ئایا رۆشنگه‌ری بوو، شۆرِشی فه‌ره‌نسای به‌رپا كرد؟
June 20, 2012
فیکر و فەلسەفە
نووسه‌ر :هاشم ساڵح
وه‌رگێڕ : تاریق كارێزی
له په‌راوێزی دوو كتێب له‌باره‌ی شۆرِشی فه‌ره‌نساوه، له نووسینی (دانیێل مۆنێ) و (رۆژێ شارتیێ)دا به دوو ناوی چونیه‌ك یان نیمچه وه‌ك یه‌كدا:ده‌ڵێم: ئامانجی ئه‌م لێكۆڵینه‌وه‌یه روون كردنه‌وه‌ی یه‌ك گرفتی به وردی دیاری كراوه: جۆری ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ی هزر و شۆرِشهكان پێكه‌وه ده‌به‌ستێته‌وه، یان له نێوان گۆرِانی هزری و گۆرِانی سیاسی‌دا. سه‌ره‌تاش ده‌مه‌وێ ئه‌م پرسیاره بخه‌مه روو: ئایا هزری رۆشنگه‌ری بوو كه شۆرِشی فه‌ره‌نسای به‌رپا كرد، یان ئه‌وه‌تا شۆرِشی فه‌ره‌نسا بوو كه چاخی رۆشنگه‌ریی به شێوه‌یه‌كی جێكهوتانه و زڤرِاندن (اسقاگی واسترجاعی) هێنایه ئاراوه؟
Daniel Mornet :Les origines intellectuelles de la Révolution française(1933(
Roger Chartier : Les origines culturelles de la Révolution française(1991(
به واتایه‌كی دی، ئایا شۆرِشی هزره كه شۆرِشی سیاسی ده‌هێنێته دی یان به پێچه‌وانه‌وه؟ تێزی باو له هه‌موو فه‌ره‌نسادا ئه‌وه‌یه، كه ئه‌گه‌ر رۆشنگه‌ری نه‌بووایه شۆرِشی فه‌ره‌نساش به‌رپا نه‌ده‌بوو. (دانیێل مۆرنێ)ی دیرۆكنووس ئه‌م تێزه‌ی له كتێبه به ناوبانگه‌كه‌ی: "بنه‌چه‌ی هزریی شۆرِشی فه‌ره‌نسا"(1)دا، كه ئێستا بووه‌ته كلاسیك، به شێوه‌یه‌كی نایاب پوخته كردووه. ئه‌م كتێبه یه‌كه‌مین جار له ساڵی 1933دا بڵاو كرایه‌وه، واته به‌ر له نزیكه‌ی هه‌شتا ساڵ. پاشان بۆ چه‌ندین جاری دی چاپ كرایه‌وه، كه دواترینیان ساڵی 2010 بوو. نووسه‌ر تێیدا ده‌ڵێ: ئه‌گه‌ر ئه‌و شۆرِشه هزرییه نه‌بووایه كه فه‌یله‌سووفانی رۆشنگه‌ر له عه‌قڵی خه‌ڵكدا به‌دییان هێنا، شۆرِشی فه‌ره‌نسا نه‌ده‌بوو. له واقیعدا ئه‌م تێزه سه‌باره‌ت به رۆشنبیرانی فه‌ره‌نسا وه‌ك به‌دیهی یان "ئه‌نجامی ئه‌نجام گرته: تحێیل حاێل" وایه. دوا جار هه‌ر ته‌نیا خستنه رووی ئه‌م پرسیاره له ناونیشانی وتاره‌كه‌مدا، خۆبه‌خۆ به دنه‌دان داده‌ندرێت. رۆشنگه‌ری بوو كه ره‌وایی كڵیسهی كاسولیك و هه‌موو ئه‌و بیرۆكه تایه‌فه‌گه‌ر و توندرِهوانهی له نێو كۆمه‌ڵدا بڵاوی ده‌كردنه‌وه، له‌به‌ر یه‌ك هه‌ڵوه‌شاند. ئه‌گه‌ر ئه‌م هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌یه نه‌بووایه، شۆرِشی فه‌ره‌نساش نه‌یده‌توانی رژێمی ره‌ها دیكتاتۆری پاشایه‌تی برِووخێنێت، كه به تایبه‌تی ره‌وابوونی خۆی له‌و كڵیسهیهوه وه‌رده‌گرت. هه‌ر ئه‌و (كڵیسهی كاسولیك)ـه بوو كه ماف و ره‌وایی خوداوه‌ندانه‌ی به سه‌ردا دابوو، جه‌ماوه‌ری فه‌ره‌نساشی رازی ده‌كرد كه گوێرِایهڵی بن و ملكه‌چی ویستی ئه‌و بن، وێرِای هه‌موو سته‌م و زوڵمێكی ئه‌و. برِوانه رۆڵی پیاوانی ئایین له سرِ كردنی تێكرِای خه‌ڵك و وایان لێ بكه‌یت، كه له رێی جبه‌خانه‌یه‌كی گه‌وره له وه‌عزی ئایینی و فێڵی لاهووتانهوه، به زوڵم و سته‌م رازی بن. دوا جار گۆرِان له رووی سیاسییه‌وه سه‌ركه‌وتوو نه‌بوو، ته‌نیا ئه‌و كاته نه‌بێت كه له ئاستی هزریدا سه‌ركه‌وت. ئه‌مه‌ش قسه‌یه‌كی لۆژیكییه و گومان هه‌ڵناگرێت. ئایا ده‌كرێ به عه‌قڵی كۆنینه شۆرِشی نوێ به‌رپا بكرێت؟ به‌ڵام سه‌لماندنی (ئه‌و شته) به سه‌ر نووسه‌ریدا سه‌پاند، كه توێژینه‌وه‌ی پان و به‌رین و قوول بكات، كه ساڵانێكی زۆری برد. ئه‌وه وای پێویست كرد كه كتێبێكی گه‌وره‌ی پتر له 500 لاپهرِهی قه‌باره گه‌وره بنووسێت (قسه قسه دێنێ، نازانم بۆچی تا ئێستا وهرنهگێرِدراوهته سه‌ر زمانی عه‌ره‌بی؟ ئێستا كاتیه‌تی!).
به‌ڵام ئا ئه‌وه‌تا مێژوونووسێكی نوێ له فه‌ره‌نسا په‌یدا ده‌بێت، نه‌ك بۆ ئه‌وه‌ی تێزه چه‌سپاوه‌كه‌ی مۆنێ پووچه‌ڵ بكاته‌وه، به‌ڵكوو بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ندێك ده‌سكاریی گرنگی بكات، به تایبه‌تی بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ندێك رۆشنایی نوێ بخاته سه‌ر كێشه‌كه. ئه‌مه‌ش خه‌سڵه‌تی توێژینه‌وه‌ی زانستییه: به‌رده‌وام به‌ره‌و پێش ده‌چێت، شتی نوێ ده‌دۆزێته‌وه كه پێشتر سه‌رنج نهردا بوون یان نه‌بیندرا بوون. تێزه كلاسیكه‌كه، وه‌ك گوتمان، ده‌ڵێ: فه‌لسه‌فه‌ی رۆشنگه‌ری شۆرِشی فه‌ره‌نسای هێنایه دی، وه‌ك چۆن (هۆ) (ئه‌نجام)، یان (مریشك) (هێلكه)ی لێ ده‌كه‌وێته‌وه: واته به شێوه‌یه‌كی راسته‌وخۆ و حه‌تمی. ئه‌و توێژه‌ره نوێیه (2) كه كه‌وتووه‌ته بن كاریگه‌ریی هزری (میشێل فۆكۆ)وه، پێی وایه ئێمه هه‌رچه‌نده ناتوانین نكووڵی له په‌یوه‌ندیی نێوان رۆشنگه‌ری و شۆرِشی مه‌زن بكه‌ین، به‌ڵام ده‌شبێ تا راده‌یه‌ك تیۆرییه كلاسیكه‌كه هه‌موار بكرێت، ئه‌ویش به گوێره‌ی دوایین ده‌سكه‌وته‌كانی فه‌لسه‌فه‌ی زانسته‌كانی مێژوو (ئه‌پستمۆلۆژیای مێژوو). گرنگترین ئه‌و ده‌سكه‌وتانه‌ش ئه‌وه‌ن، كه چی دی كێشه‌ی بنه‌چه و هۆكارهتی به هه‌مان توندی یان حه‌تمییه‌وه ناخرێته روو، وه‌ك ئه‌وه‌ی له سه‌ده‌ی نۆزده یان ته‌نانه‌ت له نیوه‌ی یه‌كه‌می سه‌ده‌ی بیسته‌میشدا، ده‌خرایه روو. مه‌به‌ستیشمان له‌وه ئه‌وه‌یه كه وابه‌سته بوونی رووداوی سیاسی (واته شۆرِشی فه‌ره‌نسا) به هۆكار یان بنه‌چه‌كانی فه‌لسه‌فه‌ی رۆشنگه‌رییه‌وه، چی دی نه راسته‌وخۆ و نه حه‌تمییه و نه راستههێڵه، وه‌ك مێژوونووسانی پێشوو بۆی ده‌چوون. بۆ؟ چونكه رووداوی نوێباو (به تایبه‌تی ئه‌گه‌ر گه‌وره و زه‌به‌لاح بوو وه‌ك شۆرِشی فه‌ره‌نسا)، ده‌سپێكی یان ئه‌فراندنی ره‌سه‌نی یان دهگمهنایهتیی خۆییانه‌یه، هیچ شتێكی پێشوو یان دواتر به‌و ناچێت. رووداوی گه‌وره‌ی مێژوویی وه‌ك دابرِینێك (دابرِانێك) وایه كه كتوپرِ له رێرِهوی مێژوودا روو ده‌دات، ئیدی له‌وه دادهبرِێت كه ده‌بوو (رووی ده‌دا). شۆرِشی فه‌ره‌نسا وه‌ك بوومه‌له‌رزه یان گرِكان ته‌قییه‌وه، ناكرێ بۆ هه‌ر شتێكی دی چرِ بكرێته‌وه. هه‌روه‌ها به ته‌واویش ناكرێ بۆ هۆ یان بنه‌چه‌ی پێش خۆشی چرِ بكرێته‌وه. سه‌رباری ئه‌وه شۆرِشی فه‌ره‌نسا بوو كه چاخی رۆشنگه‌ریی گه‌ڵاڵه كرد و دایرِشت، نه‌ك ئه‌وه‌ی (ئه‌و) (ئه‌م)ی گه‌ڵاڵه كرد بێت و دایرِشت بێت. په‌یوه‌ندییه‌كی دیالیكتیكی، نه‌ك په‌یوه‌ندییه‌كی یه‌ك سه‌ره، له نێوانی هه‌ردوو لادا هه‌یه. ئه‌و به زڤرِاندن (ئیسترجاعی) و جێكهوتانه، له پێناو دۆزینه‌وه‌ی پاساوی كولتووری بۆ خۆی، (رۆشنگه‌ری)ی گه‌ڵاڵه كرد. (شۆرِش) ویستی ره‌وایی به خۆی ببه‌خشێت و له رۆشنگه‌ری باشتری ده‌ست نه‌كه‌وت وه‌ك فه‌لسه‌فه‌یه‌كی كارا، كه توانای رووبهرِوو بوونه‌وه‌ی ره‌واییه چه‌سپاوه‌كه‌ی كڵیسهی كاتولیكی پێ بكات، كه زۆر پیس رقی له شۆرِش ده‌بووه‌وه و به هه‌ر شێوه‌یه‌ك بێت هه‌وڵی له‌بار بردنی ده‌دا. هه‌ر له‌به‌ر ئه‌م هۆیه‌ش بوو، فه‌لسه‌فه‌ی رۆشنگه‌ری وێنه‌یه‌كی نایابی نموونه‌یی له‌باره‌ی چاخی رۆشنگه‌رییه‌وه پێك هێنا، به تایبه‌تی كه‌سایه‌تیی وه‌ك ڤۆلتێر و رۆسۆ و مۆنتسكیۆ و دیدرۆ و ئهنسكلۆپیدیان... هتد. ئه‌و كه‌وته به‌كار هێنانی ناوبانگ و راستگۆیی ئه‌وان بۆ رووبهرِوو بوونه‌وه‌ی دوژمنانی خۆی. ئه‌مه‌ش شتێكی ئاساییه: شهرِ نه‌ك ته‌نیا سه‌ربازییه یان به جه‌سته ده‌بێت، به‌ڵكوو هه‌روه‌ها ئایدیۆلۆژیشه. شهرِی نێوان ره‌وایی پێشووی كریستیانی و ره‌وایی دواتری فه‌لسه‌فی، به هه‌موو واتای وشه شهرِێكی سه‌خت و دژوار بوو. به‌م جۆره شۆرِشی فه‌ره‌نسا توانی بیرمه‌ندانی گه‌وره‌ی خاوه‌ن سه‌نگ بدۆزێته‌وه، بیرمه‌ندانێك كه به ناوبانگی زه‌به‌لاحی خۆیانه‌وه، توانای به‌ره‌نگار بوونه‌وه‌ی مه‌ترانی پاریس (قه‌ره‌زاویی عه‌ره‌ب!) و هه‌موو جه‌مسه‌ره‌كانی ره‌وایی نهریتیانهیان هه‌یه، كه ته‌نانه‌ت دوای به‌رپا بوونی شۆرِشیش هه‌ر چه‌سپاو و جێگیر مانه‌وه. ئه‌دی چۆن، مه‌گه‌ر هه‌ر ئه‌و نه‌بوو به درێژایی پتر له پازده سه‌ده، ناسنامه‌ی مێژووییانه‌ی فه‌ره‌نسای پێك ده‌هێنا. فه‌ره‌نسا "كچه گه‌وره‌ی كڵیسهی كاتولیكه" وه‌ك ده‌ڵێن و واش باوه. ئه‌م كڵیسهیهی خاوه‌ن ره‌واییه‌كی پیرۆز و زه‌به‌لاح بوو، لایهنگرانێكی زۆری مابوونه‌وه، ئه‌وان دژی شۆرِش بوون و ده‌یانویست له نزیكترین ده‌رفه‌تدا بیرِووخێنن. دوا جار شهرِی نێوانی هه‌ردوو لا ته‌نیا جه‌سته‌یی یان چیرۆكێكی ژیان یان مه‌رگ نه‌بوو، به‌ڵكوو كولتووری و هێماییش بوو: واته مه‌رجه‌ع دژ به مه‌رجه‌ع (چاوگ دژ به چاوگ) بوو، مه‌رجه‌عیه‌تی پیاوانی ئایینی كریستیان و له سه‌رووشیانه‌وه پاپا و مه‌تران، به‌رامبه‌ر به مه‌رجه‌عیه‌تی ڤۆلتێر یان رۆسۆ یان مۆنتسكیۆ یان هه‌موو بلیمه‌تانی رۆشنگه‌ری.
به‌ڵێ شهرِی مه‌رجه‌ع بوو: مه‌رجه‌عێكی دێرینی چه‌سپاو و جێگیر به چه‌شنی چیا، دژ به مه‌رجه‌عێكی نوێی روو له هه‌ڵكشانی ئومێدبه‌خش، به‌ڵام هێشتا نه‌چه‌سپی بوو. ئه‌م ململانێیه له پاش شۆرِش یه‌ك سه‌ده‌ی ته‌واوی خایاند به‌ر له‌وه‌ی حیزبی كاتولیكی له دوایین قۆناغدا ملكه‌چی دیفاكتۆ بێت و ددان به رژێمی نوێی كۆماری‌دا بنێت، كه زاده‌ی شۆرِش بوو. دوا جار هه‌رگیز ئه‌م چیرۆكه ئاسان نییه.
له‌مه‌وه ده‌گه‌ینه ئه‌وه‌ی كه ئه‌گه‌ر فه‌یله‌سووفانی رۆشنگه‌ری شۆرِشیان دروست كرد بێت، ئه‌وا شۆرِشیش بوو كه له هێڵی گهرِانهوهیدا فه‌یله‌سووفانی رۆشنگه‌ریی دروست كرد. چۆن؟ ئه‌ویش له رێی بڵاو كردنه‌وه‌ی وێنه‌كانیان زۆر به به‌ربڵاوی به تایبه‌تی وێنه‌كانی رۆسۆ و ڤۆلتێر، ته‌نانه‌ت به‌رز كردنه‌وه‌ی كتێبه‌كه‌ی رۆسۆ "گرێبه‌ستی كۆمه‌ڵایه‌تی" به سه‌ری رمهوه به‌وه‌ی كه ئینجیلی شۆرِشه. هه‌ر له‌ویشه‌وه روحی ئه‌و جارِنامه به‌ناوبانگه‌ی مافی مرۆڤ و هاووڵاتی هه‌ڵهێنجرا. ئه‌و جارِنامهیهی شۆرِشی فه‌ره‌نسا وه‌ك دیارییه‌ك پێشكه‌ش به هه‌موو جیهانی كرد و تا ئێستاش فه‌ره‌نسا شانازیی پێوه ده‌كات. ئه‌مه‌ش ده‌ڵێین وێرِای ئه‌وه‌ی پتر له جارێك پشتی تێ كرد و له رێرِهوهكهی ئه‌ویش لای دا، به تایبه‌تی له سه‌رده‌می كۆلۆنیالیزمدا. به‌ڵام ئه‌مه‌یان چیرۆكێكی دیكه‌یه شایسته‌ی باس و خواسێكی سه‌ربه‌خۆیه. كه‌واته شۆرِشی فه‌ره‌نسا هه‌ر خۆی بوو كه ئه‌فسانه‌ی فه‌یله‌سووفانی رۆشنگه‌ریی پێك هێنا، ئه‌ویش بوو وێنه‌ی ئه‌وانی به شێوه‌یه‌كی نموونه‌یی نایاب له كۆهۆشیاری (كۆبیر)ی نوێی نه‌وه‌كانی داهاتوو چه‌سپاند.
ئه‌مه‌یه پوخته‌ی تێزه‌كه‌ی "رۆژێ شارتیێ"، ئه‌مه‌ش ئه‌و سهربارهیه كه پێشكه‌شی كرد به به‌راورد له‌گه‌ڵ كتێبه‌كه‌ی "مۆنێ" كه شه‌ست ساڵ به‌ر له كتێبه‌كه‌ی ئه‌و په‌یدا بووبوو. ئێستاش ئاخۆ ده‌كرێ چی بڵێین له‌باره‌ی تێزهكهیهوه، كه ره‌هه‌نده‌كانی له میانی ئه‌م قسه كردنه‌دا پتر و پتر روون ده‌بێته‌وه؟ وێرِای دڵگیرییهكهی، ئه‌و تیۆرییه نوێیه‌ی پشت به زانستی ئه‌پستمۆلۆژیای مێژوویی ده‌به‌ستێت كه هی "میشێل فۆكۆ"یه (واته فه‌لسه‌فه‌ی مه‌عریفه‌ی دیرۆكی یان فه‌لسه‌فه‌ی دیرۆكناسی) به‌ڵام تێزه‌كه‌ی "مۆنێ" پووچه‌ڵ ناكاته‌وه به‌ڵكوو ته‌واوی ده‌كات. وێرِای لایه‌نی راست كه ئه‌و تیۆرییه نوێیه ده‌یگرێته خۆ، به‌ڵام ناكرێ نكووڵی له‌و رۆڵه گه‌وره‌یه‌ی فه‌یله‌سووفانی چاخی رۆشنگه‌ری بكرێت، كه له رێ خۆش كردن بۆ شۆرِشی فه‌ره‌نسا گێرِایان. ئا لێره‌دایه كاری بنچینه‌ییانه‌ی "مۆنێ". زۆر به روونی مه‌زنایه‌تیی فه‌یله‌سووفانی رۆشنگه‌ری و بایه‌خی شۆرِشی هزریی ئاشكرا كرد، كه له نێو عهقڵاندا به‌رپایان كرد و وه‌پێش شۆرِشی سیاسی كه‌وت. خۆ "رۆژێ شارتیێ"ش نكووڵی له‌وه ناكات. به‌ڵكوو ئه‌وه‌یه ئه‌و ئه‌نجامه‌ی له كۆتاییدا له پاش گهرِان و سوورِانێكی درێژ پێی گه‌یشت. به‌ڵام په‌یوه‌ندیی نێوان هه‌ردوو لایه‌ن (واته رۆشنگه‌ری و شۆرِش) وه‌ك گوتمان، چی دی تاك لایه‌ن نییه. چی دی زۆر راسته‌وخۆ یان راستهورِاست نییه، وه‌ك ئه‌وه‌ی تیۆرییه كلاسیكییه‌كه‌ی مۆنێ به سه‌هوو بۆی چوو بوو، به‌ڵكوو په‌یوه‌ندییه‌كی دیالیكتیكانهی دووسه‌ره‌یه. ئیدی بووه كارلێكێكی دیالیكتیكیانهی داهێنه‌رانه، له نێو هه‌مان نه‌پسانه‌وه مه‌زنه‌كه‌ی جووله‌ی مێژووشدا به‌دی دێت.
هه‌موو ئه‌مه واتای چییه؟ ئه‌وه واتای ئه‌وه‌یه كه فه‌لسه‌فه‌ی رۆشنگه‌ری و شۆرِشی فه‌ره‌نسا هه‌ردووكیان له نێو هه‌مان جووڵه‌ی مه‌زنی دیرۆكدا ئاوێته‌ن: واته جووڵه‌ی چاخه‌كانی نوێ تێك ناشكێندرێ و به‌رپه‌رچ نادرێته‌وه. ره‌خنه‌گری فه‌ره‌نسی له بواری ئه‌ده‌ب "هیبۆلیت تین" سه‌رنجی ئه‌وه‌ی دا، هه‌رچه‌نده ئه‌و یه‌كێك بوو له دوژمنانی شۆرِشی فه‌ره‌نسا. له رووی سیاسییه‌وه كه‌سێكی نه‌ریتپارێز بوو، داكۆكیكاری رژێمی پاشایه‌تیی كۆنی كاتولیك بوو. به‌ڵام ئه‌وه رێی ئه‌وه‌ی لێ نه‌گرت كه له رووی هزرییه‌وه دیده روون بێت و توانای ئه‌وه‌شی هه‌بێت كه بابه‌تیانه جووڵه‌ی مێژوو ببینێت. ئه‌مه‌ش به هه‌ڵوێستی رۆماننووسی مه‌زن "بلزاك" ده‌چێت، كه له رووی كه‌سییه‌وه كه‌سێكی نه‌ریتپارێز بوو، لایه‌نگری رژێمی پاشایه‌تی بوو، به‌ڵام له رووی رۆمانه‌وه كه‌سێكی پێشكه‌وتنخواز بوو. ئه‌م ره‌خنه‌گره گه‌وره‌یه، یه‌كێك بوو له مه‌رجه‌عه‌كانی "ته‌ها حوسێن"، له كتێبه ناسراوه‌كه‌یدا "سه‌رده‌می دێرین: بنه‌چه‌كانی فه‌ره‌نسای هاوچه‌رخ"دا، (1876)، ده‌ڵێ:
"ده‌بێ بزاندرێ كه بوالۆ، دیكارت، لۆمیتهر، دو ساسی، كورنی، راسین، فیلیشیێ... هتد، پێشینانی فه‌رمانده‌كانی شۆرِشی فه‌ره‌نسان له نموونه‌ی سان جوست و رۆبسپییر. ئه‌گه‌ر ئه‌و ئه‌دیب و بیرمه‌ندانه ئێستا عاقڵ و هێمن دێنه به‌ر چاومان و زۆریش دوورن له روحی شۆرِش و كوده‌تای تونده‌وه، ئه‌وا ئه‌م رواڵه‌ته ته‌فره‌ده‌ره. له واقیعدا ئه‌و شته‌ی رێی شۆرِشی دژ به‌و ره‌وشه‌ی هه‌یه، لێ ده‌گرتن، ئه‌وه بوو كه باوهرِی پاشایه‌تی و ئایینی كریستیان له زه‌مانی ئه‌واندا له نێو عه‌قڵدا چه‌سپا بوو. به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ئه‌و باوهرِه ئیدی بووه كۆن و له كار كه‌وتوو، به هۆی هه‌ڵه و زێدهرِۆیی زه‌قی ئه‌وانه‌وه، هه‌ر كه دیدی زانستی بۆ جیهان توانیی هه‌ڵی بوه‌شێنێته‌وه و له رێی هاورده كردنی نیوتن له به‌ریتانیاوه له لایه‌ن ڤۆلتێره‌وه، وه‌ری بگێرِن، روحی نوێ به زه‌رووره‌ت به‌روبوومی خۆی دا، واته تیۆریی مرۆڤی سروشتی و رووت و، گرێبه‌ستی كۆمه‌ڵایه‌تی(3)".
كه‌واته روحی شۆرِشی فه‌ره‌نسا ته‌نیا بۆ رۆشنگه‌ری به واتای ده‌قاوده‌قی په‌یڤه‌كه (واته سه‌ده‌ی هه‌ژده‌م) ناگهرِێتهوه، به‌ڵكوو بۆ زه‌مانێكی زۆر له‌وه دوورتر دهگهرِێتهوه. ئه‌و به دروستی دهگهرِێتهوه بۆ چركهساتهكهی دیكارت. به‌ڵام ئایا دیكارت بۆ خۆی دامه‌زرێنه‌ری سه‌راپای رۆشنگه‌ری نییه؟ ئایا هه‌موو له پاڵتۆكه‌ی ئه‌وه‌وه سه‌ری خۆیان ده‌رنه‌هێنا؟ به‌ڵێ دیكارت به پێی ئه‌و روانگه‌یه باوكی شۆرِشی فه‌ره‌نسایه، رێك وه‌ك ڤۆلتێر یان رۆسۆ، یان بڵێ هۆی دووری شۆرِشی فه‌ره‌نسا بۆ سه‌ده‌ی حه‌ڤده‌م دهگهرِێتهوه، هۆی نزیك و راسته‌وخۆشی بۆ سه‌ده‌ی هه‌ژده‌م دهگهرِێتهوه. سه‌رده‌می دیكارت بواری نه‌ده‌دا راده‌یه‌كی دیاری كرا‌و له گومان و گومانكاری تێپهرِێندرێت. باوهرِی كریستیانی كاتولیك هێڵێكی سووری پێك ده‌هێنا، كه‌س بۆی نه‌بوو لێی نزیك بێته‌وه، ته‌نیا مه‌گه‌ر خوێنی خۆی له كاسه بكات. دوا جار، به گوێره‌ی رای هه‌ندێك، ئه‌وه‌ی دیكارت له‌باره‌ی ئه‌م خاڵه هه‌سته‌وه‌ره‌وه نه‌یگوت زۆر گرنگتره له‌وه‌ی گوتی. ئه‌و پهیرِهوی رێبازی خۆپارێزی و دووره ئاشووب و خۆ په‌نادانی گرته‌به‌ر بۆ پاراستنی خۆی. بۆیه ئه‌و دوو بازنه‌ی له یه‌كدی جیا كرده‌وه، هێنده‌ی په‌یوه‌ندیی به پیاده كردنی میتۆدی گومانه‌وه هه‌بێت كه ئه‌و دۆزییه‌وه: یه‌كه‌میان بازنه‌ی "هه‌قیقه‌ته‌كانی ئیمان (برِوا) كه هه‌رگیز گومانی میتۆدی بۆی نییه لێی نزیك ببێته‌وه. ئه‌وان له سه‌رووی گفتوگۆ و له سه‌رووی پرسیار كردن و له سه‌رووی رهخنهوهن. ئه‌وه‌ی كه ده‌مێنێته‌وه له بیر و باوهرِ كه به میرات بۆی ماوه‌ته‌وه له ژینگه‌كه‌ی و منداڵی و قوتابخانه‌ی یهسیوعییهوه، ئه‌وا گومانی میتۆدی بۆی هه‌یه له ته‌رازووی بدات و به وردی له بێژنگی بدات و شه‌ن و كه‌وی بكات، به ئامانجی له یه‌ك جیا كردنه‌وه‌ی هه‌ڵه له راست تێیاندا. بۆیه وا خۆی پیشان دا كه رێز له بیر و باوهرِی وڵاته‌كه‌ی ده‌گرێت و گوێرِایهڵی داب و نهریتهكانیهتی. ئه‌وه‌ی به ئاشكرا راگه‌یاند تا "واز له خوداكه‌ی بهێنن" و رێی پێ بده‌ن بیر بكاته‌وه و به ئاشیتانه كار بكات. له ناخی خۆیدا ده‌یزانی كه ئه‌و باوهرِێكی ترسناكی فه‌لسه‌فی گه‌ڵاڵه ده‌كات، كه رۆژێك له رۆژان هه‌موو ئه‌وانه‌ی هه‌ن ده‌یان رمێنێت. به‌ڵام نه‌یده‌توانی به ئاشكرا ئه‌وه رابگه‌یه‌نێت. بۆیه یه‌كێك له‌باره‌یه‌وه گوتی: دیكارت وه‌ك كه‌سێك زۆر خۆ پارێز بوو به‌ڵكوو ترسنۆكیش بوو. به‌ڵام فه‌لسه‌فی دیكارت كه ئه‌و گه‌ڵاڵه‌ی كرد، زۆر بوێر بوو ته‌نانه‌ت ههڵهشهش بوو. له راستیدا ئه‌و، به هه‌موو شێوه‌یه‌ك هه‌وڵی دا خۆی وه‌ك كه‌سێكی خواناس و پاك پیشان بدات، كه رێز له ئایین ده‌گرێت به هه‌موو باوهرِ و سرووتهكانییهوه. ئه‌و ته‌نانه‌ت سوێند و ته‌ڵاقی خوارد كه به ته‌واوی وابه‌سته‌ی ئهرتودۆكسی ئایینیی كریستیانی كاتولیكه. هه‌موو ئه‌و شتانه یه‌كه‌م بۆ ئه‌وه بوون خۆی له تیرۆر بپارێزێت، پاشان دووه‌م بۆ ئه‌وه بوو سه‌ركه‌وتنی شۆرِشه زانستی و هزرییه‌كه‌ی خۆی مسۆگه‌ر بكات. ئه‌وه‌ی له روحی خۆی پێ شیرین‌تر بوو. ئه‌وه سیمای هه‌موو مه‌زنانه له مێژوودا. ئه‌وان به دوای ته‌مه‌نی درێژه‌وه نین كه ته‌نیا بۆ ئه‌وه‌ی چێژ له ژیان وه‌ربگرن، به‌ڵكوو به پله‌ی یه‌كه‌م له پێناوی ئه‌وه‌ی كاتی ته‌واویان بۆ برِهخسێت بۆ گه‌ڵاڵه كردنی تیۆرییهكهیان و گورزی گه‌وره‌ی فه‌لسه‌فیی خۆیان بوه‌شێنن. دوای ئه‌وه ده‌با بمرن، چش.. گه‌وره‌ترین شت كه ئه‌و لێی ده‌ترسا ئه‌وه بوو، به‌ر له‌وه‌ی بتوانێ تیۆرییه‌كه‌ی دابنێت، بمرێت. دیكارت له نامه‌یه‌كی تایبه‌تدا بۆ (بورمان)ی براده‌ری نیه‌تی راسته‌قینه‌ی خۆی ئاشكرا كردووه، كه شتێك ده‌ڵێ واتاكه‌ی ئه‌مه‌یه: من ناچار بووم ئه‌مه ئاشكرا بكه‌م، چونكه ترسی ئه‌وه‌م هه‌بوو پێم بڵێن پیاوێكی بێ دین و بێ برِوایه. ئه‌وه‌ی زۆر لێی ده‌ترسم كه پێیان وا بێت، من ده‌مه‌وێ به‌م میتۆده‌ی خۆم ئایین و برِوا برِووخێنم..
له راستیدا له سه‌ده‌ی حه‌ڤده‌مدا هه‌رگیز نه‌ده‌كرا گومان له باوهرِی ئایینی بكرێت، مه‌گه‌ر ته‌نیا مرۆڤه‌كه شێتی ته‌واو بوو بێت. هه‌لومه‌رج هێشتا پێ نه‌گه‌یشت بوو، كه ئه‌م نه‌شته‌رگه‌رییه یه‌كجار مه‌ترسیداره بكرێت. به‌ڵام له سه‌ده‌ی هه‌ژده‌مدا، واته چاخی ڤۆلتێر، ئه‌وا ئه‌و شته مومكین بوو. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا خودی ڤۆلتێریش، كاتێك چاوی لێ سوور ده‌كرایه‌وه، خۆی وه‌ك برِوادار و خواپه‌رست و دیندار پیشان ده‌دا، تا خۆی رزگار بكات. هه‌ڵبه‌ت سه‌رده‌می ئه‌و له سه‌رده‌می دیكارت باشتر بوو، به‌وه‌ی به لای كه‌مه‌وه سه‌د ساڵیان له نێواندا بوو. دوا جار ئازادیی بیركردنه‌وه، به ته‌بیعه‌تی حاڵ فراوانتر بوو. بۆیه بازنه‌ی یه‌كه‌م (واته بازنه‌ی باوهرِی برِواداران) ئه‌ویش كه‌وته به‌ر ره‌خنه و گومانی میتۆدانه‌وه. روونتر بڵێین، ئه‌وه‌ی له سه‌رده‌می دیكارتدا مه‌حاڵ بوو بیری لێ بكه‌یته‌وه، له سه‌رده‌می (ڤۆلتێر و كانت و دیدرۆ و رۆسۆ)دا، بووه شتێكی مومكین.. له سه‌ده‌ی هه‌ژده‌مدا، به گوته‌ی فه‌یله‌سووفی هاوچه‌رخی ئه‌ڵمان (یورگن هابرماس)، "فه‌زای گشتی" پێك هات. ئه‌م فه‌زا گشتییه ده‌رفه‌تی به بیرمه‌ندان دا، كه له نێوانی خۆیاندا به ئازادی گفتوگۆ بكه‌ن و چاره‌سه‌ری گرنگترین و مه‌ترسیدارترین پرس بكه‌ن، له نێویشیاندا ئه‌و پرسانه‌ی تایبه‌ت بوون به پرسی ئایین و ره‌وایی سیاسی و كێشه‌ی تایه‌فی كه كۆمه‌ڵ و یه‌كێتیی نیشتیمان پارچه پارچه ده‌كات.
ئه‌م فه‌زا گشتییه ئازاده له كۆشكی شاهانه و بازنه‌ی ده‌سه‌ڵاتی گشتی له لایه‌كه‌وه جودایه، له لایه‌كی دیكه‌شه‌وه له بازنه‌ی گه‌ل یان "عه‌وام"یشه‌وه جودایه. بۆ؟ چونكه زۆرینه‌ی گه‌ل نه‌خوێنده‌وار بوو، دوا جار ناتوانێ تا ئاستی گفتوگۆی ره‌خنه‌یی و عه‌قڵانی له‌باره‌ی كاروباره‌وه، به‌رز بێته‌وه (هه‌ڵبكشێت). له‌به‌ر ئه‌م هۆیه بوو هابرماس به‌م فه‌زا كولتوورییه نوێیه‌ی گوت: فه‌زای گشتیی بورژوازی. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هاوه‌ڵانی سه‌ر به بازنه‌ی چینی باڵای ئهرستوكرات و ده‌رباری شا نه‌بوون وه‌ك گوتمان (ده‌سه‌ڵات و رۆڵه‌ی خێزانه‌كانی ده‌ره‌به‌گ: سه‌رووی په‌یژه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی)، هه‌روه‌ها نه‌ك بازنه‌ی گه‌ل و جووتیاران و هه‌ژاران و ئه‌وانیش ئه‌و كات زۆرینه‌ی گه‌ل بوون (خوارووی په‌یژه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی). ئه‌وان سه‌ر به بازنه‌ی چینی ناوه‌ند بوون له دانیشتووانی شار: واته بورژوا به واتای ده‌قاوده‌قی په‌یڤه‌كه (4) نه‌ك به واتای زاراوه‌یی و ئایدیۆلۆژییهكهی كه پاشتر بره‌وی سه‌ند. وشه‌ی بورژوا له زمانه‌كانی ئه‌وروپا له (بورج: بورژ): واته (شار)ـه‌وه هاتووه. ئه‌م دانیشتووانی شارانه، وه‌ك گوتمان، له چینی ناوه‌ند (ناوهرِاست) بوون و به پیشه‌ی ئازاد یان لیبراڵه‌وه خه‌ریك بوون. ئه‌وان به پێچه‌وانه‌ی گه‌ل، خوێنده‌وار و رۆشنبیر بوون. ئه‌م بازنه سیاسییه گشتییه و بورژوازیهت، راسته‌وخۆ زاده‌ی بازنه‌ی وێژه بوون به هه‌موو ساڵۆن و قاوه‌خانه و رۆژنامهكانییهوه.. ئه‌م شوێنانه له گفتوگۆ و مشتومرِی هزری و وێژه‌یی و سیاسی و هی دیكه‌ش، جمه‌یان ده‌هات، رێك وه‌ك قاوه‌خانه‌ی هاڤانا له دیمه‌شقی جاراندا.. هابرماسیش پێناسه‌ی خۆی بۆ ئه‌م بازنه‌یه پێشكه‌ش ده‌كات و ده‌ڵێ: "بازنه‌ی گشتیی بورژوا ده‌كرێ یه‌كه‌م و به‌ر له هه‌ر شتێك، وه‌ك بازنه‌ی كه‌سانی تایبه‌ت، واته‌ی خه‌ڵكی ئاسایی و نافه‌رمیی دابنێین، كه له شوێنێكدا به ئاشكرا كۆ ده‌بنه‌وه بۆ كات به‌سه‌ر بردن و دیالۆگی نێوانی خۆیان"(5). ئه‌م بازنه سیاسی یان بورژوا گشتییه، كه‌سانێك خه‌سڵه‌تی ئاشكرا به‌كار هێنانی عه‌قڵیان هه‌یه، له پێناو گفتوگۆ كردن له‌باره‌ی پرسی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسییه‌وه، وا باویشه هه‌ڵوێستی ره‌خنه‌ییان هه‌مبه‌ر به ده‌سه‌ڵات هه‌یه. له‌به‌ر ئه‌و هۆیه، هه‌روه‌ها ده‌كرێ ناوی بنێین بازنه‌ی ئاشكرا، به‌ڵام پێم باشتر بوو په‌یڤی گشتی یان گشتایه‌تی به‌كار بهێنین، چونكه دژ به په‌یڤی تایبه‌ته. ئاشكراشه كه ژینی مرۆڤ دابه‌شی سه‌ر دوو به‌ش ده‌بێت: ژیانی تایبه‌ت واته ژیانی گه‌رم و گورِی خێزان له‌گه‌ڵ ژن و منداڵه‌كانی، ژیانی گشتی له‌گه‌ڵ خه‌ڵكدا، كه بۆ كار ده‌رده‌چێت، یان له چالاكی و گفتوگۆی ده‌ره‌وه‌ی ماڵێ و تایبه‌ت به گرووپ و كۆمه‌ڵ، به‌شدار ده‌بێت.
هه‌ر چۆنێكی بێت، ئه‌م بازنه سیاسییه گشتی و ئاشكرایه نه‌ك نهێنی یان كه‌سییه، له ئه‌وروپادا سه‌ره‌تا له نیوه‌ی دووه‌می سه‌ده‌ی هه‌ژده‌مه‌وه رووی له گه‌ڵاڵه بوون و خه‌مڵین كرد: واته له گه‌رمه‌ی سه‌رده‌می رۆشنگه‌ریدا. ئه‌مه‌ش دواتر بووه مایه‌ی دروست بوونی رای گشتی، وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌م سه‌رده‌مه‌دا له كۆمه‌ڵگاكانی پێشكه‌وتووی ئه‌وروپادا ناسراوه و ده‌سه‌ڵاتدارانیش تا ئهوپهرِهكهی لێی ده‌ترسن و حیسابی بۆ ده‌كه‌ن، به پێچه‌وانه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارانی عه‌ره‌ب (به لای كه‌مه‌وه به‌ر له به‌هاری عه‌ره‌ب). ئه‌م بازنه ئاشكرایه له ساته‌وه‌ختی گه‌ڵاڵه بووندا ملكه‌چی ده‌سه‌ڵاتی شا نه‌بوو، پابه‌ندی پله‌به‌ندییه ههرهمییهكهی سه‌رده‌می كۆنیش نه‌بوو: واته سه‌نگێكی بۆ دابه‌ش كردنی كۆمه‌ڵ بۆ چینی جوامێران و چینی ئهكلیروس و چینی گه‌ل له دامه‌نی په‌یژه‌ی هه‌ره‌مه‌كه‌دا، دانه‌ده‌نا. له سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه ته‌ماشای گفتوگۆی نه‌ده‌كرد كه ئه‌مه كورِی خانمه و ئه‌وه‌ش كورِی كه‌نیزه، یان ئه‌وه "كورِی بنه‌ماڵه"یه وه‌ك كه له لای ئێمه ده‌گوترێت و ئه‌مه‌ش، ئه‌گه‌ر قهسهكهمان رووی مه‌جلیسی هه‌بێت، كورِی چه‌رچی و په‌رچییه. نا، هه‌رگیز. هه‌مووان یه‌كسان بوون، له یه‌ك جیا نه‌ده‌كرانه‌وه ته‌نیا به ئاستی لێهاتوویی و دره‌وشانه‌وه و كارامه‌ییان نه‌بێت له گفتوگۆ و توانایان له به‌كار هێنانی به‌هره‌ی ره‌خنه‌ییانه‌ی عه‌قڵدا. سه‌ره‌نجام فاكته‌ری جوامێری یان ئهرستوكراتیی پشتاوپشت كه به‌ر له شۆرِش له فه‌ره‌نسادا باڵاده‌ست بوو، لێره‌دا هیچ رۆڵێكی نه‌بوو. به ئه‌نقه‌ست ره‌ت كرایه‌وه تا بورژوازیهت به‌هاكانی چینی ئهرستوكرات ریسوا بكات، كه به‌نده به ته‌مبه‌ڵی و میرات نه‌ك خه‌سڵه‌تی كه‌سانه‌ی تاك. ئاشكرایه، له سه‌رده‌می كۆنی به‌ر له شۆرِشی فه‌ره‌نسا هێنده به‌س بوو كه رۆڵه‌ی بنه‌ماڵه بیت تا به‌زرترین پۆست له كۆمه‌ڵدا به‌ده‌ست بهێنیت، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر پووچ و خاو و خلیچكیش بیت. هه‌رچی چینی بورژوا بوو، ئه‌وا به‌های به ته‌واوی جیاواز و تازه‌ی هێنایه ئاراوه. چی دی رای مرۆڤ گرنگ نییه هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كورِی بنه‌ماڵه‌یه‌كی گه‌وره‌ی ئهرستوكراته، به‌ڵكوو له‌به‌ر ئه‌وه‌یه چونكه زیره‌كتره یان بیرمه‌نده یان عاقڵه یان ده‌ست پاكه، هه‌وڵی خۆی بۆ خزمه‌ت كردنی كۆمه‌ڵ و پێشكه‌وتنی ته‌رخان ده‌كات. مۆركی دینامیكی زبه‌لاح و پێشكه‌وتنخوازانه‌ی چینی بورژوا له‌و سه‌رده‌مه‌دا خۆی ده‌نوێنێت، كه كارلڕ ماركس ستایشی كرد. پاش ئه‌وه ده‌بێته نه‌ریتپارێز، به‌ڵام نه‌ك ئێستا. هه‌ر چۆنێكی بێت، سه‌رده‌می رۆشنگه‌ری و شۆرِشی فه‌ره‌نسا، هه‌ردووكیان، تاجی سه‌ری بزاڤێكی روحیی مێژوویی فراوان و درێژخایه‌ن بوون، كه چه‌ندین سه‌ده‌ی خایاند. ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه‌كی روحی و سیاسی و ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تیی ئازادیخوازانه بوو، له سه‌ره‌تاكانی سه‌رده‌می رێنیسانسه‌وه ئه‌ستێره‌كه‌ی له ئه‌وروپادا كه‌وته دره‌وشانه‌وه. پاشان په‌لی هاویشت و بڵاو بووه‌وه و كارلێكی كرد تا به شۆرِشی فه‌ره‌نسا له ساڵی 1789 تاجی له سه‌ر نا.
له‌به‌ر ئه‌و هۆیه‌شه كه دیرۆكنووسی هاوچه‌رخی فه‌ره‌نسا (ئه‌لفۆنس دوبرون) ئه‌مه‌ی گوتووه:
"جیهانی رۆشنگه‌ری و شۆرِشی فه‌ره‌نسا له یه‌ك كاتدا دوو رووداوی له یه‌ك جودا و پێكه‌وه گرێ‌دراو بوون. ئه‌وان بریتی بوون له دو ته‌جه‌للا (یان دوو دیارده‌ی لابه‌لا)ی به‌رده‌وامی (سه‌یرووره)ی ههمهكیانهتر و ساراپاگیرانهتر: مه‌به‌ستم ئه‌و به‌رده‌وامییه‌ی بووه مایه‌ی په‌یدا بوونی جڤاكێك كه تاكه‌كانی خاوه‌ن سه‌ربه‌خۆیی خودانهن. مه‌به‌ستیشمان سه‌ربه‌خۆییان (ئازاد بوونیان) له ئه‌فسانه و ئایینه‌كان، یان ئازاد بووونیان له‌وان به (واتای نه‌ریتیانه‌ی په‌یڤه‌كه). ئه‌و به‌رده‌وامییه مه‌زنه مێژووییه‌ی بووه مایه‌ی په‌یدا بوونی كۆمه‌ڵگایه‌كی "نوێ": واته ئازاد له رابردوو، هه‌روه‌ها ئازاد له نه‌ریت و شتی كه‌ڵكه‌كه بووی میراتی. ئه‌و كۆمه‌ڵگای ئێستایه: واته ئێستای به ته‌واوی كراوه‌یه به رووی ئایینده‌دا، كه پشت له‌و رابردووه ده‌كات. دوا جار په‌یوه‌ندیی راسته‌قینه‌ی نێوان هه‌ردوو دیارده‌ی رۆشنگه‌ری و شۆرِشی فه‌ره‌نسا، مه‌به‌ستم په‌یوه‌ندیی هۆ به ئه‌نجامه‌وه، له پاشكۆییایهتیی هاوبه‌شیانه‌وه به‌م به‌رده‌وامییه مه‌زنه مێژووییه‌وه، پێكه‌وه هه‌ردووكیان له ئامێز ده‌گرێت، كه له هه‌ردووكیان فراوانتر و سهرپاگیرانهتره."(6)
پاشان قسه‌كه‌ی به شێوه‌یه‌كی روونتر راڤه ده‌كات، كه به‌م واتایه ده‌ڵێ: شۆرِشی فه‌ره‌نسا، وه‌ك پێمان وایه، وێنه‌یه‌كی كتومتی فه‌لسه‌فه‌ی رۆشنگه‌ری نییه.. شتی گرنگ كه په‌یوه‌ندیی به‌م خاڵه‌وه هه‌بێت ئه‌وه‌یه، شۆرِشی فه‌ره‌نسا و فه‌لسه‌فه‌ی رۆشنگه‌ری، هه‌ردووكیان، پێكه‌وه له نێو رێرِهوی په‌ره‌سه‌ندنی مێژووییانه‌ی زۆر فراوانتری ئه‌وروپادا، ئاوێته‌ی یه‌ك (تێكه‌ڵی یه‌ك) بكه‌ین. ئه‌م رێرِهوه مێژووییه یان بزاڤه هه‌ڵكشاوه مێژووییه، هه‌ر خۆی نوێنه‌رایه‌تیی شۆرِشی راسته‌قینه ده‌كات.
ئه‌م به‌رده‌وامییه دیرۆكییه گشتییه واتای چییه؟ ئه‌و له بنهرِهتدا واتای گواستنه‌وه له تۆرِه ئه‌فسانه‌ی نه‌ریتییه‌وه (واته ئه‌فسانه‌یی ئایین و پیرۆزییه‌كانی كریستیان و سامی ئایینی و سیاسیی گرێ‌دراو به‌وانه‌وه)، به‌ره‌و تۆرِێكی نوێی ئه‌فسانه‌یی و برِوایهكی هاوبه‌ش و له گۆرِ هه‌ستاوه: ئه‌و برِوای نوێخوازیی عه‌لمانیه‌تی (سكولاریزمی) ئازاد له كهههنووتی كریستیان و به ته‌واوی سه‌ربه‌خۆ و جیا له‌و. توندترین بنه‌مای ئه‌و برِوا تازه‌یه یان تازه‌بووه ئه‌وه‌یه، كه ئاره‌زوو ناكات ببێته ئه‌فسانه‌یی، یان هۆشیار نه‌بوون به‌وه‌ی ئه‌ویش ئه‌فسانه‌یه‌كی نوێ پێك ده‌هێنێت.
ئه‌م قسه قووله چ ده‌گه‌یه‌نێت؟ زۆر به كورتی: ئه‌و واتای ئه‌وه‌یه كه له ئه‌فسانه‌ی ئایینه‌وه گواستمانه‌وه بۆ ئه‌فسانه‌ی رۆشنگه‌ری، یان له (پیرۆز)ی كریستیانه‌وه بۆ (پیرۆز)ی نوێخوازی و عه‌لمانی (سكولاریزم). له نێوانی هه‌ردووكیشیاندا دابرِانه مه‌زنه‌كه‌ی ئه‌پستمۆلۆژیا و سیاسه‌ت هه‌یه، كه تا ئێستا نه‌هاتووه‌ته دی ته‌نیا له شارستانیه‌تی ئه‌وروپادا نه‌بێت. رۆشنگه‌ری بریتی بوو له دابرِانی ئه‌پستمۆلۆژی، واته هزری و مه‌عریفیی قوول. شۆرِشی فه‌ره‌نساش بریتی بوو له دابرِانی سیاسی له‌گه‌ڵ جیهانی كۆندا. هه‌ردووكیشیان زاده‌ی دیارده‌یه‌كی قه‌به‌تر و زۆر گه‌وره‌ترن: ئه‌ویش دیارده‌ی چاخی نوێ هه‌ر له سه‌رده‌می رێنیسانسه‌وه، كه توانیی سه‌ده‌كانی ناوهرِاستی كریستیان له‌ناو ببات یان خۆی له كۆت و به‌ندیان رزگار بكات..
كه‌واته ده‌كرێ بڵێین رووداوی سیاسیی هه‌ره گرنگ له چاخی نوێ (واته شۆرِشی فه‌ره‌نسا) زاده‌ی چه‌ندین فاكته‌ری راسته‌وخۆ و نارِاستهوخۆ بوو، هی دوور و نزیك. دوا جار ده‌توانین بیگهرِێنینهوه بۆ سه‌رده‌می رێنیسانسی ئه‌وروپا له سه‌ده‌ی شازده‌م نه‌ك ته‌نیا بۆ سه‌رده‌می دیكارت له سه‌ده‌ی حه‌ڤده‌م.. پێویست به چوار سه‌ده له به‌خه‌به‌ر هاتنی هزری و ره‌خنه‌یی ههڵوهشانكاریی باوهرِگهلی لاهووتی پیرۆز هه‌بوو، تا شۆرِشی عه‌لمانیی فه‌ره‌نسا كارێكی كرده‌نی بێت.. چیرۆكه‌كه دوور و درێژه...
په‌راوێز:
[1] Daniel Mornet :Les origines intellectuelles de la Revolution francaise.Paris. Le Tallandier.2010
[2] Roger Chartier : Les origines culturelles de la Revolution francaise.Paris.Seuil.1991
ده‌بینین ناونیشانی كتێبه‌كه‌ی (شارتیێ) به ده‌ق له‌گه‌ڵ ناونیشانی كتێبه‌كه‌ی (مۆرنێ)دا جووت ده‌بێت، كه به شه‌ست ساڵ له پێش ئه‌ودا ده‌رچووه، ته‌نیا یه‌ك وشه‌ی جیاوازه، دوا جار ئه‌و دووباره كردنه‌وه‌ی تێزه‌كه‌ی ئه‌وه وێرِای ره‌خنه و ته‌واو كردن.
[3] له كتێبی ناوبراوی (رۆژێ شارتیێ) وه‌رگیراوه، (ل: 18).
هه‌رچی كتێبی ره‌خنه‌گری ناودار "تین"ـه كه لێره‌دا ئاماژه‌ی بۆ كراوه، ئه‌وا ئه‌مه‌یه:
Hippolyte Taine :LAncien Regime.Les Origines de la France contemporaine.
[4] له كۆتاییه‌كانی سه‌ده‌كانی ناوهرِاستدا بورژوا بریتی بوو له چینی كۆمه‌ڵایه‌تیی ناوه‌ند له نێوان چینی باڵای ده‌ره‌به‌گ له لایه‌ك و چینی خوارووی جووتیاران له لایه‌كی دیكه‌وه. ئه‌و له بنهرِهتدا له شاراندا نیشته‌جێ بوو، كه به‌شداریش بوو له پێشكه‌وتنیان. كاری ئازادیان ده‌كرد وه‌ك بازرگانی و كاروباری دارایی بانكداری و پیشه‌سازیی پیشه‌یی. بورژوا پێك هاتبوو له خه‌ڵكی ئازاد مافی تایبه‌تیان هه‌بوو له نیشته‌جێ بوون له شاران. هه‌روه‌ها موڵكی تایبه‌تیان هه‌بوو وه‌ك ماڵ و شتی دی. له‌گه‌ڵ بزووتنه‌وه‌ی پیشه‌سازیدا كه روخساری ئه‌وروپای گۆرِی، له كۆمه‌ڵگای جووتیاری گوندنشینه‌وه كردییه كۆمه‌ڵگای پیشه‌سازی پرِ له كارگه و ئامێری ته‌كنه‌لۆژی، بورژوا پتر په‌ره‌ی سه‌ند. ئاشكرایه كه بورژوا بنه‌مای هه‌ڵگیرسانی شۆرِشی فه‌ره‌نسا بوو، له پای ئه‌ودا ده‌وڵه‌تی یاسا دروست بوو: واته ده‌وڵه‌تی نوێی مه‌ده‌نی وه‌ك ئه‌وه‌ی ئێستا له رۆژاوادا هه‌یه. به‌ر له ئه‌و ده‌وڵه‌تێكی فیووداڵی بنه‌چه‌خواز هه‌بوو، ده‌سكه‌وته‌كانی له لایه‌ن چینی جوامێران و چینی ئهكلیروسی كریستیانه‌وه، واته گه‌وره پیاوانی ئایینه‌وه، قۆرخ كرا بوون. ئه‌وان له سه‌رووی یاساوه بوون. ئه‌نجام ده‌وڵه‌تێكی ده‌سكه‌وتی ناهه‌ق و زۆردارانه بوو. هه‌روه‌ها ده‌وڵه‌تێكی مه‌زهه‌بی و تایه‌فی بوو. ئه‌مه بوو كه شۆرِشی فه‌ره‌نسا گۆرِیی. مه‌زنایه‌تی و بایهخهكهشی له‌وه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتووه. شۆرِشێكی به‌ره‌و پێش نه‌ك به‌ره‌و دوا! بورژوا به سایه‌ی دینامكیهتی نایاب و زیندووی خۆیه‌وه توانیی چینی ئهرستوكراتی ده‌ره‌به‌گ سه‌راوبن بكات و جێی ئه‌و بگرێته‌وه، وه‌ك چینێكی سه‌ركرده‌ی كۆمه‌ڵگای فه‌ره‌نسی. دوا جار نابێ له بیرمان بچێت كه بورژوا ئه‌و چینه بوو كه فه‌لسه‌فه‌ی رۆشنگه‌ریی به‌خۆوه گرت، ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ش نه‌بووایه نه‌یده‌توانی ده‌وڵه‌تی نوێی مه‌ده‌نی به هه‌موو پێوانه‌یه‌ك دابمه‌زرێنێت. ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ش نه‌بووایه، ئه‌وا ده‌وڵه‌تێكی بنه‌چه‌خواز (ئوسووڵی)ی داده‌مه‌زراند رێك وه‌ك شۆرِشهكانی ئێستای به‌هاری عه‌ره‌بی، كه یه‌كه‌مین ده‌سكه‌وتی به دادگایی كردنی عادیل ئیمام و جنێودان به نه‌جیب مه‌حفووز ده‌ست پێ ده‌كات! هه‌ڵبه‌ت سه‌ریش ده‌نێته سه‌ر هه‌موو شاكاره‌كانی وێژه‌ی عه‌ره‌بی به به‌هانه‌ی ئه‌وه‌ی "نه‌ریتی گشتی پێشێل ده‌كات و هانی خراپه‌كاری ده‌دات".. ئه‌مه‌ش واتای ئه‌وه‌یه كه شۆرِشی سیاسی به بێ ناوه‌رۆكێكی نوێی هزری هیچ واتایه‌كی نییه. بۆ نموونه ته‌ماشای شۆرِشی ئێران بكه.. له بنهرِهتدا ئه‌گه‌ر بورژوا بیری رۆشنگه‌ریی نه‌گرتایه‌ته خۆ، ئه‌وا نه‌یده‌توانی به سه‌ر بنه‌چه‌خوازیی كریستیانی كاتولیكدا سه‌ربكه‌وێت، كه به درێژایی چه‌ندین سه‌ده له سه‌رده‌می كۆندا به سه‌ر فه‌ره‌نسییه‌كاندا زاڵ بوو. به‌م واتایه ده‌كرێ بڵێین شۆرِشی فه‌ره‌نسا له هێڵی گهرِانهوهدا رۆشنگه‌ریی هێنایه ئاراوه، به هه‌مان ئه‌ندازه، ئه‌ویش ئه‌وی دروست كرد و رێگای بۆ رۆشن كرده‌وه. ئه‌و كاته ئه‌وی دروست كرد كاتێك ئاڵاكانی ئه‌وی به سه‌ری رمهوه ههڵبرِی، واشی لێ كرد به سه‌ر هزری بنه‌چه‌خوازی ئایینیشدا سه‌ربكه‌وێت، كه سه‌دان ساڵ بوو، له كۆهۆشی فه‌ره‌نسیدا چه‌سپا بوو. شۆرِشی فه‌ره‌نسا تۆڵه‌ی (ژان ژاك رۆسۆ)ی كرده‌وه كه توندرِهوان له هه‌ردوو تایه‌فه (واته تایه‌فه‌كه‌ی خۆی و تایه‌فه‌ی دیكه‌ی دژیش) و له دوایین سێیه‌كی ژیانیدا ئاویان به ده‌می تاڵ كرد بوو. ئه‌گه‌ر چاودێریی خودا نه‌بووایه، ئه‌وا ده‌یانكوشت. هه‌روه‌ها تۆڵه‌ی ڤۆلتێریشی كرده‌وه، كه یهسووعییهكان یان ئیخوانی كریستیان تۆقاندیان، له پاش ئه‌وه‌ی به درێژایی ژیانی خۆی هه‌ر سه‌نگه‌ری لێ گرت بوون.
ئه‌نجام هۆی له‌بار چوونی رێنیسانسی عه‌ره‌ب و شۆرِشهكانی به‌هاری عه‌ره‌بی، نه‌بوونی چینێكی كۆمه‌ڵایه‌تیی به‌هێز و تۆكمه به ئه‌ندازه‌ی پێویسته، مه‌به‌ستم چینێك كه سه‌رگه‌رم و په‌رۆشی هزری نوێ بێت و توانای به‌ره‌نگار بوونه‌وه‌ی له‌شكری هزری كۆنی هه‌بێت كه خاوه‌ن ره‌وایی بوونێكی چه‌سپاوی "خوداوه‌ندانه"یه. ده‌بێ ددان به‌وه‌شدا بنێین كه كێشه‌كه هه‌روه‌ها كێشه‌ی هزریشه، نه‌ك ته‌نیا كێشه‌ی هه‌بوونی چینێكی كۆمه‌ڵایه‌تی یان نه‌بوونی. رۆشنبیرانی عه‌ره‌ب، به پێچه‌وانه‌ی فه‌یله‌سوفانی رۆشنگه‌ری ئه‌وروپا، تا ئێستا نه‌یانتوانیوه هزری بنه‌چه‌خواز (ئوسووڵی) هه‌ڵوه‌شێننه‌وه و راستگۆییه‌كه‌ی برِووخێنن. ئه‌مه ده‌ڵێین وێرِای هه‌وڵی گه‌رم و گورِ لێره و له‌وێ، به‌ڵام شهرِه هزرییه‌كه هێشتا یه‌كلایی نه‌بووه‌ته‌وه. ئه‌وه كه‌مترین شته كه بگوترێت..
[5] برِوانه كتێبی هابرماس: فه‌زای گشتی: ئه‌ركیۆلۆژیای ئاشكرایی و ریكلام به‌و سیفه‌ته‌ی دوو ره‌هه‌ندن له ره‌هه‌نده‌كانی دامه‌زرێنه‌ری كۆمه‌ڵگای بورژوا. وهرگێرِانه فه‌ره‌نسییه‌كه‌ی: (ل 38):
Jurgen Habermas :Lespace public.Archeologie de la publicite comme dimension constituve de la societe bourgeoise.Paris.Payot.1978
[6] برِوانه كتێبی مێژوونووسی فه‌ره‌نسی ئه‌لفۆنس دوبرون: ئه‌ده‌ب و زانست و ئایین و هونه‌ر له كۆمه‌ڵگای فه‌ره‌نسی له نیوه‌ی دووه‌می سه‌ده‌ی هه‌ژده‌م. پاریس. بڵاوكراوه‌ی سه‌نته‌ری به‌ڵگه‌نامه و ژێده‌ری زانكۆ: 1964، ل 21:
Alphonse Dupront :Les Lettres,les Sciences,la Religion et les Arts dans la societe francaise de la deuxieme moitie du XVIII siecle.1964.P.21