ئافره‌ت لای کانت

ئافره‌ت لای کانت

نووسه‌ر :حه‌مه‌سه‌عید حه‌سه‌ن

له‌ کۆتاییدا ته‌رازووی عه‌قڵی‌ منیش، به‌ ته‌واوی بێلایه‌ن نییه‌.
کانت

له‌وساوه‌ موڵکایه‌تیی تایبه‌تی سه‌ری هه‌ڵداوه‌،
وه‌ک بوونه‌وه‌رێکی نزمتر له‌ پیاو، سه‌رنجی ژن ده‌درێت‌.
هه‌نری مۆرگان


کانت (1724 _ 1804) ده‌یگوت: نابێت میر و سه‌رۆکی ده‌وڵه‌ت له‌ سه‌روو یاساوه‌ بن، نابێت ده‌سه‌ڵاتێکی ڕه‌هایان هه‌بێت، پێویسته‌ ملکه‌چی یاسا بن و ده‌سه‌ڵاتێک هه‌بێت، بتوانێت لێیان بپرسێته‌وه. ده‌بێت هاووڵاتییان به‌ هۆی لێهاتوویی و هه‌وڵدانه‌وه‌، بگه‌نه‌ پۆستی بڵند. نابێت کوڕ، ده‌سه‌ڵاتی له‌ باوکییه‌وه‌ بۆ بمێنیته‌وه‌، نابێت بۆ گه‌ییشتن به‌ پله‌ی به‌رز، له‌ موڵک و پۆستی باوکی سوودمه‌ند ببێت و ده‌بێت به‌ گوێره‌ی یاسا و به‌ یه‌کسانی، هه‌لی گه‌ییشتن به‌ لوتکه‌ی ده‌سه‌ڵات، بۆ هه‌مووان بڕه‌خسێت.

کانت هه‌رچه‌نده‌ فه‌لسه‌فه‌ی کرد به‌ دوو له‌ته‌وه‌: پێش خۆی و پاش خۆی، هه‌رچه‌نده‌ سه‌رده‌می ڕۆشنگه‌ری له‌سه‌ر ده‌ستی ئه‌ودا به‌ لوتکه‌ گه‌ییشت، هه‌رچه‌نده‌ به‌ قووڵی له‌ ژن و له‌ دابونه‌ریتی کۆڵییه‌وه‌، به‌ڵام له‌ کۆتاییدا له‌ بۆرژووایه‌کی دڵسۆز و ده‌ستپاک و ته‌نگه‌نه‌زه‌ر زێتر هیچی دیکه‌ نه‌بوو. له‌ کۆتاییدا ئه‌ویش هه‌ر وه‌ک فه‌یله‌سووفه‌کانی دیکه‌، له‌ ئه‌رستۆوه‌ تا ڕۆسۆ، ژنی پێ ئینسانێکی نزم بوو. کانت پێی وابوو، (ژن بۆ ئه‌وه‌ ده‌ست نادات خۆی بۆ لێکۆڵینه‌وه‌ ته‌رخان بکات، ئاخر ئه‌گه‌ر کتێبێکی به‌ ده‌سته‌وه‌ بێت، ئه‌وا وه‌ک بازنگه‌که‌ی مه‌چه‌کی، بۆ خۆ جوان نیشاندان، به‌ ده‌ستییه‌وه‌ گرتووه‌ و ته‌نانه‌ت سه‌عاتیش هه‌ر بۆ خۆڕازاندنه‌وه‌ ده‌کاته‌ ده‌ستی که‌ ڕه‌نگه‌ ئیش نه‌کات.)

ئایا ژن عه‌قڵی هه‌یه‌ یان نا؟ کانت ده‌ڵێت: (به‌ڵێ ژن عه‌قڵی هه‌یه‌، به‌ڵام عه‌قڵێکی جوان، جیاواز له‌ عه‌قڵی قووڵی پیاو.) بێ ئاگا له‌وه‌ی، ئه‌گه‌ر هه‌لی بۆ بڕه‌خسێت، ژنیش وه‌ک پیاو، له‌ هه‌ر بوارێکدا پێویستی به‌ عه‌قڵ هه‌بێت، توانای داهێنانی هه‌یه‌. ئه‌دی (تیانۆ)ی ژنی فیساگۆرس، فه‌یله‌سووف نه‌بوو؟ کام پیاو ده‌رباره‌ی ژن، له‌ سیمۆن دی بۆڤوار قووڵتر قسه‌ی کردووه‌؟

کانت پێی وایه‌: (ئافره‌ت که‌ شوو ده‌کات، ئازادی به‌ ده‌ست ده‌هێنێت، به‌ڵام پیاو که‌ ژن ده‌هێنێت، ئازادیی له‌ ده‌ست ده‌دات.) کانت وه‌ک زۆر له‌ فه‌یله‌سووفه‌کانی دیکه‌، ژنی نه‌هێنا، که‌ له‌ حه‌فتاوپێنج ساڵیدا لێی ده‌پرسن: له‌به‌ر چی ژنت نه‌هێنا؟ ده‌ڵێت: (که‌ پێویستم به‌ ژن هه‌بوو، نه‌مده‌توانی بژێویی بۆ دابین بکه‌م، که‌ بوومه‌ خاوه‌نی توانای دابینکردنی بژێوی، پێویستم به‌ ژن نه‌مابوو.) ئه‌گه‌ر کانت که‌سێکی ڕاستگۆ نه‌با، ده‌یگوت: ئاخر ژیانی خۆم، بۆ گه‌ڕان به‌ دوای حیکمه‌ت و حه‌قیقه‌تدا ته‌رخان کردبوو.

به‌شێک له‌ فه‌یله‌سووفه‌کان هاوسه‌رگیرییان نه‌کردووه‌، وه‌ک: دیکارت، شۆپنهاوه‌ر، نیتشه‌ و عه‌بدولڕه‌حمان به‌ده‌وی. سوکرات شه‌یدای ئالسیبیادێس بوو بوو، که‌ به‌ کوڕه‌ به‌نازه‌که‌ی ئه‌سینا، ناوی ده‌ر کردبوو. سوکراتی مامۆستای ئیفلاتوون، دوو ژنی هێنا، ئه‌رستۆی شاگردی ئیفلاتوون، دوو ژنی هێنا، به‌ڵام ئیفلاتوون خۆی ژنی نه‌هێنا، بڕوای به‌ خۆشه‌ویستی ڕۆحی هه‌بوو، نه‌ک جه‌سته‌یی. میشیل فۆکۆ (1926 _ 1984) که‌ هاوڕه‌گه‌زباز بوو، به‌ ئایدز کۆچی دوایی کرد.

ئایا ئینسان به‌ زه‌بری خۆشه‌ویستی، سێکس ده‌کات؟ ئاخر ئه‌گه‌ر سێکس ته‌نیا له‌ پێناوی مانه‌وه‌ی ڕه‌گه‌زدا بێت، ئه‌وا ئاژه‌ڵانیش هه‌ر له‌به‌ر هه‌مان هۆ جووت ده‌بن. کانت پێی وابوو، جووتبوون له‌ ده‌ره‌وه‌ی تاک ژنومێردایه‌تی، کارێکی ئاژه‌ڵانه‌یه‌ و له‌گه‌ڵ شکۆمه‌ندیی ئینساندا ناگونجێت. کانت وای بۆ ده‌چوو، حه‌یفه‌ ناوی خۆشه‌ویستی له‌و پێوه‌ندییه‌ بنێین که‌ له‌ پێناوی سێکسدایه‌، ئاخر ئه‌وه‌ هه‌ڵچوونێکی نائه‌خلاقییه‌. ئیفلاتوون جه‌سته‌ی به‌ قه‌بری خود ده‌زانی، به‌ڵام ده‌یگوت: چونکه‌ خودا جه‌سته‌مانی خوڵقاندووه‌، مافی ئه‌وه‌مان نییه‌ کاری خودا تێک بده‌ین و مافی خۆکوشتنمان نییه‌. کانت ده‌ڵێت: خۆکوشتن له‌وه‌ باشتره‌، ملکه‌چی تێرکردنی ئاره‌زوو بین، ئاخر ئینسان که‌ بوو به‌ بابه‌تی چێژ لێ وه‌رگرتن و چێژ پێ به‌خشین، هیچ ڕێزێکی بۆ خودی خۆی نامێنێت.

کانت به‌ هه‌مان چاو سه‌یری پیاو و ژنی نه‌ده‌کرد، پێی وابوو، سروشت یه‌که‌میانی له‌ دووه‌میان باڵاتر خوڵقاندووه‌. وای بۆ ده‌چوو، که‌ هاوسه‌رگیری ڕووی دا، ئیدی پیاو ژن ناچه‌وسێنێته‌وه‌ و ژن له‌وه‌ ڕزگاری ده‌بێت، که‌ره‌سه‌یه‌ک بێت بۆ به‌خشینی چێژ به‌ پیاو. کانت ده‌یگوت، ئه‌وه‌ ژن خۆیه‌تی له‌ پێناوی به‌رژه‌وندیی خێزان و ئاشتیی ناو ماڵدا، ملکه‌چی پیاو ده‌بێت، واز له‌ هه‌ندێک له‌ مافه‌کانی خۆی ده‌هێنێت و ئه‌وه‌ی پێ سروشتی ده‌بێت‌ که‌ پیاو زاڵ و باڵاده‌ست بێت، به‌ڵام ڕاستییه‌که‌ی ژن تووشی دووهه‌ستی ده‌بێت، ئه‌و دوو هه‌سته‌ دژ به‌ یه‌ک ده‌بن، له‌ ژیانی هاوسه‌رییه‌تیدا هاوزه‌مان هه‌ست به‌ خۆشی و به‌ ئازاریش ده‌کات، خۆشی: چونکه‌ ماڵ و مێردی هه‌یه‌، ئازار: چونکه‌ هه‌ست به‌ بێده‌سه‌ڵاتی و ته‌نانه‌ت به‌ کۆیله‌یی، خۆی ده‌کات.

کانت پێی وابوو، ژن ده‌یه‌وێت هه‌م پیاو بخاته‌ ژێر کۆنترۆڵی خۆیه‌وه‌ و هه‌م چێژیشی پێ ببه‌خشێت. که‌ چێژی پێ ده‌به‌خشێت، ئه‌وه‌ له‌ پێناوی کۆنترۆڵکردنیدایه‌ و کۆنترۆڵکردنی پیاو، ئامانجی ڕاسته‌قینه‌ی ژنه‌. کانت پێی وایه‌، چونکه‌ سروشت ئه‌رکی مانه‌وه‌ی ڕه‌گه‌زی ئینسانی به‌ ژن به‌خشیوه‌، به‌ زیندوویی هێشتنه‌وه‌ی کۆرپه‌له‌که‌ی، وای لی ده‌کات، نیگه‌ران و ته‌نانه‌ت ترسنۆکیش بێت، بۆیه‌ هه‌ست به‌ لاوازی ده‌کات و پێویستی به‌ کۆمه‌کی پیاو ده‌بێت و هانای بۆ ده‌بات. که‌واته‌ لای کانت، ئه‌وه‌ سروشته‌ وای کردووه‌ ژن لاواز بێت، نه‌ك کۆمه‌ڵ. کانت له‌ژێر کاریگه‌رییه‌تی که‌نیسه‌دا، که‌ ژنی له‌ پیاو نزمتر ده‌بینی، ده‌یگوت: مێرد وه‌ک هێزی جه‌سته‌، ده‌بێت له‌ ژن به‌ تواناتر و پێویسته‌ ئازاتریش بێت.

لای کانت دوو جۆر هاووڵاتی هه‌بوو، ئه‌کتیڤ و پاسیڤ، ئه‌کتیڤ ئه‌وه‌ بوو، بۆ دابینکردنی بژێوی، پشتی به‌ خۆی ده‌به‌ست، پاسیڤیش ئه‌و‌ی پشتی به‌ خاوه‌نکار ده‌به‌ست، وه‌ک شاگرد و هه‌موو ئه‌و پیشه‌گه‌رانه‌ی له‌سه‌ر خواستی که‌سانی دی کاریان ده‌کرد، بۆ نموونه‌: سه‌رتاش، ئاسنگه‌ر و پێڵاودروو. لای کانت هاووڵاتی پاسیڤ مافی ده‌نگدانی نه‌بوو، ژنانیش چونکه‌‌ له‌ ڕووی ئابوورییه‌وه‌ وابه‌سته‌ی پیاوان بوون، له‌ په‌راوێزدا بوون و به‌ پاسیڤ هه‌ژمار ده‌کران.

هه‌رچه‌نده‌ کانت، ئازادی، یه‌کسانی و سه‌ربه‌خۆبوون، بۆ هاووڵاتی ده‌خوازێت، به‌ڵام ژن که‌ هاووڵاتییه‌کی ئه‌کتیڤ نه‌بێت، که‌ له‌ مافی ده‌نگدان بێبه‌ش بکرێت، که‌ هیچ به‌شدارییه‌کی له‌ نووسینه‌وه‌ی ئه‌و یاسایانه‌دا نه‌بێت که‌ ناچاره‌ ملکه‌چیان بێت، که‌ له‌ ڕووی ئابوورییه‌وه‌ وابه‌سته‌ی پیاو بێت، ئیدی نه‌ له‌ یه‌کسانی سوودمه‌ند ده‌بێت، نه‌ هه‌ست به‌ ئازادی ده‌کات و نه‌ سه‌ربه‌خۆیش ده‌بێت.

کانت وای بۆ ده‌چێت، مێ که‌ توانای ئه‌وه‌ نییه‌، به‌بێ پیاو بژی، ئیشی ئه‌وه‌یه‌ ژن بێت و ناتوانێت سه‌رداری خودی خۆی بێت و نایشبێته‌ هاووڵاتییه‌کی ئه‌کتیڤ، به‌ڵام پیاو، با شاگرد یان خزمه‌تکاریش بێت، ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ هه‌یه، ببێته‌ خاوه‌نکارێکی سه‌ربه‌خۆ و پاشان هاووڵاتییه‌کی ئه‌کتیڤ. له‌ ڕوانگه‌ی کانته‌وه‌، ژن که‌ له‌ بواری کاری سیاسیدا پاسیڤه‌، ده‌توانێت به‌وه‌ قه‌ره‌بووی بکاته‌وه‌، له‌ناو ماڵدا فه‌رمانڕه‌وا بێت و پێی وابوو، له‌ هاوسه‌رگیریدا، ئه‌و ژنه‌، پیاو ده‌چه‌وسێنیته‌وه‌، نه‌ک به‌ پێچه‌وانه‌وه‌.

(چه‌ند تێبینییه‌ک سه‌باره‌ت به‌ هه‌ستکردن به‌ جوانی و شکۆمه‌ندی له‌ پێوه‌ندیی نێوان نێر و مێدا،) ئه‌وه‌ ناونیشانی نامیلکه‌یه‌کی کانته‌ که‌ له‌ ته‌مه‌نی چل ساڵیدا نووسیویه‌تی، تێیدا باسی تایبه‌تمه‌ندیی مێ ده‌کات که‌ چۆن له‌ هیی نێر جیاوازه‌ و چۆن مێ هۆگری جوانییه‌ و نێر بیری لای شکۆمه‌ندییه‌. کانت ده‌ڵێت: (دیمه‌نی به‌فر که‌ لوتکه‌ی چیای داپۆشیوه‌، دیمه‌نێکی به‌شکۆیه‌ و وات لێ ده‌کات، هه‌ست به‌ شکۆمه‌ندی بکه‌یت، به‌ڵام دیمه‌نی گوڵێک له‌ باخچه‌یه‌کدا، دیمه‌نێکی جوانه‌.)

کانت پێی وایه‌: (ئه‌وی یه‌که‌مین جار به‌ ژنی گوتووه‌، ڕه‌گه‌زی نه‌رمونیان، ڕێی تێ ده‌چێت، خه‌ریکی ساردکردنه‌وه‌ی ماستاو بووبێت و بڕوای به‌و قسه‌یه‌ی خۆی نه‌بووبێت.) لای کانت، (ژن هه‌ندێک خه‌سڵه‌تی تێدایه‌، وه‌ک دلۆڤانی و ناسکی و ئه‌فسوونێک که‌ پیاو که‌مه‌ندکێش ده‌کات، ئه‌وانه‌ هه‌موویان جوانیی پێ ده‌به‌خشن، به‌ڵام پیاو که‌ ڕه‌گه‌زی خانه‌دانی پێ ده‌ڵێن، زێتر شکۆمه‌ندی پێوه‌ دیاره‌.) لای کانت، بۆ ژن سووکایه‌تیی گه‌وره‌ ئه‌وه‌یه، فه‌رامۆشی بکه‌یت یان‌ به‌ ناشیرینی بزانیت، به‌ڵام پیاو به‌وه‌ زۆر سه‌غڵه‌ت ده‌بێت، به‌ گێلی بزانیت. کانت ده‌ڵێت: (چونکه‌ لای ژن، ئه‌وه‌ ئاره‌زووه‌ بڕیار ده‌دات، به‌ڵام لای پیاو، عه‌قڵ، بۆیه‌ ژن حه‌زی له‌ ده‌ستبه‌سه‌ردا گرتنه‌، به‌ڵام پیاو، فه‌رمانڕه‌وایی.)

کانت پێی وایه‌، (ژن بۆیه‌ ئیشی جوان یان چاک ده‌کات، چونکه‌ پێی خۆشه‌، نه‌ک له‌به‌ر ئه‌وه‌ی خاوه‌نی پرینسیپه‌، چونکه‌ ڕه‌گه‌زی نه‌رمونیان ناتوانێت خاوه‌نی پرینسیپ بێت.) چونکه‌ کانت شوێنی ئیشی ژن، به‌ چوارچێوه‌ی ماڵ ده‌زانێت، ئه‌و پیاوه‌ی پێ دووڕووه‌ که‌ ژن بۆ کاری وا هان ده‌دات، پێویستی به‌ عه‌قڵێکی قووڵ هه‌بێت. لای کانت، په‌یداکردنی پاره‌، ئیشی پیاوه‌، ژن حه‌زی لێیه‌ پاشه‌که‌وتی بکات. جێی سه‌رنجه،‌ کانت باسی ئه‌وه‌ی نه‌کردووه‌، ئه‌وه‌ کۆمه‌ڵه‌ وا ده‌کات، ژن ئه‌و خه‌سڵه‌تانه‌ی هه‌بێت. مارگرێت مید ده‌ڵێت: (زۆرینه‌ی خه‌سڵه‌ته‌کانی تاک، چ نێر بێت، چ مێ، زگماک نین، زاده‌ی سیسته‌می کۆمه‌ڵایه‌تین.)

ڕۆسۆ ده‌یگوت: (ژن بۆ ئه‌وه‌ خوڵقاوه‌، ملکه‌چی پیاو بێت و چێژی پێ ببه‌خشێت، ئه‌وه‌ سروشتی خۆیه‌تی.) نیتشه‌یش هه‌مان تێزی گوته‌وه‌: (ژن وه‌ک سروشت، حه‌زی لێیه‌ کاره‌که‌ر بێت، به‌خته‌وه‌ری له‌وه‌دا ده‌بینێته‌وه‌.) وه‌هایش باوه‌، ژن له‌ په‌راسووی پیاو چێ کرابێت، په‌راسوویش چونکه‌ خواره‌، ئه‌وه‌ بۆیه‌، ڕه‌وتاری ژنیش خواره‌! کانت ده‌بێژێت: (ڕه‌وشی کۆمه‌ڵایه‌تیی ژن، ڕه‌نگدانه‌وه‌یه‌کی ڕاسته‌قینه‌ی سروشتی خۆیه‌تی.) ئه‌وه‌ بۆیه‌ سوزان مێندوس کانت به‌ بۆرژووایه‌کی ته‌سکبین له‌ قه‌ڵه‌م ده‌دات. کانت ده‌ڵێت: ژن هه‌رچه‌نده‌ زۆربڵێیه‌ و نهێنی که‌سانی دی ناپارێزیت، به‌ڵام نهێنیی خۆی نادرکێنێت. هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: ئه‌وانه‌ گێلن که‌ توانای ژن به‌ هێند ناگرن، ئه‌وه‌ نییه‌ ژن له‌ ماڵدا، چی بخوازێت به‌سه‌ر پیاویدا ده‌سه‌پێنێت؟

کانت ده‌ڵێت: (ژنی گه‌نج، چونکه‌ هه‌میشه‌ مه‌ترسیی ئه‌وه‌ی هه‌یه‌، له‌ناکاو ببێته‌ بێوه‌ژن، ئه‌و هه‌سته‌ وای لێ ده‌کات، به‌رده‌وام عه‌تری جوانیی خۆی، به‌سه‌ر پیاواندا ببه‌خشێته‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی له‌ داهاتوودا، ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ هه‌بێت، یه‌کێکیان ببن به‌ مێردی.) له‌ کانت وایه‌، ژن که‌ جلی جوان ده‌پۆشێت، مه‌به‌ستی ئه‌وه‌یه‌، ژنانی دیکه‌ ئێره‌یی پێ ببه‌ن و وایش هه‌ڵکه‌وتووه‌، زۆر به‌ توندی ڕه‌خنه‌ له‌ هه‌ڵه‌ی ژنانی دیکه‌ بگرێت، به‌ڵام پیاو له‌ به‌رانبه‌ر هه‌ڵه‌ی ژندا لێبورده‌تره‌، چونکه‌ پیاو به‌ عه‌قڵ بڕیار ده‌دات و ژن به‌ حه‌ز و به‌ ئاره‌زوو. لای کانت، بۆیه‌ ژن ده‌بێت ملکه‌چی پیاو بێت، چونکه‌ ژن له‌باریدا نییه‌ وه‌ک پیاو عه‌قڵ وه‌گه‌ڕ بخات. کانت ئه‌و ملکه‌چییه‌ی ژنی بۆ پیاو، به‌ یاسایه‌کی سروشتی ده‌زانی، وه‌لێ ئیمامی غه‌زالی، هه‌مان ملکه‌چی به‌ یه‌کێک له‌ پرینسیپه‌کانی ئیسلام له‌ قه‌ڵه‌م ده‌دات و ده‌ڵێت: (ئه‌گه‌ر پیاو حه‌زی له‌ جووتبوون بوو، ژن با به‌سه‌ر پشتی حوشتریشه‌وه‌ بێت، پێویسته‌ دڵی نه‌شکێنێت.)

ڕۆسۆ ده‌یگوت: (کیژ هه‌ر له‌ منداڵییه‌وه‌، بووکه‌شووشه‌ له‌به‌ر دڵی زاوا ده‌ڕازێنێته‌وه‌.) هیوم پێی وایه‌، کرۆکی ژیانی ژن، له‌ شووکردندا چڕ ده‌بێته‌وه‌، ئه‌وه‌ بۆیه‌ ژن با ته‌مه‌نیشی هه‌ڵکشاو بێت، هه‌ر به‌ هیوای هاتنی سوارچاکی خه‌ونه‌کانیه‌تی. کانت بڕوای وایه‌‌، سێکس پێویسته‌ ته‌نیا له‌ سایه‌ی تاک ژنومێردایه‌تیدا بێت و گرێبه‌ستیش له‌ نێوان ژن و مێرددا هه‌بێت. هیگڵ له‌ کتێبی (بنه‌ڕه‌تاکانی فه‌لسه‌فه‌ی هه‌ق)دا، به‌ توندی به‌ گژ ئه‌و تێزه‌ی کانتدا ده‌چێته‌وه.

له‌ کن کانت: خۆشه‌ویستی هه‌ستێکی ناسکی ئینسانییه‌، به‌ڵام سێکس کرده‌یه‌کی حه‌یوانییه‌، بۆیه‌ ئه‌وینی ئینسانی و سێکسی حه‌یوانی دانوویان پێکه‌وه‌ ناکوڵێت، چونکه‌ سێکس نه‌ سۆزی تێدایه‌ و نه‌ ڕه‌وشت. کانت لای وابوو، چونکه‌ ژن و پیاو وه‌ک شتومه‌ک مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ یه‌کدیدا ده‌که‌ن، چونکه‌ خراپ سوود له‌ یه‌کدی وه‌رده‌گرن و یه‌کتری ده‌چه‌وسێننه‌وه‌، بۆیه‌ سێکسی نێوانیان، سروشتێکی نائینسانیی هه‌یه‌. کانت ده‌یگوت، ئینسان ئامانجه‌، نابێت وه‌ک که‌ره‌سه‌ وه‌گه‌ڕ بخرێت.

کانت وه‌ک پێشبینیی کردبێت، له‌ داهاتوودا، له‌ ئه‌ورووپا چی ڕوو ده‌دات، دژایه‌تی هاوڕه‌گه‌زبازی ده‌کرد و به‌ دژی یاسای سروشتی ده‌زانی. کانت ده‌یگوت: گه‌نج پێویسته‌ خۆی بگرێت تا به‌ شێوه‌یه‌کی شه‌رعی هاوسه‌رگیری ده‌کات و پێی وابوو، خووی نهێنی: کارێکی قێزه‌ونه‌، له‌گه‌ڵ سروشتی ئینساندا ناگونجێت، هه‌م جه‌سته‌ لاواز ده‌کات و هه‌م عه‌قڵیش، زیان به‌ توانای وه‌چه‌خستنه‌وه‌ ده‌گه‌یه‌نێت و ده‌بێته‌ هۆی زوو پیربوون.

کانت که‌ له‌ بواری مه‌عریفه‌دا، هه‌موو مرۆڤایه‌تیی هه‌ژاند، به‌ڵام نه‌یویست، دابونه‌ریتی ئه‌ورووپایی له‌ بواری ژندا بله‌قێنێت. گه‌ر خواستبای ده‌یتوانی به‌شدارییه‌کی کارای هه‌بێت، له‌ قوتارکردنی نیوه‌ی مرۆڤایه‌تی، لای که‌م له‌ به‌شێک له‌و سته‌مه‌ی سه‌دان ساڵ بوو لێی ده‌کرا، به‌ڵام خۆی له‌و شه‌ڕه‌ پیرۆزه‌ دزییه‌وه‌ و له‌ کێشه‌ی ژندا، چۆکی له‌به‌رده‌م دابونه‌ریتی دێرینی کۆمه‌ڵدا دادا. کانت له‌گه‌ڵ ئازادکردنی کۆیله‌دا بوو، به‌ڵام ئازادیی به‌ ژن ڕه‌وا نه‌بینی، له‌گه‌ڵ دادپه‌روه‌ری و یه‌کسانیدا بوو، به‌ڵام بۆ ژنان نا.(*)

2012.06.15

(*) أ، د. إمام عبدالفتاح إمام، کانط و المرأة، التنویر للطباعة 2012 بیروت.
Top