شاعیرێک ڕۆح به به‌ر بێگیانه‌کاندا ده‌کات
June 10, 2012
فیکر و فەلسەفە
نووسه‌ر :حه‌مه‌سه‌عید حه‌سه‌ن
(ڕه‌نگه هه‌موو ئه‌و شتانه نه‌ڵێم که بڕوام پێیان هه‌یه، به‌ڵام هه‌رگیز شتێک ناڵێم که بڕوام پێی نه‌بێت. کانت)له ده‌قی واڵادا که تێکستی سه‌رده‌مه، ڕێز له سنووری نێوان ژانره ئه‌ده‌بییه‌کان ناگیرێت، نه هیچ شتێک ده‌که‌وێته سه‌نته‌ره‌وه، نه هیچ چه‌مکێک جێگیره و نه هیچ ده‌کرێت به پێوانه. ده‌قی کراوه هیچ پێشمه‌رجێکی بۆ دانه‌نراوه، به‌ڵام ئه‌مه به‌و مانایه نییه، هه‌ر که‌سێک بخوازێت، ده‌توانێت به‌رهه‌می بهێنێت. ده‌قی کراوه که له سه‌ره‌تای ساڵانی شه‌ستدا ئه‌مبێرتۆ ئێکۆ بۆ یه‌که‌مین جار پێناسه‌ی کردووه، ده‌قێکه: بێ هه‌ژمار لێکدانه‌وه هه‌ڵده‌گرێت، به‌ڵام لێکدانه‌وه‌ی بێ بناغه نا، به‌ڵام که‌سمان مافی ئه‌وه‌مان نابێت، لێکدانه‌وه‌ی خۆمان، به باشترین لێکدانه‌وه له قه‌ڵه‌م بده‌ین. ڕه‌نگه بتوانین له‌به‌ر ڕۆشنایی تێکسته‌که‌دا، بگه‌ینه لێکدانه‌وه‌یه‌کی جێی باوه‌ڕ، به‌ڵام گه‌ییشتن به ئامانجی نووسه‌ری ده‌قی واڵا، شتێکه وه‌ک مه‌حاڵ، ئاخر لێکدانه‌وه، جگه له دیالۆگی نێوان ده‌ق و خوێنه‌ر، هیچی دیکه نییه.ئه‌وه بۆیه پێی ده‌ڵێن ده‌قی کراوه، چونکه له بازنه‌ی کۆمه‌ڵێک تایبه‌تمه‌ندیی دیاریکراودا گیر ناخوات و ئاسمانی نووسین له به‌رده‌م فڕینیدا واڵایه. ده‌شێت له ده‌قی واڵادا، یه‌کێک یان پتر له تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی ئه‌م یان ئه‌و ژانری ئه‌ده‌بی هه‌بێت، بۆ نموونه: بریتی بێت له گێڕانه‌وه به مه‌نه‌لۆژ، مه‌نه‌لۆژێکی به زمانی شیعریی به‌رهه‌مهێنراو. ئه‌گه‌ر ده‌قی داخراو ئه‌و تێکسته بێت که کۆتایییه‌کی ده‌ستنیشانکراوی هه‌یه، ئه‌وا ده‌قی واڵا به‌سه‌ر چه‌ندان ئاسۆدا کراوه‌یه و خوێنه‌ر بواری ئه‌وه‌ی هه‌یه، به گوێره‌ی ئه‌زموونی خۆی، لێکی بداته‌وه و به‌شداری له نووسینیدا بکات. کۆده‌کانی ده‌قی کراوه، به ته‌مومژێکی خه‌ست ده‌وره نه‌دراون و خوێنه‌ر توانای کردنه‌وه‌یانی هه‌یه. نووسه‌ری ده‌قی واڵا، وه‌ک چۆن سوود له گێڕانه‌وه و شیعر ده‌بینێت، ده‌توانێت قه‌ڵه‌مه‌که‌ی مینا کامێرایش بخاته گه‌ڕ، ته‌واو وه‌کوو سه‌رقاڵی به‌رهه‌مێنانی دیمه‌نێک بێت بۆ سینه‌ما.
ده‌قی واڵا، ده‌شێت له شیعردا خۆی نمایش بکات، یان پشت به په‌خشان ببه‌ستێت. ده‌قی کراوه به پێچه‌وانه‌ی ده‌قی داخراوه‌وه که ده‌گاته کۆتایییه‌ک، ده‌قێکه بازنه‌یی، له کۆتاییدا ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌ره‌تا، ئه‌وه بۆیه نه به حه‌رفی که‌پیتاڵ ده‌ست پێ ده‌کات و نه به خاڵ دوایی دێت، به‌ڵکوو چونکه به‌سه‌ر چه‌ندان لێکدانه‌وه‌دا کراوه‌یه، ده‌شێت به وێرگول یان به سێ چوار خاڵێک دوایی پێ بهێنرێت. ژولیا کریستێڤا له باره‌ی ده‌قی داخراوه‌وه، گوتوویه‌تی: (چیرۆکێکه پێش ئه‌وه‌ی ده‌ست پێ بکات، کۆتایییه‌که‌ی گوتراوه،) به‌ڵام ده‌قی کراوه، به ته‌واوبوونیشی کۆتایییه‌که‌ی ناگوترێت. ده‌قی کراوه بۆ خوێنه‌رێک ده‌نووسرێت که بکه‌ریش بێت، نه‌ک ته‌نیا به‌رکار، خوێنه‌رێک توانای لێکدانه‌وه‌ی هێماکان و کردنه‌وه‌ی کۆده‌کانی هه‌بێت، خوێنه‌رێک هاوزه‌مان وه‌ک چۆن شت له ده‌قه‌که‌وه وه‌رده‌گرێت، شتیشی پێ ده‌به‌خشێت، خوێنه‌رێک لایه‌نه نه‌گوتراوه‌کانی ده‌قه‌که ده‌ژنه‌وێت و لایه‌نه شاراوه‌کانی ده‌بینێت.
وه‌ک چۆن قۆناغێک نییه، بتوانین به دڵنیایییه‌وه، ناوی کۆتایی مێژووی لێ بنێین، ده‌قی کراوه‌یش دوا فۆرمی ئه‌ده‌بی نییه، فۆرمێک نییه، پێمان وابێت، ئیدی ئه‌ده‌ب له‌وێدا له‌نگه‌ر ده‌گرێت، فۆرمێکه له بری ئه‌وه‌ی له کڵاوڕۆژنه‌یه‌که‌وه، سه‌یری ژوورێک بکات، له چه‌ند په‌نجه‌ره‌یه‌کی کراوه‌وه سه‌رنجی ده‌دات. فۆرمێکه پشت به ڕه‌ش و سپی ده‌به‌ستێت، ڕه‌ش: ئه‌و شوێنانه‌ی ڕووپه‌له‌که‌یه که نووسراون، سپی: شوێنی نه‌نووسراوه. له ده‌قی کراوه‌دا، ته‌نیا (مه‌تن) گرنگ نییه، (په‌راوێز)یش هێنده‌ی مه‌تن بایه‌خی هه‌یه. ئه‌گه‌ر ده‌قی داخراو، ده‌قێکی ڕووکه‌ش بێت، ده‌قێک چێژێکی کاته‌کی، ته‌نیا بۆ یه‌ک جار به خوێنه‌ر ببه‌خشێت و هه‌ر زوو کڵپه‌ی خامۆش ببێته‌وه، ئه‌وا ده‌قی کراوه، تێكستێکه قووڵ، هه‌م هه‌ستمان ده‌بزوێنێت، هه‌م ناخمان ده‌هه‌ژێنێت، هه‌م بۆ بیرکردنه‌وه هانمان ده‌دات و هه‌م به‌رگه‌ی زه‌مانیش ده‌گرێت.
*
هه‌ندێک شاعیری به‌هره‌کز، به هۆی ورووژاندنی بابه‌تی سیاسییه‌وه، سه‌رنجی خوێنه‌ر بۆ لای خۆیان ڕاده‌کێشن، ئه‌و جۆره شاعیرانه، چونکه خاوه‌نی توانایه‌کی گه‌وره نین، به‌وه نه‌ک هه‌ر هیچیان له کیس ناچێت، به‌ڵکوو ڕه‌نگه قازانجیشی لێ بکه‌ن، به‌ڵام پاژنه‌ی ئاخیلی شیعری شێرکۆ بێکه‌س، ئاوڕدانه‌وه بووه له بابه‌تی سیاسی، ئاخر ئه‌و نزیکه‌ی هه‌میشه که به زه‌بری ڕووداوی سیاسی، شیعری گوتووه، زیان به به‌هره‌ی زێده گه‌وره‌ی گه‌یشتووه. شێرکۆ بێکه‌س له ده‌قی واڵای (ئه‌سپێک له په‌ڕه‌ی گوڵاڵه)دا، نیشتمان ئاشت ده‌کاته‌وه، ئاخر له به‌رهه‌مه‌که‌ی پێشوویدا، (ئێستا کچێک نیشتمانه،) له داخی ڕووداوه‌کانی حه‌ڤده‌ی شوبات و ڕۆژانی دواتر، دڵی له نیشتمان ڕه‌نجابوو.
هه‌بوونی ناکۆکی له به‌رهه‌می نووسه‌ردا، به‌ڵگه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی هێشتا ده‌ژی. ستریندبێری سه‌روه‌ختی مانگرتنه گه‌وره‌که‌ی سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی پێشوو، کرێکارانی سوێدی نا‌ئومێد کرد، به‌ڵام هێنده‌ی پێ نه‌چوو شمشێری وشه‌ی به ڕووی بۆرژوا، خانه‌دان، پاشایه‌تی و سوپایشدا هه‌ڵکێشا. ئیدی گوتاره‌کانی بوونه چه‌کێکی کاریگه‌ر به ده‌ست لاوانی سۆسیال دیموکراته‌وه.(1) ئه‌وه‌ی شێرکۆ بێکه‌س له به‌رهه‌مه‌که‌ی پێشووی، (ئێستا کچێک نیشتمانمه)دا، له وه‌ته‌ن بێزاره و له (ئه‌سپێک له په‌ڕه‌ی گوڵاڵه)دا، به حه‌سره‌ته‌وه گۆرانی بۆ به‌رد و بنچک و خاک و خه‌ڵکی نیشتمان ده‌چڕێت، نیشانه‌ی زیندوویه‌تیی ئه‌و شاعیره بلیمه‌ته‌یه.
بۆرخێس گوتوویه‌تی: (شیعر پێویستی به‌وه نییه له ڕووی تیۆرییه‌وه باسی بکه‌ین، پێویستی به‌وه‌یه، ئه‌و لایه‌نانه‌ی ده‌ستنیشان بکه‌ین، که سه‌رساممان ده‌که‌ن.) شێرکۆ بێکه‌س ئه‌و شاعیره ده‌گمه‌نه‌ی کورده که به‌رده‌وام خوێنه‌ری سه‌رسام ده‌کات. شاعیرێک له کێشی ئه‌ودا بێت، ده‌توانێت، به کۆمه‌ڵه‌شیعرێک هه‌بوونی خۆی بسه‌لمێنێت و له یاده‌وه‌ریی نه‌وه له دوای نه‌وه‌دا، به زیندوویی بمێنێته‌وه، به‌ڵام ئه‌وێک که ده‌یان کۆشیعری نووسیوه، که زۆربه‌یان ده‌که‌ونه خانه‌ی شیعری باڵاوه، ئه‌وه ئه‌گه‌ر ئێره‌یی پێ بردن نه‌بێت، سته‌منواندنه، به چاوی ڕێزه‌وه سه‌رنجی ئه‌و به‌هره گه‌وره‌یه نه‌ده‌ین.
هه‌رچه‌نده ده‌قی واڵا له شیعر سوودمه‌ند ده‌بێت، یان ده‌شێت به پله‌ی یه‌که‌م پشت به شیعر ببه‌ستێت، به‌ڵام ناکه‌وێته خانه‌ی شیعره‌وه و ژانرێکی دیکه‌یه، ته‌واو وه‌ک چۆن ده‌توانین به زمانێکی شیعری، چیرۆک بنووسن، هه‌ر وایش ده‌توانین به که‌ره‌سه‌ی شیعر، ده‌قێکی واڵا به‌رهه‌م بهێنین، بۆیه ده‌قی واڵا، سه‌ر به خێزانی شیعر نییه، ژانرێکی سه‌ربه‌خۆیه، سه‌ر به نیشتمانی ئه‌ده‌به، با شیعربوونیشی گه‌ش گه‌ش پێوه دیار بێت. ده‌قی واڵا، په‌خشانه‌شیعریش نییه، هه‌ر هیچ نه‌بێت له سۆنگه‌ی ئه‌وه‌وه، په‌خشانه‌شیعر ڕه‌نگه ته‌نیا لاپه‌ڕه‌یه‌ک بێت، وه‌لێ ده‌قی واڵا، ڕه‌نگه وه‌ک (ئه‌سپێک له په‌ڕه‌ی گوڵاڵه)ی شێرکۆ بێکه‌س، سه‌دان ڕووپه‌ل بێت.
به قه‌ولی ڕامبۆ: (دژوارترین شه‌ڕ، شه‌ڕه له‌گه‌ڵ خودی خۆماندا.) ئامانجی باڵای شیعر ئه‌وه‌یه، کۆمه‌کمان بکات، وه‌ک خود داهێنه‌رێکی ئازاد بین. شێرکۆ بێکه‌س به چاوپۆشین له‌وه‌ی ساڵانێک نزیک یان دوور، له‌م یان له‌و سه‌نگه‌ردا بووه، به‌ڵام هه‌میشه وه‌ک خود ئازاد بووه، ئه‌گه‌ر نا ئه‌و هه‌موو داهێنانه‌ی تۆمار نه‌ده‌کرد. (شاعیر ده‌توانێت شتێک بڵێت و مه‌به‌ستی شتێکی دیکه بێت، بۆ نموونه که ده‌ڵێت: شار پڕ بووه له چاو، مه‌به‌ستی له چاو، سیخوڕه،)(2) به‌ڵام ناتوانێت شتێک بڵێت باوه‌ڕی پێی نه‌بێت، ناشێت ناپاکی له خودی خۆی بکات، بۆیه شێرکۆ بێکه‌س، چی گوتووه، له خودی خۆیه‌وه هه‌ڵقوڵاوه.
هیچ ژانرێکی ئه‌ده‌بی، هێنده‌ی شیعر پێویستی به خه‌یاڵ نییه، چونکه ئه‌وه شاعیری زه‌نگینخه‌یاڵه، توانای ئه‌وه‌ی هه‌یه، ئاسۆی بینینی خوێنه‌ر فراوانتر بکات. شێرکۆ بێکه‌س خه‌یاڵێکی هێنده فراوان و ده‌وڵه‌مه‌ندی هه‌یه، ده‌توانێت وا بکات، به‌ردێک بدات له شه‌ققه‌ی باڵ، ملپێچێک بیره‌وه‌ری بگێڕێته‌وه و کڵاوێک مێژووی به‌رخودان بنووسێته‌وه. ئه‌وه چییه وای کردووه، ئه‌م شیعر له‌و شیعر باڵاتر بێت؟ ئه‌وه هه‌ر چییه‌ک بێت، ئه‌م یان ئه‌و فیکر نییه. ڕه‌نگه زه‌مان بۆ زێڕی شیعر، وه‌ک مه‌حه‌ک وابێت، ئاخر ئه‌وه ته‌نیا شیعری باڵایه، توانای به‌زاندنی سنووری زه‌مانی هه‌یه. یه‌کێک له‌و ته‌کنیکانه‌ی وا ده‌که‌ن شیعر جوان بێت، مامه‌ڵه‌کردنێکی سه‌یره له‌گه‌ڵ شته‌کاندا. شێرکۆ بێکه‌س هه‌میشه به‌و شته سه‌یرانه‌ی له چه‌شنی هێنانه قسه‌ی جلوبه‌رگ، خوێنه‌ر سه‌رسام ده‌کات. ئه‌و هێنده هونه‌رمه‌ندانه شته‌کان ده‌هێنیته گۆ، وه‌ک چۆن منداڵ بڕوا به‌وه ده‌کات، که‌روێشک قسه بکات، ئێمه‌یش بڕوا به‌وه ده‌که‌ین کڵاو بدوێت.
شێرکۆ بێکه‌س وه‌ک جادووگه‌رێکی هونه‌رمه‌ند، ڕۆح به به‌ر بێگیانه‌کاندا ده‌کات و هه‌ر به‌و ئاسانییه‌ی لای شاعیرانی دیکه عاشقێک ده‌دوێت، لای ئه‌و ده‌ربه‌ندێک دێته قسه و چی دیتوه و چی به سه‌ر هاتووه، ورد و درشتی ده‌گێڕێته‌وه. له ده‌قی واڵای (ئه‌سپێک له په‌ڕه‌ی گوڵاڵه)دا که نۆستالژیایه بۆ نیوه‌ی دووه‌می، سه‌ده‌ی ڕابردووی سلێمانی، ئه‌و وه‌ک شاعیرێکی زاڵ، مێژووی تێکۆشانی نهێنیی شار و خه‌باتی ئاشکرای شاخ ده‌گێڕێته‌وه. ئه‌و هه‌رچه‌نده باسی سلێمانی ده‌کات، به‌ڵام ده‌قێکی به‌رهه‌م هێناوه، زه‌وین و ئاسمانه‌که‌ی بریتین له هه‌موو دنیا، نه‌ک ته‌نیا جوگرافیای شارێک.
شێرکۆ بێکه‌س هه‌رچه‌نده له ده‌قی واڵای (ئه‌سپێک له په‌ڕه‌ی گوڵاڵه)دا، زێتر وه‌ک شاعیر و جاروباریش وه‌ک چیرۆک‌نووس و شانۆکار، له ڕێی چاوی کامێراوه و به کۆمه‌کی خه‌یاڵێکی به‌پیت، بیره‌وه‌رییه‌کانی ده‌نووسێته‌وه، به‌ڵام ئه‌ستێره‌گه‌شه‌ی ڕاستگۆیییه‌ک به گێڕانه‌وه‌کانییه‌وه ده‌دره‌وشێته‌وه، ده‌توانین بێ هیچ دوودڵییه‌ک، وه‌ک به‌ڵگه‌ی مێژوویی، پشت به قسه‌کانی ببه‌ستین. هه‌رچه‌نده ده‌شێت خوێندنه‌وه‌ی جیاواز بۆ تێکسته‌که‌ی بکرێت، به‌ڵام ئه‌و، وه‌ک ڕۆڵان بارت ده‌ڵێت: (پێشنیاری ئه‌و خوێندنه‌وه‌یه‌مان بۆ ده‌کات که لای خۆی په‌سه‌نده.) ئه‌وه زۆر گرنگه شاعیر بتوانێت، خوێنه‌ری تایبه‌ت به خۆی بخوڵقێنێت، دڵنیام شێرکۆ بێکه‌س له‌و بواره‌دا، سه‌رکه‌وتوو بووه.
ده‌ق ئیدی واڵا بێت یان نا، پێویسته کورت‌بڕی ڕه‌چاو بکات، ئه‌مه یاسایه‌که ده‌بێت هه‌موومان ملکه‌چی بین. هه‌رگیز نابێت، ئه‌وه‌ی به ڕسته‌یه‌ک ده‌گوترێت، به په‌ره‌گرافێک بیڵێین، قه‌ت نابێت له ڕسته‌یه‌کماندا، وشه‌یه‌کی زیاده هه‌بێت. گرنگ ئه‌وه نییه، ڕۆمانه‌که‌مان چه‌ند لاپه‌ڕه‌یه، گرنگ ئه‌وه‌یه، به سڕینه‌وه‌ی تاقه وشه‌یه‌ک، که‌لێنی تێ بکه‌وێت. (بۆنێکی بۆساردی لێوه دێ.) بۆنێکی زیاده‌یه. (له ڕۆژێکی که‌وه‌ڕۆژدا.) ڕۆژێکی زیاده‌یه. (سه‌رخۆشێکی مه‌ستم.) یه‌کێکیان زیاده‌یه. (هێشتا ژنی نه‌هێناوه و هه‌ر ڕه‌به‌نه.) نیوه‌ی زیاده‌یه. (زمانی ته‌یر، نه‌مرتره له زمانی شیر و شمشێر.) شمشێر زیاده‌یه.(3) ئه‌وه باسی شیعری شاعیری هه‌ره گه‌وره‌ی کورد ده‌که‌م، بۆیه پێم سه‌یره، وشه‌ی زیاده له ڕسته‌یدا هه‌بێت. جێی داخه ڕه‌نگه ئێمه‌ی کورد، یه‌ک ئه‌دیب شک نه‌به‌ین، وه‌ک پێویست، ملکه‌چی یاسای کورت‌بڕی بێت.
6/6/2012
(1) Asa Linderborg، Strindberg ett levande lik، Aftonbladet، Kultur 2012. 05. 14 Stockholm.
(2) هارولد بلوم، فن قراءە الشعر، ترجمە: د. باسل المسالمە، دار التکوین 2009 دمشق.
(3) شێرکۆ بێکه‌س، ئه‌سپێک له په‌ڕه‌ی گوڵاڵه، ده‌زگای سه‌رده‌م 2012 سلێمانی.