ژن له کن ڕۆسۆ
June 24, 2012
فیکر و فەلسەفە
نووسه‌ر :حه‌مه‌سه‌عید حه‌سه‌ن
بیرمه‌نده گه‌وره‌کانی خۆرهه‌ڵات که خۆیان پیاو بوون، سه‌باره‌ت به پیاو و له پێناوی پیاویشدا ده‌یاننووسی. سۆزان مۆللـهرفهلسهفه که کورتکردنه‌وه‌ی سه‌رده‌مێکه له‌نێو فیکردا، تا سه‌ده‌ی نۆزده‌یه‌میش له سه‌نگه‌ری دژه‌ژندا بوو. وشه‌ی ئینسان که وشه‌یه‌کی فریوده‌ره، مه‌به‌ست لێی ته‌نیا پیاو بوو، ئاخر له ئینگلیزی و له فه‌ره‌نساییشدا، هه‌مان وشه، هه‌م به مانای ئینسان دێت و هه‌م به واتای پیاویش! که باسی ئازادی، یه‌کسانی و دادپه‌روه‌ری ده‌کرا، ته‌نیا پیاو له‌به‌ر چاو ده‌گیرا، که ڕۆسۆ (1712 _ 1778) ده‌یگوت: (ئینسان به ئازادی له دایک ده‌بێت، به‌ڵام له هه‌موو جێیه‌ک دیله،) مه‌به‌ستی له‌و ئینسانه، پیاو بوو، که ده‌یگوت: (ئه‌گه‌ر ئینسان ده‌ست له ئازادیی خۆی هه‌ڵبگرێت، ئینسانبوونی خۆی له ده‌ست ده‌دات،) مه‌به‌ستی له‌و ئینسانه پیاو بوو، که ده‌یگوت: (نایه‌کسانی هه‌وێنی هه‌موو خراپه‌یه‌که،) مه‌به‌ستی له نایه‌کسانی بوو له نێوان پیاواندا. هه‌رچه‌نده بیروڕای ڕۆسۆ ڕۆڵێکی گرنگی، له هه‌ڵگیرسانی شۆڕشی فه‌ره‌نساییدا بینی، به‌ڵام بێ پێچ و په‌نا ده‌یگوت: (ئه‌گه‌ر ژن باس له هه‌بوونی نایه‌کسانی له نێوان خۆی و پیاودا بکات، ئه‌وه به هه‌ڵه‌دا چووه،)
ڕۆسۆ پێی وابوو، ئینسان یان دروستتر پیاو، له‌ناو سروشتدا بژی، باشتره له‌وه‌ی ملکه‌چی یاسای کۆمه‌ڵ بێت. ئاخر ئینسان که له‌ناو کۆمه‌ڵدا و له پێناوی کۆمه‌ڵدا ژیا، خودی خۆی له ده‌ست ده‌دات و نابێته که‌سێکی سه‌ربه‌خۆ. ده‌یگوت: ئینسان ئه‌و ڕۆژه‌ی له دایک ده‌بێت، ده‌یپێچنه‌وه، ئه‌و ڕۆژه‌یشی ده‌مرێت، ده‌یخزێنریته تابووتێکه‌وه، له نێوان ئه‌و دوو ڕۆژه‌یشدا، دیلی ده‌ستی کۆت و پێوه‌ندی کۆمه‌ڵه. ڕۆسۆ وای بۆ ده‌چوو، ئینسان خۆی به سروشت چاکه، ئه‌و کۆمه‌ڵه خراپی ده‌کات، تا زانست و هونه‌ر پێشتر بکه‌ون، ئینسان به‌دتر ده‌بێت و ده‌روونی زێتر ده‌شێوێت. ئه‌و پێی وابوو، وه‌ک چۆن دایک، منداڵ له مه‌ترسی ده‌پارێزێت، ئه‌وه سروشتیشه ئینسان له مه‌ترسیی زانست ده‌پارێزێت. یان ده‌یگوت: (خودا هه‌موو شتێکی به چاکی خوڵقاندووه، ئه‌وه ئینسانه خراپیان ده‌کات.) یان: (سروشت هه‌رگیز درۆ ناکات، ئه‌وه‌ی له سروشته‌وه بێت، ڕاسته.)
هه‌ندێک جار بۆچوونه‌کانی ڕۆسۆ له باره‌ی سروشته‌وه، ده‌بوونه مایه‌ی گاڵته‌جاڕی، پێیان ده‌گوت: دیاره نیازی وایه بمانکات به دڕنده! جارێکیان ڤۆلتێر بۆی نووسیبوو: (خه‌ڵکی که کتێبه‌که‌ت ده‌خوێننه‌وه، ئاره‌زوو ده‌که‌ن له‌سه‌ر چوار په‌ل بڕۆن، به‌ڵام من چونکه شه‌ست ساڵ زیاتره، ئه‌و خووه‌م ته‌رک داوه، له به‌دبه‌ختیم ناتوانم بگه‌ڕێمه‌وه سه‌ری.) ده‌رباره‌ی ئه‌وه‌ی ڕۆسۆ گوتبووی: (ئینسان له‌ناو سروشتدا ئازاده بوو،) هیگڵ بۆی نووسیبوو: به پێچه‌وانه‌وه، ئه‌وسا ئینسان هه‌م کۆیله‌ی سروشت بوو، هه‌م کۆیله‌ی ئاره‌زووه‌کانیشی. جۆن دێوی له باره‌ی په‌روه‌رده‌که‌ی ڕۆسۆوه ده‌ڵێت: (گه‌ڕاندنه‌وه‌ی هه‌موو شتێک بۆ سروشت، په‌روه‌رده نییه، ڕاستییه‌که‌ی ڕه‌تکردنه‌وه‌ی په‌روه‌ده‌یه.)
ڕۆسۆیش یه‌کێکه له‌و بیرمه‌ندانه‌ی که وای بۆ ده‌چن، ئه‌وه کاری سروشته که ژن ده‌بێت کاره‌که‌ر و ملکه‌چی پیاو بێت، که شه‌رمن و که‌معه‌قڵ بێت، که دوای ئاره‌زوو بکه‌وێت و توانای بیرکرنه‌وه‌ی نه‌بێت، هه‌رچه‌نده ئه‌و تێڕوانینه نێگه‌تیڤانه، سروشتی نین، زاده‌ی سیسته‌می کۆمه‌ڵایه‌تی، کولتووری، ئابووریین و ئه‌وه که‌له‌پووری بابسالارییه، وا سووک سه‌رنجی ژن ده‌دات. ئه‌وه شتێکه وه‌ک سیسته‌می هیرارکی، که ڕۆڵی کۆیله‌ی به ژن ڕه‌وا بینیوه و پله و پایه‌ی خاوه‌ن کۆیله‌شی به پیاو به‌خشیوه.
ڕۆسۆ ده‌ڵێت: (خوداوه‌ند پێوه‌ندیی نێوان نێر و مێی ڕێک خستووه، حه‌ز و ئاره‌زووی بێسنووری به ژن به‌خشیوه و عه‌قڵیش به پیاو، بۆ ئه‌وه‌ی حه‌ز و ئاره‌زووه‌کانی ژن کۆنترۆڵ بکات. ژن زوو ده‌ورووژێت و پیاو زوو تێر ده‌بێت. خودا شه‌رمکردنیشی به ژن ڕه‌وا بینیوه، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت، حه‌زه‌کانی له‌غاو بکات.) که‌واته له ڕوانگه‌ی ڕۆسۆوه، جیاوازیی نێوان ژن و پیاو، جیاوازییه‌کی سروشتییه و زاده‌ی پێوه‌ندییه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان نییه. هه‌ر له‌و ده‌لاقه‌یه‌وه، ئه‌گه‌ر پیاو ناپاکییی کرد، ئه‌وا له به‌جێهێنانی ئه‌رکی سه‌ر شانی‌دا، به‌رانبه‌ر ژنه‌که‌ی، درێغیی کردووه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ژن ناپاکیی کرد، ئه‌وه وێڕای غه‌در و بێوه‌فایی، خێزانی هه‌ڵوه‌شاندووه‌ته‌وه و پێوه‌ندییه سروشتییه‌کانیشی شێواندووه. لای ڕۆسۆ، به زه‌بری ئاره‌زووه، پیاو دوای ژن ده‌که‌وێ، به‌ڵام ژن،
وێڕای ئاره‌زوو، بۆ دابینکردنی بژێویش، پێویستی به پیاوه، بۆیه ژن زێتر مه‌جبووری پیاوه.
له‌به‌ر ڕۆشنایی تێڕوانینه‌کانی ڕۆسۆدا، باسکردن له یه‌کسانیی نێوان ژن و پیاو، ده‌بێته قسه‌ی پووچ، ئاخر لای ئه‌و، پێویسته ژنان له‌به‌ر خۆیان و منداڵه‌کانیان ملکه‌چی پیاوان بن. ڕۆسۆ که حه‌زی له ژنیکه، (هه‌م لێزان بێت و هه‌م دلۆڤان، هه‌م به‌ڕه‌وشت بێت و هه‌م جوان،) پێی وایه، ژن نابێت هه‌وڵی بۆ ئه‌وه بێت، وه‌ک پیاو بژی، به‌ڵکوو ده‌بێت له پێناوی پیاودا بژی. ڕۆسۆ ژنی بۆ حیکمه‌ت، فیکر، هونه‌ر و سیاسه‌ت ناوێت، ژنی بۆ دایکایه‌تی ده‌وێت و به‌س.
ڕۆسۆ هه‌رچه‌ند به باوکی ئازادی، دادپه‌روه‌ری و یه‌کسانی ناسراوه، هه‌رچه‌نده بانگه‌شه‌ی بۆ شۆڕشێک کردووه، که کۆیلایه‌تیی له ناو برد، هه‌رچه‌نده به‌رانبه‌ر به دابونه‌ریتی دێرین ڕادیکال بووه، که‌چی به‌رانبه‌ر به ژن، هێنده کۆنه‌خواز بووه، هه‌ر تێزه‌کانی ئه‌رستۆی دووباره کردووه‌ته‌وه و نه‌یتوانیوه خۆی له‌ژێر باری قورسی که‌له‌پووری بابسالاری قوتار بکات. ئه‌و ئازادی، دادپه‌روه‌ری و یه‌کسانیی هه‌ر بۆ پیاوان ویستووه و هه‌ستی به‌وه نه‌کردووه، جیاوازیی نێوان ژن و پیاو، زاده‌ی سیسته‌می کۆمه‌ڵایه‌تییه، نه‌ک کارکردی سروشت.
ڕۆسۆ ده‌رکی به‌وه کردووه، ئه‌وه‌ی خه‌ڵکی له وه‌زیر و گزیر، له زه‌نگین و فه‌قیر پێک دێن، زاده‌ی پێوه‌ندییه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانه، به‌ڵام پێی وابووه، ئه‌و سروشته، ژنی لاواز و که‌معه‌قڵ خوڵقاندووه. پێی وابووه، ئه‌وه کاری سروشته، که ژن زوو هه‌ڵده‌چێت و ده‌بێت جێگه‌ی قوژبنی ماڵ و ئه‌رکی به‌خێوکردنی منداڵ بێت. ئایا ئه‌وه پارادۆکس نییه، ڕۆسۆیه‌ک که به درێژایی ته‌مه‌نی به کۆمه‌کی ژن ژیاوه، ئافره‌ت به هاووڵاتی نه‌زانێت و وای بۆ بچێت، نابێت ژن توخنی سیاسه‌ت بکه‌وێت؟ ئایا ئه‌وه جێی سه‌رنج نییه، به‌رده‌وام سروشتی له دژی ژن و له قازانجی پیاو وه‌گه‌ڕ خستووه؟
ڕۆسۆ سه‌باره‌ت به ژنه گوندییه‌که‌ی ده‌ڵێت: (هه‌ر چه‌ند هه‌وڵم دا، نه توانیم فێری به ڕیز گوتنی ناوی مانگه‌کانی بکه‌م، نه فێری ژماردنی پاره، زۆر جار که ده‌یویست وشه‌یه‌ک بڵێت، پێچه‌وانه‌که‌ی ده‌گوت.) ڕۆسۆ لای وابوو، له خێزاندا ده‌بێت ده‌سه‌ڵات لای پیاو بێت و ده‌یگوت: ئه‌و نایه‌کسانییه‌ی له نیوان ژن و پیاودا هه‌یه، زاده‌ی دابونه‌ریت نییه، شتێکی سروشتییه، ده‌بێت ژن، گومانی له‌وه نه‌بێت که له پیاو که‌متره و بۆ ئه‌وه خوڵقاوه ملکه‌چی پیاو بێت و چێژی پێ ببه‌خشێت.
ڕۆسۆ ده‌یگوت: ئه‌وه‌شی که پیاو له ژن ئازاتره، هه‌ر سروشتییه و ده‌بێت ژن خۆی بڕازێنێته‌وه تا ئاره‌زووی پیاو ببزوێنێت، بۆ ئه‌وه‌ی پیاو په‌لاماری بدات، ئاخر لای ئه‌و ده‌بوو له هاوجێییدا، پیاو بکه‌ر و ژن به‌رکار بێت و وایشی بۆ ده‌چوو، ژن تا شه‌رمنتر بێت، زیاتر ئاره‌زووی پیاو ده‌جووڵێنێت و ژن هه‌ر به سه‌لیقه، به‌ناز و شه‌رمنه. لای ڕۆسۆ ژن ده‌بێت هاوزه‌مان هه‌ستبزوێن و شه‌رمنیش بێت، هه‌ستبزوێنییه‌که‌ی بۆ ڕاکێشانی سه‌رنجی پیاو و شه‌رمنییه‌که‌یشی بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت، هه‌ست و ئاره‌زووی خۆی کۆنترۆڵ بکات. له کن ڕۆسۆ : (خودا بۆ ئه‌وه ژنی ناسک دروست نه‌کردووه، تا توندوتیژ بێت، بۆ ئه‌وه ده‌نگێکی ناسکی پێ نه‌به‌خشیوه، تا قسه‌ی زبر بێت و ئه‌و سیما جوانه‌یشی بۆ ئه‌وه پێ ڕه‌وا نه‌بینوه، تا به تووڕه‌بوون، بیشێوێنێت.)
ژن له ڕوانگه‌ی ڕۆسۆوه، ده‌بێت، جوان، خۆشه‌ویست، چاک و خاوه‌نی ناوبانگێکی باش بێت، چونکه ژن که ناوبانگی زڕا، ئیدی وه‌ک پاشایه‌ک وایه، عه‌رش و تاجی له کیس چوو بێت. ڕۆسۆ پێی وابوو: ژن که ئاوڕووی تکا، ئیدی سڵ له هیچ ناکاته‌وه، ئاخر ئیدی هیچی دیکه‌ی نامێنێت تا له کیسی بچێت. ڕۆسۆ وای پێ خۆش بوو، ژن تا ده‌ژی هه‌ر مێ بێت و ده‌یگوت: ئه‌وه ناخۆشه بچیته ژووری نوستنی ژنێکه‌وه، خه‌ریکی نووسین یان خوێندنه‌وه بێت، ئه‌وه خۆشه، خه‌ریکی خۆڕازاندنه‌وه بێت.
ڕۆسۆ ده‌یگوت: کچ به سه‌لیقه ئاره‌زووی له وێنه‌کێشان و چنینه، بۆیه په‌روه‌رده ده‌بێت ئه‌و ئاره‌زووه‌ی په‌ره پێ بدات، به‌ڵام سیمۆن دی بۆڤوار پێی وایه، ئه‌وه کولتووره، ئه‌و مه‌خلووقه به‌رهه‌م ده‌هێنێت که مێی پێی ده‌ڵێن. ئاخر ئه‌وه کۆمه‌ڵه، مێ فێری شه‌رمکردن، خۆ به که‌م زانین، ملکه‌چی و ته‌نانه‌ت خۆ جوان کردنیش ده‌کات، چونکه ئێمه له پێشدا وه‌ک ئینسان له دایک ده‌بین، ئه‌و ژینگه‌یه، لێ ناگه‌ڕێت، خودی خۆمان بین. سیمۆن دی بۆڤوار ده‌ڵێت: (ژن له سه‌ره‌تاوه وه‌ک ژن له دایک نابێت، ئه‌وه کولتووره ده‌یکات به ژن.) ئه‌وه کولتووره وا ده‌کات، ژن بۆ په‌روه‌رده‌کردنی هاووڵاتییان ده‌ست بدات، به‌ڵام خۆی به هاووڵاتی هه‌ژمار نه‌کرێت. ئه‌وه کولتووره ده‌ڵێت: (ژن گیرۆده‌ی هه‌ڵچوونه‌کانییه‌تی و به‌خته‌وه‌ری له خزمه‌تکردنی ئه‌وانی دی‌دا ده‌بینێته‌وه.)
ژیانی ڕۆسۆ پڕ بووه له ناکۆکی، خۆی له سه‌ره‌تادا پرۆتستانت بووه، بووه‌ته کاسۆلیک، دواتر بای داوه‌ته‌وه و بووه‌ته‌وه به پرۆتستانت! ڕۆسۆ زوو زوو بیرمه‌نده‌کانی سه‌رده‌می خۆی تووشی سه‌رسوڕمان ده‌کرد، خۆی بیرمه‌ند بوو، که‌چی ده‌یگوت: (ئه‌و ئینسانه‌ی بیر بکاته‌وه، زینده‌وه‌رێکی خراپه.) ژنگه‌لێک که له سه‌ره‌تادا زۆری خۆش ویستوون، دواتر چی خراپه پێی کردوون. یان له لایه‌که‌وه سووک سه‌رنجی ژنانی ده‌دا و له لایه‌کی تره‌وه، بۆیان ده‌هاته سه‌ر چۆک و له‌به‌ر پێیاندا فرمێسکی هه‌ڵده‌ڕشت و ده‌یگوت: (من ڕووتوقووت بووم، ژن پۆشته‌ی کردمه‌وه.) یان به ئاشکرا، (مه‌دام دی ڤارنس)ی که ده دوازده ساڵێک له خۆی گه‌وره‌تر بوو، به دایه، بانگ ده‌کرد و به نهێنی هاوجێیی له‌گه‌ڵدا ده‌کرد. له لایه‌که‌وه کتێبی ده‌رباره‌ی په‌روه‌رده ده‌نووسی و له لایه‌کی تره‌وه، منداڵه‌کانی خۆی، له‌و جێیانه جێ ده‌هێشت که زارۆکی فڕێدراویان لێ به‌خێو ده‌کرا.(*)
09.06.2012
(*) أ. د. إمام عبدالفتاح إمام، روس‌و و المرأة، التنویر للطباعة 2010 بیروت.