شیعر و شه‌رع.. خوێندنه‌وه‌ی کتێبی چه‌پکێک له گوڵزاری نالیی مه‌سعوود محه‌ممه‌د
May 28, 2012
فیکر و فەلسەفە
نووسه‌ر :حه‌مه‌سه‌عید حه‌سه‌ن
(ناکرێت بڵێین: شیعرمان به لوتکه گه‌ییشتووه، کاتێک له بواره‌یلی دیکه‌دا هه‌ژار بین.) هه‌ر ئه‌و وه‌ختانه‌ی سوکرات، پلاتۆن و ئه‌رستۆ فه‌لسه‌فه‌یان گه‌یاندبووه ئاستێکی به‌رز، کۆمه‌ڵگه‌ی گریکی کۆن، له گه‌له‌ک ڕووی دیکه‌وه، پێشکه‌وتنی گرنگی به خۆیه‌وه دیتبوو، شاعیری وه‌ک هۆمیرۆس په‌یدا بوو بوو، شانۆ له لوتکه‌دا بوو، یارییه ئۆلۆمپییه‌کان هاتبوونه کایه‌وه و په‌رله‌مانیش سه‌ری هه‌ڵدابوو. نالی وای کرد، ئه‌و بۆچوونه، بۆ کورد دروست نه‌بێت، ئاخر له کاتێکدا ئێمه له هه‌موو بوارێک‌دا دواکه‌توو بووین، ئه‌و شیعری گه‌یانده لوتکه.لوتکه‌ی بوێریی له ددانپێداناندا ئه‌وه‌بوو، گۆنته‌ر گراس له (پیازپاککردن)دا، ددانی به‌وه‌دا نا، له تافی لاوی‌دا، له‌گه‌ڵ گه‌نجانی نازیستدا هاوکار بووه و گوتی: (ئه‌وه هه‌ڵه‌یه که ده‌ڵێن، با ڕابردوو فه‌رامۆش بکه‌ین و لاپه‌ڕه‌یه‌کی تازه بکه‌ینه‌وه، ئاخر ڕابردوو هه‌میشه ده‌گه‌ڕێته‌وه لامان.) لای ئێمه ددانپێدانان، ئه‌وپه‌ڕی ده‌گاته ئه‌وه‌ی ددان به سووکهههڵهیهکی خۆماندا بنێین.
عاشقی (سوبغ)ی حه‌قم، قوربانی ڕه‌نگی قودره‌تم
چاوی ماوی، خاڵی شین، کوڵمی سپی، زوڵفی سیا
مامۆستا مه‌سعوود محه‌ممه‌دی نالیناس که له‌بری سوبغ، سونع ده‌نووسێت، ددان به‌وه‌دا ده‌نێت که سه‌هوو بووه،(1) هه‌رچه‌نده مامۆستایان مه‌لا عه‌بدولکه‌ریمی مودده‌ڕیس و مامۆستا فاتیحی کوڕی، (سونع) بۆ ئه‌و جێیه به دروست ده‌زانن.
سارا ڕۆمانێکه عه‌بباس مه‌حموود عه‌ققاد نووسیویه‌تی، تێیدا ئه‌زموونی پێوه‌ندیی سۆزداریی نێوان خۆی و ژنێک ده‌گێڕێته‌وه، که له ڕاستیدا ناوی (ئه‌لیس داغر) ده‌بێت و له بواری نووسین و وه‌رگێڕانیشدا چالاک ده‌بێت. ئه‌لیس کچی (له‌بیبه هاشم)ی خاوه‌نی گۆڤاری (فتاة الشرق) ده‌بێت. چونکه ناوی سارا زێتر له‌ناو جووله‌که‌دا باو ده‌بێت و ڕه‌خنه‌ی ئه‌وه دێته سه‌ر عه‌ققاد که شه‌یدای کچهجوویهک بووه، ناچار ده‌بێت ددان به‌وه‌دا بنێت، ئه‌و ڕۆمانه ئه‌زموونێکی ڕاسته‌قینه‌ی خۆی به‌سه‌ر ده‌کاته‌وه و سارایش، جووله‌که نه‌بووه.
جه‌نانی وه‌ک جینان کردم به ماوا
(حه‌بیبه)ی (ماڵیاوا) ماڵی ئاوا
وه‌ک مامۆستا مه‌سعوود محه‌ممه‌د ڕوونی کردووه‌ته‌وه، نه له (قه‌ره‌داخ) و نه له کوردستاندا گوندێک به ناوی (ماڵیاوا)وه نه‌بووه، زێتر ڕێی تێ ده‌چێت (حه‌بیبه)که‌یش هه‌ر ناوێکی وه‌همی بووبێت. نالی که هه‌جووی (مه‌ستووره)ی کردووه، ناوی ڕاسته‌قینه‌ی ئه‌و خانمه‌ی هێناوه، که‌چی که ستایشی یاری کردووه، ناوێکی وه‌همی لێ ناوه! ئه‌مه‌یش هه‌ر وه‌ک ئه‌وه وایه که (پیاو به ئاشکرا له ژن ده‌دات، به‌ڵام به نهێنی ماچی ده‌کات!) که‌واته نالی ته‌نانه‌ت ددانی به‌وه‌یشدا نه‌ناوه، کێی خۆش ویستووه، ئه‌مه‌یش زێتر نیشانه‌یه‌که بۆ دواکه‌وتوویی کورده‌واری و که‌متر پێوه‌ندیی به قه‌یرانی بوێرییه‌وه هه‌یه.
شۆپنهاوه‌ر ده‌ڵێت: (هه‌موومان له هه‌مان که‌شتیدا به‌ره‌و عه‌ده‌م مل ده‌نێین.) نیتشه پێی وایه: (سه‌عاتی ژیان تا زووتر له چرکه بکه‌وێت، زووتر ده‌سره‌وین.) وه‌ک ئه‌و دوو فه‌یله‌سووفه، زانایانی ئایینیش تاک و ته‌رایان نه‌بێت، به چاو پۆشین له‌وه‌ی سه‌ر به کام دینن، سه‌نگه‌ریان له جه‌سته گرتووه و کولتووری مه‌رگدۆستی بڵاو ده‌که‌نه‌وه.
حه‌ڵاڵی بێ نیکاحی حووری عه‌ینم
به جووتێ نازیری شه‌رع و فه‌تاوا
ده‌توانین ئه‌و به‌یته وا لێک بده‌ینه‌وه: قه‌ره‌داخ به‌هه‌شته و حه‌بیبه‌یش حووری. به گوێره‌ی شه‌رع، پیاو له به‌هه‌شتدا، بۆ گه‌ییشتن به حووری، پێویستی به ماره‌بڕین نییه، بۆیه نالی که سه‌یری حه‌بیبه ده‌کات، نه‌زه‌رێکی حه‌رام نییه. لایه‌نێکی گه‌شی شیعری نالی که زانایه‌کی ئایینیش بووه، به‌و شیعرهشیهوه که بۆ مه‌ستووره‌ی گوتووه، داکۆکیکردنه له جه‌سته و گۆرانیگوتنه به باڵای ژیاندا.
دوککانی توحهف، (کان)ی حه‌یا، کانیی به‌قا بێ
قوببه‌ی له قیبابی نوقه‌با بێ، نهقوپابێ
مامۆستا مه‌سعوود محه‌ممه‌د خۆی گوته‌نی، (جنێوه‌کانی شێخ ڕه‌زای پێ شیعری ته‌ڕوبڕه،)(2) که‌چی ئه‌و شیعره (مه‌شهووره)ی نالی بۆ (مه‌ستووره)ی گوتووه و ده‌که‌وێته خانه‌ی ئه‌ده‌بی گاڵته‌جاڕییه‌وه، له ڕوانگه‌ی وییه‌وه، (زارشڕیی سه‌رده‌می گه‌نجایه‌تییه.)(3) هه‌رچه‌نده نالی له‌و شیعره‌یدا، قۆشمه تێکه‌ڵ به (به گرنگی گرتن) ده‌کات و گاڵته‌جاڕیی به شێوازی چاوه‌ڕواننه‌کراو به کار ده‌هێنێت. به گرنگی گرتن لێره‌دا، ئه‌و ڕه‌وانبێژییه بڵنده‌یه که نالیی پێ ناسراوه. گاڵته‌جاڕی لای نالی، قۆشمهکردنێکی ساکار نییه له‌گه‌ڵ ڕووکار‌ی شته‌کان، ڕۆچوونه به ناخیاندا، جیاوازیی نێوان قۆشمه‌چی و شاعیری ئه‌ده‌بی گاڵته‌جاڕی، وه‌ک جیاوازیی نێوان کۆلاره‌ی منداڵان و فڕۆکه وایه و ئه‌گه‌ر ساتیرنووس خاوه‌نی تێڕوانینێکی قووڵ نه‌بێت، ده‌بێته کلاون. پێوه‌ندییه‌کی پته‌و له نێوان ساتیر و هه‌جوودا هه‌یه و هه‌ندێک جار هه‌جوو لوتکه‌ی ئه‌ده‌بی گاڵته‌جاڕییه. شاعیرێکی مه‌زنی وه‌ک (ڤیکتۆر هوگۆ)یش به‌رهه‌مێکی زۆری له بواری شیعری هه‌جوودا، له‌پاش جێ ماوه.(4)
هه‌ی که‌رێکم بوو، چ په‌یکه‌ر؟ ته‌یکه‌ری هه‌وراز و لێژ
سینه پان و مووچه کورت و شانه به‌رز و گوێ درێژ
چه‌نده پێم خۆش بوو زمانی حاڵی ده‌یگوت نالیا!
هه‌ردوو حه‌یوانین، ئه‌تۆ گوێ کورت و ئه‌منیش گوێ درێژ
شاعیر به هۆی شیعره‌وه کاریگه‌ریه‌تی له‌سه‌ر خوێنه‌ران جێ ده‌هێڵێت، پردی پێوه‌ندی له نێوان خۆی و ئه‌واندا هه‌ڵده‌به‌ستێت و به بیر و ئه‌زموونی خۆی ئاشنایان ده‌کات. نالی که شیعری نووسیوه، خه‌یاڵی له کن خوێنه‌ری هۆشیار بووه، وه‌ک چۆن شیعری که‌م و پوختی نووسیوه، هه‌ر وایش خوێنه‌ری که‌م و پوختی له‌به‌ر چاو گرتووه. که جاروبار ساتیرهشیعریشی نووسیبێت، بۆ گاڵته نه‌ینووسیوه، هه‌ر به هه‌مان ئه‌و ئاسته بڵنده‌ی پێی ناسراوه و هه‌ر به هه‌مان ئه‌و (جیددیبوون)ه‌وه نووسیویه‌تی که نامه‌که‌ی له غه‌ریبییه‌وه بۆ سالم پێ نووسیوه. ئه‌ره‌ستۆ (ئینسانی پێ حه‌یوانێکی بگۆ بووه،) وه‌لێ ئیبن خه‌لدوون، پێی وابووه، (ئینسان حه‌یوانێکی عاقڵه.) نالییش که ئینسانی به حه‌یوانێکی گوێکورت له قه‌ڵه‌م داوه، گوته‌که‌ی هیچی له هیی ئه‌و دوو فه‌یله‌سووفه که‌متر نییه، ئه‌گه‌ر باڵاتر نه‌بێت. هه‌قه ئه‌وه‌یش بڵێم حه‌یوان له کن هه‌ر سێکیان به مانای زینده‌وه‌ر دێت، نه‌ک ئاژه‌ڵ.
باس باسی شیعره و نزیکه‌ی هه‌موو ئه‌و زاراوانه‌ی پێوه‌ندییان به شیعره‌وه هه‌یه، (مێ)ن، وه‌ک: قه‌سیده، قافیه، که‌لیمه، جومله، صوره، نه‌بره و مه‌لحه‌مه. ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ی مامۆستا مه‌سعوود محه‌ممه‌دی هان داوه، دژی ئه‌و شیعره‌ی نالی بوه‌ستێته‌وه، ژندۆستیی بووایه، نه‌یده‌گوت: (بارووت که شتێکی زۆر چاکه بۆ ڕێگه پێ خۆشکردن، تا بشڵێی به‌ده بۆ پیاو پێ کوشتن.)(5) پرسیاره‌که ئه‌مه‌یه: ئایا بارووت ته‌نیا پیاو ده‌کوژێت؟ ئایا ته‌نیا پیاو ئینسانه؟ ئه‌دی ژن ناکوژێت؟ یان حیسابی ئینسان بۆ ژن ناکرێت؟ مامۆستا مه‌سعوود محه‌ممه‌د له کاتێکدا ئه‌وه‌ی پێ وه‌ک کوفر وایه، ڕه‌خنه له ئه‌رستۆکرات بگرین، ئه‌وه‌ی پێ ئاسایییه خۆی سووک سه‌رنجی (عه‌مه‌له و فه‌للاح) بدات.(6) ئه‌و له کاتێکدا وای بۆ ده‌چێت کورد (فیودال)ی نییه، که‌چی شیعری نالی به (زاده‌ی فیکری ئه‌ریستۆکراتی له قه‌ڵه‌م ده‌دات.)(7)
له کاتێکدا مامۆستا مسعوود مه‌حه‌ممه‌د خۆی ڕه‌خنه‌گرانه باس له حاڵی حازر ده‌کات، (ئه‌وه‌ی پێ سه‌یره، ئه‌گه‌ر ڕه‌خنه‌گرانه، سه‌رنجی ڕابردوو بده‌ین.)(8) بۆ ئه‌وه‌ی له ڕاستی لا ناده‌م ده‌بێت ئه‌وه‌ش بڵێم: جارێک له‌و ڕێسایه لای داوه و زۆر ڕاستی بۆ چووه که گوتوویه‌تی: (به‌رزترین بلیمه‌تیی چه‌رخێک، ناتوانێت به که‌ره‌سته‌ی ئه‌و چه‌رخه، ته‌نگوچه‌ڵه‌مه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تیی چه‌رخێکی تری دوای خۆی چاره‌سه‌ر بکات.)(9) به‌ڵام ئه‌م پرسیاره‌ی بێ وه‌ڵام جێ هێشتووه: ئاخۆ ئیسلام که نزیکه‌ی چوارده چه‌رخ و نیوه، سه‌ری هه‌ڵداوه، کێشه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی ئه‌م سه‌رده‌مه‌ی پێ چاره‌سه‌ر ده‌کرێت؟ ئه‌گه‌ر نا، ئه‌دی بۆچی ئه‌و دروشمه‌ی که ده‌ڵێت: ئیسلام چاره‌سه‌ره، هه‌نووکه بریقهدارتره؟
پێ ناچێت نالی قه‌ت خۆی ناچاری نووسینی شیعر کردبێت، به‌ڵکوو ئه‌وه‌یان جێی باوه‌ڕه، هه‌میشه ده‌سه‌ڵاتی شیعر ئه‌وی ناچاری نووسین کردبێت. به‌ڵام ئه‌مه به‌و مانایه نییه که مامۆستا مه‌سعوود محه‌ممه‌د بۆی چووه و ده‌ڵێت: (ئه‌ده‌ب قابلییهتێکه به‌نده به خاسییه‌تێکی زگماکه‌وه.)(10) ئاخر له‌مێژه له خۆرئاوا، خوێندکار بۆ ئه‌وه ڕاده‌هێنرێت ببێت به ئه‌دیب و ئه‌وه بڕاوه‌ته‌وه که ئه‌ده‌ب پێوه‌ندیی به ڕاهێنان، خوێندن و ئه‌زموونه‌وه هه‌یه، نه‌ک به به‌هره و ئیلهامه‌وه.
نالی به داوه‌شه‌عری، ده‌قیقی خه‌یاڵی شیعر
بۆ ئه‌و که‌سه‌ی که شاعیره، سه‌د داوی نایه‌وه.
نالی به‌و به‌یته، پێش هه‌موومان که‌وتووه که شیعری گه‌لێک لێکدانه‌وه هه‌ڵده‌گرێت. ئه‌ده‌بی نه‌مریش ئه‌ده‌بێکه، زیاتر له لێکدانه‌وه‌یه‌ک هه‌ڵبگرێت، به‌ڵام ئه‌م بۆچوونه مه‌رج نییه، بۆ هه‌موو به‌یتێکی نالی دروست بێت.
دڵ ده‌ڵێ سه‌یری چه‌مه‌ن خۆشه، جه‌وابی ناده‌م
موده‌تێکه له قه‌فه‌زدایه، عه‌زابی ناده‌م.
له‌و به‌یته‌دا (جه‌وابی ناده‌م،) به مانای (دڵی ناشکێنم،) یان به قسه‌ی ده‌که‌م، دێت، مامۆستا مه‌سعوود محه‌ممه‌د، بێ ئه‌وه‌ی ناوی که‌سی هێنابێت، بانگه‌شه بۆ ئه‌وه ده‌کات، هه‌ندێک (جه‌وابی ناده‌م)یان، به (جه‌وابی ناده‌مه‌وه،) لێک داوه‌ته‌وه! هه‌ر هیچ نه‌بێت، نزیکه‌ی هه‌موومان، ئه‌وه‌مان ژنه‌فتووه که به‌شیر موشیر له ژنه‌که‌ی جودا بووه‌ته‌وه، گوتوویه‌تی: (عه‌ره‌ب ده‌رچوو، جه‌وابم دا.) که‌چی مامۆستا مه‌سعوود مه‌حه‌ممه‌د، خۆی به ده‌ست لێکدانه‌وه‌ی (جه‌وابی ناده‌م)ه‌وه که ئاسانه، ماندوو کردووه. ڕاسته نالی له زۆربه‌ی شیعره‌کانیدا داوی ناوه‌ته‌وه، وه‌لێ له‌و به‌یته‌دا، نا.
محه‌ممه‌د ئیقبال یه‌کێکه له‌و شاعیره مه‌زنانه‌ی دنیای ئیسلام که قورئان سه‌رچاوه‌ی شیعری بووه. له‌نێو کورددا، هیچ شاعیرێک هێنده‌ی نالی هونه‌رمه‌ندانه مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ل قورئاندا نه‌کردووه. یه‌کێک له لایه‌نه جوانه‌کانی لێکدانه‌وه‌کانی مامۆستا مه‌سعوود محه‌ممه‌د، بۆ شیعری نالی، به‌سه‌رکردنه‌وه‌ی ئه‌و پێوه‌ندییه هونه‌رییه‌ی نێوان شیعری نالی و قورئانه.
(جامی تاقی مه‌یکه‌ده، میشکاتی قیندیلی دڵه)
شیشه پڕ قه‌رقه‌ف له ڕه‌فڕه‌ف، شاهی عالی ڕهفڕهفه.
که ده‌بێته:
پیاڵه‌ی تاقی مه‌یخانه، تاقی چرای دڵه. (میشکاتی قیندیلی دڵه،) له‌و ئایه‌ته‌وه وه‌رگیراوه که ده‌بێژێت: (کمشکاة فیها مصباح.) که نالی له‌بری میسباح، (قیندیل)ی داناوه، به گوێره‌ی لێکدانه‌وه‌ی مامۆستا مه‌سعوود محه‌ممه‌د که ڕاستی بۆ چووگه، موزیکی شیعره‌که به‌هێزتر بووگه.
برق البصر له‌به‌ر به‌رق و ته‌له‌ئلوئی له‌ئالی
خسف القمر له ئیشراقی قیامه‌تی جه‌مالی
(ددانی چاو ئه‌بڵه‌ق ده‌کات و ده‌رکه‌وتنی ڕۆژی ڕووی، ده‌بێته هۆی مانگگیران که نیشانه‌ی هه‌ڵسانی قیامه‌ته.) وه‌ک مامۆستا مه‌سعوود محه‌ممه‌د ئاماژه‌ی بۆ کردووه، له‌و به‌یته‌دا، بۆ وه‌سفی یار، سوودی له ئایه‌تی (حتی إذا برق البصر و خسف القمر،) وه‌رگرتووه.
لاده ده‌سرۆکه‌یی هه‌وری له جه‌بین
ده‌رکه‌وێ شهمس و قهمهر، نوور و ضیا
لێره‌یشدا سوودی له ئایه‌تی (وجعلنا الشمس ضیا‌ء والقمر نورا) وه‌رگرتووه.
ئه‌بو عه‌لای مهععهری ده‌ڵێت:
ته‌نیا دوو جۆر ئینسان ده‌ژین
له‌سه‌ر ڕووی ئه‌م گۆی زه‌وینه،
ئه‌میان دینداری بێ عه‌قڵه،
ئه‌ویان عاقڵی بێ دینه.(*)
نه له مێژووی ئه‌ده‌بی کوردی‌دا، هیچ دیندارێک هێنده‌ی نالی عاقڵانه، قورئانی له شیعردا وه‌گه‌ڕ خستووه، نه هیچ باسکارێک هێنده‌ی مه‌سعوود محه‌ممه‌د وردبینانه، ئاوڕی له‌و مه‌سه‌له‌یه داوه‌ته‌وه. پاولۆ کۆیلو بۆ نۆڤلیتی حاجی کۆمپۆستێللا که به سێ هه‌فته نووسیویه‌تی، چوار ساڵ زانیاریی کۆ کردووه‌ته‌وه. ئه‌وی نیازی هه‌بێت له بواری لێکدانه‌وه‌ی شیعری نالی‌دا، جێده‌ستی دیار بێت، ئه‌گه‌ر بڵێم، ده‌بێت چوارده ساڵی ژیانی بۆ ته‌رخان بکات، زۆرم نه‌گوتووه.
مامۆستا مه‌سعوود محه‌ممه‌د هێنده به شیعری نالی سه‌رسامه، جاری وایه، به (ده‌ک ماڵت شێوێ نالی!)(11) هه‌ستی خۆی ده‌رده‌بڕێت که ناکه‌وێته خانه‌ی هه‌ڵسه‌نگاندنی ئه‌ده‌بییه‌وه. ئاخر ئیشی ڕه‌خنه‌گر ئه‌وه نییه، بڵێت فڵان شیعر جوانه، ئیشی ئه‌وه‌یه پێمان بڵێت: ئه‌وه چییه وای کردووه فڵان شیعر جوان بێت. نالی و حاجی قادر که وه‌ک دوو شاعیری کلاسیک ناویان ڕۆییشتووه، مامۆستا مه‌سعوود محه‌ممه‌د وه‌ک دوو شاعیری ڕۆمانتیک به خوێنه‌ریان ده‌ناسێنێت و ڕاستیشی بۆ چووه. نالی که بایه‌خی به یه‌کیه‌تیی بابه‌ت داوه، به‌ڵگه‌یه‌که بۆ ئه‌وه‌ی شیعری ڕۆمانتیکی نووسیوه، ئاخر له کلاسیک‌دا هه‌ر به‌یته بابه‌تێک به‌سه‌ر ده‌کاته‌وه.
مساوی و وه‌ک یه‌ک و لوولن، له هه‌ردوو لاوه زولفه‌ینی
نموونه‌ی عه‌کسی حه‌رفی نوون و میم و واوه زولفه‌ینی
مامۆستا مه‌سعوود محه‌ممه‌د، هێنده وردبینانه ئه‌م به‌یته لێک ده‌داته‌وه، خوێنه‌ر تووشی حه‌په‌سان ده‌کات. ڕه‌نگه ئه‌وه‌یان ئاسان بێت که هه‌ردوو زوڵفی لوولی یار، وه‌ک یه‌ک بن، ئه‌وه‌ی سه‌رنجڕاکێشه، (وک یک و) (به ڕێنووسی سه‌رده‌می نالی) ئه‌گه‌ر له لای چه‌پیشه‌وه بۆ ڕاست بیخوێنینه‌وه، هه‌ر ده‌بێته‌وه به وه‌ک یه‌ک (وک یک و.) (لوول) یش هه‌روه‌ها، له هه‌ر لایه‌که‌وه بیخوێنینه‌وه، هه‌ر ده‌بێته‌وه به لوول. که‌واته مه‌به‌ستی نالی له‌وه‌ی (له هه‌ردوو لاوه یه‌کسانن،) هه‌ر زوڵفه‌کان نییه، (وه‌ک یهکو) و لوولیشه. له نیوه‌ی دووه‌می بهیتهکهیشدا هه‌مان هونه‌ر هه‌یه، هه‌ر سێ حه‌رفی نوون و میم و واو، به پێچه‌وانه‌یشه‌وه بیانخوێنینه‌وه، هه‌ر ده‌بنه‌وه به نوون و میم و واو. ئه‌وه‌یش هه‌ر جێی سه‌رنجه که له وشه‌ی (نموونه‌ی) سه‌ره‌تای نیوه‌ی دووه‌می به‌یته‌که‌دا، هه‌مان سێ حه‌رف، (نوون و میم و واو) به هه‌مان ڕیزبه‌ندی هه‌نه. وه‌ک ڕێزمان ده‌بوو بڵێت: نموونه‌ی عه‌کسی حه‌رفی نوون و میم و (واون) زولفه‌ینی، به‌ڵام ئه‌وسا سه‌روا نه‌ده‌هاته‌وه. قه‌ت وای بۆ ناچم ئه‌وه غه‌فڵه‌ت بێت، ئاخر ئه‌وێک که بڵێت:
مه‌مخه‌ره هاویهیی هه‌ولی فیراق
ده‌ستی من دامه‌نی تۆ، ڕۆژی قیا
ئه‌وێک له‌به‌ر قافیه، ده‌ست له نیوه‌ی قیامه‌ت هه‌ڵبگرێت، له گۆڕینی حه‌رفێک سڵ ده‌کاته‌وه؟ لای مامۆستا مه‌سعوود محه‌ممه‌د، ئه‌و هه‌ڵسوکه‌تانه‌ی نالی، زاده‌ی ئه‌وه بوون، له بواری مامه‌ڵه‌کردن له‌گه‌ڵ وشه‌دا، خۆی به ئوستاد زانیوه. بۆ ئه‌وه‌ی خوێنه‌ر چێژ له شیعره‌که‌یش ببینێت، ده‌ڵێم، هاویه، توون یان خه‌ره‌نده و (هه‌ول)یش ترس. مامۆستا مه‌لا عه‌بدولکه‌ریمی مودده‌ڕیس ئه‌و هاویهیهی به دۆزه‌خ لێک داوه‌ته‌وه، دۆزه‌خی دووری.
هه‌رچه‌نده نالی له بواری ئیسلامناسیدا زانا بووه و له (شیعر)ه‌کانیدا سوودێکی زۆری له (شه‌رع) وه‌رگرتووه، به‌ڵام ئه‌وه عیشقه ئه‌وی کردووه به شاعیر نه‌ک شه‌رع. ئاخر ئه‌گه‌ر شه‌رع هه‌وێنی شیعر بووایه، هه‌موو مه‌لایه‌ک شاعیری لێ ده‌رده‌چوو.
(بێ نییه‌تی) ته‌قبیلی ده‌مت، عاتیله ڕۆژووم
بێ حه‌زره‌تی میحرابی برۆت، باتیله نوێژم
ئه‌گه‌ر نیازی ئه‌وه‌م له دڵدا نه‌بێت، به ماچی ده‌مت ڕؤژوو بشکێنم، ڕۆژووم دروست نابێت، ئه‌گه‌ر له میحرابی برۆی تۆدا نوێژ نه‌که‌م، ئه‌گه‌ر ڕووم له قیبله‌ی ڕووخساری تۆ نه‌بێت، نوێژم به‌تاڵه. نالی له‌مێژه کۆچی دوایی کردووه، ئه‌گه‌ر هه‌نووکه له ژیاندا مابا، ڕه‌نگه له‌سه‌ر ئه‌و شیعره خوێنی حه‌ڵاڵ کرابا. هه‌رچه‌نده (نییه‌ت) که زاراوه‌یه‌کی فیقهیشه، له‌وێدا گونجاوتره، که‌چی لای مامۆستا مه‌سعوود محه‌ممه‌د به‌یته‌که به (بێ سوننه‌تی) ده‌ست پێ ده‌کات.
10/4/2012
هه‌ولێر
(1) مه‌سعوود مه‌حه‌ممه‌د، چه‌پکێک له گوڵزاری نالی، ل161 چاپی دووه‌م، ده‌زگای ئاراس 2007 هه‌ولێر.
(2) هه‌مان سه‌رچاوه 196
(3) سه‌رچاوه‌ی پێشوو ل81
(4) د. کفاح درویش، الأدب السیاسي الساخر، القدس العربي 26/2/2012 لندن.
(5) سه‌رچاوه‌ی یه‌که‌م، ل 99
(6) ل 100 سه‌رچاوه‌ی یه‌که‌م.
(7) ل 130 سه‌رچاوه‌ی یه‌که‌م.
(8) ل 108 سه‌رچاوه‌ی یه‌که‌م.
(9) ل129 سه‌رچاوه‌ی یه‌که‌م.
(10) ل6 سه‌رچاوه‌ی یه‌که‌م.
(11) ل61 سه‌رچاوه‌ی یه‌که‌م.
(12) مه‌لا عه‌بدولکه‌ریمی مودده‌ڕیس و فاتیح عه‌بدولکه‌ریم، دیوانی نالی، کۆڕی زانیاریی کورد 1976 به‌غداد.
(13) د. مه‌حه‌ممه‌د نووری عارف، فه‌رهه‌نگی دیوانی شاعیران (نالی، سالم و کوردی) ده‌زگای ئاراس 2009 هه‌ولێر.
(*) اثنان أهل الأرض ذو عقل بلا.... دين وآ‌خر ديّن لا عقل له.