هه‌قیقه‌تی كۆمه‌ڵگای پاشه عه‌لماندن له لای هابرماس
June 27, 2012
فیکر و فەلسەفە
نووسه‌ر :محه‌مه‌د ئه‌لمهه‌زه‌بی
وه‌رگێڕ : تاریق كارێزی
كاتێك یورگن هابرماس "خه‌ڵاتی ئاشتی"ی وه‌رگرت، كه ساڵانه یه‌كێتیی وه‌شانگه‌رانی ئه‌ڵمان ده‌یبه‌خشن، له ئاهه‌نگی به‌خشینی خه‌ڵاته‌كه‌دا، له 10ی ئوكتۆبه‌ری ساڵی 2001دا، وه‌ك باوه، (هابرماس)یش گوتارێكی پێشكه‌ش كرد، تێیدا باسی بابه‌تی" برِوا و مه‌عریفه"ی (Glauben und Wissen) كرد.ره‌نگه به ده‌گمه‌ن رێك بكه‌وێت كه گوتارێكی بۆنه‌ئامێزی نووسه‌ر یان بیرمه‌ندێك بایه‌خی ئه‌وتۆی پێ بدرێت، هێنده‌ی كه گوتاره‌كه‌ی هابرماس (به نزیكه‌ی یه‌ك مانگ له پاش رووداوه‌كه‌ی یازده‌ی ئه‌یلوول (سیپتمه‌ر) بوو) بایه‌خی پێ درا، كه كۆمه‌ڵێك را و تێبینیی تێدا بوو، تا ماوه‌یه‌كی درێژ له ناوه‌ندی رۆشنبیریی ئه‌ڵمانیادا ده‌نگی ده‌دایه‌وه. ئه‌وه‌ی زۆرترین گوتن و لێپرسینه‌وه‌ی له‌باره‌وه كرا، بیرۆكه‌ی "كۆمه‌ڵگای پاشه عه‌لمانی" بوو، هه‌روه‌ها بانگه‌شه كردن بۆ گۆرِینی روانین بۆ ئایین، به‌وه‌ی له‌وه فراوانتره، كه هه‌ر ته‌نیا "پاشماوه‌ی رابردوویه‌كی ئاوا بووه" و ناگه‌رِێته‌وه.زۆر وه‌ڵام دانه‌وه‌ی گوتاره‌كه، شێوه‌ی لێشاوێك له ورووژانی به خۆوه گرت، كه له نێوان ئه‌ندێشه و سه‌رسورِماندا بوون، به‌ڵام وه‌ك شێوه‌ی دووكه‌ڵێكی لێ هات، كه راستی (هه‌قیقه‌ت)ی ده‌شارده‌وه. ته‌نانه‌ت ئه‌و دیمانه‌یه‌ی له ساڵی 2004دا هابرماس له (ئه‌كادیمیای كاتولیكیی باڤاری)دا له‌گه‌ڵ كاردینال (جۆزێف راتسنیگر)دا كردی، كه دواتر ده‌بێته پاپا، ده‌نگدانه‌وه‌كه‌ی تێكه‌ڵ به‌و گوتاره گۆرینه بوو. هه‌روه‌ها له لای زۆر كه‌سیشدا نیمچه دووره ده‌ست بوو، وێرِای ئه‌وه‌ی له شێوه‌ی كتێبێكدا به ناوی "دیالیكتیكی عه‌لماندن، له‌باره‌ی عه‌قڵ و ئایینه‌وه"(1) ده‌رچوو. خوێنه‌ری ئه‌م نامیلكه‌یه سه‌لماندنێكی پته‌وی فه‌لسه‌فی ده‌بینێت، كه بیرۆكه‌كانی هابرماس له‌باره‌ی بنه‌ماكانی ده‌وڵه‌تی عه‌لمانی و په‌یوه‌ندیی به ده‌وڵه‌ته‌وه روون ده‌كاته‌وه، به شێوازێكی دوور له وتاربێژی و خواسته‌كانی، هه‌روه‌ها دوور له بێ سه‌روبه‌ریی لێدوان و قسه‌ی رۆژنامه‌وانی، كه زۆر له رێرِه‌وی خۆی ده‌رده‌چێت. ره‌نگه گه‌رِانه‌وه بۆ ئه‌م به‌رهه‌مه گرنگه، وێرِای بچووكیی قه‌باره‌كه‌ی، ده‌بێته مایه‌ی ره‌واندنه‌وه‌ی حوكمی پێش وه‌خته، كه به‌رۆكی هه‌ندێك له بیرۆكه‌كانی (هابرماس)یان گرت، ئنجا هه‌ڵوه‌سته كردن له ئاست ئه‌و ئاسۆیانه‌ی (ئه‌و به‌رهه‌مه) كردنییه‌وه، ئه‌ویش له‌باره‌ی پرسێكه‌وه، كه ره‌نگه له بیركردنه‌وه‌ی فه‌لسه‌فیدا چانسی خۆی تاقی نه‌كردبێته‌وه، هه‌رچه‌نده به ته‌ن گوتاری ئایدیۆلۆژی و دروشمی له‌باره‌وه كه‌ڵه‌كه بووه، كه هه‌موو چاویان له شتێكی دیكه‌یه غه‌یری سه‌لماندنی رژدی (توندی) لۆژیكیانه.
له‌و نامیلكه‌یه‌دا دوو موحازه‌ره ده‌بینین، یه‌كه‌میان هی (هابرماس)ـه، دووه‌میشیان هی (راتسینگر)ـه، له پێش هه‌ردووكیشیان، پێشه‌كییه‌كی (فلوریان شوله‌ر) به‌رِێوه‌به‌ری (ئه‌كادیمیای كاتولیكیی باڤاری)یه له مێنشن (میونخ)، تێیدا باسی هه‌لومه‌رجی ئه‌و دیداره‌ی نێوان هه‌ردوو كه‌سایه‌تییه‌كه ده‌كات، ئاماژه‌ش ده‌كات كه بابه‌تی دیالۆگه‌كه‌ش به رێككه‌وتنی "هه‌ردوو لا" بریتی بوو له: "بنه‌ما پێشه سیاسی و ره‌وشتییه‌كانی ده‌وڵه‌تی لیبراڵ."
هابرماس وتاره‌كه‌ی دابه‌شی سه‌ر پێنج به‌ش ده‌كات، له رێی ئه‌وه‌وه ته‌لاری عه‌لماندن داده‌مه‌زرێنێت، به‌وه‌ی یه‌كێكه له رواڵه‌ته‌كان (خۆنواندنه‌كان)ی ده‌وڵه‌تی نوێی ده‌ستووری. ئه‌و لێكۆڵینه‌وه له بنه‌ماكانی تیۆریی ده‌وڵه‌تی عه‌لمانیی ده‌ستووری ده‌كات، به‌ر له‌وه‌ی باس له پاساوی هاوكاریی نێوان هاووڵاتیان بكات له‌و ده‌وڵه‌ته‌دا، هه‌روه‌ها ئه‌و هه‌رِه‌شانه‌ی رووبه‌رِووی ده‌بنه‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی دواتر بگاته ئه‌وه‌ی، كه خه‌سڵه‌تی رێرِه‌وی عه‌لماندن و جۆری په‌یوه‌ندیی نێوان عه‌لمانی و ئیماندار به ئایینه‌وه، له ده‌وڵه‌تی نوێ‌دا دیاری بكات.
ده‌وڵه‌تی عه‌لمانیی ده‌ستووری له سه‌ر چاوگه‌یلێك داده‌مه‌زرێت، كه زاده‌ی عه‌قڵی كرداره‌كین "به چه‌مكی (كانتانه: كانتی)". ئه‌مه‌ش، به گوته‌ی هابرماس، روون نابێته‌وه ته‌نیا به راڤه كردنی ره‌وایی رێرِه‌وی دیموكراسی، وه‌ك بناغه و نچینه‌ی یاسا نه‌بێت. هه‌روه‌ها (وه‌ك) چۆن دیموكراسی و مافی مرۆڤ هه‌ر له‌گه‌ڵ چركه‌ساتی له‌دایك بوونی ده‌ستووردا، ئاوێزانی یه‌ك ده‌بن. ئه‌وه‌ش له‌وه‌وه ده‌رده‌كه‌وێت، بیسه‌لمێنین كه رێرِه‌وی دیموكراسی، كه به‌ده‌م مه‌رجه‌كانی بنیاتنانی ئیراده‌ی ده‌سته‌جه‌معی و گه‌ڵاڵه كردنی رای گشتییه‌وه ده‌چێت، له سه‌ر ئه‌و گریمانه‌یه رۆ ده‌نرێت، كه هاووڵاتیان به شێوه‌یه‌كی عه‌قڵانی ئه‌نجامه‌كانی قبووڵ بكه‌ن. هه‌روه‌ها به‌رجه‌سته كردنی بنه‌ماكانی دیموكراسی به ده‌زگا (له رێی ده‌زگاوه: كردنیان به ده‌زگا)، (ئه‌م كاره‌ش) گریمانه‌ی مسۆگه‌ر كردنی هاوته‌ریبانه‌ی مافه‌یلی بنه‌رِه‌تیی هاووڵاتیان ده‌كات له هه‌ردوو ئاستی تاك و سیاسی‌دا. روونتر بڵێین ده‌وڵه‌تی نوێی ده‌ستووری، ره‌وایی بنه‌ماكانی له خۆیه‌وه هه‌ڵده‌هێنجێت، له سه‌ر بنه‌مای قبووڵ كردنی عه‌قڵانیانه‌ی له لایه‌ن هه‌موو هاووڵاتیانه‌وه، هیچ پێویستی به پاساوی دیكه‌ش نییه.
بنه‌مای سه‌ربه‌خۆیی یان "یاساكاریی خۆییانه"ی ده‌وڵه‌تی نوێ، له گریمانه بنه‌چه‌ی ده‌ره‌وه‌ی خۆی رزگاری ده‌كات، وه‌ك دیالیكتیكی مێژوویی یان په‌یدا بوونی نه‌ته‌وه‌یی یان شه‌رعیه‌تی ئایینی. دوا جار ده‌وڵه‌تی ده‌ستووری پێویستی به هیچ بنه‌مایه‌كی (به‌رین: پێشین) نییه، ئه‌وه‌ش ریشه‌ییانه‌ی خستنه رووه‌كه‌ی هابرماس له رووی ده‌سپێكه‌وه ده‌نوێنێت. به‌ڵام ئه‌وه‌ش ده‌مێنێ كه ئه‌و هاوكارییه راڤه بكه‌ین، كه له نێوان هاووڵاتیانی ده‌وڵه‌تی نوێ‌دا، كه ئه‌وان تاكی ئازادن، په‌یدا ده‌بێت. ئه‌گه‌ر ده‌ستووری ده‌وڵه‌تی نوێ، شه‌رعیه‌تی خۆی له خۆی را به‌ده‌ست ده‌هینێت و به جیا له چاوگی میتافیزیكی یان ئایینی، هه‌ڵبه‌ت ئه‌وه‌ی ده‌بێته رایه‌ڵی پێكه‌وه گرێدانی هاووڵاتانی ده‌وڵه‌تی نوێ، به گوته‌ی هابرماس، هه‌ر خودی رێرِه‌وی دیموكراسییه، به‌وه‌ی "رایه‌ڵی یه‌كخه‌ره: Das eingigende Band" بۆ هه‌مووان له چوارچێوه‌ی "كردارێكی پێكه‌وه‌رِۆییانه"دا، گره‌وه‌كه‌ی تێگه‌یشتنی دروسته له ده‌ستوور به سایه‌ی دیالۆگه‌وه.
له‌م قۆناغی دووه‌مه‌ی رێرِه‌وی سه‌لماندنه‌كه‌ی هابرماس، سه‌ربه‌خۆیی بینای كۆمه‌ڵایه‌تی، به‌وه‌ی پشت به بنه‌مای عه‌قڵانی ده‌به‌ستێت، دووپات ده‌بێته‌وه. به‌م جۆره ده‌وڵه‌ت و جڤاك ده‌بنه‌ی بینای قایم و تۆكمه، به پشت به‌ستنیان به عه‌قڵ له رووی خه‌مڵین و په‌یدا بوونه‌وه. هه‌ڵبه‌ت ئه‌وه‌ی هه‌رِه‌شه له رایه‌ڵی كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌كات، له ناوخۆی ده‌وڵه‌ته‌وه نایه‌ت به‌ڵكوو له ده‌ره‌وه‌وه دێت، بۆ نموونه به هۆی لادانی رێرِه‌وی نوێ كردنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵ (جڤاك) به شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كان. هه‌ر له‌م ئاسته‌وه هابرماس هۆشداری ده‌دات، كه وا ته‌ماشای به‌رده‌وام هه‌بوونی ئایین له نێو كۆمه‌ڵ بكرێت، كه ته‌نیا دیارده‌یه‌كه یان واقیعێكی كۆمه‌ڵایه‌تی، له سه‌ر فه‌لسه‌فه‌یه له ناوه‌وه را له‌و دیارده‌یه حاڵی بێت، به‌وه‌ی "ئاسته‌نگێكی مه‌عریفی"یه و به گه‌رم و گورِییه‌وه حیسابی بۆ بكرێت.
وێرِای روون و ره‌وانیی خستنه روو و ره‌گاژۆییه‌كه‌یه‌وه، له دووپات كردنه‌وه‌ی بناغه و پاشان بینای ساغ عه‌قڵانیانه‌ی ده‌وڵه‌تی نوێ، كه‌چی هابرماس داوا ده‌كات پێگه‌یه‌كی نوێ به ئایین بدرێت، به جۆرێك كۆمه‌ڵگای عه‌لمانی ببێته شتێكی نزیك له دیارده‌ی تێك هه‌ڵكێش، كه گریمانه‌ی هه‌بوونی دوو لایه‌ن ده‌كات، كه عه‌لمانی و ئایینی. عه‌لمانیه‌تیش ده‌بێته "رێرِه‌وێكی ته‌واوكارانه"ی نێوانی هه‌ردوو لا، ته‌نانه‌ت هابرماس پێی وایه به‌رژه‌وه‌ندیی ده‌وڵه‌تی نوێی ده‌ستووری له‌وه‌دایه، ره‌چاوی هه‌موو چاوگ یان سه‌رچاوه‌یه‌كی كولتوور بكات، كه هاوكاریی نێوان خه‌ڵك له‌وانه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت و گه‌شه به هۆشیارییان به به‌هاكان ده‌دات. بۆیه ئیماندار و عه‌لمانی له ده‌وڵه‌تی نوێی ده‌ستووریدا، ده‌بێ به رێز له یه‌كتر گرتنه‌وه ره‌فتار له‌گه‌ڵ یه‌كدا بكه‌ن. هه‌رچی بنه‌مای فه‌لسه‌فیی ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌یه، ئه‌وا بنه‌مای نه‌گونجانه له نێوانی زانست و برِوا (ئیمان) وه‌ك یه‌كێك له بنه‌ماكانی ده‌وڵه‌تی عه‌لمانی. به‌ڵام ئه‌م بنه‌مایه، به گوته‌ی هابرماس، به‌رجه‌سته بوونێكی ماقووڵ به‌دی ناكات، ته‌نیا له‌و كاته‌دا نه‌بێت كه ددان به باوه‌رِی ئایینی ده‌نرێت، كه خاوه‌ن پێگه‌یه‌كی جیاواز و ئه‌پستیمییه، هه‌روه‌ها واز له ناوزه‌د نانی به ناعه‌قڵانی.
هه‌رچی وتاره‌كه‌ی كاردینال (راتسینگر)ـه، ئه‌وا جه‌خت ده‌كاته سه‌ر دوو پرس كه په‌یوه‌ستن به رێژه‌یی بنه‌ماكانی دیموكراسی و عه‌لماندن و مافی مرۆڤ، ئه‌وانه‌ش به رای ئه‌و، به‌سه‌ر ناوچه‌یه‌كی فراوانی جیهاندا پیاده نابن، به تایبه‌تیش ناوی چین و جیهانی ئیسلامی ده‌هێنێت. واشی داده‌نێت كه ئه‌مه به‌ڵگه‌یه كه مافی مرۆڤ "دۆزینه‌وه‌یه‌كی (تایبه‌تی) رۆژاواییه". سه‌رباری ئه‌وه پێداگیری ده‌كات، كه نه‌زمی باوی عه‌لمانی له ده‌ره‌وه‌ی ره‌وتی كولتووری رۆژاوا بوونی نییه.
دووه‌مین خاڵ كه (راتسینگر) جه‌ختی ده‌كاته سه‌ر، ئه‌وا په‌یوه‌سته به شایسته بوونی "عه‌قڵ" به "متمانه پێ كردن"، وه‌ك وه‌ڵامێك بۆ ئه‌وه‌ی گومان له مۆركی ئه‌رێنیانه‌ی ئایین ده‌كات. بۆمبی ئه‌تۆم وه‌ك ده‌ڵێ، به‌رهه‌می عه‌قڵه، به هه‌مان شێوه‌ی بژارده‌كاری یان كۆپی كردنی مرۆڤ.
ئه‌وه گرنگترین شتێك بوو كه له كتێبه‌كه‌دا هاتووه. جا ئاخۆ هابرماس چ شتێكی نوێی پێشكه‌ش كرد؟ ئه‌و یه‌كه‌م: بناغه دارِشتنێكی پته‌وی عه‌قڵانییه بۆ عه‌لماندن، له پاڵ ره‌گاژۆیی له خستنه روو، كه رێ له كرانه‌وه به‌ره‌و ئاسۆی نوێ ناگرێت. لایه‌نی دووه‌میش: ئه‌وا گۆرِینی روانینه بۆ ئایین و وا دابندرێت، كه شایسته‌ی پێگه‌یه‌كی جیاوازی ئه‌پستمییه، ته‌نانه‌ت وه‌ك وه‌ستانه‌وه‌یه‌ك به‌رامبه‌ر به فه‌لسه‌فه.
به‌ڵام ئایا ئه‌وه‌ی هابرماس گوتی هه‌ر ته‌نیا به‌سه‌ر كریستیان یان رۆژاوادا پیاده ده‌بێت؟
له سه‌لماندنه‌كه‌ی هابرماسدا ئه‌وه به‌دی ناكه‌ین، كه ته‌نیا قسه كردنه‌كه‌ی تایبه‌ت بێت به كریستیانی، وێرِای ئه‌وه‌ی به‌رامبه‌ره‌كه‌ی پیاوێكی ئایینیی كریستیانه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ئه‌و له‌باره‌ی لێكدانه‌وه‌یه‌كی نوێ بۆ یه‌كێك له بیرۆكه‌كانی په‌یمانی دێرین (ته‌ورات) قسه‌ی كرد، كه بریتییه له خودا مرۆڤی له سه‌ر شێوه‌ی خۆی دروست كردووه، وه‌ك به‌رجه‌سته كردنێك بۆ چه‌مكی شكۆ (سه‌ربه‌رزی) له نێو مرۆڤدا، به چاوپۆشین له ئایینه‌كه‌ی، ئه‌مه‌شی به په‌رچڤه‌یه‌كی نوێی "رزگاركه‌ر" دانا.
ئایا هابرماس به‌و كاره‌ی ئایینه‌كانی دیكه‌ی وه‌لاوه نا؟ له هه‌قیقه‌تدا ئه‌و هیچ ئایینێكی هه‌ڵنه‌واری، هه‌روه‌ها به ئاشكراش ناوی هیچ ئایینێكی نه‌هێناوه، وه‌ك دیاره له ده‌وڵه‌تی نوێی ده‌ستووریدا هه‌موویان یه‌كسان ده‌بن. به‌ڵام ده‌كرێ بپرسین بۆچی هابرماس پێگه‌یه‌كی جیاوازی ئه‌پستیمی به ئایین ده‌دات و به به‌ربه‌ستێكی به‌رده‌می فه‌لسه‌فه‌شی داده‌نێت؟ كاره‌كه به‌و سووك و ئاسانییه نییه كه مرۆڤ له ئه‌وروپادا وێنای ده‌كات، به لای كه‌مه‌وه ئه‌گه‌ر له رووى لایه‌نی سۆسیۆلۆژیشه‌وه ته‌ماشای پرسه‌كه بكه‌ین. ناته‌باییه‌كی رواڵه‌تیانه هه‌یه كه ناكرێ به لای (هابرماس)ـه‌وه نادیده بێت، به‌وه‌ی كڵیسه‌ی كریستیان له ئه‌ڵمانیا بۆ نموونه، جا چ كاتولیك بێت یان پرۆتستانت، ساڵانێكه ژماره‌ی په‌یرِه‌وكه‌رانی روو له كه‌م بوونه‌وه‌یه. به‌ڵام كاره‌كه په‌یوه‌ست نییه به رۆڵی ئایین له نێو كۆمه‌ڵدا، هێنده‌ی كه په‌یوه‌سته به گرفتی په‌یوه‌ندیی نێوان برِوا و مه‌عریفه (زانین)ـه‌وه، هه‌ر وه‌ك بۆ نموونه، له‌و ئاسته‌نگانه‌دا خۆی ده‌نوێنێت، كه بایۆته‌كنۆلۆژیا له سه‌ر ئاستی (ئیتیكا)دا ده‌یخاته روو.
به هه‌ر حاڵ، ره‌نگه بیرۆكه‌كانی هابرماس وا بێنه به‌ر چاو، كه پاشه‌كشه‌ن سه‌باره‌ت به روانین بۆ ئایین، یان ده‌ست لێ هه‌ڵگرتنێكی بێ به‌رامبه‌ره. به‌ڵام ئه‌گه‌ر له رێرِه‌وی گشتییه‌وه لێی برِوانین، كاره‌كه شتێكی دیكه‌یه و جودایه. دیدی ئه‌و به‌رامبه‌ركارییه‌كه، ده‌كرێ وای ناو بنێین: خاكه‌رِاییه‌كی به مه‌عریفه پاساودراو له‌گه‌ڵ متمانه به خۆ بوونێك، وه‌ك داكۆكیكار له فه‌لسه‌فه‌ی نوێی عه‌قڵانی. ئاسته‌نگی مه‌عریفی، مانای وا نییه برِیاردانی ئه‌گه‌ره به‌ده‌ست هێنانی هه‌قیقه‌ت له لایه‌نی به‌رامبه‌ره‌وه (واته له‌م حاڵه‌ته‌دا ئایینه)، به‌ڵكوو بوارێك بۆ گومان ده‌هێڵدرێته‌وه. كاتێك عه‌لماندن برِیار ده‌دات كه ئایین به‌ربه‌ستێكه، هیچ شتێك ناگۆرِێت، به‌ڵكوو ئه‌و، به شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كان، گونجانی عه‌لماندنه له‌گه‌ڵ بنه‌ماكانی خۆیدا، به‌وه‌ی رێرِه‌وێكی كراوه‌یه و ناشڵێ خاوه‌نی (هه‌قیقه‌تی ره‌ها)م. هه‌رچی ئایینه، یان به لای كه‌مه‌وه ره‌وتگه‌لی بنه‌چه‌خواز (ئوسووڵی) وه‌ك رێكخراوی داخراو، ئه‌وا هیچ به‌ربه‌ستێكی مه‌عریفی له ده‌ره‌وه‌ی خۆیان قبووڵ ناكه‌ن.
خۆ ره‌نگه بایه‌خی ئه‌م كتێبه له‌وه‌دا بێت، كه به به‌شداری كردنێكه له تۆكمه كردنی عه‌لماندن له رووی فه‌لسه‌فییه‌وه، له‌گه‌ڵ داگرتنی بۆ نێو سه‌رده‌می خۆی، به‌وه‌ی دیارده‌یه‌كی زیندووه له‌گه‌ڵ ده‌وروبه‌ری خۆیدا كارلێك ده‌كات، نه‌ك بڵێی ده‌زگایه‌كی چه‌ق به‌ستوو یان یاسایه‌ك یان كۆمایه‌كی (مه‌نزوومه‌یه‌كی) سه‌راپاگیری بێت، كه "بۆ هه‌موو كات و شوێنێك گونجاو" بێت.
لایه‌نی دیكه‌ی گرنگی ئه‌م كتێبه، نوێخوازیی هزری هابرماس له پیوه‌ندی به عه‌لماندن دووپات ده‌كاته‌وه، دروست وه‌ك كه له تیۆرییه گشتییه‌كه‌یدا بۆ كرداری پێكه‌وه‌رِۆیی، روون ده‌بێته‌وه. ئه‌و فه‌یله‌سووفێكی نوێخوازه، چاخی رۆشنگه‌ریی ته‌نیا كرده چاوگێك بۆ ئیلهام، ئه‌و (ئه‌و چاخه‌ی) به پێكهاته‌یه‌كی بیر و بۆچوون دانه‌نا، كه به‌رده‌وام بگوترێته‌وه، به‌وه‌ی ته‌نیا ببێته بیرمه‌ندێكی نه‌ریتپارێز، هه‌روه‌ك هه‌ندێك بۆی چوون. هه‌ڵبه‌ت روانینێكی ساده بۆ یه‌كێك له چه‌مكه‌كانی كه تێگه‌ی "نیشتیمانیی ده‌ستووری"یه، ئه‌مه دووپات ده‌كاته‌وه، هه‌ڵبه‌ت چه‌مكه‌كه به ته‌واوی نوێیه، دابرِانێك له‌گه‌ڵ هه‌موو وێناكانی رابردوو له‌باره‌ی نیشتیمان په‌روه‌ری و نه‌ته‌وه‌یی دروست ده‌كات، سه‌رباری ئه‌وه‌ی شازه چه‌مكێكی ئایینده‌ییشه.
سه‌باره‌ت به‌وه‌ی ده‌نگۆ له‌باره‌ی هه‌ڵوێستی هابرماسه‌وه بڵاو بووه‌وه، كه (گوتوویه‌تی) "كریستیانی ته‌نیا چاوگی كولتووری نوێی ئه‌وروپایه"، ئه‌وا ته‌نیا لێدوانێكی رۆژنامه‌وانییه له بۆنه‌یه‌كدا، كه به بێ گه‌رِانه‌وه بۆ رێرِه‌وه‌كه‌ی ناكرێ لێی حاڵی بین، ئه‌وه به هیچ شێوه‌یه‌ك ناگاته ئاستی هه‌ڵوێستی گشتیی تیۆریانه له لای هابرماس. شتێكی ئاشكرایه، ئه‌و بیرمه‌نده لایه‌نگری ئه‌وه‌یه كه توركیای خاوه‌ن كولتووری ئیسلامی بێته نێو یه‌كێتیی ئه‌وروپاوه، هه‌روه‌ها زۆر به رژدی هه‌ڵوێستی سیاسه‌تمه‌داری هۆڵه‌ندا (فلدرز)ی ره‌ت كرده‌وه، به‌وه‌ی په‌ست كردنێكی بێ پاساوی موسڵمانانه. ئه‌و شتانه‌ی ده‌كرێ فه‌یله‌سووف و بیرمه‌ند لێپرسینه‌وه‌ی له‌باره‌وه له‌گه‌ڵدا بكرێت، نووسینی تیۆریی ئه‌وه.
له رێی گه‌رِانه‌وه بۆ هابرماس روون بووه‌وه، كه تاقی كردنه‌وه‌ی فه‌لسه‌فیانه‌ی بنه‌ماكانی عه‌لماندن، پته‌وی و تۆكمه‌یی بنیادی ناوه‌وه‌ی دووپات ده‌كاته‌وه، به‌ڵام به بێ ئه‌وه‌ی باس له هه‌قیقه‌تی ره‌ها بكرێت. ساغیش بووه‌وه كه ئه‌م جۆره قسه‌یه درێژه‌دان به زاڵ بوونی ئایین یان ئایدیۆلۆژیاكانی مسۆگه‌ر نه‌كرد، جا چاكتر و باشتر وایه به عه‌لماندنه‌وه نه‌لكێت. بۆیه د‌رك كردنی عه‌لماندن به سنووری خۆی وه‌ك ئه‌وه‌ی له سه‌لماندنه‌كه‌ی هابرماسدا به‌رجه‌سته ده‌بێت، ناچێته سه‌ر (شتانی) پاش ئه‌و، به‌ڵكوو هه‌ر ده‌چێته‌وه سه‌ر خۆی و به‌هێزتر و زیندووتریشی كرد. سه‌لماندنی ئه‌وه‌ی كه ئایین به‌ربه‌سته، له دوا قۆناغدا ده‌بێته ئاسته‌نگی به‌رده‌می ئایین و بانگهێشت كردنی بۆ ئه‌وه‌ی هه‌مان پێگه به عه‌لماندن بدرێت. خۆ ره‌نگه هه‌ر ئه‌وه‌ش بێت واتای "دیالیكتیكی عه‌لماندن" به‌وه‌ی به‌رده‌وامییه‌كی زیندووی كۆمه‌ڵایه‌تی و مێژووییه، ده‌چێته سه‌رووی چه‌ق به‌ستنی ده‌زگاكان و كۆن بوونی یاساكانه‌وه، هه‌روه‌ها سه‌رووی ئه‌و وه‌همانه‌ی كه ئایدیۆلۆژیاكان ده‌ری ده‌ده‌ن.
خۆ ره‌نگه به‌كار هێنانی زاراوه‌ی عه‌لماندن (Säkularisierung) له بری عه‌لمانیه‌ت، رێكارێك بێت بۆ دووپات كردنه‌وه‌ی كه ئه‌و (واته عه‌لماندن) رێرِه‌وێكی به‌ردوام و كراوه‌یه، له كاتێكدا زاراوه‌ی عه‌لمانیه‌ت ئیحا به كۆمایه‌كی (مه‌نزوومه‌یه‌كی) ته‌واوكار و كۆتایی هاتوو ده‌دات. عه‌لماندن له لای هابرماس "دیالیكتیكێكه ته‌واو نه‌بووه"، ئه‌و له هه‌موو حاڵه‌تێكدا ره‌وت یان رێرِه‌وێكه، كه یه‌كێكه له به‌رجه‌سته بوونه‌كانی نوێخوازی و ئاسۆیه‌كی كراوه و "پێكه‌وه‌رِۆ"یه. رێرِه‌و گوزارشتێكه له دینامیكی كه كۆمه‌ڵگایه‌كی دیاری كرا‌و ده‌ری ده‌دات، ره‌نگه به پێی جیاوازیی كۆمه‌ڵگاكان، ئه‌ویش جیاواز بێت، ئه‌وه‌شه كه ده‌یبینین، به‌وه‌ی عه‌لماندن ته‌نانه‌ت له نێو خودی كۆمه‌ڵگاكانی ئه‌وروپاشدا جیاوازه. جیا كردنه‌وه‌ی ده‌زگاییانه‌ی نێوان ئایین و ده‌وڵه‌ت، له ده‌وڵه‌تانی وه‌ك به‌یتانیا و هه‌ندێك له وڵاتانی ئه‌سكه‌نده‌ناڤیا، له بنه‌رِه‌تدا بوونی نییه. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌وان له فه‌ره‌نسا كه‌متر عه‌لماندنانه‌تر نین، كه تێیدا كڵیسه و ده‌وڵه‌ت به ته‌واوی له‌یه‌ك جیا كراونه‌ته‌وه.
ئه‌وه یه‌كێكه له وانه زانستییه‌كانی كه ده‌كرێ له كتێبێكه‌وه گه‌ڵاڵه بكرێت، كه رێ بۆ گه‌رِانه‌وه‌ی دیالۆگ له نێوانی زانست و برِوا خۆش ده‌كات، كه (ئه‌و دیالۆگه) له سه‌ر بنه‌مای رێز له یه‌كدی گرتن بێت، خۆبه‌خۆ له یه‌كدی جیا كردنه‌وه‌ی هه‌ردوو بواره‌كه‌ش مسۆگه‌ر ده‌كات. كه‌سیش له دیالۆگ ناترسێت، ته‌نیا لایه‌نگرانی توندرِه‌وی و ده‌مارگیری نه‌بێت، ئه‌گه‌ر ئه‌وانیش نه‌بوونایه، ئه‌وا ئه‌و مێزگرده‌ی نێوان شێخ (محه‌مه‌د عه‌بده) و (فه‌ره‌ح ئه‌نتوان)ی بیرمه‌نددا، ته‌نیا نموونه‌یه‌كی تاك و تاقانه له نێو كولتووری عه‌ره‌بیماندا، به درێژایی نزیكه‌ی یه‌ك سه‌ده، نه‌ده‌مایه‌وه.
په‌راوێز:
1- Dialektik der Säkularisierung، über Vernunft und Religion Jürgen Habermas، Joseph Ratzinger، Verlag Herder Freiburg im Breisgau، 2005 ( Zweite Auflage)