په‌تپه‌تێن له‌گه‌ڵ مانگدا
November 29, 2011
فیکر و فەلسەفە
نووسه‌ر :حه‌مه‌سه‌عید حه‌سه‌ن
ئینسان هه‌میشه سه‌فه‌ر ده‌کات، هه‌رگیز ناگه‌ڕێته‌وه،
ئینسان ملوانکه‌یه‌که که پچڕایه‌وه،
ئیدی ئه‌سته‌مه وا خۆی کۆ بکاته‌وه، بگه‌ڕێته‌وه دۆخی جارانی.
که هه‌ست ده‌که‌یت واقیع زۆر ناشیرینتره له‌و ژیانه‌ی تۆ خه‌ونت پێوه ده‌بینی، که هه‌ست ده‌که‌یت ئه‌وانه‌ی تۆ وه‌ک نموونه‌ی باڵا بۆت ده‌ڕوانین، ت. س. ئه‌لیه‌ت گوته‌نی: پیاوانێکن پووچ، ئیدی ده‌بێت یان بده‌یته پڕمه‌ی گریان، یان گاڵته‌ت به ژیان بێت، ساتیرنووس ئه‌و که‌سه‌یه له‌و کاتانه‌دا گاڵته‌ی به ژیان دێت و ده‌داته قاقای پێکه‌نین، که‌سێکه سه‌یرترین شت، زۆر سروشتی وێنه ده‌کێشیت و خوێنه‌ر له دنیا ئه‌فسووناوییه‌که‌ی خۆیدا به‌ند ده‌کات. ئه‌وه گرنگ نییه حیزب خاوه‌نی به‌رنامه‌یه‌کی جوان بێت، ئه‌وه گرنگه به‌رنامه‌که‌ی ئیمکانی جێبه‌جێکرنی هه‌بێت و ژیانێک بۆ هاووڵاتییان دابین بکات، شیاوی ئینسان بێت. ئه‌وه بۆ نووسه‌ر گرنگ نییه، خه‌یاڵی هێنده فراوان بێت، هیچ سنوورێک نه‌ناسێت، ئه‌وه گرنگه له ڕوانگه‌ی خوێنه‌ره‌وه، خه‌یاڵی نووسه‌ر له واقیعه‌وه نزیک بێت و جێی بڕوا بێت.
هه‌موو تێکسته مه‌زنه‌کان ناکۆکییان تێدایه، ئه‌وه بۆیه له ده‌قه پیرۆزه‌کانیشدا، وه‌ک چۆن گه‌لێک ڕسته‌ی وا هه‌نه، بانگه‌شه بۆ توندوتیژی ده‌که‌ن، زۆر ڕسته‌ی وه‌هایش هه‌نه، بۆ پشتکردنه نواندنی زه‌بروزه‌نگ هانمان ده‌ده‌ن. ته‌نانه‌ت حه‌زره‌تی (مه‌سیح)یش هه‌موو جارێک که زلله‌یان له ڕوومه‌تی چه‌پی دابێت، ڕوومه‌تی ڕاستی بۆ زلله‌ی دووه‌م ئاماده نه‌کردووه. تیرۆریستان ته‌نیا ئه‌و لایه‌نه‌ی ده‌ق ده‌بینن که له سه‌ردابی ئه‌شکه‌نجه‌دان ده‌چێت، ئه‌و لایه‌نه‌ی که باس له سه‌نگباران، بڕینی ده‌ست و سووتاندنی جه‌سته ده‌کات، ئه‌وه بۆیه نه ژیانی خۆیان به لاوه گرنگه، نه ژیانی که‌سانی دیکه. ئه‌گه‌ر بڕوامان به ئازادیی بیروڕا ده‌ربڕین هه‌بێت، پێویسته هه‌ستی ئه‌وانه بریندار نه‌که‌ین که وه‌ک خۆمان بیر ناکه‌نه‌وه و سووک سه‌رنجی شتێک نه‌ده‌ین که لای که‌سانی دیکه، ڕه‌مزێکی پیرۆزن.
دهرانشا که سه‌رکرده‌یه‌کی لۆکاڵیی تالیبانه، له 25 ی دێسه‌مبه‌ری 2008 دا گوتی: (هه‌ر کیژێک بۆ قوتانخانه بچێت، سزاکه‌ی مه‌رگه، ئه‌مه بڕیاره و له سبه‌ینێوه کاری پێ ده‌کرێت.) مه‌به‌ست له (بدیع السموات و الأرض. ئایه‌تی101 ی سووره‌تی ئه‌نعام،) ئه‌وه‌یه پێشتر نه هیچ ئاسمانێک هه‌بووه، نه زه‌وین، ئه‌وه خوا دایهێناون. له‌م ڕوانگه‌یه‌وه، داهێنان بریتییه له خوڵقاندنی شتێک که پێشتر نموونه‌ی نه‌بووبێت. ئایا قه‌ده‌غه‌کردنی قوتابخانه له کچان، جۆرێکه له تیرۆر یان یه‌کێکه له داهێنانه‌کانی تالیبان؟ تیرۆر چییه؟ تاکتیکێکه که‌سانی هیچ له‌باردا نه‌بوو، بۆ تۆقاندنی ئه‌م و ئه‌و هانای بۆ ده‌به‌ن.
داهێنه‌ر که‌سێکه خاوه‌نی خه‌یاڵێکی فراوان و ده‌وڵه‌مه‌ند، ناکرێت ڕۆمان بنووسین و خه‌یاڵ به‌گه‌ڕ نه‌خه‌ین، که‌چی هه‌ندێک لایه‌نی ئیسلامی سیاسیی هه‌نه، پێیان وایه ڕۆمان چونکه هونه‌رێکی خۆرئاوایییه، جێی گومانه و خه‌یاڵیش شتێکه وه‌ک درۆ. ئه‌وانه بۆیه دژی ڕۆمانن، چونکه ئه‌و هونه‌ره، مشت‌ومڕ له‌سه‌ر چه‌مکه جێگیره‌کان ده‌کات و له‌بری خۆ به‌ستنه‌وه به ڕابردووه‌وه، بیر له گۆڕینی واقیع و له ئاینده‌یه‌کی گه‌شتر ده‌کاته‌وه. هاشم ساڵح ده‌بێژێت: (جیاوازیی سه‌ره‌کیی نێوان خۆرئاوا و جیهانی ئیسلامی ئه‌وه‌یه، له‌وێ له دوای ڕێنیسانس و شۆڕشی فه‌ره‌نسایییه‌وه، دابڕانێکی مه‌زن، له نێوان ئایین له لایه‌ک و ژیانی کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی له لایه‌کی دیکه‌وه، هاته‌وه ئاراوه، وه‌لێ لێره له دوای مه‌رگی ئیبن ڕوشد و له کۆتایی سه‌ده‌ی دوازده‌ی زایینییه‌وه، عه‌قڵ مرد و ئایینێکی نه‌ریتخواز، له‌و چه‌شنه‌ی تالیبان و بن لادن و بزووتنه‌وه‌ی بنه‌ڕه‌تخوازی به‌رهه‌م ده‌هێنێت، سه‌رکه‌وتنی به‌ده‌ست هێنا.) (*)
دابونه‌ریت به‌شێکه له کو‌لتوور، یه‌کێک له‌و بوارانه‌ی که ولیه‌م فۆکنه‌ر بایه‌خی پێ ده‌دا، گوشاری دابونه‌ریت بوو له‌سه‌ر تاک. کو‌لتوور به گوێره‌ی پێناسه‌ی ئه‌دوارد تایلول (1832 _ 1917) که ده‌شێت یه‌که‌مین پێناسه‌ی چه‌مکی کو‌لتوور بێت، بریتییه له (ئاوێته‌یه‌ک له مه‌عریفه، بیروباوه‌ڕ، هونه‌ر، مۆراڵ، یاسا و نه‌ریت که تاک له کۆمه‌ڵه‌وه فێری ده‌بێت.) به پێی ئه‌و لێکۆڵینه‌وه‌یه‌ی زانکۆی شه‌نگه‌های له ساڵی 2003 دا ده‌رباره‌ی لیستی زانکۆ باشه‌کانی دنیا، بڵاوی کردووه‌ته‌وه، له کۆی 500 زانکۆی چاکی دنیا، ته‌نانه‌ت یه‌کێکیشیان زانکۆیه‌کی عه‌ره‌بی نه‌بووه! ئایا ئه‌وه ئاماژه‌یه‌ک نییه بۆ مه‌رگی عه‌قڵ و بۆ باڵاده‌ستیی کولتووری دواکه‌وتوو؟ جێی سه‌رنجه له ئیسرائیل هه‌شت زانکۆ هه‌یه، ناوی حه‌وتیان له لیستی پێنجسه‌د زانکۆ باشه‌کانی جیهاندا هاتووه.
ئه‌وه بۆیه عه‌بدولقادر ئه‌لجه‌نابی گوته‌نی: هه‌تا خوێندکارێکی ئه‌ورووپایی که ناوی (سۆزان به‌رنار) بوو، باسی په‌خشانه‌شیعری نه‌کردبوو، ته‌نانه‌ت (ئه‌دونیس)ی گهورهشاعیری عه‌ره‌بیش، نه ناوی په‌خشانه‌شیعری ژنه‌وتبوو، نه ده‌رکی به جیاوازیی نێوان شیعری ئازاد و شیعری په‌خشان کردبوو! ئه‌وه نه‌بوو گۆڤاری (شیعر) پهخشانهشیعرهکانی (محه‌ممه‌د ماغووت)ی به شیعری ئازاد، ناودێر ده‌کرد؟ هه‌رچه‌نده ده‌یان کتێب و سه‌دان توێژینه‌وه سه‌باره‌ت به شیعر و فیکری ئه‌دونیس به عه‌ره‌بی نووسراون، که‌چی له دیمانه‌یه‌کی که‌ناڵی ئاسمانیی (دوبه‌ی)دا گوتبووی: (هێشتا خوێندنه‌وه بۆ من نه‌کراوه!) (**) که ئه‌مه بۆچوونی ئه‌و شاعیره کهپووبڵنده بێت به‌رانبه‌ر ئه‌و نووسه‌ره عه‌ره‌بانه‌ی بایه‌خیان پێ داوه، هه‌قی خۆی نییه، به‌زه‌ییمان به‌و نووسه‌ره کوردانه‌دا بێته‌وه که خۆیان پێوه ماندوو کردووه؟ به‌وانه‌ی وا ڕاهاتوون، به‌رده‌وام په‌سنی ئه‌م تێکست و ئه‌و شاعیر ده‌ده‌ن، ده‌ڵێـم: نه ده‌قی جوان پێویستی به پێداهه‌ڵدانه، نه شاعیری داهێنه‌ر حه‌وجه‌ی به‌وه‌یه، ئه‌م یان ئه‌و ڕه‌خنه‌گر داکۆکیی لێ بکات.
په‌خشانه‌شیعریش ملکه‌چی یاسای گۆڕانه، ماکس یاکووب پێی وایه، په‌خشانه‌شیعر ئه‌و ژانره‌یه که پشت به کورتبڕیی ده‌به‌ستێت و هیچ مه‌به‌ستێکی له پشته‌وه نییه. په‌خشانه‌شیعر به هۆی فۆرمه‌وه ناناسرێته‌وه، ئاخر له چوارچێوه‌ی هیچ فۆرمێکدا گیر ناخوات، چیرۆکی خودێک ناگێڕیته‌وه، کاره‌ساتی په‌رتبوونی خود به‌سه‌ر ده‌کاته‌وه. شیعر چییه؟ خۆم له وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره سه‌خته ده‌دزمه‌وه. شاعیر کێیه؟ زۆرن ئه‌و لاساییکهرهوانهی شیعر ده‌نووسن، وه‌لێ شاعیری ڕاسته‌قینه، که‌سێکه داهێنه‌ر، لاسایی شاعیرانی پێش خۆی ناکاته‌وه. پاساوی ده‌قئاوێزان هه‌میشه به هانای ئه‌وانه‌وه ناچێت که لاساییکه‌ره‌وه‌ن نه‌ک داهێنه‌ر. ئه‌و گوته‌یه‌ش که ده‌ڵێت: (شاعیری ڕاسته‌قینه لاسایی که‌س ناکاته‌وه، به‌ڵام ده‌زانێت چۆن دزی بکات،) قسه‌ی که‌سانی کهمبههرهیه. داهێنه‌ر له ڕوانگه‌ی زۆربه‌وه، که‌سێکه گومڕێ، ئاخر ڕێگه‌یه‌کی تایبه‌ت به خۆی ده‌گرێته به‌ر، نه‌ک ئه‌و ڕێگه‌یه‌ی زۆربه به ڕێی ڕاستی ده‌زانن.
ئه‌وی به‌هره‌ی نووسینی شیعر شک ببات، یان دروستتر، خاوه‌نی توانای شیعرنووسین بێت، خۆڕسکییه‌ک له شیعری ده‌چۆڕێت، خوێنه‌ر دیل ده‌کات. شاعیر که‌سێک نییه، به ده‌م نووسینی شیعرێکه‌وه جه‌رگی ببێت به مۆم، که‌سێکه شیعر خۆڕسکانه له سه‌رچاوه‌ی ڕۆحییه‌وه هه‌ڵده‌قوڵێت. بۆچی به‌م ده‌ڵێن شاعیر و به‌وی دیکه نا، چونکه شاعیر توانای چڕینی گۆرانیی هه‌یه، گۆرانی به ده‌نگه‌وه نا، ته‌نیا به وشه. شاعیری داهێنه‌ر با سه‌ر به حیزبێکیش بێت، هه‌رگیز لێ ناگه‌ڕێت، شیعر له قه‌فه‌زی حیزب‌دا دیل ببێت، ئاخر شیعر ده‌بێت هه‌میشه سه‌ربه‌خۆییی خۆی بپارێزیت و بێجگه له لۆگیکی ناوه‌وه‌ی خۆی، وابه‌سته‌ی هیج لۆگیکێکی دیکه نه‌بێت. ڕامبۆ (1854 _ 1891) یه‌کێک بوو له‌وانه‌ی خۆڕسکانه شیعری ده‌نووسی، ئه‌و بۆیه هیچ زۆری له خۆی نه‌کرد، هێشتا ته‌مه‌نی نه‌گه‌ییشتبوو به بیست ساڵ، ده‌ستی له نووسینی شیعر هه‌ڵگرت.
داهێنه‌ر تیرۆریست نییه، تا باسی ته‌قاندنه‌وه‌ی زمان، خاپوورکردنی ڕه‌وانبێژیی دێرین، یان ڕووخاندنی ڕێسا باوه‌کانی نووسین بکات، شاعیری داهێنه‌ر نه هیچ ده‌ته‌قێنێته‌وه، نه هیچ ده‌ڕووخێنێت و نه هیچ تێک ده‌دات، له وه‌ختێکدا ده‌نووسێت که بێجگه له شیعر هیچی دیکه له زه‌ینیدا نییه، له سفره‌وه ده‌ست پێ ده‌کات و ئه‌و مۆچیارییهی ڤۆڵتیر که ده‌یگوت: (پیاو به و شوێنپێم هه‌ڵمه‌گره!) ڕه‌چاو ده‌کات. ت. س. ئیلیه‌ت له (وێرانه‌خاک)دا ده‌ڵێت:
زستان گه‌رمی کردینه‌وه و
زه‌وینی به به‌فری فه‌رامۆشیی پۆشته کرده‌وه.
شاعیری داهێنه‌ر وه‌کوو ت. س. ئیلیه‌ت پێوه‌ندیی تازه له نێوان دال و مهدلووکاندا ده‌بینێته‌وه، دۆزینه‌وه‌ی پێوه‌ندیی تازه له نێوان دال و مه‌دلوولدا، ئه‌وه نییه بێیت وه‌ک عه‌تا محه‌ممه‌د له چیرۆکدا باسی ئه‌و دوو چه‌مکه بکه‌یت: (توانیی بگاته دالی ڕه‌ها، دالێک هه‌موو مه‌دلوولێک له خۆی بگرێت.) (***) یان وه‌ک ڕۆژ هه‌ڵه‌بجه‌یی، دال و مه‌دلوول بخه‌یته ڕسته‌ی شیعرییه‌وه:
به فه‌رمووده‌ی ئیمامێک
دالی ئه‌م هه‌موو عیشقه داده‌گیرسێ
که‌چی من مه‌دلوولی شکسته
به ده‌سته‌کانمه‌وه، خوڕه‌ی دێ. (****)
بۆ ئه‌وه‌ی شیعری نوێ بنووسین، ده‌بێت نه وشه له ڕستهکانماندا هه‌مان ئه‌و مانایه‌ی هه‌بێت که له قامووسدا هه‌یه‌تی، نه دالهکانمان، مه‌دلووله دێرینه‌کانی هه‌بێت. له شیعری نوێ‌دا، ته‌نانه‌ت شوێنی سپیی ئه‌و لاپه‌ڕه‌یه‌ی شیعری تێدا ده‌نووسین، داله و مه‌دلوولی خۆی هه‌یه و ده‌شێت له هه‌مان لاپه‌ڕه‌دا چه‌ندان ده‌ق بخوێنینه‌وه، ئاخر ده‌رگای تێکستی نوێ به‌سه‌ر چه‌ندان ئه‌گه‌ردا کراوه‌یه. شیعر به‌وه نابێته تێکستێکی جوان که ناوی لێ بنێین قه‌سیده، به‌وه جوان ده‌بێت که به وێنه‌ی شیعریی تازه، قه‌ره‌بووی فه‌رامۆشکردنی کێش بکه‌ینه‌وه.
*
(*) هاشم صالح، هل مات صراع الحضارات مع صموئیل هنتغنتون؟ الشرق الأوسط 30/12/ 2008 لندن.
(**) د. محمد صابر عبید، أدونیس یحرق نقاده، الریاض 29 نوفمبر 2007
(***) عه‌تا محه‌ممه‌د، چیرۆکی (کیمیای پیت) نه‌وشه‌فه‌ق ژماره 63 لاپه‌ڕه104 ده‌زگای شه‌فه‌ق، که‌رکووک 2008 چاپخانه‌ی ئاراس.
(****) ڕۆژ هه‌ڵه‌بجه‌یی، پاییزێک به پاڵتۆی کانوونێکهوه، ل70 له بڵاوکراوه‌کانی یه‌کیه‌تیی ژنانی کوردستان 2008 چاپخانه‌ی ته‌وار، سلێمانی.
(*****) ناونیشانی ئه‌م باسه، ده‌ربڕینێکی خاتوونی شاعیر، ڕۆژ هه‌ڵه‌بجه‌یییه. ل 15 ی سه‌رچاوه‌ی پێشوو.