌كی ته‌مومژاوی د‌رك به‌وه ده‌كه‌ن، كه ئێوه رۆژێك له رۆژان هه‌ر له‌و خوده كه‌له‌پوورییه به‌به‌رد بووه، وشك هه‌ڵاتووه جیا ده‌بنه‌وه، ده‌زانن كه چركه‌ی دابرِان لێی بێ گومان بهرِێوهیه. به‌ڵام ئه‌م دابرِانه به لای ئێوه‌وه زه‌حمه‌تتره له جیابوونه‌وه له رۆحتان، ته‌نانه‌ت له‌وه‌دایه په‌تی دڵتان بۆی بپسێت.. من ده‌زانم فرمێسكی ئاو و خوێنی بۆ ده‌بارێنن. پێت وایه دارِووخانی بنه‌چه‌خوازیی كریستیان له رۆژاوادا كارێكی ئاسان بوو؟ كێ ئیسفه‌نجی دایه ده‌ستمان تا هه‌موو ئاسۆی پێ بسرِینهوه؟! پێت وایه كوده‌تای سه‌ر خوداوه‌ندی سه‌ده‌كانی ناوهرِاست (له به‌رزه‌كی بانانه‌وه هێنانه خوارێ و خستمانه بن ئیقامه‌ی جهبرییهوه و به یه‌كجاریش خانه‌نشینمان كرد) پرۆسه‌یه‌كی ئاسان بوو؟ دوو ساڵی برد تا چیرۆكه‌كه‌مان هه‌رس كرد، به حاڵه حاڵ! گوتراش كه له ژووری ئهوپهرِی بایه‌خ پێداندا مرد به بێ ئه‌وه‌ی هیچ به‌رهه‌ڵستییه‌ك بكات له‌به‌ر پیری و كه‌نه‌فتی. ئه‌و پیر و خهرِۆ بووبوو...!
ئێستاش ده‌پرسم: چۆن ده‌كرێ له خودی كهلتووریانهی خۆتان جیا ببنه‌وه كه له خوێنبه‌ری بناگوێ لێتان نزیكتره؟ چۆن ده‌توانن لێی جیاببنه‌وه كه سه‌دان ساڵه له‌گه‌ڵیدا ده‌ژین و به سه‌ر ئه‌وه‌وه ده‌ژین؟ ئێوه عه‌ره‌ب وه‌ك كرمی ئاوریشمن كه تا ئێستا له قۆزاخه‌كه ده‌رنه‌چوون. ته‌نانه‌ت ئه‌و ده‌ترسێ ئه‌گه‌ر ده‌ربچێت بمرێت له بری ئه‌وه‌ی ببێته په‌پووله‌یه‌ك و بفرِێت! بۆیه تا ئێستا نا‌وێرن دابرِان له‌گه‌ڵ سه‌ده‌كانی ناوهرِاستی ئیسلامی‌دا دروست بكه‌ن، هه‌ر وه‌ك كه ئێمه له‌گه‌ڵ سه‌ده‌كانی ناوهرِاستی كریستیاندا كردمان. هه‌رچه‌ندی ده‌تانه‌وێ بیكه‌ن ئه‌وا ده‌تۆقن و یه‌كسه‌ر به‌ره‌و پاش ده‌كشێنه‌وه: داوای به‌خشین ده‌كه‌ن، په‌شیمانی و تۆبه ده‌نوێنن. به‌ڵێ من دڵم پێتانهوهیه، ترسم له هاوسه‌نگیی ده‌روونتان هه‌یه.. ئه‌وا هه‌زار و پێنج سه‌د ساڵ تێپهرِ به بێ ئه‌وه‌ی پیرۆزێكی دیكه‌ی نوێ په‌یدا ببێت! كێ ده‌توانێ ناوك له‌گه‌ڵ لاهووتدا ببرِێت؟ كێ ده‌توانێ به‌سه‌ر خۆیدا سه‌ركه‌وێت، له باب و باپیرانی جیا ببێته‌وه؟ كێ ده‌توانێ پیرۆزێكی نوێ دابمه‌زرێنێت: پیرۆزی نوێخوازی و عه‌لمانیه‌ت؟ ئای هه‌قیقه‌ت گه‌وره‌ترین درۆی مێژوو! له‌وه‌ی كه گوتم ئه‌ی عه‌ره‌ب زیاترم پێ ناگوترێت، له‌وه‌ش پترم پێ ئاشكرا ناكرێت. وای له ده‌به‌نگیی گهڵهكهبووی مێژووییانهتان! له‌گه‌ڵ ئێوه‌دا قورِم به سه‌ر! له جیهاندا كه‌سم لێ عاسی نه‌بوو ته‌نیا ئێوه نه‌بێت. ته‌نانت كۆمكاری عه‌ره‌ب جێی به‌زه‌یی پێدا هاتنه‌وه و سهردوولهكهیه، پاش ئه‌وه‌ی میچ و دیواره‌كان رووخان و ته‌نیا یه‌ك یان دوو دیواری ماوه نهرِووخاون.. پێم وایه باشترین خزمه‌ت كه پێشكه‌ش به ئێوه‌ی بكه‌م ئه‌وه‌یه گولله‌ی ره‌حمه‌تتان پێوه بنێم، تا ئه‌وه‌ی كه ماویشه دارِوووخێت. ده‌بێ به‌های راسته‌قینه‌ی خۆتان له سه‌ر شانۆی جیهانی هاوچه‌رخ بزانن:
عهرهبۆكه له لای خودا كه‌سێك نین...
لاوازی و بێرِێزیتان له به‌رده‌می هه‌موو جیهاندا ئاشكرا بوو كاتێك گه‌یشتنه قۆناغی غاردن بۆ به‌ر ده‌رگای ئه‌وانی دی تا كێشه‌كانتان بۆ چاره‌سه‌ر بكه‌ن. ته‌نانه‌ت گه‌یشتنه قۆناغی پووچی یان ته‌نانه‌ت پووچی پووچایهتی وه‌ك ئیبن روشد فه‌یله‌سووفی گه‌وره‌تان ده‌ڵێ. وه‌ڵڵا شه‌رم دام ده‌گرێت كاتێك ده‌تان بینم. به‌ڵام ئه‌وه قۆناغێكی ناچارییه هه‌ر ده‌بێ ببێت. ئێوه هه‌زار جار ده‌مرن به‌ر له‌وه‌ی دابرِانی ئه‌پستمۆلۆژی له‌گه‌ڵ خودی كهلتووریانهتان هه‌رس بكه‌ن و ناوك له‌گه‌ڵ لاهووتی پیرۆزدا ببرِن. ده‌بێ به‌ره‌و دوا بگهرِێنهوه تا به‌ره‌و پێش باز بده‌ن (ئه‌مه‌ش واتای به‌هاری عه‌ره‌بییه. ئه‌و نسكۆیه‌ك نییه به‌ره‌و دوا ته‌نیا به رواڵه‌ت نه‌بێت. ئه‌وه بخه به‌ر زه‌ینت ئه‌و پێشكه‌وتنخوازی رۆاڵهتگهره. پێم گوتی كه له پشتی شتانه‌وه شت هه‌یه. خوێنی ئه‌وانه‌ی بوونه قوربانی له سهربرِگهی ملهورِی به‌م زووانه چرۆ ده‌دات). ئێوه به پله‌ی یه‌كه‌م قوربانیی ده‌ستی خۆتانن. منیش ناتوانم شتێكتان بۆ بكه‌م ته‌نیا ئه‌وه نه‌بێت كه هیوادارم زیاتر تێك بشكێن تا ده‌گه‌نه بنی بنه‌وه. پاشان به دڵنیاییه‌وه گوتی: ئێوه ناتوانن له كه‌ڵه‌كی كه‌لتوور، له رایه‌ڵه‌كانی رابردوو ده‌رباز بن، ته‌نیا له پاش ئه‌وه نه‌بێت كه له پاڵیدا تێرتێر ده‌بن. هه‌ر خۆی ده‌رد و ده‌رمانه. ده‌بێ بگه‌نه قۆناغی تێربوونی كهلتووریانهی ته‌واوه‌وه. ده‌بێ كه‌لتوور تێر كه‌لتوور بێت. رێ بده‌ن مه‌لاكان له سه‌ر شاشه‌ی كهناڵهیلی ئاسمانی‌دا ئه‌م سه‌ر و ئه‌و سه‌ر بكه‌ن تا تاریكی به ته‌واوی دادێت و به بۆنی لاهووت و كه‌هه‌نووت ده‌خنكێن. هیچ چاره‌سه‌رێكی دی نییه. پاشان ره‌نگه كولتوور كوده‌تا به‌سه‌ر خۆیدا بكات و راستگۆیی خۆی له‌ده‌ست بدات و بۆ خۆی، خۆی به لارِێدا ببات، كه بۆ یه‌كه‌مین جار له مێژووی خۆتان هه‌ناسه‌ی ئۆخه‌ی هه‌ڵكێشن. پاش ئه‌وه ره‌نگه كاردانه‌وه‌یه‌كی پێچه‌وانه له ناختان په‌یدا ببێت و قۆناغی سه‌ركه‌وتن له خوارووی بنه‌وه، یان له خوارووی بیره‌وه، جیاوازیی نییه، ده‌ست پێ ده‌كات. به‌ڵام پێش ئه‌وه، نه‌خێر. ئه‌مه یاسایه‌كی مێژووییه.
پێم گوت: ئه‌مه‌یه كه رێك هیگل پێی گوتم..
به‌رسڤی دامه‌وه: ئه‌وه نازانم. له‌م رووه‌وه هیگل هه‌ڵه نییه. به‌ڵام هێرشم كرده سه‌ری چونكه كه‌سایه‌تییه‌كه‌ی زیاد له پێویست ملهورِ بوو. كاتێك له ئه‌ڵمانیا په‌یدا بووم، دوو چاره‌سه‌رم له پێشدا بوو: یان بكه‌مه‌وه به‌ر كاریگه‌ریی موگناتیزیانهی ئه‌وه‌وه و ببمه یه‌كێك له قوتابیانی ئه‌و وه‌ك رۆشنبیرانی دیكه‌ی ئه‌ڵمان، یانیش به ته‌واوی له‌و لا بده‌م تا ئه‌وه‌ی ئه‌و نه‌ی بینی بوو، من بیبینم و فه‌لسه‌فه‌یه‌كی نوێ پێك بهێنم كه په‌یوه‌ندیی به‌وه‌وه نه‌بێت. من چاره‌سه‌ری دووه‌مم هه‌ڵبژارد. تا ئێستا له‌و كاره‌ی من خۆش نه‌بوون. بۆیه تۆمه‌تی ئه‌وه‌م ده‌ده‌نه پاڵ و به كه‌سێكی "ناعه‌قڵانی" تۆمه‌تبارم ده‌كه‌ن، كه له عه‌قڵانیه‌تی پیرۆز و مه‌عسوومی كانتی هیگلانه لام داوه. كار له لای ئه‌وان گه‌یشته ئه‌و ئاسته‌ی كه تۆمه‌تبارم بكه‌ن به‌وه‌ی به ته‌واوی عه‌قڵم خاپوور كردووه، هه‌روه‌ك بنه‌چه‌خوازی ماركسیستی توندرِهو جۆرج لۆكاش كردی. ئایا كتێبه‌كه‌ی ئه‌وت خوێنده‌وه: نیچه و وێران كردنی عه‌قڵ؟ پێم وایه وهرگێرِدراوهتهوه سه‌ر زمانی عه‌ره‌بیتان. ئه‌و قوتابیی (كارل ماركس)ی ده‌به‌نگه، كه پێشبینیی شۆرِشی پرۆلیتاریای جیهانی و خاپوور كردنی سه‌رمایه‌داریی ده‌كرد، له كاتێكدا رێك پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه رووی دا. چینی پرۆلیتاریا بووه بورژوا و ئیدی ئوتومبیل و سه‌لاجه و جل شۆری هه‌یه، ئیدی پێویستی به شۆرِش و مۆرِش نه‌ما. سه‌رمایه‌داری به ماركسدا سه‌ركه‌وت و زۆربه‌ی پێشبینییه‌كانی پووچه‌ڵ كرده‌وه. كه‌س ناتوانێ به سه‌ر سه‌رمایه‌داریدا سه‌ربكه‌وێت. به‌ڵام ره‌نگه خۆبه‌خۆ خۆی خاپوور بكات، له جووله‌یه‌كی شێتانه‌ی خۆكوژانهدا، ئه‌گه‌ر ئاگاداری هه‌ڵه‌كانی حه‌یابه‌ری خۆی نه‌بێت، هه‌روه‌ها چاوبرسیایهتیی كوشنده‌ی و نه‌بوونی هه‌موو بنه‌ماكانی ره‌وشت و مرۆیی له پرۆژه‌كه‌یدا. جیهان له لێواری مه‌ترسیدایه. ئێمه گوتمان و گه‌ردنمان ئازاد.
له كۆتاییدا نازانم بۆچی پووچی یان دروستتر ههڵهشهییم پاڵی پێوه نام ئه‌م پرسیاره‌ی لێ بكه‌م. له پاش دوودڵی و تێك ئاڵانی زمان پێم گوت: دكتۆر نیچه، رێم پێ ده‌ده‌ی پرسیارێكی تایبه‌تت لێ بكه‌م كه په‌یوه‌ندیی به بابه‌ته‌كه‌وه نییه؟ به‌رسڤی دایه‌وه: هه‌رچی ده‌ته‌وێ بیڵێ به‌ڵام به په‌له، له‌وه زیاتر ناتوانم كاتی خۆم له‌گه‌ڵ تۆدا به فیرِۆ بده‌م.
پێم گوت: بۆچی ئه‌و بلیمه‌ته جوانه خانمی "لو ئه‌ندریا سالومی"ت بێزهوهرانه داشۆری، پاش ئه‌وه‌ی تۆ شه‌یدای بووبووی؟ ئایا تا ئه‌و راده‌یه دڵی بردبووی؟
هه‌ر له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ئه‌م قسانه‌م كرد، ره‌نگی تێك چوو، گرژ بوو، ده‌ستی بۆ گۆچانه‌كه‌ی برد. ئه‌و كات ترس دایگرتم و له سه‌ر چیای ئهلپهوه خۆم هه‌ڵدایه خوارووی دۆڵی قووله‌وه، مه‌ترسیی ئه‌وه‌م دایه به‌ر خۆم كه لاقم بشكێت نه‌ك ئه‌وه‌ی گۆچانێكم پێدا بكێشێت و مته‌قم لێ ببرِێت.